کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  جەنابی سەرۆک دەست بەجێ داوای لێبوردن بکە !!!!
عەلی مەحمود
جەنابی  سەرۆک دەست بەجێ داوای لێبوردن بکە !!!!

عەلی مەحموود  محەمەد

لە ئێستادا ئەوە ١٤ ساڵی تەواوە ,  لە پای ئەو تاوانانەی عێراق بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان لە رابردوودا  ئەنجامی داوە , داوا دەکرێت داوای لێبوردن بکات , ئەرکی جەنابی تاڵەبانی و بارزانی بوو , لەو مانگە سەرەتاییەی بونە سەرۆک کۆماری وڵات بە پێی پیتی ناوەکانیان, دەبوایە ئەو ئەرکەیان جێبەجێ بکردبایا, بەشێک لەو کەماسیانە دەکەوێتە ئەستۆی ھەموو ئەوانەی لەو کاتە لە بەغدا بوون , سەرەتا عەقلیەتی کورد لەو ئاستەدا نەبوو ئەو کارە بکات, تەنانەت ئەندامەکانیان لە ئەوروپا زیاتر لە ھەمووان دژ بەو داوایە دەوەستانەوەو کەوتنە جنێو بارانکردنمان کاتێک داوایەکی وامان کرد , لایان نەنگی بوو سەرۆکە نموونەیەکەی ئەوان  ئەو داوایە بکات و بەو ئەرکە ھەڵبستێت, نەیانزانی دوا رۆژ مێژوو دەڵێت شایانی ئەوە نەبوون بەو ئەرکە ھەڵبستن, دواتر بۆ دوو خول تاڵەبانی سەۆک بوو , دەیان جار ئەم داوایەی بەرەو روی کرایەوە , وەڵام ھەر وەڵام نەبوو , مەعسومیش ھات , داواکارییەکە ھەر بەردەوامە, ئەویش ھەر بێدەنگە.
لەم مەڵبەندەی جینۆسایدە کە ناوی  ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و ئەم وڵاتەی ئێمە کە ناوی کوردستانە , شوێنێک پنتێک نییە بۆ لێبوردەیی مرۆڤەکان, لێبوردەیی لە گەڵ  تاوانە گەورەکاندا سەری خۆی ھەڵگرت.
مێژوویەک ئێمە دەبەستێتەوە بەم وڵاتانەوە  لە ناو خوێن و ئێسک و پروسکدا غەرق  بووە, بۆ سڕینەوەی ئەو تاڵیانە پێویستمان بە داد پەروەرییە,دادپەروەری و ئاشتەوایی پێکەوە گرێدراون, بە بێ یەکەم  ئەنجامدانی دووەم زەلالەتە و قەتیش  بەدی نایات , وەک ئەوەی سیاسییەکانی کورد لەمڕۆدا دەیکەن , لێبوردەیی ھەموو کات دوای دان نان بە تاوانەکان و دادپەروەری دێت , تاوانبار و قوربانیان لە ئاوێنەی  دەرخستنی ھەقیقەت و راستیەکانی رابردوەوە  وەک ئەوەی  ھەن دەردەکەون نەک وەک ئەوەی لە تاوانەکانی رابردوو بشورێنەوە. کارێکی  زۆر ناشایستەو ناڕەوایە  داوا لە قوربانیانی  تاوانەکان بکرێت ئاشتەواویی بکەن , لە کاتێکدا ھێشتا دادوەری  بە ڕۆڵی خۆی ھەڵنەسابێت و دان بە راستییەکان و ھەقیقەتی تاوانەکان نەنرابێت و تاوانباران دادگایی نەکرابێتن لە پێناو رزگار نەبوون لە سزاو بە دکۆمێنت کردنی تاوانەکان و دەرخستنی راستییەکان!!.
لە ئەزموونی خوارووی ئافریقیاوە با فێر بین کە " باسکردنی سەرچاوەی تاوانەکان ,دانپێنان ,قەرەبووکردنەوە,دان نان بەو شتانەی  کە رووی دا, ھەندێک جار زۆر پڕ بایەخترە لە زانینی حەقیقەتەکانی بابەتەکە, ئەگەر چی مەرج نییە ھەموو ئەو کەسانەی  کە ئازاریان چەشتووە پێویستیان بە داوای لێبوردن کردن ھەبێت بەشێوەیەکی  ڕەسمی تا ناکۆکییەکان ڕابردوو لەبیر خۆیان ببەنەوە, لێکۆڵینەوە لە پرۆسەی لێخۆش بوونی"کۆمسیۆنی حەقیقەت  و پێکھاتنەوە  لە باشووری ئافریقا" ئەوە پیشان دەدات کە قەبوڵکردنی سەرەنجامەکان تا ئەندازەیەکی زۆر زیاد دەکات , کاتێک قوربانیان یان کەسوکاری قوربانیەکان دانپێنانێک  و داوای لێبوردنێکی شەرعییان پێ دەگات ."پێکھاتنەوە –چارلس ڤیلا –ڤیسیستۆ ".
قەرەبووکردنەوە تەنھا پاداشتی مادی نییە لە بەرامبەر ئەو زیانانەی لە قوربانیان کەوتوونە, بەڵکە  خۆی  لە پاداشتی  مادی یان ڕەمزی یان پێکەوە دەبینێتەوە, ڕەنگە پاداشتی دارایی بێت یان پۆزش و داوای لێبوردنکردن بێت لە قوربانیان یاخود ھەردووکیان پێکەوە, نابێت لە یادمان بچێت کە بژاردن  ھەم  قەرەبووکردنەوەیە و  ھەم پەیمانیشە بۆ دوبارە نەکردنەوەی  تاوانەکانی ڕابردوو لە ئایندە, ئێمەش  لەم مەڵبەندی جینۆسایدە پێویستمان بەمەیان زیاتر کە روداوەکان رابردوو دوبارە نەکرێنەوە, لە کاتێکددا نە قەرەبو کراوینەتەوە نە داوای لێبوردنیشمان لێکراوە, نە وڵاتیش بۆتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی, بۆیە روداوەکان لە ژینگەیەکی وادا ئاساییە دوبارە ببنەوە, راستە  ئەمانە رابردوو ناگۆڕن و ژیان بۆ قوربانیان ناگەڕێننەوە , وەلێ ژیان بۆ داھاتوو دور لە تاوان زەمانەت دەکەن .
قەرەبووکردنەوە کەرامەتی  مرۆڤایەتی  و ھەندێک لە  زیانە مادییەکان دەگەرێنێتەوە بۆ قوربانیان, بۆ ئەوانەی مافیان پێشێل کراوە, بۆیە  مافی قەرەبوو مافێکی بێ ئەملاو ئەولای  سازش ھەڵنەگرتنی  قوربانیانی کوردستانە, کەسیش بۆی نییە بە ناویانەوە ئەو سازشە بکات  لە ترۆپکی دەسەڵاتیش بێت , دەبێت تەنھا خۆیان لە بەرامبەر ئەو زیانانەی پێیان گەیشتووە بەم کارە ھەڵبستن .
دەوڵەتی ئەنجامدەری تاوان کە عێراقە نابێت لە بەرپرسیارێتی کارەکانی ڕابردووی تاوانەکان ھەلبَێت, عێراقی ئێستا کە داوای لێبوردن دەکات و  قەربووی قوربانیان  دەکاتەوە, لە بەر ئەوە نییە بەرپرسە لە تاوان و ھەڵەکان ڕابردووی سەدام,  بەڵکە لە بەر پابەند  بوونییەتی  بە بەرژەوەندی گشتییەوە  و  کارکردنیەتی  بۆ دووبارە تێکەڵکردنەوەی قوربانیەکان بەکۆمەڵگاو گەڕاندنەوەی کەرامەتە  بۆیان و متمانەیان دەداتێ  بەوەی  عێراقی داھاتوو ئەوەی رابردوو نییە, لە تاوانەوە گواستراوەتەوە بۆ پۆزش  ھێنانەوە, لە ئەنجامدانی جینۆسایدەوە ھاتۆتە سەر واژۆکەرانی پەیمانامە نێودەوڵتیەکانی بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر تاوانە مەزنەکان .
بە داوی  لێبوردن کردن  بەرپرسیارێتی  ھەڵگرتنی  ئەو تاوانە گەورانەی لە ڕابردوودا ئەنجامدراون , تاکە  زەمانەتی ھاوسەنگی ڕاگرتنە لە نێوان مافی قوربانیان و بەرپرسیارێتی تاوانکاران , دەوڵەت بەردەوام دەبێت لە ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی سیاسەت و کاری  فەرمانڕەواکانی پێشووی خۆی, ئەو بەرپرسیارییەتییە مانای تاوانبار بوون ناگەیەنێت , بەڵکە  خۆ پاککردنەوەو شۆردنەوەیە لێی , پاککردنەوەی  دەوڵەت و خودە لەو ڕابردووە تاڵە خوێناوییە پڕ لە تاوانە کە لەم وڵاتە رویانداوە ,ئەمە لە باشووری ئافریقیا و شیلی و ئاڵمانیاو ..تەواوی ئەو وڵاتانەی گۆڕانکاری تیایاندا ئەنجامدرا لە پاش دەسەڵاتی نازیز م ئاپارتاید و دیکتاتۆریەت  پەیرەو کرا, کوردیش چاوەڕوانی دەکات لە ئێراقی نوێ کە ئێستا ئێوەی بەڕێز  سەرۆکین ببێتە پرنسبێکی دەسەڵاتدارییەتی داھاتوو .
سەرۆکی شیلی چەپگەرا  لاگۆس ھەڵستا بە ناردنی نامەی پاساو ھێنانەوەی کەسی یان داوای لێبوردنکردن  بۆ سەرجەم کەسوکاری قوربانیانی دەست ڕژێمی سەربازی ڕاستڕەوی پێشوو  بە سەرکردایەتی بینۆتشە, ئەم پرۆسەیە  لە ساڵی ١٩٩٦ ەوە بۆ ٢٠٠٨   درێژەی کێشا  ,کەچی خۆی  و بیروباوەڕەکەی قوربانی و نەیاری ئەو دەسەڵاتە بوو کە تاوانی ئەنجام دابوو, ئەو نامانەی ناردی  بۆ سەرجەم قوربانیان ئەویان نەکردە تاوانبار , بەڵکە نامەکانی وڵاتی لە تاوانەکانی بینۆتشەی تاوانبار شوشتەوەو  ناشرینیەکانی پاککردەوەو خۆشی بردە ریزی سەرکردە مەزنەکانەوە  .
قوربانیانی دەستی ڕژێمی نازی ئاڵمانیاش, لە پاڵ  قەرەبووی  مادی, ھەر یەکەیان  نامەی سەرۆک  کۆمار"یوھانز راو" یان پێگەیشت ,   کە لە نامەکەیدا داوای لێبوردنی لە قوربانیانی دەسەڵاتی ناز ی ھیتلەر   کردبوو."تعویز العمال الاسترقاقیین والقسریین فی المانیا النازیە-یونامی ".
لە تەیموری ڕۆژھەڵاتیش گەل  داوای قەرەبووی  ماوەی  داگیرکاریشی  کردەوە لە دەسەڵاتی ئەندەنوزی , نەک تەنھا قەرەبووی پێشێلکارییە گەورەکان, ئەمەش بۆ کورد  جێگای ھەڵوێستەیە و پێویستە کاری لەسەر بکرێت, لە ماوەی رابردوودا بێ ویستی خۆی داگیر کراوەو سامانەەکەی تاڵان کراوە .
لە سیرالیۆنیش لە ساڵی ٢٠١٠ سەرۆکی وڵات بە شێوەی فەرمی داوای لێبوردنی لەو ژنانە کرد کە قوربانی ململانێ چەکدارییەکان بوون , لە کەمبۆدیاش بەھەمان سەرباری ئەوەی ناوی قوربانیان لەسەر ماڵپەڕی دادگای نێونەتەوەیی کەمبۆدی بڵاو کرایەوە داوای لێبوردنیشیان لێکرا, لە ٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠١١ ەش  ئەردۆگان بە فەرمی لە بەرامبەر تاوانی جینۆسایدی دەرسیم لە بری دەوڵەتی تورک بە شێوەی زارەکی داوای لێبوردنی  کرد, ھەرچەندە ئێمە ھەنگاوەکەیمان بە ناتەواو زانی  داوای لێبوردنەکان پێویستە بە نوسراو بڕیاری فەرمی دەرچن , بلێر داوای لێبوردنی لە سەردەمی کۆیلەداری و  ماندێلاش داوای لێبوردنی لە قوربانیانی کردارە سەربازییەکان کرد.
ئەو قەرەبوە مادیانەی  بە بێ  یاسا و ئاشکرا کردنی ڕاستیەکان و داوای لێبوردنکردن لە لایەن دەوڵەتی بکەری تاوانەوە  دەبەخشرێت وەک خوێن بایی و ھەوڵی کڕینی دەنگی قوربانیان تەمەشا دەکرێت لە بڕی سڕینەوەی  رابردووی خوێناوی  ,کوردیش پێویستی  بە خوێن بایی عێراق  نییە,  بەڵکە چاوەڕوانی ئەوەیە دەوڵەتی بکەری تاوان بە فەرمی لە رێگای سەرۆکەکەیەوە بە فەرمی و بڕیاری رەسمی  داوای  لێبوردنی لێ بکات, بەڕێز مەعسومیش  کە  ھەنووکە لە سەروی فەرمەنڕەوایی ئێراقەوەیە  ئەرکە لەسەری بەمکارە ھەڵبستیت و وەک ئەو سەرۆکانەی ئاماژەمان بە ناوەکانیان دا بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە  نامە بۆ یەک بە یەکی قوربانیانی جینۆساید  لە کوردستان و عێراق بە تایبەتی و سەرجەم قوربانیان بە گشتی بە بێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی  بنێریت , ئەمە وەک تاک  وەک نەتەوەش داوای لێبوردن لە کورد  و تورکمان و ئاشور و کلدان و شیعە و کریستان و ئێزیدی و سائیبە .... بکرێت.
چاوەڕوانین ھەموو قوربانیانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ  بە مرۆڤایەتی و پێشێلکاری گەورە  لە کوردستان و عێراق لە جەنابی سەرۆکەوە  نامەی داوای لێبوردنیان پێ بگات  لە ١٤ی ٤.

تمداد ديدنى ها:  730      تاریخ:  11/04/2017
هیچ کۆمێنتێک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌  
   

   زیاتر
شەماڵ عادل سەلیم
1 بۆ 18 له‌ کۆی 270     
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.