کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  لە ئەرشیفەوە :کۆنگرەی دووی (نائاسایی) چاک

کۆنگرەی دووی (نائاسایی) چاک.
کۆڵن/ ئەڵمانیا / 1- 2 /12/2007
دوا بەدوای قوڵبونەوەی کێشە ناوخۆییەکانی چاک لەساڵی 2007 و دابەشبوونی هاوڕێیان (بەداخەوە) بەسەر دوو بەرەدا، بڕیاری کۆنگرەیەکی نائاسایی درا بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە و بەردەوام بوون لە کاروچالاکیەکاندا. سەرەتای مانگی 12/2007 بە ئامادەبوونی بەشێک لەهاوڕییانی کۆمیتەکانی ووڵاتانی ئەوروپی ( دانمارک، سوید، نەرویج، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، بەریتانیا، بەلجیکا ) لە شاری "کۆڵن"ی ئەڵمانیا لە سەنتەرێکی ژنانی کورد بە ناوی " ئوتائەمارا " ( کە دوو ئافرەتی شەهیدبوون و سەنتەرەکە بەناوی ئەوانەوە کرابوون) کۆنگرەی ئاوارتە (نائاسایی) خۆی دە ستپێکرد. من ئەوکات نزیکەی ساڵێک بوو ببومە ئەندام، لەناو ڕیکخراودا بەگەلێ ئینسانی دڵسۆز ، لەخۆبوردە، بەتوانا، ماندوونەناس... ئاشنابووم. لە غیابی وجودی ئۆپۆزیسیۆنێک بەرامبەرناعەدالەتی و گەندەڵی دەسەڵات، ڕیکخراو ئەو کاتە نوخبەیەکی زۆری لەو هاوڕێیانە کە نارازی بوون بەو وەزعە لەهەموو جۆرە ڕەنگێک و دەنگێک کۆکردبۆوە بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپا. لیژنەی بەڕێوەبردنی کۆنگرە لاموابێ پێنج کەس بوون، هیشام ئاکرەیی یەکێک بوو لەوان، توانایەکی باشی هەبوو لە بەڕیوەبردنی کۆنگرەو کۆبونەوەکانی ڕێکخراو لە سەرپاڵتاکدا. لەکۆنگرە بۆ یەکەمجار بەدیداری عەلی مەحمود ئاشنابووم، پانتۆڵێکی ئوتو نەکراوی لەبەر بوو، گوێچکەی بیجامەکەی لەژێرەوە دیاربوو، ئەوکات بە حیساب سەرپەرشتیاری ناوەندی چاکبوو، زۆر سادەو ساکارو بێفیز هاتە بەرچاوم ، وام دانابوو چون سەرپەرشتیارە ئەبێ کورسیەکی لە پێشەوە بۆدابنێن، بەڵام زۆر خاکیانە لەناوەراستی هاوڕییان دانیشتبوو.هەندێ نوسەرو شاعیرو نوێنەری پارتە سیاسیەکانیش داوەتکرابوون. نان خواردن ساوار و مریشک و دۆڵمەو سەلاتە و بەیانیانیش هێلکەو ماست و پەنیر بوو، خەوتنیش هەر لەهەمان شوێندا لەقاتی سەرەوەدا بوو، شەوان دوای کۆنگرە کۆدەبوینەوەلای یەک و دەست بە نوکتە گێرانەوە دەکرا بەتایبەت قادر نادر و مستۆ نوکتەی عەجایبیان لا بوو. یادی بەخێر هاوڕیی جوانەرگ "حەمە شوان سەریف"یش شەوی ئاخیر دوای تەواوبوونی کۆنفرانس، بە هەندێ شیعری جوان و ناسک مەجلیسەکەی زیتر گەرکردوو رازاندەوە. یەکێ لەهەرە گرفتەکانی ئەوسا ئەوەبوو کە هەردولا (چاک بی و چاک ئینفۆ) بەهەمان ناو و لۆگۆوە کاریان دەکرد، لە ڕاستیشا زیاتر ئەو باڵەی بەناوی (چاک بی) ناسرابوو چالاکی مەیدانی زۆر بوو، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانی لێکیان جیابکاتەوە و کەس بەری ڕەنجی کەسی تر نەخوا، بیر لە گۆڕینی ناو و لۆگۆ کرایەوە، بۆ ئەم مەبەستە لە کۆنگرە بڕیاردرا کە لۆگۆ بگۆردرێت ، دوای کۆنگرە کۆمەڵێ لۆگۆ پێشنیار کران و خرانە دەنگدانەوە لە کۆبونەوەیەکی گشتیدا، لۆگۆی هاوڕێ "هیوا ناسیح " بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا کە تائێستاش هەر ئەوە. دەربارەی گۆڕینی ناوەکە کە کاتێکی یەکجار زۆری برد و گفتو گۆیەکی زۆری لەسەر کرا بەشێک کە پێیان وابوو ،ناو گرنگ نییە، " چالاکی و خەبات " ناو دروست دەکا و بە خەڵکت دەناسێنێ ، بەشێکی تری هاوڕێیانیش ڕایان وابوو کە چون دەستبەرداری ناوی چاك بین وا بەئاسانی ؟ کە ئەو هەموو شەونخونی وماندونەمان پێوە کێشاوە؟ وگەلێ دەستکەوت و سەروەریمان لەژیر ئەم ناوە خۆشەویستەدا بەدەست هێناوە و بۆتە خۆشەویستی خەڵک ، لەوانە" بەختیار مام شێخ" یەکێک بوو لەوانەی بە حەماسەوە ئەو قسانەی کرد و دواتر بڕیار درا کە هەر هەمان ناو بمێنێتەوە. یەکێ لە خاڵە گرنگەکانی تری ئەم کۆنگرەیە ئەوە بوو کە کە دەستەیەکی باڵای 3 کەسی( شاخەوان شۆڕش،عەلی مەحمود، ڕوناک شوانی) هەڵبژێردرا بۆ سەرپەرشتیاری ناوەند ئەمەش دوای بەشێک لەو قسەو ڕەخنانە هات دەربارەی سەرپەرشتیاری پێشوو عەلی مەحمود بەتایبەت لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەی نەرویجەوە (نزار رەسوڵ). بۆ ئەوەی توشی کاری تاکڕەوی نەبین لە بڕیارەکاندا پێویستە سەرپەرشتیار کارەکانی دابەشبکرێ بەسەر سێ کەسدا و بە هاوکاری یەکتر کارەکان تەواو بکەن. بەڵام دواتر تاقیکردنەوەی مەیدانی پێشانی دا کە ئەم جۆرە مۆدیلەش دروست نییە وبەرپرسیارەتی کەس نایگرێتە ئەستۆ و کارەکان هێواش دەڕۆنە پێش، دواتر لەکەشێکی ئازادانەدا هەڵبژاردن کراو "دەستەی کارگێری" نوێ هەڵبژێردرا، (شایانی باسە دەستەی کارگێر لە بەرپرسی ئۆرگانەکان،بەرپرسی کۆمیتەی وڵاتان وکۆمیتەی ڕۆژهەڵات، ئەندامانی دەستەی باڵای نوسینگەی باشور و سەرپەرشتیارو جیگرەکەی پێک دێت،کە سەرجەم بڕیارو کارەکانی ڕێکخراو بەڕێوە دەبات بە زۆرینەی دەنگ). لە کۆتاییدا هەڵبژاردن کرا بۆ "لیژنەی لێکۆڵینەوەو بەدوادا چون" کە یەکێکە لە ئۆرگانە هەرە گرنگ و باڵاکانی ڕێکخراوە 3 نەفەر هەڵبژێردران ( ئیبراهیمی مەلازادە، من ، بەختیار مام شێخ). هەر دوای تەواو بونی کۆنگرە بەختیار مام شێخ دەنگ و پەیوەندی نەما، کارەکانی لیژنەکە بۆ ماوەی ساڵێک لەگەڵ هاوڕێ برایمی مەلازادە بەڕێوەمان برد، کاک برایم کەسێکی بەتواناو زیرەک و هێمن بوو، بەداخەوە دواتر ئەویش بەهۆی خوێندن و هەندێ ڕەخنەو گلەییەوە وازی هێنا، ئیتر کارەکانی لیژنەکە هەمووی کەوتە سەرمن و ماوەیەکیش کاک عمر فارس هاوکاری کردم، بەمجۆرە دوو دانە ساڵم بە سەریەشەو ماندوبونێکی زۆرەوە لەگەڵ گیروگرفت و کێشەکانی ناو ڕێکخراو تاکۆنگرەی سێ بەڕێکرد.
ng
ئەم بابەتە لەئەرشیفی فەیسبوک ی کاک سەلام محمەد  وەگیراوە
سەلام محەمەد/  06.01.2013
ژمارەی بینین:  3383      بەروار:  25/11/2015
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.