کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  ژنێک سیماکانیشی خوێنیان لێ دەتکا
ئاسۆ بیارەیی

چەند جارێ تەلەفۆنم بۆ کرد، کە ئامادەی چاوپێکەوتن بێ، بەلای من و ستافەکەشەوە گرنگ بوو کە بزانین بۆچی چەندان ساڵە لەم وڵاتەیە توانای کاری نییە، ھەرچەندە بە گەنجی نیشتەجێ بووە. دوای چەند جارێ توانیم باوەڕی پێ بھێنم کە دەربارەی شتی ئاسایی دەدوێین، نەک کار. کە زانی کوردم، وتی:

بەچاوان سبەی دوای نێوەڕۆ دیم و بە وردی دەربارەی ئاریشەکانم دەدوێین.

بەو بەرسڤە گەلێک دڵخۆشی کردم، لەبەر ئەوەی نا، کە توانیبێتم دیمانە رێکبخەم ، بەڵکو سەرکەوتن لە بەستنی متمانە و بڕوا. ئەوەش شتێکی گرنگە لە نێوان کارمەند و کارخواز و مرۆڤی بەرامبەر.

ڕۆژی دواتر، ڕێک لە کاتی دیاری کراودا ھات و دەسمان بە ئاخاوتن کرد و دەستنیشانکردنی ھۆکارەکان و پێشتر. پیشەی چییە و چی دەزانێ. من بەردەوام پرسیارەکانم بەوە دەسپێدەکەم، کە تۆ چی دەتوانی و چۆن یارمەتیت بدەین؟ پارێزگاری سەروەری کارخواز. بە دەستھێنانی متمانەی ئەو بۆ من زۆر گرنگ بوو.

ھات دانیشت و کەوتە دووان:

من بارزانیم و دانیشتنی ئۆردوی قوشتەپە بووم، تەمەنم خۆی لە شەش ساڵ دەدا، بەیانییەکی زوو بوو، قوات خاسە، گەماڕۆییان داین و ئاو و کارەبایان بڕی، دایکم لە کەندۆڵەیەکدا منی شاردەوە. ئیدی ھێندەی نەخایاند، کەوتنە گرتنی ھەموو نێرەکان، کوڕی چکۆلەشیان دەبرد. نە متوانی لە بەر گریانی دایەم خۆم بگرم  و ئەوسا لە کەندۆڵەکە ھاتمە دەرێ ئەزیش گریانی دایەمم ھێندەی دی گەرم و فرمێسکاوی کرد.

دەزانی! نەک ھەر من، تەنانەت منداڵانی دیش، نەیان وێرا بچنە قوتابخانە و ئێستە زۆربەمان نەخوێندەوارین. خۆشبەختانە کەم نوسینی سوێدی فێربووم.

ئەو ژنە، بەردەوام پەنجەکانی دەتەقاند و ھەناسەی قوڵی ھەڵدەکێشا، دەتوت بەزۆر لەسەر کورسیەکە دانراوە. چەند جارێکیش ویستم باسەکەی لێببڕم، نەبا دڵی توند ببێ و گریەی چڕبکاتەوە. بەڵام وی وتی:

ئەزبەنی! وازم لێ بێنە، ئەمڕۆ تۆ باشترین ھەلت دامێ کە خەمی پەنگخواردوی چەند ساڵەم ھەڵڕێژم. بەداخەوە کارمەندە سوێدییەکان لێم تێناگەن. ھەر کە دەڵێم قەلبم ئێشێ ئەوانیش ھەمان شت دەڵێن. دەڵێم سکم ئێشێ، ئەوەی وانیش دیشێ. سەرم لێشواوە، تەنانەت کوردەکانی ئەمشارەش. ھەیە پێم دەڵێ خەتای خۆتان بووە.  بەرزانیەکان شایەنی ھەموو شتێکن، ئەدی بۆ چەپەڵە بۆ بارزانی لێ دەدەن؟ کەس لێم تێناگات. تەواو لە پێوەندی کۆمەڵایەتی بچڕاوم، لە کۆی ھەموو کەسوکارم، تەنھا من کچکەم ماوین و چەندان ساڵە بەتەنھا دەژین. شەوانە بەردەوام ڕۆژەکانی قوشتەپە وەک فلیم و ھەورە بروسکە خەوم لێ تێکدەدەن.  حەبی خەویش مێشکم خاو ناکاتەوە و وچانێک بدەم. کچکەشم ھەمان نەخۆشی گرتووە و بە دەست منەوە گیری خواردوە.

وتی: من پرسیار لە تۆ دەکەم! مرۆڤێک چۆن بتوانێ کاربکات، ھێندە خەمی ھەبێ و تەنانە وزەی ئەوەشی نەبێ، بۆ تاوێ مێشکی بشو پێ بدا؟ دەزانی چەندان ساڵە نەموێراوە ئەم باسە بۆ کەس بکەم!

ئاسۆ بیارەیی

٢٥ی حەوتی ٢٠١٧

خەڵکی ھەولێر زۆر باشبوون

وەک وتم لەبەر ئەوەی خوێندەواریم نیە و تەمەنێکە ئەو ناھەقیە خوێناوییەمان پێکراوە، ڕۆژەکانم لە بیر نیە، خودی تاوانەکە وای لێکردوم کە ئاگام لە خۆ نەبێت و تەنھا ئەو ساتانەم لە بیر بێ، کە چۆن لە کەندۆڵەکە بووم و گوێم لە قیژەی بی تاوانی بابم بوو، تێیان ھەڵدەدا.  دایەم ھەر بەو ئاھەوە مرد کە بابم و براکانم ببینێتەوە. دواتر کە گەورەبووم ئیدی دەبوو ھاوکاری ماڵەوە بکەم و شەرمیشم دەکرد بە تەمەنی دەساڵی بچمەوە ھۆڵی خوێندن.

ئێمە سێ خوشک بووین، من چکۆلەکەیانم،  دوای بێ چارەنووسی بابم و سێ براکەم، دایکم زۆر دەترسا ئێمەش لە دەست بدا، بۆیە بەردەوام ھەموومان پێکەوە ڕۆژەکانمان دەبرد سەر.

بەدەر لە نەمانی باب و براکانت، ڕوداوێک لەو ماوەیەدا کەزۆر ئازاری دابی؟

ئێوارەیەک ھەندێ ژنم بینی بە دڵشکاوی و گریانەوە، کە داێکم لێی پرسین بۆچی دەگرین، وتیان:

سەرباری ئەوەی سەرکارەکە پارەی پێ نەداین، ھەوڵیشی دا دەستدرێژی بکاتە سەرمان، لە ھەمووی ناخۆشتر خەڵکی قسەی ناشیرنمان پێ دەلێ کە بەتەنیا لەو کێڵگانەی نزیک مەخمور کاردەکەین و پیاومان لەگەڵدا نیە، نازانین چی بکەین خەڵک تێناگا  کە ئێمە چۆن بژین. خەڵک ڕۆژانە بە قسەی ھیچ و پوچ سزامان دەدا، دەمانکۆژێت،،

من لە خەڵکی کورد، تەنانەت لێرەش لە سوێد تێ ناگەم، جا نەخوازەڵا لە کوردستان، بەردەوام چاویان لەسەر ئەو ژنان وکچانەیە کە ھاوسەر و برایان نییە و وەک دیدەوان پاسەوانییان دەکەن. کەمترین جوڵە و چونە دەروەمان دەخەنە ژێر پرسیارەوە. ئەوەی لەو کوردستان خەڵک و حکومەت بەرامبەر ئێمەی قوربانی، نەک ھەر ھاوکارییان نەکردین، بەڵکو ساڵانێکە ئەوەی سەددام فریا نەکەوت پێمان بکا ئەوان کردین. دەھا ئافرەتی بەرزانییان کردە قەحبە. ئەوەش ھۆکارێک بوو کەمن بە ھەر شێوەیەک بێ، ئەو وڵاتەم بەجێھێشت و خۆم گەیاندە سوێد. بەداخەوە سەدان ئافرەتی دی، بێ ھاوسەر و سەرپەرست ھێشتا ماون و چاوەڕێی مردنێکی لەسەر خۆن.

من دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە ئەو میھرەبانیەی لە خەڵکی ھەولێرم بینی، لە ھیچ شوێنێکی دنیا نەم دی، مەگەر لە سوێد، ھەرچەندە ھەندێ سوێدیش لێم تێناگەن و ناتوانن لەو ئازارە دەروونی جەستەییانەم بگەن. من پێم وایە ئێمە سەرلێشوا و لانەوازین، نە بەرنامەی ژیان نە نەخشەی ڕۆژانەمان ھەیە. من بەردەوام  گێژوای ئەو ڕۆژە خوێناوییە میشکم دەگوشێ کە قوات خاسە و سەرباز دایان بەسەرماندا. ھاواری باوکم و براکانم دڵم شەوانە دەگوشێ، بۆ من ئاستەم بوو بەو شێوەیە دایک و بابم ببینم..
تمداد ديدنى ها:  238      تاریخ:  01/08/2017
هیچ کۆمێنتێک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌  
   

   زیاتر
شەماڵ عادل سەلیم
1 بۆ 18 له‌ کۆی 270     
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.