کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  بۆچی شۆڕشە کوردییەکان نەگەیشتونەتە ئامانج ؟
ئومید ناسح جیهانی

گەلی کورد یەکێکە لەو گەلانەی کە بە درێژایی مێژووەکەی و بە تایبەتی لە مێژووی نوێ و ھاوچەرخ دا زۆرترین جوڵانەوە و ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی و خەباتی چەکداری و سیاسی ئەنجامداوە ، بە ھۆکاری دابەش بوون و پارچە پارچە بوونی خاکەکەی ، لە کاتێکدا ڕیشە و بنەچەی ھی ئەم خاکەیە و خاوەنی کۆنترین مێژوو و شارستانیەتە لە ناوچەکەدا . بەڵام بۆچی خەبات و بەرخۆدانەکانی نەگەیشتوونەتە ئامانج ؟ یان بە واتایەکی دیکە بۆچی سەرئەنجامی ھەموو جوڵانەوەکانی لە ناوچوون و ڕووخان بووە ؟ بۆچی تاکتیک و پلان و پیلان و ستراتیجیەتی دوژمنان بە ھێزتر و بەرھەمدارتر بووە لە کورد ؟ بۆچی لەناو چوونی ھەر جوڵانەوەیەک ، ھۆکاری لە ناوچوونی جوڵانەوەکانی دوای خۆیشی بووە ؟ ئەمانە و چەندین ( بۆچی ؟؟ ) دیکە ، ھەموو کارێک یا شۆڕشێک بێ کەموو کورتی نابێت ، بەڵام ئەمەی کورد کەم و کورتی نەبووە ، بەڵکو ھەڵەی گەورەی ستراتیجی بووە ، بۆتە ھۆی ئەوەی پڕۆسەی داگیرکاری و دابەشکاری کورد و کوردستان چەندین سەدە بخایەنێت . لێرەوە ھەوڵدادەین چەند ھۆکارێکی بنچینەی و جەوھەری دوور لە شرۆڤە دووبارەکان بخەینە ڕوو :
یەکەم / سەرکردایەتی زۆربەی جوڵانەوەکانی کورد میلیگەرایی سەرەتایی بووە ، بەرژەوەندی خێڵا و بنەماڵە لەسەروی بەرژەوندی گشتییەوە بووە ، واتا سەرکردایەتیەکی ھۆشیار و خوێندەوار و خوێنەر و بیرمەند نەبووە ، لەبەرئەوە دوژمن خوێندنەوەیەکی باشی بۆ ھۆکاری سەرھەڵدان و داوکارییەکانیان کردووە ، تێگەیشتوە ئەم جوڵانەوەیە ئامانجی بەدەست ھێنانی بەرژەوندی چینێکی دیاری کراو یان خێڵا و بنەماڵەیەکە ، لەکۆتایشدا لەم ڕێگەیەوە لەناوی بردون ، ھەرکاتێکیش سەرکردایەتی جوڵانەوەکە لەناوچوو ، ڕاستەوخۆ کۆتایی جوڵانەوەکەشی بەدوادا ھاتووە .
دووەم / تەواوی جوڵانەوە کوردییەکانی پێش و دوای جەنگی یەکەمی جیھان ، جوڵانەوەیەی ڕووتی چەکداری خێڵاکی بێ دسپلین و سیستم و فەلسەفەیەکی دیاری کراو بوون ، لەکاتێکدا دوژمنان خاوەن سیستم و ڕێکخستن و فەلسەفەی حوکمڕانی بوون ، بزووتنەوە کوردییەکان خاوەن فەلسەفەیەک نەبوون بۆ ڕێکخستنی جەماوەر و پەروەردەکردنی کادیری سیاسی .
سێیەم / نەبوونی ناوەندێک یان ئەکادیمیایەک بۆ پەروەردەکردن و ڕێکخستن و ڕاھێنانی جەماوەرەکەی ، پەروەردەکردن بە پێی فەلسەف و ئایدۆلۆژیای جوڵانەوەکە ، لە بوارەکانی سیاسی و سەربازی و کلتووری و فەرھەنگی .
چوارەم / نەبوونی ناوەندێک یان سەنتەر و ئەکادیمیایەک بۆ کۆڵینەوە و توێژینەوە لە کۆمەڵگا و جوگرافیا ، مێژوو ، ئاین ، ئابووری ، کەلتوور و فەرھەنگ کورد و دەستنیشان کردنی خاڵە لاوازەکان و ڕەخنەکردنی ، و دەستنیشانکردنی خاڵە بە ھێزەکان و کردنی بە بنەمای کاری بەرخودان ، ھەروەھا لێکۆڵینەوە لە تەواوی کایەکانی ژیانی لایەنی و دوژمن و بەرامبەر ، ھەروەکو چۆن میللەتانی دیکە بەتایبەتی فارس لێکۆڵینەوەی جدی و زانستی لە سەر تەواوی شارستانیەتی کورد کردووە بە خزمەتی داگیرکار و ھەژموونی خۆی . یان وەکو ئەوروپپیەکان کە زانستی ڕۆژھەڵاتناسی لە سەر دەستیان سەریھەڵدا و لێکۆڵینەوەی زانستیان لە سەر شارستانیەتی ڕۆژھەڵات کرد و دواتر توانیان تاوکو ڕۆژگاری ئەمڕۆ درێژە بە داگیرکاری سیاسی و ئابووری و سەربازی و پیشەسازی خۆیان بدەن لە ناوچەکەدا ، تەنانەت لەم جیھانگیرییەشدا ڕۆژھەڵات قازانجی گەورەی لە بەرھەمی عەقڵی ئەوروپا کردووە .
پێنجەم / نەبوونی کادیر و سەرکردەی سیاسی ، ئەمە کێشەیەکی گەورەی جوڵانەوەکان بووە بە درێژایی مێژوو ، جوڵانەوە کوردییەکان خاوەن سەرکردەیەک بوون ، بڕیاری یەکەم و کۆتایی لای ئەو سەرکردەیە بووە ، کادیری سیاسی پێنەگەیاندوە ، تاکو لە نەمانی ئەودا شۆڕشەکە تووشی لەناوچوون نەبێت ، زۆربەی شۆڕشە کوردییەکان لەگەڵ نەمانی سەرکردەکەیدا شۆڕشەکەش لە ناوچووە ، وەکو بەدرخان پاشا ، شۆڕشی شێخ مەحموود ، شێخ سەعیدی پیران ، سەید ڕەزای دەرسیم ، تەنانەت کۆماری کوردستانیش لە مھاباد .
شەشەم / نەبوونی عەقڵێکی ئاوەدانی و پەرەپێدانی توانا مرۆیی و ئابوورییەکانی کوردستان ، کاتێک داگیرکەرانی کوردستان پڕۆژەیەکیان لە ناوچەکاندا دروست دەکرد ، چەکداری جوڵانەوەکان یان لەمپەریان لە بەردەم دروستکردنیدا دروستدەکرد ، یان ھێرشی چەکدارییان دەکردە سەری و وێرانیان دەکرد ، لەبری ئەوەی لێیگەڕێن بنیات بنرێت و ببێت بە سامانی ووڵات تا کاتی ھاتنە سەر دەسەڵات ، نەیەنە سەر وێرانە و لە خاڵی سفرەوە دەست پیبکەنەوە ، تەنانەت لە باشوری کوردستان دوای کۆڕەوەکە و دروستکردنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ، پارتە کوردییەکان دەستیانکرد بە تاڵانکردنی تەواوی کارگە و بینا حکومیەکان و کارەباو و ئاوی باشوور و ئاودیوی ئێرانیان کرد .
حەوتەم / نەبوونی سیفەتی بەردەوامی کە ئەمە خراپترین سیفەتی کوردە بەگشتی ، لە زۆربەی بوارەکانی ژیانەوە . لەبەرئەوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان خاوەن پشتگیری ناوچەی و نێودەوڵەتی بوون بەھۆی بەرژەوەندییەوە ، و خاوەن سوپایەکی زەبەلاح بوون لەڕووی چەندێتی و چۆنیەتیەوە ، ھەروەھا خاوەن ستراتیجیەت و پلان و پیلان بوون ، و خاوەن ئابورییەکی زەبەلاحیش بوون ، لەبەرامبەردا خەباتگێڕانی کورد نەیانتوانیوە خاوەن دژە پیلان و پلان و ستراتیجیەت بن و پشوود درێژ بن و بەرگەی سەختی و دژوارییەکی ماوە درێژ بگرن ، سەرئەنجام دەستبەرداری خەبات بوون و دواتر بوونەتە بەشێک لە دەوڵەت ، تەنانەت لەڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا لە باشور پارتەکانی دیکە بەرامبەر سیاستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ستراتیجیەت و پلانیان نیە و پشوو درێژ نین و سیفەتی بەردەوامیان نیە ، و خەڵکەکەشیان دووچاری نائومیدی و چەقبەستووی کردووە .
ھەشتەم / سروشتی کۆچەری کورد ، کورد سروشتێکی کۆچەری ھەیە بەھۆی ئاژەڵدارییەوە ، لە ناوچەیەکەوە کۆچ دەکات بۆ ناوچەیەکی دیکە ، لە ھەر شوێنێکدا نیشتەجێبوو تەنیا ئەوێ بەخاکی خۆی دەزانێت و بەرگری لێدەکات ، باقی خاکەکەی دیکە بە خاکی عەشیرەت و خێڵەکانی دیکە دەزانێت ، واتا ئێمە ڕووحێکی بەرگری سەرتاسەریمان نیە . تەنانەت لە سەردەمی عوسمانیەکانیش دا مەدحەت پاشا سیستمی تاپۆی لە ھەرسێ وویلایەتی بەغداد و بەسڕە و مووسڵ . ( مووسڵ کە ئێستا دەکاتە باشوری کوردستان )بۆ ئەوە داھێنا تا خێڵەکان جێگیر بکات و بەزۆر بیانکاتە سەرباز و باج و سەرانەیان لێوەربگرێت .
نۆیەم / گرێدراوی دەرەکی ، جوڵانەوە کوردییەکان لە جیاتی ئەوەی پشت بە ھێز و ئیرادەی گەل ببەستن ، گرێدراوی دەرەکی بوون . ووڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستانیش بۆ دژایەتیکردنی یەکتری یا بۆ سەپاندنی مەرج بەسەر یەکتریدا ھاوکاری بزووتنەوەی کوردییان کردووە ، ھەرکاتێکیش بەرژەوەندی یەکتریان پاراستبێت ، دژی جوڵانەوە کوردییەکان و تەواوی گەلی کورد ڕێکەوتوون و کارەساتی گەورەشیان دژی کورد ئەنجامداوە .
دەیەم / سەکردایەتی جوڵانەوەکان دیندارێکی تەقلیدی بوون ، وەھا مامەڵەیان کردووە ، کە کێشەی کورد دینییە ، نەک نەتەوایەتی ، یان بەشێکی گەورەی کەسایەتیەکانی کورد بە ئێستاشەوە حاکمداری عەرەب و فارس و تورک بەسەر کورد دا بەناوی ئاینی ئیسلامەوە بەڕەوا دەبین ، و سنوری عەقڵیەتیان چەند دەقێکی نەبڕیبوو ، لە لەکاتێکدا خودی عەرەب و تورک بەھۆی گەندەڵی و نادادی خۆیانەوە خەلافەت و سوڵتانیەتیان لەناوبرد ، کەچی سەرکردە ئاینیەکانی ئێمە لە خەمی گەڕانەوەی خەلافەت و سوڵتانیەتدا بوون ، و دواجاریش ژێر دەستەییان بە کورد ڕەوا دەبینی . لەڕاستیدا دەبوو فەرمانڕەوابوونی غەیرە کورد بەسەر کوردەوە ئەگەر دادپەروەریش بێت لە ژێر ھەر پەردەیەکدا ، بە ھیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵ نەبووەیە و نەبێت .
یانزەیەم / دژایەتیکردنی دین . لە خاڵی پێشوودا باسمان دواکەوتوویی دینی سەرکردە کوردەکان کرد ، لەگەڵ ئەوەشدا لە سەردەم و کاتی دیکەدا بەشێکی زۆری سەرکردە و خەڵکی جوڵانەوە و پارتەکان دژایەتی دینیان دەکرد و بە ناوی کۆنەپەرستییەوە دژایەتی بیروباوەڕی خەڵکەکەیان دەکرد ، بەتایبەتی دینی ئیسلام ، تەنانەت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا بەشێکی زۆری پارتەکان دژایەتی بیروباوەڕی ئێزدی و کاکەیی و مەسیحی و باوەڕەکانی دیکە دەکەن ، ئەمە لە کاتێکدا دەبوو چاکسازی و ڕیفۆرم لە بیروباوەڕەکاندا بکرێت ، نەک دژایەتیکردن ، ئەمەش ببووە ھۆی ئەوەی بەشێکی زۆری خەڵکە ئاسایی و میللیەکە بەشداری جوڵانەوەکان نەکەن ، و دوژمنانیش ئەم بۆشاییە بقوازنەوە و لە ڕێگەی ئاینەوە خەڵکەکە لە خشتە بەرن و وەکو سوتەمەنی سیاسەتەکانیان بە کاریانبھێنن .
دوانزەیەم / تاڵانی و ستەم ھۆکارێکی دیکە سەرنەکەوتنی جوڵانەوە کوردییەکان بووە ، بەوەی کاتێک ناوچەیەکیان کۆنتڕۆڵکردوە تاڵانی و ڕاو و ڕووتیان لەو ناوچەیەدا ئەنجامداوە ، یاخود بەزۆر و ستەم باج و سەرانەیان لە خەڵکەکە وەرگرتووە ، ھەر وەکوو ( ھەژار موکریانی ) لە کتێبی ( چێشتی مجێور ) دا دەڵێت : " چەکدارانی سمکۆی شکاک کاتێک شاری سەقزیان کۆنتڕۆڵکرد بە جۆرێ دەستیان دابوویە تڵانی و فەرھوود ، نوکتەیەکیان لەسەر دروستکرابوو ، کە چەکداران دەیانگووت خوشکی من حەرامە سەیرت بکەم من چاو دادەخەم تۆش دەرپێکەت فڕێبدە و دواتر من ھەڵیدەگرم و دەڕۆم " . ئەم شێوە تاڵانی و فەرھوود و ستەمە وێنەیەکی ناشیرینی خەباتگێڕانی لای خەڵکەکە دروستکردوە . یاخود ڕوویداوە چەکداران دەستدرێژی سێکسیان دژی ئافرەتی گوندەکان ئەنجامداوە ، یاخود دەستدرێژی سێکسیان کردۆتە سەر کچ و ژنی لایەنگرانی دەوڵەت . لە پێناو میللەت دا دەستکراوە بە ڕاپەڕین و خەباتگێڕان چۆن دەکرێت کاری ناڕەوشتی دژی میللەت ئەنجامدرێت ؟ ھەر جوڵانەوەیەکیش ڕەوشت بنەمای سەرەکی نەبێت سەرئەنجامی تیاچوونە .
سیانزەیەم / جوگرافی و ناوچەیی جوڵانەوەکان . ھەموو جوڵانەوە کوردییەکان لە جوگرافیایەکی تەسک و داخراو دا ڕوویداوە . کۆی جوگرافیای تەنانەت پارچەیەکی کوردستانیشی نەگرتۆتەوە ، کە ھەتا ڕووبەری جوڵانەوەکە فراوان بووایە ھێزەکەشی گەورەتر دەبوو ، ئەگەرچی توانایەکی گەورەی ئابووری و مرۆیشی دەوویست ، ئەم ناوچەیی بوونە ڕەنگە بۆ سروشتی کوردستان ، و بە پلەی یەکەم بۆ کەم توانای سەرکردایەتی جوڵانەوەکان دەگەڕێتەوە ، چونکە زۆر ووڵاتی دونیا ھەیە جوگرافیاکەیان لە جوگرافی ئێمە سەختر و شاخاوی ترە بەڵام خاوەنی شۆڕشی سەرتاسەرین.
چواردەیەم / گەندەڵێ و دروستکردنی چینایەتی . سەرکردایەتی جوڵانەوەکان لە جیاتی ئەوەی تێکەڵی خەڵک ببن و بەرگی جەماوەرەکەیان لەبەر بکەن ، بە باری مادی ومەعنەوی ، لەبەرامبەردا خاوەنی چەندین خزمەتکار و شوێنی تایبەتی و خواردنی تایبەتی بوون ، واتا گەندەڵ و خۆبەگەورە زان بوون ، ئەمەش ببووە ھۆی دروستبوونی چین لە نێو جوڵانەوەکاندا .
پانزەیەم / نەبوونی پەیوەندییەکی دبلۆماسی و ھەوڵدان بۆ دروستکردن و ھێنانی بەرژەوەندی ووڵاتانی گەورە بۆ کوردستان ، تا لەو ڕێگەیەوە ببینە خاوەن پشتگیرییەکی نێودەوڵەتی و نێونەتەوەیی .
ھەموو ئەم خاڵانەی ئاماژەمان پێدا خاڵی لاوازی کورد و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی بوون ، دوژمن توانیویەتی بچێتە ناو ئەو بۆشاییانە و ئەو خاڵە لاوازانە بەکاربھێنێت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانیان و درێژە بە داگیرکاری و دابەشکارییەکانیان بدەن بۆ چەندین سەدە ، و بەشی کوردیش ململانێ و شەڕی ناوخۆ و پارچە پارچەیی و دووبەرەکی بێت .
بەبڕوای ئێمە کورد بە درێژایی مێژوو خاوەنی شۆڕشێکی فکری و سیاسی نەبووە کە گۆڕانکاری گەورە لە پێکھاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و بیری نەتەوایەتی دا بکات ، بارودۆخێک بھێنێتە کایەوە کە ئێستا تەواو جیاواز بێت لە ڕابردوو ، و تەواوی خاڵە لاوازەکانی ژیانی کوردەواری لە ڕەگ و ڕیشەوە دەربھێنێت و ئەلتەرناتیفی گونجاوی پێبێت ، تاکو ئەم پڕۆسەی داگیرکاری و دابەشکارییە تەمەنی ئەوەندە درێژ نەبێت ، تەنانەت ئەو ( ئەیلوول )ەش کە بە شۆڕش ناودەبرێت جوڵانەوەیەکی خێڵەکی بنەماڵەی بارزانی بوو ، ( گوڵان)یش کە پارتی ناوی دەنێت شۆڕش جگە لە جوڵانەوەیەکی بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەیەکی خێڵەکی ھیچی تر نەبووە ، ئەوەی یەکێتیش ناوی دەنێت ( شۆڕشی نوێی گەلەکەمان ) شۆڕش نەبوو بزووتنەوەیەکی سیاسی پەرچەکداری ناوچەیی بوو ، کۆی ئەو جوڵانەوانەی ناونراون شۆڕش ، شۆڕش نەبوون . چونکە ھەموو میللەت خاوەنداریەتیان لێناکات ، ھی کۆی گەل نەبوون ، ھەروەھا نەیانتوانیوە پێکھاتە کۆمەڵایەتی و میرییەکەی کورد لە ڕەگ و ڕیشەوە دەربھێنن ، و ببنە خاوەن بەرھەمێکی نەتەوەیی دیموکراتی ، بەڵکو لەگەڵ ھاتنە دەسەڵاتیان بوونە ھۆی بە ھێزبوونی خێڵ و بنەماڵە و دروستکردنی چینی کۆمەڵایەتی و ئیفلاسکردنی بەرھەمی ناوخۆی کشتوکاڵی و ئابووری و وابەستەکردنی باشووری کوردستان بە ئێران و تورکیاوە و لەباربردنی خەونی نیشتیمانی و نەتەوەیی کورد و بە دامەزراوەییکردنی دام و دەزگا دەوڵەتییەکان ، ئەو حکومەتەش کە لە باشووری کوردستان دروست بووە بە پلەی یەکەم بەرھەمی کۆڕەوە ملیۆنییەکەی خەڵک بوو .
لێرەدا وەکو کەسێکی مێژووی دەکرێت بڵێن : خەبات و بەرخۆدانی پەکەکە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو تاکو ئێستا شۆڕشە ، چونکە شۆڕشێکی ھزری و فەرھەنگی و سیاسی و چەکداری و خاوەن ستراتیجیەت و بەرنامە و پلانە ، ھەموو ئەو خاڵە لاوازانەی ئاماژەمان پێکرد پەکەکە خوێندنەوەی جدی بۆکردووە و لەسەر ئاستی نەتەوایەتی و کوردستانی گەورە بەرخۆدان دەکات ، و خودی ڕێبەرەکەشی بیرمەند و قوتابخانەیەکە لە ناوچەکەدا ، و خاوەنی چەندین تیۆر و کتێب و بەرھەمی فکرییە ، بۆ گەیشتنە ئامانجی کورد و کۆی مرۆڤایەتی گرنگ و پڕ بایەخە . ئێستاش کە لە خۆرئاوای کوردستان لە دەسەڵاتدایە توانیویەتی نموونەیەکی جوانی دیموکراتی بنیات بنێت ، تاکو ئێستا .
ئومید ناسح جیھانی
تمداد ديدنى ها:  527      تاریخ:  10/04/2017
هیچ کۆمێنتێک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌  
   

   زیاتر
شەماڵ عادل سەلیم
1 بۆ 18 له‌ کۆی 268     
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.