کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
   ریفڕاندۆم یان وەھمی ریفڕاندۆم ؟
شەماڵ عادل سەلیم

                       

                                        ریفڕاندۆم یان وەھمی ریفڕاندۆم  ......؟



شەماڵ عادل سەلیم

لێرەدا ھەوڵدەدەم لەسەر چەند خالێکی تایبەت بەلێدوانەکەی ، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی بەتەمای خودا ، کاک (نێچیرڤان بارزانی) بێمە گۆ ،کە لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی (فیلیی ئەمریکی )لەسەر پرسی ریفراندۆم ڕایگەیاند وگوتی :  لەم ساڵدا ریفراندۆم ئەنجام دەدەین بەلام دەستبەجێ کار بە ئەنجامەکەی ناکەین . ھەروەھا گوتی : ئەوەی گرنگە لەئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە ، کە بۆ ھەموولایەک و لەپێش ھەرھەمووشیان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەربکەوێت کە ھاووڵاتیان چیان دەوێت ... !! 
من لێرەدا  زۆر بەپەلە چەند خاڵێک وەبیر بەرێز( بارزانی) و ھەموو ئەو بەرێزانەی کە باس لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بەبێ ئامادەکردنی زەمینەیەکی لەباروگونجاو دەکەن ، وەبیریان دەھێنمەوە و دەڵێم :
ریفراندۆم مافێکی نەتەوەیی و تایبەتە بەسەرجەم کوردستانیان لەھەر شوێنک ھەن ، بۆەیە پێش ئەوەی باسی رێفراندۆم بکەین ، پێویستە کاربکەین بۆ:
 کاراکردنەوەی دەسبەجێی پەرلەمانی بێدەنگ و پەککەوتوو  ، ئامادەسازیەکی باش  بۆ بەشداری پێکردنی سەرجەم کوردستانیانی ھەندەران لەرێگای ( بالێوزخانەو کونسوڵخانەکان ) بکرێت  ، ھەروەھا ئالیەتێکی گونجاو بۆ بەشداریپێکردنی  کوردستانیانی ناوچە کێشەلەسەرەکان بدۆزرێتەوە  ، دابین کردنی بودجەیەکی زەبەلاح  ، ھەروەھا بۆ ئەوەی ئەنجامی ریفراندۆم وەک بەڵگەیەکی حاشاھەڵنەگر و متمانە پێکراو و باوەڕ پیکراو ببێت ، زۆر گرنگە ریفراندۆم  لەژێر چاوەدێری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمکاری عەرەبی و وڵاتانی  ئیقلیمیدا بەرێوە بچێت ، دیارە ئەنجامدانی ئەم خاڵانەیش  کارکردن وخۆئامادەکردنێکی باش و  ئیرادەیەکی پۆڵاین و باوەڕبەخۆبوون و یەکریزی و ھەروەھا  کاتێکی باشی دەوێت، چونکە  ریفراندۆم  بەپەرتەوازەیی و مڵملانێی حزبی و ملشکاندنی یەکترو بەو نەھامەتیانەی کە ئەمرۆ لەھەموورویەکەوە یەخەوبەرۆکی ھەرھەموومانی گرتووە ، نەک سەرناکەوێت ،بەلکو ھەولێکی نەزۆکەو ھیچی لێ شین نابێت .
بۆ ئەوەی ریفراندۆم وەک مافێکی نەتەوەیی و لەچوارچێوەی موزایەدەو بەرژەوەندی تەسکی  حزبایەتی  دەربچێت ، بۆ ئەوەی ریفراندۆم لە دروشم و موزایەدە و ریکلام ببێتە دیفاکتۆ ، پێویستە ئەم خاڵانەی لەسەرەوە بەکورتی ئاماژەم پێ کردن ،  بەزووترین کات ھەوڵی جێبەجێکردنیان بدرێت .
 پێویستە ھەرھەموومان زەمینەیەکی لەبار بۆ ریفراندۆم بە چاودێری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕەخسێنین . چونکە بەداخەوە ھەتا ئێستا ریفراندۆم وەک کارتێکی فشار لەلایەن سیاسەتمەدارەکانی ھەرێمی بەتەمای خودا بەکارھاتووە ، دوا لێدوانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کاک (فازیل میرانی)  کە گوتی ( ئەگەر لەگەڵ بەغدا رێک بکەوین پێویستمان بە ئەنجامدانی ریفراندۆم نییە ) ، بەڵگەیەکی حاشا ھەڵنەگرە کە ھەتا ئێستا ریفراندۆم وەک کارتی فشار بەکار ھێنراوە .
لەکۆتایدا دەڵێم ،  ریفراندۆم بە وەھم ئەنجام نادرێت ، بەڵکو کاری جدی ولەخۆبردووی و یەک دەنگی و یەک ریزی و پشتگیری بەغداو  رەزامەندی زلھێزانی جیھان وڵاتانی جیران ، بەتایبەتی ( تورکیا و ئێران ) ی دەوێت .
تمداد ديدنى ها:  614      تاریخ:  04/04/2017
هیچ کۆمێنتێک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌  
   

   زیاتر
شەماڵ عادل سەلیم
1 بۆ 18 له‌ کۆی 270     
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.