کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  بۆچی نابێت تۆمەتبارانی جینۆساید تاک لایەنە
عەلی مەحمود

بۆچی نابێت تۆمەتبارانی جینۆساید تاک لایەنە لە کەناڵەکانی راگەیاندنەکان قسە بکەن
عەلی مەحمود

لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ئەوەی ھاشا لە تاوانی جینۆسایدی ھۆلۆکۆست بکات بە بڕیاری حکومەت سزا دەدرێت , تەنانەت کەس بۆی نیە گفتوگۆ لە سەر جینۆساید نەبوونی ھۆلۆکۆستیش بکات , ئینکارکردن لە جینۆساید بوونی تاوانەکە بۆ خۆی تاوانەو بە یاسا سزای بۆ رێکخراوە, ئەرمەنەکانیش ئەم داوایەیان خستە بەردەم پەرلەمان و ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا, بەڵام مخابن رەتکرایەوە , کەچی ئێمە لە وڵاتی خۆمان و لە لایەن کەسانی داواکراو ھەڵھاتوو لە دادپەروەری و دادگا ئەم ھاشا کردنە لە رێگای کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بەڕێوە دەچێت, تەنانەت ھەندێک منبەری مزگەوت بوونەتە منبەری ئینکارکردنی جینۆسایدی ئێزیدییەکان .

م ع جاشێکی تۆمەتبارە ناوی لە لیستی ٢٥٨ تۆمەتبارکەی ئەنفال ھەیە , بە ئاشکرا لە رێگای کەناڵەکانی راگەیاندنەوە شانازی دەکرد بە کوشتنی پێشمەرگەی سۆسیالستەوە لە کوردستان , کەسیش نەبوو سزای بدات, بگرە سەرکردەی حیزبێک ماڵەکەی بردە بن ماڵەکەی خۆی و خانووی تەجاوزی بۆ دروست کرد لە تەنیشت ماڵەکەیەوە , حیزبە کۆنەکەشی خانوو و موچەو حیمایەی بۆ بڕییەوە ھەڕەشەشیان لە قوربانیان کرد سکاڵای لەسەر تۆمار نەکەن, کەچی لە وڵاتێکی ئەوروپی وەکو ھۆڵەندا رۆژنامەنووسێک چوو چاوپێکەوتنی لە گەڵ ساز بکات ئەوە زیاتر لەچەند ساڵێکە خۆی لێ شاردۆتەوە, لە ماڵپەڕێکی کوردیشەوە کوڕەکەی لە بری باوکی وەڵامیدایەوە !!!!, سەیر ئەمەیە بۆ ھۆڵەندیەکە خۆیان دەشارنەوە بۆ کوردییەکە باسی دادگای ئازادە کەن , وەک ئەوەی لاھای پایتەختی دادوەری جیھانی نەبێت.

تاریق رەمەزان یەکەمجار پەیوەندی بە منەوە کرد بۆ ئەوەی چاوپێکەوتنی لە گەڵ بکەم , کە داوای ئەوەم لێی کرد با ئێمە سکاڵای لەسەر تۆمار بکەین لە بەریتانیا بۆ ئەوەی پاک بێتەوەو بێتە پاڵتاک بێ تاوانی خۆی راستەوخۆ بۆ خەڵک بسەلمێنێت ناڕازی بوو, بگرە لای ھەندێک داواکارییەکەی منی پێ پێشێلی مافی مرۆڤ بوو , کەوتمە بەر شاڵاوی نوسینیش , کەچی لە رێگای کەسێکی دڵسۆز بە کوردەوە چاوپێکەوتنێکی بڵاو کردەوە خۆی لە تاوانەکانی شوشتەوە( بەڵگەی قسەکانم لایە).

م ق بە ئاشکرا لە کەناڵێکی راگەیاندنی نوسراوەوە وتی بمزانیایە ئەوانەی لە ٦ ئازاری ١٩٩١ی شاری ھەولێر خۆپیشاندانیان کرد شوعین ھەمویانم دەکوشت, کەس لە گوڵ خراپتری پێ نەوت, داواکاری گشتیش وەک ئەوەی نە بای بینیبێت نە باران , ئەمە لە کاتێکدا کاری داواکاری گشتی بوو یەکسەر سکاڵای لەسەر تۆمار بکات.

ھونەرمەندێکی خوا لێخۆش بوو داوای نۆبڵی ئاشتی کرد بۆ تۆمەتبارێکی ئەنفال رەخنەمان لێی گرت وتمان ئەو تۆمەتبارە سپی نییە رەشە , کەچی ئێستاش لەسەر ئەو رستەیە وەک تاوانبار سەیرمان دەکەن, ئاخر کاری سیناریۆ نوس نییە شھادەی بێ تاوانی تاوانبارێک بدات , بەڵکە ئەوە دوایخۆ پاککردنەوە دێت لە رێگای پرۆسەی دادگاییکردنەوە .

دەیان چاوپێکەتن تا ھەنووکە لە گەڵ تاوانبارانێک کراوە , کە سەرجەمیان رۆژنامەنوسانی دڵسۆز کردویانە و من شکم لە پاکی و دڵسۆزیان نییە, کەچی ھەموو جارەکان چاوپێکەوتن و لێدوانەکان بە قازانجی تۆمەتباران تەواو بووە, کەچی ھەر ئەمانەن ناوێرن بچن لە رێگای دادگاوە خۆیان پاک بکەنەوە لە تۆمەتەکان و سەربەرزانە بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگا, تا ھەنووکە وەک ھەڵاتویەک لە بەرامبەر دادوەری ماونەتەوە .

من بە تۆمەتبارێکم وت کە دواتر کوژرا و ناوی لە لیستی ٢٥٨ تاوانبارەکەی ئەنفالدا ھاتبوو ( ئەمانە تۆمەتبارن , بەڵام تاکەی نابن بە تاوانبار؟؟), تۆ وەک تاک سکاڵات لەسەر نییە لە دادگای باڵای تاوانەکان لە لایەن بنەماڵەی قوربانیانەوە, بەڵام ناوت لە رێگای پەرتوکێکەوە چۆتە لیستەکەوە دەوەرە بڕۆ بەردەم دادگا و بێ تاوانی خۆت دەربخە , وتی کەی دادگای ئازاد دانرا ئەوجا دەچم, کابراکانی بەریتانیاو ھۆڵەنداش ناچنە بەردەم دادگای ئەو وڵاتانە کە بە ھەموو پێوەرێک لەو ئازادە ئازادترن ئێمە لە کوردستان داوایان دەکەین, ئەمە بھانەکانە .

ئەگەر بڕیار وایە ھەر تۆمەتبارێک وەک پێگەی خۆی چاوپێکەوتن بکات لە کەناڵەکانی راگەیاندن, وەک ئەوەی ھەبووە, نەک راگەیاندن بەکار بھێنن بۆ خۆ پاک کردنەوەو بەخشینەوەی تۆمەت و دابەشکردنی بەسەر خەڵکی دیدا , زۆر ئاساییە راگەیاندن کاری دەرخستنی راستییەکان و دەربڕی قسەی ھەموو بەشەکانی دۆسیەکە بێت (تاوانبار , قوربانی , دادگا) , نەک شوێنی خۆ پاککردنەوەی تۆمەتباران و داواکراوان.

زۆر گرنگەرۆژنامەنووسەکان وەک ئەوەی لە گەڵ فرانس ڤان ئانراتی بازرگانی چەکی کیمیاوی ھۆڵەندیدا کرا بیانەوێت لە رێگای بەرنامەکانیانەوە راستییەکان دەربخەن , ئەوە جێگای پێشوازییە , کە دواتر بوە ھۆی ئەوەی داواکاری گشتی دۆسیەی لەسەر بکاتەوە , بەڵام دیدارەکان بۆ ئەوەبێت تاک لایەنە قسە بکات و بۆ ئەوە خۆی پاک بکاتەوە لە تاوانەکان و بێ بەڵگە تۆمەت دابەش بکات , ئەوە قەت رێگا پێدراو نییە , نابێت رێگا بدرێت راگەیاندن بەو رۆڵە ھەڵبستێت, ئەوکاتە کاری دادگا دەکات .

ئاخر تا ئێستا جگە یەک تۆمەتبار بە ناوی خدر قامیشی قسەی تا رادەیەک راستی کرد لە چاوپێکەوتنێکی لە گەڵ رۆژنامەی ئاسۆ, کۆنە رەفیقە جاشەکانی خۆی ھەڕەشەیان لێی کرد و پێیان راگرت, ھەرچەندە دانیشتوی ھۆڵەنداش بوو, خۆ ئەویش دەتوانێت لە ھۆڵەندا بچێتە بەردەم دادگا و خۆی پاک بکاتەوە لەو تۆمەتەی پێوەیەتی, نەک بۆ راگەیاندنێکی کوردی قسە بکات,شوێنی ئەو دان پێدانانە دادگایە .

تەنھا دادگایە شوێنی پاککردنەوە لە تاوانەکان لە کاتی دەرخستنی بێ تاوانی, نەک کەناڵەکانی راگەیاندن, کەناڵەکان تەنھا با جێگای دان پێدانانەکان بێت بە راستییەکان, ئەگەریش لە رێگای کەناَلەکانەوە دان بە راستییەکان دەنێن و ئامادەن بەرەو روی دادپەروەری ببنەوە ئەوە جێگای پێشوازییەو, ئەگەریش بڕیار وایە تۆمەتباران کەڵک لە راگەیاندنەکان بۆ پاک کردنەوەی خۆیان وەربگرن , ئەوە دەبێت بنەماڵەی قوربانیان و رێکخراوەکان و چالاکوانانی بواری جینۆساید و مافی مرۆڤ و رۆژنامەنوسی ئەو بوارە رێگا نەدەن کەڵک لە ئازادی وەربگرترێت بۆ شێواندنی دۆسیەکانی دادوەری .
تمداد ديدنى ها:  547      تاریخ:  29/03/2017
هیچ کۆمێنتێک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌  
   

   زیاتر
شەماڵ عادل سەلیم
1 بۆ 18 له‌ کۆی 268     
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.