کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  عەفرین سیمبولی مانەوەیە
ئومید ناسح جیهانی
عەفرین سیمبولی مانەوەیە

لەگەڵ سەرھەڵدانی جەنگی ناوخۆی سوریا بە دەستێوەردانی دەرەکی لە ساڵی ٢٠١١ دا ، کورد لە خۆرئاوای کوردستان توانی بە پەیڕەوکردنی ھێڵی سێیەم ، خاکی خۆی ڕزگاربکات ، و سیستمی کانتۆنی و دواتر فیدڕاڵی دابمەزرێنێ و ئەزموونێکی جوانی دیموکراسی و پێکەوەژیان ، لە ناو گێژاوی تیرۆر و کاولکاری سوریادا پێشکەش بکات . تورکیا ئەمەی پێ ئەزم ناکرێت و بە ھەڕەشەی دەزانێت بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ، و بەردەوام پیلان لە دژی خۆرئاوای کوردستان دادەڕێژێت ، ھەر سەرەتا لە ڕێگەی چەتەکانی جەبھەتولنوسڕە و داعش و گروپەکە گرێدراوەکانی دیکە ، ھێرشیان کردە سەر گرێ سپی و سەرێکانی ، بەڵام سیاسەتی بەرگری ڕەوا و دژە پیلان توانیان خۆڕاگرانە تێکۆشان بکەن و بمێننەوە
 .
لە ساڵی ٢٠١٤ دا ، بۆ جارێکی دیکە لەڕێگەی چەتەکانی داعشەوە ھێرشێکی وەحشیانەی کاولکارییان کردە سەر کانتۆنی کۆبانێ ، ئەردۆغان بەردەوام دەیگووت : "ھاکا ئەمڕۆ بەیانی کۆبانێ دەکەوێت" . ئەمەش بەڵگەی ئەوە بوو کە تورکیا بە ھەموو ئیمکانیەتێکی سەربازی و سیخوری یارمەتی چەتەکانی داعشی دەدا ، بەڵام تێکۆشانی شەرڤانان ئەو پیلانەشی تێکشکاند و دوای دوومانگ بەرگری توانیان سەرنجی دنیا بەلای خۆیاندا ڕابکێش و ھاوکاری نێودەوڵەتی و ئەمریکیش بەدەست بێنن ، و قۆناغی ئاشبەتاڵ و فیرار و کۆڕەویش لە مێژووی ھاوچەرخی کورددا کۆتایی پێبێنن ، و سیاسەتی بەرگری ڕەواو دژە پیلان پەیڕەوبکەن .

لەگەڵ سەرکەوتنی کۆبانێ دا ، ئەمریکاش لە ڕێگەی خۆرئاوای کوردستانەوە بە کرداری ھاتە ناوچەکە ، بە جۆرێک ئەمریکا وەکو جاران گوێی لە مەرج و خواستەکانی تورکیا ناگرت ، چەند جارێک تورکیا داوای لە ئەمریکا کرد ، کە لە نێوان تورکیا و یەپەگە دا یەکێکیان ھەڵبژێرێت ، بەڵام لە بەرامبەردا ئەمریکا بنکەی سەربازی لە خۆرئاوا دەکردەوە ، و ڕاستەوخۆش ھێزەکانی سوریایی دیموکراتی پڕ چەک کرد ، کە یەپەگە ھێزێکی سەرەکی پێکھاتەی ھێزەکانی سوریای دیموکراتە ، ئەم سیاسەتەی کورد و ھەڵوێستی ئەمریکا بوویە ھۆی بەھێز بوونی کورد و شکستھێنانی پڕۆژەکانی تورکیا و پاشەکشێی لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی . ھەماھەنگی ئەمریکا لەگەڵ شەرڤانان گەیشت بە لوتکە و رەقەی پایتەختی داعش ئازادکراو سەرەنجامیش بریاری سوپایەک بۆ پاراستنی سنورەکانی خۆرئاوا دراوە .

عەفرین نزیکترین ناوچەی کوردستانە لە دەریای سپییەوە، تورکیا ترسی ئەوەی ھەیە کورد ڕاڕەوێک دروست بکات کە خۆرئاوای کوردستان بگەیەنێتە دەریای سپی . لەلایەکی دیکەشەوە شۆڕشی خۆرئاوا کاریگەری نەتەوەیی ڕاستەوخۆی لەسەر سەرچاوەی بەرخۆدانەکە ھەیە کە باکورە ، ھەر لەبەر ئەمە تورکیا پەنای بردە بەر دەستگیرکردن و زیندانیکردنی کەسایەتیە سیاسی و نەتەوەیی و پەڕلەمانتارەکانی باکور ، و دوای سەرنەکەوتنی ھەموو پیلانگێڕییەکانییش لە خۆرئاوا پەنای بردە بەر داگیرکاری سەربازی .

بەڵام بەرخۆدان و شۆڕشی خۆرئاوا ھاوکێشەکانی پێچەوانەکردەوە ، نۆزەدە ساڵ پێش ئێستا ، ڕێک ساڵی ١٩٩٩ بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی و ناوچەیی ، واتا بە پیلانگێڕی ئەمریکا و ئیسڕائیل و ئەورپا و ڕووسیا و وڵاتانی ناوچەی و ناتۆ ، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ خاتری تورکیا دەستگیرکراو ڕادەستی تورکیا کرایەوە ، بەڵام دوای بەرخودانی خۆرئاوا و بەتایبەتی تر بەرخۆدانی کۆبانێ ئەم ھاوکێشەیە پێچەوانە بوویەوە ، لایەنی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی ئەمریکا ھاوکاری ڕاستەوخۆی کوردی خۆرئاوایان کرد ، ھەموو داواکانی تورکیا ھەر لە ھەڵوەشاندنەوەی کانتۆنەکان و ھاوکاری نەکردنی شەڕفانانی یەپەگە ڕەتکرایەوە ، و گوێ لە داواکانی تورکیا نەگیراوە . لە ئێستاش ئەمریکا و زۆربەی ووڵاتان و ناتۆش دژی داگیرکاری تورکیان ، جگە لە ڕووسیا کە ھاوشێوەی پشتکردن لە کۆماری کوردستان لە مھاباد لە ساڵی ١٩٤٦دا دوای ڕێکەوتنی لەگەڵ ئێران خیانەتی لە کورد کرد سوپای سوری کشاندەوە ، ئێستاش لە بەرامبەر ئیدلیب لە عەفرین پاشەکشەی کرد بە قازانجی تورکیا . بەڵام بارودۆخی ئێستای حکومەتی سوریا بە بەراورد بە دەوڵەتی ئەوکاتی ئێرانیش زۆر جیاوازە ، حکومەتی سوریا بە پاڵپشتی ڕووسیا پێویسی گەورەی بە کوردە بۆ مانەوەی ، واتا ڕووسیاش ناتوانێت لەسەر پشتکردن لە خۆرئاوا بەردەوام بێت .

لە مێژووی کورد دا خیانەت و بەرخۆدان ھەمیشە لە ململانێ دابوون ، بەبەردەوامی ھێڵی خیانەت زەبری کوشندەی لە کورد و کێشە ڕەواکەی داوە ، بەڵام بەرخۆدانی خۆرئاوا ئەم ھاوکێشەیەی پێچەوانەکردەوە ، و ھێڵی خیانەت لە پاشەکشێیەکی گەورەدایە ، ئەمەش لە زیانی دوژمانی کوردە ، لەبەرئەوە تورکیا دوای ھەموو پیلانگێڕییەکانی پەنای بردە بە دواین ڕێگەی ، کە داگیرکاری سەربازی عەفرینە ، تورکیا دەیەوێت ھەم لە ڕێگەی ئەم داگیرکارییە و ھەم لە ڕێگەی پارتە گرێدراوەکانی لە باشوورەوە ھێڵی خیانەت بەرێتە پێشەوە . کورد ھەر کوردە لە ھەر کوێیەکی دنیا بێت ، بەڵام ئەگەر پەرەدان بە ھێڵی خیانەت نەبێت بۆچی پەیوەندی لەگەڵ پارت و سیاسییەکانی باشور دەبەستێت ؟ بۆچی ئاڵای کوردستان بۆ سیاسییەکانی کوردستان ھەڵدەکات ؟ بەڵام پیلانگێڕی و داگیرکاری دژی خۆرئاوای کوردستان ئەنجامدەدات ؟ .

ھێڵی خیانەت خیانەت دەکات بۆ شکست پێھێانی بەرخۆدان و ئیرادەیی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی گەورە ، ئەوەی ڕاستییەکی حاشاھەڵنەگرە ئەوەیە ، پەکەکە و ئەو ھێزانەی لەسەر فکرەی ئاپۆیی و پەکەکەن کاریگەرترین ھێزن لە باکور و خۆرئاوا و خۆرھەڵاتی کوردستان ، ھێزەکانی باشوریش ھێزی لۆکاڵی بێ کاریگەرن ، و ھیچ پێگە و ڕۆڵێکیان لەو سێ پارچەیەدا نیە ، پەکەکە گەمارۆی ھێزەکانی ناو ھێڵی خیانەتی داوە لە سێ لاوە ، لە باشور یەکێتی تەنیا لە سلێمانی نفوزی ھەیە ، لەکەرکوک خیانەتی کردوو ، و ڕادەستی حشدی شیعی کرد ، ھەر لە سلێمانیش گۆڕان و پارتی وکۆمەڵ و یەکگرتووی و ھێزی لە خۆیان بچوکتریشیان لەگەڵە بە قەبارەی جیاواز ، واتا یەکێتی ھێزی ڕەھا نیە ، پارتی لە ھەولێر و دھۆک نفوزی ھەیە ، لەم دوو شارەش پێگەی ڕەھای نیە ، لە ھەولێر یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووی و پارتی لە خۆیان بچوکتریشیان لەگەڵە بە قەبارەی جیاواز ، پارتی لە دھۆک دیسان یەکگرتوو و یەکێتی لەگەڵە بە قەبارەی جیاواز . ھێزەکانی باشور پەکەکە بە ھەڕەشە دەزانن لەسەر قەبارە و نفوزیان کە لە سێ پارچە ھێز و پێگەی ھەیە و لە باشوریش بەرەوپێش دەچێت ، لەبەرئەوە ھەندێکیان بە ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەو خۆ گرێدراوی دەرەکین و ھاوکاری لە دوژمنەوە وەردەگرن و ھاوکاری دوژمنیش دەکەن ، پارتی و ھێزە ئیسلامییەکانی باشور لە داگیرکاری عەفرینیشدا بێ دەنگن و لەگەڵ داگیرکاری تورکیادان بە ئامانجی بێ ھێز بوونی ھێزە نەتەوەییەکانی دیکە ، لەم ڕوانگەیەوە ھەندێک لە ھێزەکانی باشور گرێدراوی دەرەکین و ھەرگیز لەگەڵ سەرکەونتی نەتەوەیی دا نین لە ھیچ پارچەیەکی کوردستانی گەورە .
بەرخۆدان و بەرگری ڕەوا گەرەنتی ھەڵوێستی نێودەوڵەتییە ، و عەفرینیش سمبولی مانەوەیە ، بە ھاوشێوەی کۆبانێ ، چۆن بەرخۆدانی کۆبانێ پەیامێ بوو بۆ تەواوی دوژمنان ، کە ئیدی بەرگری و بەرخۆدان ناسنامەمانە ، بەرخۆدانی عەفرینیش پەیامێکە بۆ مانەوە و کۆتایھێنانی قۆناغی ژێردەستەیی و خۆبەدەستەوەدان و کۆڕە و ئاشبەتاڵ و سەرکەوتنی بەرەی بەرخۆدان .

ئومید ناسح جیھانی
تمداد ديدنى ها:  530      تاریخ:  23/01/2018
هیچ کۆمێنتێک به‌رده‌ست نیه‌ .
کۆمێنتی خۆت بنێره‌  
   

   زیاتر
عەلی مەحمود
دکتورە فائزە خەتاب عمر
1 بۆ 18 له‌ کۆی 297     
ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.