کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  تارمایی چەپ بە ئاسمانی پاریسەوە
عەلی مەحمود
تارمایی چەپ بە ئاسمانی  پاریسەوە

عەلی مەحمود محەمەد

بڕیار وایە ٢٣ی ئەم مانگە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە فەرەنسا بەڕێوە بچێت, وڵاتی فەرەنسا لە زۆربەی  وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر ریز بەندی چەپ و راست لە ھەڵبژاردنەکان و لە مشتومڕی سیاسی بەخۆوە دەبینێت, ئاخر دەستەواژەی چەپ لە فەرەنسا لە دایک بوو لەوکاتەی لەسەر پێشنیاری پەرلەمانتاری گەل لە فەرەنسا  ئیمانۆیل جۆزیف سپیس(١٧٤٨-١٨٣٦)  دەستەواژەکە  دیاریکرا پەرلەمانتاران بە پێی بیروباوەڕیان لە پشتیوانی گەل جێگای خۆیان لەناو پەرلەماندا گرت, لەوساوە چەپ لەگەڵ گۆڕانکاری و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا بووە, پێچەوانەکەی بۆ باڵەکەی دیکە راست بووە کە راستە, ھاوکات بیری سۆسیالستی لە ھەموو وڵاتانی دیکە زیاتر زادەی فەرەنسایە, لە بابۆفەوە ( فرانسۆ نۆیل بابۆف کە لە سەر بیری یەکسانی خوازی لە ٢٧ی ئایاری ١٧٩٧ لە سێدارە درا) تا بیر جۆزێف  برۆدۆن (١٨٠٩-١٨٦٥), شارل فۆریی (١٧٧٢-١٨٣), لویس ئۆگست پلانکی (١٨٠٥-١٨٨١) و بۆ شۆرشی فەرەنسا و راپەڕینەکانی یۆلی ١٨٣٠ و ١٨٤٨ و کۆمۆنەی پاریس لە ١٨ی ئازاری ١٨٧١ و شۆرشی قوتابیان لە ساڵی ١٩٦٨ تا راپەڕینی بێدارانی شەوی ساڵی ٢٠١٦, بەشیوەی گشتی مێژوی دوو سەدەی رابردووی فەرەنسا ئاوێنەی ململانێ سیاسیەکانی دوو سەدەی رابردووی جیھان  بووە, مێژووی فەرەنسا کورتکراوەی مێژووی جیھان بووە لەو ٢٢٨ ساڵەی رابردوودا, ھەر بۆیەشە مارکس دوو پەرتووکی نایاب و بەناو بانگی خۆی کە  ھەژدەھەمی برۆمێردی لوێس پۆناپارت و شەڕی ناوخۆیی فەرەنسا لەسەر پەرەگرتنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە نووسیوە, دەتوانین بێ دودڵی بڵێین ھەر سێ شۆرشە گەورەکەی فەرەنسا ( شۆڕشی فەرەنسا ١٧٨٩, کۆمۆنەی پاریس ١٨٧١ , شۆرشی بەھاری ١٩٦٨ی قوتابیان) کاریگەریان لەسەر رەوتی روداوەکانی جیھان داناوە لە دوو سەدەی رابردوودا.
چەپی فەرەنسا لە ساڵی ١٨٣٠ ەوە خۆیان لە گروپی نھێنی بچوک بچوکدا رێک  خستووە,کە بەردەوام راودەنران لە لایەن دەسەڵاتەوە کە پارێزەری چینە باڵاکان بوون لە ئەرستۆکرات و پیاوانی ئاینی, ئەم بزوتنەوەیە بەردەوام لە تێکۆشانی بێ وچاندا بوو بۆ گۆڕانکاری  لە سستەمی سیاسی و گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دامەزراندنی کۆمارێکی عەلمانی, تا لە ساڵانی ١٨٧٩ پارتی کرێکارانی سۆسیالستی فەرەنسی و لە ساڵی ١٨٨٠ یەکەم پارتی مارکسی بەناوی پارتی کرێکارانی فەرەنسا دادەمەزرێت, سۆسیالستەکان لە کۆنگرەی شاری توری ١٩٢٠ وەکو ئێستای فەرەنسا دەبنە دوو بەشەوە, بەشە بچوکە  ریفۆرم خوازەکە دەبنە سۆسیال دیموکرات و بەشە گەورە شۆڕشگێڕەکە دەبنە حیزبی شیوعی,لە ماوەی نزیک نیوەی سەدەی فەرەنسا لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە بەھۆی رۆڵی پاڵەوانانەی شیوعییەکان لە خەبات دژ بە فاشیزم دەوترا لە نێوان دیگۆلییەکان و شیوعییەکان ھەموو پارتەکانی دیکە بچوک بوون تا ساڵی ١٩٦٧ سەرکردایەتی چەپ و زۆربەی جارەکان پارتی یەکەمی وڵات بووە تا ساڵی ١٩٥٨ , لە  ١٩٨١ەوە رێژەی دەنگەکانی نزیک ٧٥% دادەبەزێت بەھۆی مردنی سەرکردە کارێزماییەکەی مۆرێس تۆرێزو نەگرتنە دەستی دەسەڵات لە دوای شۆڕشی قوتابیان لە ساڵی ١٩٦٨ دا.
ھەموو کات گۆرەِپانی چەپ لە فەرەنسا شوێنی ھەموو باڵ و قوتابخانەکانی تێدا بۆتەوە, پێکھاتەی رابەرایەتی کۆمۆنارەکان باشترین نموونەیە بۆ ئەو فرە پێکھاتەیەی ناو چەپ کە تا ئێستا لەم وڵاتە بەو شێوەیەیە .
جارێکی دیکە خەریکە تارمایی سۆسیالیزم ئاسمانی فەرەنسا دادەگرێتەوە, وەلێ بە دوبارە بونەوەی مێژوو نا, لە رێگای ئەندامگیری حیزبییەوە نا, بگرە لە رێگای جەمسەر بەندی داواکاری و خواستەکانەوە لە شەقامەوە لە رێگای ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن و پێشکەش کردنی ئەلتەرناتیفی دەسەڵاتەوە, جەمسەر بەندیەک پێش چەند ھەفتەیەک خەون بوو, بێدارانی شەوی پاریس بە دیار بێداری خۆیانەوە خەو بردیانییەوەو ناردیانیەوە بۆ ماڵەوە, تارماییەکە ھەر نەھات , کرێکارانی یاخی شەقامەکانی پاریس ھەر نەیان توانی تارماییە سورەکە بەدیبکەن, کەچی ئێستا داواکارییەکانیان بووە تارمایی گۆڕانکاریەکان و لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی کاندیدە چەپەکاندا بەرجەستە بوو, بەم ھۆیەوە ھەموو ھێزە کۆنەپەرستەکانی وڵات لە پارێزەرانی سستەمی سیاسی باڵادەست و نوێنەرانی بازاڕەکانی سەرمایەداری و سەرمایەی دارایی و کۆمپانیا زەبلاحە فرەنەتەوەییەکان , وەک گا کە رقیان لە رەنگی سورە ترساندووە, تەنانەت ھەموو کاندیدەکانی حیزبی دراو بە وتەی ھامونی کاندیدی سۆسیالستەکانی یەک خستووە,بگرە ئەوانەشی گوایە دڵیان بۆ چەپ لێدەدا ناچار کرد داکۆکی لە سستەمی سیاسی باو بکەن,  ھەر بەوەندەشەوە نا بگرە ٢٥ ھەڵگری نۆبڵ  لە ئابوری لەسەر ئاستی جیھان  پەیوەست بوون بەم کەمپەینەوە .
چەپەکان لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری فەرەنسا, لە کۆی ١١ کاندید ,  بە ٤ کاندید بەشداری ھەڵبژاردنی کۆماری فەرەنسا دەکەن کە ئەوانیش بریتین لە ھەر یەکە :
١-    فلیب پۆتۆ ٥٠ ساڵ, کرێکاری پێشوی کۆمپانیای فۆرد و ساندیکایی, سەرۆکی پارتی نوێی دژ بە سەرمایەداری (ترۆتسکیستی پێشو), لە بانگەشەی ھەڵبژارندا  خۆی وەک کرێکارێک دەناسێنێت  نەک وەک سیاسییەک , مرۆڤێکی سادە و موخاتبێکی بە توانا.
 داوای کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ ٦٠ ساڵ و ٣٢ کاتژمێر کار لە ھەفتە و مافی لەباربردنی منداڵ و دەستەبەرکردنی دەستخستنی دەرمان دژ بە سکپڕی بە خۆڕایی دەکات, رادەی پشتیوانییەکانی٢% بۆ ٢,٥%ی دەنگەکانە.
٢-    خاتوو ناتالی ئارتۆ ٤٧ ساڵ ,مامۆستای ئابوری , ترۆتسکیست وتەبێژ و کاندیدی پارتی خەباتی کرێکار, داوای قەدەغەکردنی دەرکردنی کرێکار لەسەر کار و زیادکردنی کرێ و موچەی ١٨٠٠ ئیرۆ بۆ خانەنشینان و وەدەستخستنی ھۆیەکانی بەرھەم ھێنان لە لایەن کرێکارانەوە دەکات, رادەی پشتیوانییەکانی ٠,٥%ی دەنگەکانە .
٣-بینۆ ھامون ٤٩ ساڵ , وەزیری ئابوری پێشو لە کابینەی فرانسۆ ھۆلاند, سەرۆکی لاوانی سۆسالست , پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەوروپا,  لە ٢٩ یەنایەری ٢٠١٧ بە ھێنانی ٥٨,٨٨%ی دەنگی ناو پارتەکەی بوە کاندیدی پارتی سۆسیالست بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری وڵات , دەرچونی کودەتایەک بوو بەسەر باڵی راستی ناو حیزب بە ساندەرزی فەرەنسا ناو برا, لە کاتێک پرۆسەی بردنەوەکەی و کاردنەوەی باڵی راستی ناو حیزب لە بەرامبەری لە شێوەی جیمی کۆربین سەرکردەی چەپگەرای پارتی کرێکارانی بەریتانیا خۆیان نمایش  کرد, ھەر بۆیە باڵی راستی ناو حیزب ملیان بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە نەدا و لێی ھەڵگەڕانەوە , دەکرێت لە داھاتوودا باڵی راستی ناو پارتی کرێکارانی بەریتانیا بە سەرکردایەتی بلێر ھەمان پرۆسە جێبەجێ بکەن,ھامون بە بەرنامەیەکی چەپتر لە ھەر یەکە لە  بیرنی ساندەرز کاندیدی سۆسیالست خوازی ئەمەریکا لە پارتی دیموکرات و جیمی کۆربین سەرۆکی پارتی کرێکارانی بەریتانیا ھاتە مەیدان ,وەلێ بەھۆی ژینگەی سیاسی لە وڵات نەیتوانی لەم قۆناغەدا ھەمان رۆڵی سیاسی ئەوان بگێڕێت, بە تایبەت بە بونی میلنشۆن .
ھامون خاوەند بەرنامەیەکی سۆسیالستی ژینگەییە,  داوای گۆڕینی کۆماری پێنجەم بۆ کۆماری شەشەم دەکات بە قۆناغ,گرنگی دان بە کەرتی تەندروستی و پەروەردەو دیاریکردنی   ٧٥٠ ئیرۆ موچەی بنەڕەتی بۆ سەرجەم ھاووڵاتیانی فەرەنسا ئەوانەی داھاتی مانگانەیان کەمترە لە ٢١٨٥ ئیرۆ لە مانگێکدا وباج خستنە سەر رۆبۆتی کارگاکان وموچەی ٦٠٠ ئیرۆ بۆ بێکاران و ٢٠٠ ئیرۆی مانگانە بۆ ئەوانەی لانی کەمی کرێ وەردەگرن,  دروستنەکردنی زیندانی نوێ لە وڵات, ھەڵوەشاندنەوەی یاسای کاری ھەموار کراو, زیاد کردنی لانی کەمی کرێ و کەمکردنەوەی سەعاتی کار و ,,,,, کۆتایی ھێنان بە بەکار ھێنانی  ئۆتۆمۆبیلی گازی تا ساڵی٢٠٢٥ و دەستبەرداربوون لە بەرھەم ھێنانی کارەبا لە رێگای وێستگەی ئەتۆمی بۆ ساڵی ٢٠٥٠.
ھامون لە میانی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکەی  توانی لاوانی دژ بە جیھانگیری و سەرمایەداری وھەوادارانی سۆسیالیزمی راستەقینە بۆ کەمپەینەکەی رابکێشێت, نەیارانی بە سۆسیالستی خەیاڵی و سۆسیالستی بێ گەرد توانجی لێ دەدەن.
دوای سەرکەوتنی وەک کاندیدی پارتی سۆسیالست بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری فەرەنسا, تەنھا بل قاسم و کریستیان تۆبیرا لە وەزیرەکانی حکومەتەکەی ھۆڵاند ا پشتیوانیان لێی کرد, ئەوانی دی ھەموو بە سەرۆکەکەیانەوە پەیوەست بوون بە کەمپەینی ماکرۆنەوە, کە ناڕاستەوخۆ بووە کاندیدی باڵی راستی ناو سۆسیالستەکان, ھەمان رێگای کلنتۆن و  شرۆدەر و بلێر و رینزی گرتە بەر.
ھامون لە ئێستادا بەھۆی پشت لێکردنی باڵی راستی دەسترۆیشتوی حیزبەکەی   بەرەو پەراوێز دەڕوات و بۆتە پێنجەم رکابەر, بەردەوامە لە دیدارەکانی, راشکاوانە رایگەیاند لە خولی دووەمی ھەڵبژاردنەکان دەنگ بە میلنشۆن دەدات, واتا ھەڵوێستی تەواو پێچەوانەی ھۆلاندی گرتە بەر, بیەر لۆران سکرتێری حیزبی شیوعی فەرەنسی کە پشتیوانی میلنشۆنە داوای بەیەک گەیشتنی ھامون و میلنشۆنی کرد لەوکاتەی ھامون چوارەمین بوو و میلنشۆنیش پێنجەم, بارودۆخەکە گۆڕا دواتر, ئەوەی ھامونی کردە پەراوێزەوە میلنشۆن بوو نەک باڵی راستی ناو سۆسیالستەکان.
ھامون پێی وایە ماکرۆن و لۆبان و فیۆن کاندیدی پارتی دراون بۆ پۆستی سەرۆک  کۆماری وڵات.
٤ -ژان لۆک میلنشۆن تەمەن ٦٥ ساڵ مامۆستا دواتر رۆژنامەنوس و پەرلەمنتار و سیاسەتمەدار , لە دایک بووی شاری تەنجەی مەغریب ,بە ترۆتسکیزم چووە ناو جیھانی چەپگەراییەوە, ٣١ ساڵ لە گەڵ سۆسیالستەکانی کاریکرد تا بووە وەزیر لە کابینەی سۆسیالستەکان, پێشتریش بچوکترین پەرلەمنتاری وڵات بوو, لە ٢٠٠٨ ھەمان رێگای ئۆسکار لاڤۆنتینی سوری ئەڵمانی گرتە بەر و جیابوەوە لە حیزب,  کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماری لە ھەڵمەتی (la France insoumise) موعجیبە بە ھەردوو شۆڕشگێڕ ماکسمیلیان رۆبسبیاری فەرەنسی  و شافێزی فەنزوێلی, ئەمیش وەک کۆربین و ساندەرز  لە دەرەوەی دەزگای سیاسی بەھێزەوە سەرکەوت و بووە یەکێک لە کاندیدە بەھێزەکانی پۆستی سەرۆک کۆماری وڵات, ھەرچەندە پارتی چەپ و حیزبی شیوعی و چەند دەستەو رێکخراوێکی دیکە پشتیوانی بەھێزی لێدەکەن.
توانای وتاردان و قسە کردن و قەناعەت پێکردنی  لە ھەموو کاندیدەکانی دی  زیاترە و خاوەند رۆشنبیرییەکی بەرفراوان و  باڵایە, ھاوکات لە ھەموو کاندیدە بەھێزەکانی دیکە پاکتر و جەماوەریترە, راپرسییەکان دەریدەخەن راستگۆترین و پاکترن و نزیکترینە لە داخوازییەکانی خەڵکەوە لەناو کاندیدەکانی پۆستی سەرۆک کۆماری.
لە کاندیدە بەھێزەکان ماکرۆن و مارین لۆبان و فرانسیۆ فیۆن پاکترە, کە ھەموو  گلاونەتە گەندەڵیەوە, توانیویەتی وەک ساندەرز  گەنجان بۆ خۆی رابکێشێت و ببێتە ھیوایەک  بۆ دادپەروەری لە وڵاتدا.
پەیمانگای ئیفۆب فودسیال راپرسیەکی ئەنجامدا دەرکەوت میلنشۆن لە روی جەماوەرییەوە لە پێش ھەموو سیاسییەکانەوەیە , ئەگەر بگاتە خولی دووەم ئەوا لێیان دەباتەوە تەنانەت ئەگەر ئیمانۆیل ماکرۆنیش پێشبڕکێی بکات.
میلنشۆن لە ئێستادا سەنتەری چەپی ریشەییە لە وڵات, تارماییەکەی ھەموو پارێزەرانی سستەمی دەسەڵات و سەرمایەداری ناو خۆو دەرەوەی ترساندووە.

میلنشۆن دەیەوێت چی بکات؟
میلنشۆن لە رێگای بەرنامەکەیەوە, دەیەوێت لە بواری دیموکراسی , دادپەروەری کۆمەڵایەتی, ژینگە پارێزی و ئاشتی جیھانی کۆمەڵێک گۆڕانکاری بکات, گرنگترینیان بریتین لە کۆتایی ھێنان بە دیاردەی بێلانەیی و چارەسەری پزیشکی و ژیانی شەرافەتمەندانە بۆیان ,دیاریکردنی شەکەت بوون وەک نەخۆشیەکی کارکردن, دەرنەکردنی کرێکاران لەسەر کار, کەمکردنەوەی موچەی بەرپرسان, خانەنشینی بە موچەی تەواو, زیادی کردنی لانی کەمی کرێ بۆ ١٣٢٦ ئیرۆ کە ١٦%  زیاترە لە پێشوو, و کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ ٦٠ ساڵی, بنەبڕکردنی بێکاری و  پشتیوانی کەرتی پەروەردەی گشتی و خوێندن بە خۆڕایی و ھاوکاری قوتابیان لە قۆناغی خوێندنی زانکۆ, کەمکردنەوەی سەعاتی کار لە ٣٥ کاتژمێرەوە بۆ ٣٢ کاتژمێر لە ھەفتەدا, سەپاندنی باجی ٩٠% بەسەر ئەوانەی داھاتیان لە ٣٣ ھەزار ئیرۆ زیاترە لە مانگێکدا.
بە گشتیکردنی کەرتی کارەباو راگرتنی دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمی نوێ و کۆتایی بەکار ھێنانی لە ساڵی ٢٠٥٠ , بە گشتیکردنەوەی کەرتەکانی فرۆکەوانی و پەیوەندی و دروست کردنی بانکێکی زەبلاحی حکومی.
دەرچون لە پەیمانی ناتۆو چاکسازی یەکێتی ئەوروپا ئەگەر نا ھەنگاو نان بەرەو فرێکست لە رێگای راپرسیەوە وەک بەریتانیا, کشانەوە لە پەیمانامەی بازاڕی ئازاد, کۆتایی ھێنان بە قۆناغی کۆماری پێنج, وڵات بەرەو قۆناغی کۆماری ٦ ببات, واتا ئەوەی دیگۆڵ تێکی دا, ئەو راستی بکاتەوە,دەسەڵاتی زیاتر بدات بە پەرلەمان لە رێگای گۆڕینی سستەمی نیمچە سەرۆکایەتی وڵات بۆ پەرلەمانی و ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بە پێی یاسای رێژەیی یەک بازنەیی لە وڵات, گەڕانەوە  بۆ دیموکراسی راستەوخۆو ھەڵگرتنی روحی پەیامەکانی کۆمۆنەی پاریس, دابەزاندنی تەمەنی دەنگدان بۆ ١٦ ساڵ .
"" کۆماری پێنجەم لە ٥ ئۆکتۆبەری ١٩٥٨ بنیات نرا لە سەر بنچینەی گۆڕینی سستەمی سیاسی وڵات لە پەرلەمانیەوە بۆ نیمچە سەرۆکایەتی لە لایەن دیگۆڵەوە "( کۆماری یەکەم ١٧٩٢-١٨٠٤- کۆماری دووەم ١٨٤٨-١٨٥٢ , کۆماری سێیەم ١٨٧٠-١٩٤٠, کۆماری چوارەم ١٩٤٦-١٩٥٨) ."".

تارماییە سورەکە
بەھۆی ئەوەی ھەردوو حیزبی دەسەڵات لە ٥٩ ساڵی رابردوو لە سەردەمی دامەزراندنی  کۆماری پێنجەوە, لە ئۆکتۆبەری ١٩٥٨ەوە , دوای ئەوەی لە ھەڵبژاردنی نۆڤەمبەری ئەوساڵە پارتە راستەکان سەرکەوتنی گەورەیان تۆمار کرد, بۆ  یەکەم جارە لەم ئاستە نا جەماوەریەدا دەبن, کە تەنھا نزیک ٢٥%ی دەنگدەرانیان لە پشتە, پارتی سۆسیالست لە ساڵی ١٩٦٧ ەوە یەکێکە لە دوو ھێزە سەرەکیەکەی وڵات, لە ١٢ی مارسی ١٩٦٧ەوە سەرکردایەتی چەپی لە حیزبی شیوعی وەرگرتەوە , کە پێشتر ئەو حیزبە لە ساڵی ١٩٤٥ نەک سەرکردایەتی چەپی دەکرد, بگرە بە ھێنانی ٢٦,١%ی دەنگەکان بووە پارتی یەکەمی وڵات , ئێستا بەھۆی ململانێی ناوخۆیی و پشتیوانی نەکردن لە کاندیدی حیزب لە لایەن باڵی راستی دەستڕۆیشتوی ناو حیزبەوە, سیاسەتی سک گوشینی ھۆلاند, ھیچکات وەک ئێستا بەم ئەندازەیە لە قەیراندا نەبوونە.
ھاوکات پاشە کشەی چەپ و راستی ناوەند بە ھۆی بڵاوبونەوەی گەندەڵی لە ناو توێژی دەسەڵاتدار, نەک لە بەرامبەر ناڕەزایی خەڵک  خۆیان چاک نەکرد بگرە فیۆن بە کۆمەڵێک گەندەڵییەوە بەشداری پێشبڕکێکە دەکات وەک نوێنەری راستی نەرێتی, سۆسیالستەکانیش بە دوو کاندیدەوە بەشداری دەکەن, ھامون بە سیاسەتی جیا لە دەسەڵاتدارانی ناو حیزب, ماکرۆنیش بەناوی سەربەخۆ و نە چەپ و راست ەوە بەشدارن, لە بەرامبەر ئەمانەدا  کاندیدانی دەرەوەی سستەم لە پێشەوەن بە تایبەت لۆبان و میلنشۆن , بە تایبەت ئەوکاتەی میلینشۆن بە بەرنامەیەک کێرڤی دەنگدەرانی سەرکەوت, دەسەڵاتداران بەھۆی نەھاتنەوەی بەرنامەی ھەڵبژاردنەکەی لەگەڵ بەرژەوەندیەکانیان کەوتنە ھاوار.
ھەموو پارێزەرانی سستەمی کۆن و کۆمارە نا دیموکراتیکەکەی ٥ کۆبونەتەوە, بۆ ئەوەی رێگری لەو گۆڕانکاریانە بکەن کە لە گەڵ ویستی کرێکارە یاخیەکانی پاریس و لاوە ئازادیخوازەکانی بێدارانی شەودا یەک دەگرێتەوە.
سستەمە سیاسیەکەی فەڕەنسا وەک ئەو کەوڵە رزیوەی لێھاتووە, ھەر رۆژەی لە لایەکەوە دەدڕێت و ناشرینیەکانی دیوی ناوەوەی دەردەکەوێت, بەرز بونەوەی رێژەی بێکاری بۆ ئاستی ١٠% بەتایبەت لە ریزی  توێژی لاوان و بەرینبونەوەی نا یەکسانی لە نێوان ٩٩%ی کۆمەڵگا و ١%ی کۆمەڵگا, سستەمی سەقەتی ھەڵبژاردن و مایە پوچی دیموکراسی نوێنەرایەتی, گەندەڵی سیاسەتمەداران, درێژە کێشانی قەیرانی ئابوری , ھەموو ئەمانە  وایان کرد, ئەلتەرناتیفی سیاسی بۆ  سستەم ببێتە خواستی زۆرینە, بە شێوەیەک پارتە دەسەڵاتدارەکانی ٤٦ ساڵی رابردوو, لە ھەڵبژاردنەکەی ٢٣ی ئەبرێلدا ,  تەنھا نزیک  ٢٥%ی دەنگەکان دەھێننەوە, گۆڕانکارییەکان بەشێوەیەکە  بۆرجوازی فەرەنسا حەسرەت بۆ نەخشەی سیاسی تازەی ئیسپانیای دراوسێی بخوازێت, لەم نێوەدا ئەگەر تا مانگێک لەمەوپێش تارماییە سورەکە بای ھەڵبژاردن نەیھێنابێتە سەر ئاسمانی پاریسی شاری روناکی, ئەوا ئەمڕۆ تارماییەکە دەرکەوتووە ھەموو وەک گایەکە لێی دەڕەوێنەوە, لە ھەموو لایەکەوە پەلامارەکە دەستی پێکردووە تا گەیشتۆتە ئاستی نەیارانی دوێنێ ململانێی خۆیان کۆتایی پێ بھێنن بۆ ئەوەی یەکگرتووانە قۆچ لە  سورەکە بدەن . 
ھەرچەندە ئەوەی رونە کە بۆرجوازی فەرەنسی مایەپوچی سیاسیە ھیچی تازەی نییە پێشکەشی بکات بۆ خۆرزگار کردن و پاراستنی دەسەڵات, بۆیە لە ئەرشیفە کۆنەکاندا بەدوای دەستەواژە سیاسییەکاندا دەگەڕێت تا لە تارماییە سورەکە بیانترسێنێت.
ئەوی رونە لۆبی دارایی و سەرمایەدارانی وڵات بێدەنگ نابێت وا بە سانایی لاوان و خانەنشینان و کرێکاران و .... لە دەوری بەرنامەیەکی چەپ کۆببنەوەو بە پێکەنینەوە چەپڵە بۆ گۆڕانکاری لێبدەن.
ئەو رەنگە سورەی ئاسمانی پاریس , تەواوی بۆرژوازی لە بزنسمانەکان و بانکەکانی راچەڵەکاند, ئەمڕۆ چەپ بە رەنگی شینیشەوە بۆیان بۆتە دێو لەبەر چاوی ئەوان ھەر سور دەخوێنێتەوە, لە ئەرشیفەکانی رابردوەوە بەدوای دەستەواژەکاندا دەگەڕێن تا ھانی خەڵک بدەن وەک خۆیان لێی بڕەوێنەوە.
ھەرچەندە راگەیاندنی راستگەراکان دان بەوەدا دەنێن میلنشۆن کارێزمای رازیکردنی ھەیە و ویقاری زیاترە لە کاندیدەکانی ئەوان, وەلێ بە ھەموو توانایەکیانەوە ھەوڵی ناوزڕاندنی دەدەن و تانەی سیاسی لێدەدەن.
سەرمایەداری دەسەڵاتداری فەرەنسی ئەمڕۆ لە ناخۆشترین کاتەکانیدایە, نیوسەدە زیاترە فەرەنسا ھەڵبژاردنی وا پڕ لە کێشەی بۆ سەرمایەداری بەخۆوە نەبینیوە,  پارتەکانی بەرەو شکست دەرۆن, بۆیە لە ھەوڵدان لە رێگای فیۆن راستی -پارێزگاری تاتشەری, ماکرۆن نزیک لە خەتی سێ (بلێر-کلنتۆن) متمانە بۆ خۆیان بگەڕێننەوە, بۆ ئەم مەبەستەش دەست لە ھیچ ناپارێزن, تا لایەنەکانی بەرامبەر بە تایبەت میلنشۆن  تێک بشکێنن, کە ٩ ساڵ لەمەوبەر وەزیری پارتەکەی خۆیان بوو.
 بۆیە سەرمایەدارانی وڵات کەوتونەتە دژایەتی راستەوخۆی میلنشۆن, با چەند نموونەیەکی بچووک لەو پەلامارانە  ببینین,  رۆژامەی لۆفیغارۆ کە بەڕێوەبەری  کۆمپانیای داسۆ بۆ دروستکردنی فرۆکە خاوەنێتی , ٤ لاپەڕەی بۆ دژایەتی  میلنشۆن تەرخانکردووەو ستایشی فیۆن دەکات , رۆژنامەکە بە شۆڕشگێڕی ئەمەریکای لاتینی ناوی دەبات و رایدەگەیەنێت ناوبراو دەیەوێت خەرجی گشتی بە رێژەی ٢٧٠ ملیار دۆلار زیاد بکات وە  ١٢٠ ملیار دۆلار باج زیاد بکات, وە ئەوانەی داھاتیان لە ٤٠٠ ھەزار دۆلار زیاترە لە ساڵدا  پارەکەیان لە گیرفان دەربکات, رۆژنامەکە ئەمە بە مەترسی دەزانێت, لە شوێنێکی دیکە بە  مەترسی خاوەندی پڕۆژەی  بۆ تێکدانی فەرەنسا ناوی دەبات.
ھەرچی رۆژنامەی ۆڵ ستریت جورناڵە رایگەیاند راستە جیھان دەترسێت لە دەرچونی لۆبان, وەلێ میلنشۆنیش مەترسیدارە, کەچی رۆژنامەی لۆمۆند بە  مەترسیداری فەرەنسای نوێ ناوی دەبات, وەلێ رۆژنامەی لیزا ئیکۆ بە  سەرچڵی فەرەنسای نوێ  ناوزەدی دەکات.
ھاوکات فیۆن بەرنامەی ئابووری میلنشۆنی  بە بەرنامەی دەسەڵاتی کۆمۆنیستی ناوبرد, فیۆن لە دوا وتەیدا داوای یەکێتی کرد لە بەرامبەر ھەڕەشەی شیوعیەت کە میلانشۆن نوێنەرایەتی دەکات.
ھاوکات فرانسۆ ھۆلەندی سەرۆک کۆمار کە پشتیوانی لە ماکرۆن دەکات, دوای زیادبوونی پشتییوانی لە میلنشۆن وتی(( ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بۆنی ناخۆشی لێ دێت)), لە کاتێکدا ھۆڵاند میلنشۆنی بە مەترسیتر لە لۆبان زانی, ئەمەش بەھۆی ئەوەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بەرەو پێچەوانەی ئاراستەی  بەرژەوەندی دەزگای  سیاسی چینی باڵادەست دەڕوات لە وڵات.
ماکرۆنیش پێی وایە میلنشۆن (مەترسیدارە), ھەموو ئەمانە بۆ خەڵکی رون ناکەنەوە ترسناکی میلنشۆن لە بەرنامەکەیەتی کە تەنھا بۆنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ژینگەیەکی پاکی لێ دێت, یاخود لە رەخنە گاڵتە ئامێزە جەرگبڕەکانیوەیەتی , یاخود لەوەدایە, قۆناغ بە قۆناغ سیاسەت لە وڵاتدا سورتر دەبێتەوە.

دوای ھەڵبژاردن چی بکرێت ؟
یەک شەمە ٢٣ی ئەبرێل, ٤٧ ملیۆن فەرەنسی لە رێگای ٦٧ ھەزار سندوقی دەنگدانەوە دەنگە دەن, ٤ کاندید پێشبڕکێیانە بۆ پلە بەندی یەکەم و دووەم , لەم نێوەدا ئەگەر ئەنجامی میلنشۆن  دەرچوون بێت , بێشک  کاریگەری لەسەر ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی بەریتانیا دادەنێت, وەکو ئیندیبیندت رایگەیاند ئەگەر سەرکردەکانی پارتی کرێکاران کێشە بۆ جیمی کۆربین دروست نەکەن , ئەوا کۆربین پارتی کرێکاران بەرەو سەرکەوتن دەبات, ئەگەریش نا وەک ھامونی لێدەکەن.
لەم ھەڵبژاردنەی فەرەنسا  پێشبینی دەکرێت چەپی ریشەیی ٣٠% بۆ ٣٣%ی دەنگەکان بەدەست بخات, لە دوای مۆریس تۆرێزەوە  (١٩٠٠-١٩٦٤) سەرکردەیی بەناو بانگی حیزبی شیوعی فەرەنسی , چەپی فەرەنسا, سەرکردەی کارێزمایی وەک میلنشۆنی تێدا ھەڵنەکەوتووە .
بەھۆی سیاسەتی تەقەشوفی ئابوری حکومەتی ھۆلاندەوە, بە تایبەتی دوای جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی لە سەپاندنی باجی زیاتر بەسەر داھات زۆرەکان و ھەموارکردنەوەی یاسای کار , دەنگدەرانی پارتەکەی  وەک پێشوتر لە یۆنان  لە حالەتی پاسۆک بەرەو سیریزا  و ئیسپانیا لە حالەتی سۆسیالستی کرێکاری بەرەو پۆدیمۆس رۆیشتن ھەروەھا  ئەمەریکا لە حالەتی بیرنەر ساندەرز, ئەمەو پێشبینی دەکرێت دەنگدەرانی زیاتری ھامون و کاندیدە چەپەکانی دی ,لە دوا چرکەکاندا بەرەو میلنشۆن بێن و دەنگی زیاتر بھێنێتەوە, دەنگدەرانی لە کۆتادا لەسەر بنچینەی دەنگدانی بە بەرھەم  دەنگ بە میلنشۆن بدەن, چونکە تازە ھامون فریای ململانێی گەورەکان ناکەوێت .
راپرسییەکان زەحەمەتە وەک ئەوەی ھەیە  بیپێکێت,  بەھۆی زۆری  ژمارەی ئەوانەی خۆیان یەکلا نەکردۆتەوە, پەلامارە سەربازییەکەی پاریس کە ھەمیشە داعش و ئیسلامییەکان تەواوکەری باڵی راستی فاشیزم بوونە ,  بەشداری گەنجان بۆ یەکەمجار لە دەنگدان و ھەڵەی راپرسییەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا لەوە پێش.
لە کاتی دەرنەچووندا, پێویستە کەمپەینی فەرەنسایی یاخی بە یەکگرتووانە بەردەوام بێت , کەمپەیی میلنشۆن تەنھا کەمپەینی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نەبێت,, تەنانەت بە کۆکردنەوەی گروپەکانی دی ئەوانەی ئێستا لە دەرەوەن یان کاندیدیان ھەیە, لە دەوری خۆی کۆبکاتەوەو  درێژەی پێ بدرێت , کە لە ئێستادا ٤٢٣,٦٢٧ ئەندامی ھەیە, لە فەرەنسای ئێستادا نزیک دوو لەسەر سێی ھاووڵاتیانی فەرەنسا باوەڕیان وایە ململانێی چینایەتی راستییەکی رۆژانەیە, ئەمەش ٢٠%ی زیاترە  لە ئایار و یۆنی ١٩٦٨ی فەرەنسا کە لە جەرگەی راپەڕینی بەھاری ١٩٦٨ قوتابیاندا بوو, بۆیە زەمینەی گەشەی  زیاتری چەپ لە ھەموو کات زیاتر لە بارە , ئەمەو  لۆبان بەشێک لەبەرنامەی ئابوری چەپەکانی کردۆتە بەرنامەی خۆی, بۆیە بەشێک لە چینی کرێکاری فەرەنسی دەنگی پێ دەدەن, پێویستە کار بۆ ئەوە بکرێت دەنگەکانی لێوەربگرترێتەوە.
ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی فەرەنسا سەلماندی, چەپ لە ھەموو کات و شوێنێک لەم جیھانە , بۆی ھەیە لەماوەی کورتدا بەرەو دەسەڵات ھەنگاو بنێت, چونکە تاکە لایەنە ئەلتەرناتیفی بۆ سەرمایەداری پێییە.
 لە کۆتادا دەڵێین فەرەنسا یۆنان نییە ,یۆنانێک خاوەند ١٠,٩٥٥,٠٠٠ دانیشتوانە, ئابورییەکی قەیراناوی قەرزاری زیاتر لە کۆی بەرھەمی نەتەوەیی وڵات, بەرھەمی نەتەوەییەکەی ١٩٣ ملیار دۆلار و ١٠٠ ملیۆن دۆلارە, ھەرچەندە خاوەند پارتێکی بەھێزی وەک سیریزا بوو بە تەنھا ٣٥,٤٦%ی دەنگەکان و ١٤٥ کورسی لە کۆی ٣٠٠ کورسی پەرلەمانی یۆنانی بەدەست ھێنا,وەلێ فەرەنسا خاوەند ٦٦,٩٩١,٠٠٠ ملیۆن دانیشتوان و ئابورییەکی ٢ ترلیۆن دۆلاری و٤٢٠ملیار دۆلار و ٤٤٠ ملیۆن دۆلارییە, ھەرچەندە َ پارتە پشتیوانکەرەکانی میلنشۆن تەنھا لە کۆی ٥٧٧ کورسی پەرلەمان خاوەند ١٠ کورسین, بۆیە بە دەرچوونی میلنشۆن ١٠ یۆنانی دیکە زیاد  دەکات , کە کاریگەری لە سەر دەیان وڵاتی دیکەی فەرەنسی زمان ھەیە  و تەکانی گەورە بە شۆڕشە سورەکان لە جیھان دەدات.
تمداد ديدنى ها:  487      تاریخ:  22/04/2017
هیچ کۆمێنتێک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌  
   

   زیاتر
شەماڵ عادل سەلیم
1 بۆ 18 له‌ کۆی 268     
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.