کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  بۆ سەرکردە کوردەکان داوای لێبوردن ناکەن؟
عەلی مەحمود
بۆ سەرکردە کوردەکان داوای لێبوردن ناکەن؟
عەلی مەحمود محەمەد
ئێمە ئەوە چاک  دەزانین وەک چیرۆکی فرانکنشتاین لە جیاتی سەرکردە بۆ رزگاری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی, دێوەزمەمان بۆ مەرگ و برسێتی بەرھەم ھێناوە, گۆڕانکارییە جیھانییەکان نەبونایە, ئێستاش لە دوای سفرەوە دەبوین چاوەڕوانی بەرھەمی ئەوانمان بکردبایا, لە زۆر بۆنەو کاتدا داوا دەکەین وڵاتان لە پێشیانەوە عێراق بە فەرمی داوای لێبوردن لە کورد بکات لە بەرامبەر تاوانەکانی کە لە رابردوودا سەدام حوسێن و ئەوانی دی ئەنجامیان داوە بەرامبەری, داوا دەکەین  تاوانباران دادگایی بکرێن ....., داوا دەکەین قەرەبومان بکەنەوە, داوا دەکەین و داوا دەکەینەوە......., کەچی لەملاوە کۆمەڵێکی دیکە لەناو خۆماندا ھەن, فەرمانڕەواو دەسترۆیشت و قسەرۆیشتوون, ھەمان داواکاری دەیان گرێتەوە کەچی بەرەو رویان ناکەینەوە,قسەی ھەندێک لە تۆمەتباران ھەندێک راستی تێدایە کە دەڵێن ئێمەش وەک ئەوان,  ئەوانیش لە لای خۆیانەوە پێشێلکاری زەقی مافی ھاوڵاتیانی کوردستانن و پێویست دەکات لە سزا رزگاریان نەبێت, ئەگەر دەمانەوێت قەرەبووی قوربانیان بکەینەوە و ماف بگەڕێتەوە بۆ مەزڵومان,دادوەری پارچە پارچە ناکرێت, بەڵکە پاکێجێکی یەک جەستەیە و تاوانیش ھەرکێیەک ئەنجامی دابێت سزای یەکە, لە پلەو پۆست و ئینتماو دەسەڵاتی تۆمەتبار ناگەڕێتەوە.
لە بیرمە لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٤ بۆ یەکەمجار تاڵەبانی بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق, بابەتێکم نوسی لەسەر ئەوەی سەرۆک داوای لێبوردن بکات لە گەلی کورد لە پای تاوانەکانی ھەڵەبجە و ئەنفال و تاوانەکانی دی, ئەمە پێش ئەوەی ببێتە داواکاری رێکخراو جەماوەر, چۆن پێ  ھەڵشاخانێک بەرەو روم بونەوە, تەنانەت ویستیان پەلاماری جەستەیشم بدەن, وەلێ وەک نەبام بینیبێت نە باران بەردەوام بووم,  تەقدیس کردنی سەرکردە و بە موقەدەس کردنی ھەڵەو  تاوانەکانی بۆ خۆی کارەساتبارترە لە کارەساتەکانی دوژمنان.
قەت سیاسییە دەسترۆیشتوەکانی ئەمرۆی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان ئەم داوایە ناکەن لە دەسەڵاتدارانی بەغدا, بۆ جارێکیش لەسەر مێزی گفتوگۆکانیان باسی لێوە نەکراوە, بگرە  ئەوەی رقیان لێی ببێتەوە ئەم داواکاریانەیە, وە قەتیش ئەم داواکارییە تا دەسەڵاتدار بن نابێت بە داواکاری گەلێک , چونکە زیرەکن چاک دەزانن لەوەی پێیان بڵێن باشە فەرموو لە خۆتانەوە دەست پێبکەن, خۆ ئێوەش کەمتان بە گەل و تێکۆشەرانی سیاسی خۆتان نەکردووە .
ئەمانە ستافێکی سیاسین زۆربەیان شارەزاییان لە یاساکان و جاڕنامە گەردونییەکانی مافی مرۆڤ ھەیە, ئەوان دەزانن داوای لێبوردن کردن یانی چی؟, بۆچی؟, کەی و لە کوێ بەکار دێت ؟, دەزانن دادگاییکردن یانی چی ؟, چی بە دوادا دێت؟, دەزانن قەرەبوو کردنەوە چییە و کێ و بۆچی دەکرێتەوە ؟,  وەلێ بۆ نایکەن ؟, ئەمە پرسیارەکەیە, وەڵامەکەشی لە گیرفانی خۆیاندایە چونکە دەزانن لە رابردوودا چییان کردوە؟,دەچێتە چوارچێوەی کام تاوانەوە ؟, دەزانن چیان چاندووە؟, ئەمرۆ کاتی ھاتووە, یان کاتی دێت  بیدورنەوە.
خۆ ئەوان رۆژانە دەبینن لە سەر بڵاو کردنەوەی ھەواڵێکی ھەڵە لە پانتایی جیھان, داوای لێبوردن لە گوێگران و بینەران و خوێنەران و ماف پێشێلکراوان دەکرێت, دەزانن کە رێزلێنانێک بە ھەڵە دەخوێنرێتەوە داوای لێبوردن دەکرێت, نموونە کەناڵی ٤ی بەریتانیا کە ناوی ئەبو عزەدین بە ھەڵە ھێنا داوای لێبوردنیان لێی کرد,  دەزانن وشەیەکی ناشرین بە یەکێک دەوترێت دادگا بەر دەرگایان لێدەگرێت, کەچی ئەمان لە رابردوودا  تاوانی گەورەتریان کردووە کەچی بێدەنگن, وەک ئەوەی مرۆڤایەتی لە دەیان ساڵی داھاتوو  لە گۆڕیان دەرنەھێنێتەوەو دادگاییان نەکاتەوە لە سەر رابردوو, ئەمان ئەوەش دەزانن ئەو تاوانانەی کردویانە  قورس و نێونەتەوەیین و کات و شوێن ھەر بە زیندوییان دەھێڵێتەوە, کەمیش نین ئەو سیاسی و تۆمەتبارانەی دوای مردنیشیان مێژووە دروستکراوەکان و چەپَڵەکان دادیان نادات و بە تاوانبار خراونەتەوە ناو مێژوەوە , دەزانن ئەوان خەڵکیان بێ دادگایی بەرەو مەرگ رەوانە کردووە, رێزیان لە پەیمانامەو پرۆتۆکۆڵە جیھانییەکان تایبەت بە مرۆڤ و دیلەکانی جەنگ نەگرتووە, بە کۆمەڵ دیلیان لەسەر ناسنامەی سیاسی کوشتووە, خەڵکیان وەک قەڵغانی مرۆیی لە جەنگەکاندا بەکار ھێناوە, بانیکان تاڵان کردووە , پێش سوپای وڵاتان کەوتوونە و شەڕی درێژ خایەنی ناوخۆییان ھەڵگیرساندووەو بە بلۆک سەری خەڵکیان پان کردۆتەوەو بە تەور لە ملیان داوە, سەدانیان بێ سەروشوێنکردووە, زمانی قسەکردن و پەنجەی نوسینیان بڕیوەتەوە, سامانی سەر زەمینی و ژێر زەمینیان تاڵان کردووە,  ...... ئەرێ گەلۆ لە سەردەمی داوای لێبوردنەکان کە ئەمرۆ تیایدا دەژێین  ھەموو ئەوانە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسی ھەقی داوای لێبوردنکردن نییە؟؟, ئەرێ ئەوان مەزنترن یان پاپای ڤاتیکان ھەر رۆژەی لەسەر کردارو بۆچونێکی موقەدەسی رابردوو  داوای لێبوردنە کات, کە خۆشی ئەنجامیانی نەداوە.
راستە سیاسییەکان بە تایبەت کوردەکان خۆیان بە زیرەکترین و لێھاتوترین و نمونەی باڵا دەزانن, دەروێشەکانیشیان کە لە خەڵوەتا خەریکی سەربادانن ھەر وا دەزانن, وەلێ وا نییە لەمەدا ھەڵەن کە وا ھەست بکەن, گەل تا سەر چاوپۆشی لە تاوانەکانی رابردویان بکات, تا سەر دەمی قوربانیان ببەسترێتەوە, لەناو تاوانی یەکتردا خوێنیان بشارێتەوە.
ئەگەر ئەوان رۆژانە داوای لێبوردن لە ھاوسەرو مەعشوق و منداڵەکانی خۆیان لە بەرامبەر بچوکترین و بێبایەخترین شتدا دەکەن, ئەوا پێویستە لە بەرامبەر ئازارێکی قورس کە  بە بەرامبەرەکانت و بنەماڵەکانیان  گەیاندووە داوای لێبوردن بکەن.
نھێنییەکانیان داوای لێبوردنە کەن, قوربانیان داوای قەرەبو دەکەنەوە, داوا دەکەن راستییەکان دەرخرێت و یادیان بکرێتەوەو کەسوکارەکانیان قەرەبوو بکرێتەوە . تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا  داوای لێبوردنی لەسەردەمی کۆیلەداری کرد لە ساڵی ٢٠٠٦, ھەرچەندە نەک خۆی بەشدار نەبووە تیایدا, بگرە زیاتر لە ١٨٣ ساڵە لە وڵاتەکەی ھەڵوەشاوەتەوە, غۆردن براون لە ٢٠١٠  داوای لێبوردنی لە ناردنی دەیان ھەزار منداڵی بەریتانی بە زۆر بۆ ئووسترالیاو نیوزلەندە کرد , دیڤید کامیرۆن داوای لێبوردنی لە قوربانیانی یارییەکەی ساڵی ١٩٨٩ی ھیلیسبیرۆ کرد ,  ئیبرام نیکۆڵن سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا  داوای لێبوردنی لەسەر جەنگی ناوخۆیی کرد,ریتچارد  نیکسۆن داوای لێبوردنی لە واتەر غێت کرد و بەو ھۆکارە  دەستیشی لەکار کێشایەوە, ریگان لەسەر ئێران گێت داوای لێبوردنی کرد, کیلنتۆن کە گەورە دەوڵەمەندانی ۆڵ ستریتی داوەتی کۆشکی سپی  کرد بۆ کۆکرنەوەی بەخشش بۆ پارتی دیموکرات کە زانرا داوای لێبوردنی کرد,کیسنجەر  لەسەر ھاوکاری ئەمەریکا بە کودەتاچییەکانی شیلی بە سەرۆکایەتی بینۆتشە داوای لێبوردنی کرد, کە  تا ئێستا لە دادگای شیلی داواکراوە بە تۆمەتی ھاوکاری کودەتا  بەسەر حکومەتی چەپگەرای شیلی سیلفادۆر  ئەلیندی, وەلێ  ئامادەی دادگا نابێت, دیکلیرک  و ماندێلا  داوای لێبوردنیان کرد, دیکلیرک لەسەر سیاسەتی ئاپارتاید, ماندیلاش لە بەرامبەر ئەو بێتاوانانەی بونە قوربانی لەسەردەمی خەباتی چەکداری, کەچی خۆیان کۆتاییان بە ئاپارتایدو زەبروزەنگ ھێنا,حکومەتی کەنەداو ئوسترالیا داوای لێبوردنیان لە کۆمەڵکوژی ھاووڵاتیانی رەسەنی ئوسترالیاو کەنەدا کرد.
بەشێوەی گشتی سەردەمی ئێستا سەردەمی دادگایی سەرکردەکانە لەسەر تاوانەکانی رابردوو و داوای لێبوردنیانە لەبەرامبەر پێشێلییە زەقەکان چ ئەوانەی خۆیان کردویانە یاخود بەھۆی دەسەڵاتەوە بۆیان ماوەتەوە.
کەی رۆژێک ھەڵەستین , سیاسییە دەسترۆیشتوەکانی کوردیش پێش ئەوەی نەوەکانی داھاتوو لە گۆڕەکانیان دەریان بھێنن و دادگاییان بکەن, خۆیان دان بە راستییەکاندا بنێن و داوای لێبوردن بکەن و ئیعتیبار بۆ قوربانیەکانیان بگەڕێننەوەو زەرەر مەندان قەرەبوو بکەنەوەو رێز لە یاداوەریان بگرن.
لاتان مسۆگەر بێت قوربانیانی تاوانەکانتان تا سەر بێدەنگ نابن, لە کۆتادا دادپەروەری ئەوان سەرە کەوێت و ماف بۆ قوربانیان دەگەڕێتەوە.
تمداد ديدنى ها:  569      تاریخ:  31/03/2017
هیچ کۆمێنتێک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌  
   

   زیاتر
شەماڵ عادل سەلیم
1 بۆ 18 له‌ کۆی 270     
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.