کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  کەرکوک و ئاڵای کوردستان و دەوڵەتی کوردی
عەلی مەحمود
کەرکوک و ئاڵای کوردستان و دەوڵەتی کوردی
عەلی مەحمود محەمەد

لە  قۆناغی گەشەی شار و کۆچی لادێ نشینانی  کوردی دەوروبەری کەرکوک بۆ شار , کە لە قۆناغی سەرمایەداریدا بە  تایبەتیش لە  دوای شۆرشی ١٤ تەموزدا  چووە پێشەوە , کەرکوکی لە شارێکی ٣٠ ھەزارییەوە گۆڕی بۆ شارێکی سەدان ھەزاری  و دواتر ملیۆنی , بە ملمڵانێی  کوردە  ھەژارە پەراوێزخراوەکان  و  تورکمانە دەوڵەمەندە دەستڕۆیشتووەکان لە کەرکوک دەستی پێکرد, کاتێک کوردەکان لە لادێوە لە بەر ھەژاری و  چەوساندنەوەی ئاغا و دەرەبەگ و شێخ و کوێخاکان و  بێکاری ( زیاد بوونی ژمارەی  دانیشتوان بەھۆی دۆزینەوەی لیقاح و دەرمانی نوێ , پەیدابوونی ئامێرەکانی کشتوکاڵ کە شوێن کاری دەستی جوتیارانی گرتەوە) دەھاتن بۆ کەرکوک ئەوا حەماڵی و کەناسی کرێکاری گەچ و کرێکاری بیناسازی و دەستفرۆشی سەرجادە  و فەڕاشی ......چاوەڕوانی زۆربەی زۆریان بوو, لە گەڕەکەکانی قەراغ شارەکان و حەسارە گەورە داڕماوەکان , لە خانوە قەرەباڵغەکان بەکرێ نیشتەجێ دەبوون , تورکمانەکانیش شوێنە گرنگەکانی کارگێڕی و کۆمپانیای نەوت و بازرگانی و بازاڕ و ھەموو جومگەکانی ئابوری شاریان بە دەستەوە بوو کە لەسەردەمی عوسمانییەکانەوە بۆیان مابوەوە, لە گەڕەکە جوانەکان و ناوەندی شار لە خانوی سەربەخۆدا ژیانیان بەسەر دەبرد, زمانی تورکمانیش زمانی شار بوو , دەوڵەمەندەکانی شار بە تورکمان و کورد و عەرەبەوە  بەکاریان دەھێنا, واتا زمانی ھەژاران و دەوڵەمەندان , پرۆلیتاریا و بورجوازی  جیا بوو لەم شارە , ھەر بۆیەش ھەمیشە  ھەستی چینایەتی لەناو دانیشتوانە کوردەکەی شاردا زاڵ بووە., ھەمیشەش بارگرژی نەتەوەیاتی کە لە ناوەڕۆکدا چینایەتی بوو لە نێوان زۆربەی کوردە ھەژارەکان و کەمایەتی تورکمانی دەوڵەمەندی تۆڕانیدا ھەبووە.
دوای روخانی بەعس بەھۆی  نەمانی لادێکانەوە, ھەموو کوردە گەڕاوەکانی پارێزگای کەرکوک ھاتنە شارەوە , ئەگەر تورکمانەکان گەڕەکێکی کۆماری ساڵی ١٩٥٨ی کەرکوکیان  بە غەدر دابێتە قەڵەم و بە تەجاوز بۆ سەر مافی مێژویی خۆیان زانیبێت بۆ سەر شارەکە , دوای کودەتای بەعس شاییان بۆ وێران کردنی کردبێت, ئەوا ئەمجارە بەرەو روی دەیان ئەوەندە بونەوە, کە ھەمووشی ھاووڵاتی پارێزگاکەن و پێشتر  لادێشین بوون لە گوندو شارۆچکەکانی پارێزگاکە, سەرتاپای شار بووە خانوی تەجاوزی کورد, ئەمە بە تەواوی نیگەرانیانی کردووە لە کورد و بە دزینی شارەکەی دەزانن , لە کاتێکدا لە قۆناغی گەشەی شاردا مافی ھاوڵاتیانی لادێکانی پارێزگاکەیە بێتە شارەکەی خۆیانەوەو تیایدا نیشتەجێ بن.
 پەیوەندی بەھێزی پارتی لە گەڵ  تورکیا و بە یاریکردنیشی لەسەر دۆسیەی بەرەی سونە نەیتوانی نەیاری تورکمانەکان بۆ کاری کوردەکان لە شارەکە بە گشتی و  ھەڵدانی ئاڵای کوردستان  لە قوڵای شارەکە  بەتایبەتی بشارێتەوە, ھەرچەندە ینک لەم بڕیارەدا باوەڕ ناکەم پرسی بە ھیچ لایەکی تر کردبێت, تورکمانەکان و تورکیا و عەرەبی سونە  راستەوخۆ بەرەو روی پرۆژەکە بونەوە کە ھێشتا بڕیاری  ئەنجومەنی پارێزگای لەسەر نەدراوە , تورکیا راستەوخۆ ھاتە  ناو کایەکەوەو بە ھەڕەشەکردن دژی وەستایەوە, گوێی بەو بۆرییە نەوتانە  نەدا بە خاکەکەیدا تێدەپەڕن, ئەمەش باشترین وەڵامە بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لە داھاتوودا کە ببێتە پراتیک.
لێدوانی  کوردەکان بەوەی ئەم ئاڵایە ئاڵای تورکمان و عەرەبیشە  کە لە راستیدا لای من وا نییە نەک لای تورکمانێکی کەلە رەقی تۆرانی مێشک پڕکراو بە بیری ناسیۆنالستی ئەوا ھەر وا نییەو جێگای بڕوا نییە, بۆیە باشترە  دەسەڵاتدارانی کەرکوک بەدوای دەستەواژەو ھەوڵی دیکەدا  بگەڕێن بۆ رازیکردنی نەیارانی بڕیارەکەیان نەک بەوەی بڵێن ئەم ئاڵایە  ئاڵای  ھەمووانە , باشترە تەوافقێکی سیاسی لەسەر بکرێت , بە بەخشینی شتێک لە بەرامبەر وەرگرتنی شتێکی دیکەدا  .
ئەوەندەی من ئاگادار بم , تا ئێستا ھەڵوێستی تورکمانە شیعەکان و  عەرەبە شیعەکان  وەک ھەڵوێستی  ئێران تا رادەیەک بێدەنگییە , ھەرچەندە وردە وردە وا بێدەنگییەکە دەشکێنن و  دژ دەوەستنەوە  وەک بەیانەمەکەی عەسائیبی ئەھلی حەق, ئیتر نازانرێت دوای دەنگۆی راکێشانی بۆڕی نەوت لە کەرکوکەوە  بۆ ئێران , ئێران چرای سەوزی  بۆ ئەم بڕیارەی ینک  لە کەرکوک  ھەڵکردووە یان نا ؟؟؟, لەبەر ئەوەی ینک ھێزی یەکەمی بێ مونافسە لە شارەکە بڕیاری زۆرینە  لای ئەوە , بۆ بەھێزکردنەوەی خۆی پێویستی بەم مانۆڕانە ھەیە , وەلێ مەرجیشە ١٠٠% سەرکەوتوو بێت .
دوای نەیاری تورکمان و عەرەبی سونە   و تورکیا  ھەڵوێستی کوردەکان  بە تایبەت ینک چۆن دەبێت؟ , ململانێکە دەبەنە پێشەوە تا رادەی بارگرژی ,؟ یان پاشەکشەی پێدەکەن لە بەرامبەر ھەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ؟؟؟, ئەگەر پاشەکشە لە ھەڵدانی ئاڵایەک بکەن, نابێتە شکستێکی گەورەو لە داھاتوودا لە ھەر بڕیاردانێکی گەورەتر  سڵ  بکەنەوە وە لایەنەکانی  بەرامبەریش بە غروری  زیاترەوە  بەرەو روی ھەر بڕیارێکی کوردەکان ببنەوە , ئەدی سبەی چۆن دەتوانن بڕیاری قورستر وەک لکاندنی کەرکوک بە ھەرێمی کوردستانەوەو راگەیاندنی  دەوڵەتی کوردی بدەن ؟, بۆیە  ئەم تاقیکردنەوە لەناکاوە ئەنجامەکەی  قورس  دەبێت بە تایبەت  بۆ یەکێتی کە بڕیاردەرە و بە تایبەتیش دوای مانۆڕە سەربازییەکانی ھات لە شارەکە .
دەبێت بزانین ئێمە لەسەردەمی دادپەروەری جیھانیدا دەژێین,  ئەم دۆسیەیە بە سانایی بەسەر ناسیۆنالیزمی تورکماندا  تێ ناپەڕێت, کە بەردەوام لە کێشەدا بووە لە گەڵ کورد لە شارەکە, چەندە کەمایەتییەکی بچوکیش بن ناتوانرێت گوێیان لێ  نەگیرێت لە بڕیاردان لەسەر چارەنوسی شارەکە, بۆیە دەبوایە  پێشتر گفتوگۆ لەسەر ئەم پێشنیارە  لە گەڵیان بکردرایە(ھەڵدانی ئاڵالەسەر قەڵا کردویەتییە کردار)  ,ئاخر لە بڕیاری ٤ جار ٦ی تاڵەبانییەوە و زانینی کەرکوک بە عێراقێکی بچوککراوە,  دەگەڕێیتەوە بۆ ١ بە ١ بڕیارێکی قورسە( دابەشکردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ ھەر نەتەوەیەک ٦ کورسی پێش ھەڵبژاردنەکان) .
بە بڕوای من باشترین  رێگا بۆ چارەسەر کردنی پرسی کەرکوک  ئەوەیە یان رازی بوونە بە چارەسەری تاڵەبانیانە بۆ ئەبەد , یاخود  کەرکوک چارەسەرێکی برۆکسلیانە  یان بەرلینیانەی مۆدێرنی  بۆ  بکرێت, بۆ ئەوەی دور کەوینەوە لە بەڵقەنە کردنی شارەکەو  خولقانی کارەساتی جەرگبڕ,,ئەگەر دەمانەوێت  چارەسەرێکی ھەتا ھەتایی بۆ پێگەی شارەکەو دوا رۆژی بکەین لە چوارچێوەی ھەرێمی کوردستاندا , دەنا ململانێکە بەردەوام  دەبێت , خۆمان ھەڵنەخەڵەتێنین  ئاڵای  کوردستانیش جگە لە بوونی بە ئاڵای  وەلید شەریکەو عیرفان کەرکوکی نابێت بە ئاڵای تورکمان و عەرەبی شارەکە , ئاگاداربین بە شەڕ و ململانێی ناسیۆنالستەکان ئەم بەرمیلە باروتە لە کەرکوکدا نەتەقێنرێتەوە , سەرەتا ئاسانە وەلێ چارەسەری کۆتایی زەحمەتەو ھەمووی تێدا دەسوتێت .
ئێستا لە دوڕیانێکداین ھەم پاشەکشە  گران و جەرگبڕەو باجی دەوێت چونکە متمانە نامێنێت, ھەمیش بارگرژی زیاتر مەترسی کارەساتی گەورەی  شەڕی نەتەوەیی لێدەکرێت.
تمداد ديدنى ها:  563      تاریخ:  24/03/2017
هیچ کۆمێنتێک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌  
   

   زیاتر
شەماڵ عادل سەلیم
1 بۆ 18 له‌ کۆی 270     
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.