کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  خالید خۆشناوی عەمیدی مەنزومەی شیمالی و نووسەری ھۆنراوەی (زێڕە سەرۆکمان زێڕە)

خالید حەسەن تەھا خۆشناو، لە ساڵانی (١٩٨١-١٩٩٢) ئەفسەری مەنزومەی ئیستخباراتی شیمالی بوو، دواتریش تا ڕوخانی ڕژێم بە پلەی موقەدەم لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی بەعس وەکو بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی تەنسیب کرد، لە ھەمانکات سەرنووسەری ھەرسێ گۆڤاری (بەیان، ڕەنگین و ڕۆشنبیری نوێ) بوو. دواتریش پلەکەی کرا بە عەمیدی ئیستخبارات.
لەدوای گیرانم لە ڕۆژی (١٩٨٦/٣/٢) لەلایەن مەنزومەی شیمالی و یەکەم ئەشکەنجەدانم لە کاتژمێری (٩:٣٠)ی ئێوارەی (١٩٨٦/٣/٥) تا کاتژمێر (٢:٢٠)ی نیوەشەوی (١٩٨٦/٣/٦)، خالید خۆشناو بەشداربوو لە ئەشکەنجەدانم. موقەدەم فازڵ عەلی سلێمانی جێگری بەڕێوەبەری مەنزومە و ئەفسەری لێکۆڵینەوەم لێی پرسیم، کە ئایە عەرەبی دەزانم، یان پێویستیم بە وەرگێڕێکی کوردی ھەیە؟ لە وەڵامدا گوتم عارەبی باش نازانم و ئەگەر کەسێک قسەکانی ئێوەم بۆ وەرگێڕێت کە بە ئاسانی تێتان ناگەم باشترە. دوای ئەوەی ئەو قسانەم تەواوکرد، نەقیب خالید خۆشناو بەربووە گیانم و زۆری تێ ھەڵدام بە کێبڵ و پێلەقە و بە کوردی پێمی گوت: (تۆ کۆمەڵەیت و کەسێکی مارکسیت. ئێوەی کۆمەڵە دەیان و سەدان کتێب و سەرچاوەی مارکسی بە زمانی عارەبی دەخوێننەوە و تێی دەگەن، کەچی دەڵێیت عا‌رەبی نازانم! بۆخۆت باش بزانە، چاوەکانیشت دەرچن نابێ بە کوردی قسە بکەیت. زوکە دەی بە عارەبی قسە بکە، ھەی سەگی سەگبابی دایک حیز).
لەم وێنانەی خوارەوەدا، لە وێنەی یەکەم کە لە لاپەڕەی ھونەرمەندی گۆرانیبێژ (حەسەن غەریب) وەرمگرتووە، لە دەستە ڕاستەوە بۆ دەستە چەپ (حەسەن غەریب، عادل عەبدوڵڵا، داود قەیسی، خالید خۆشناو و مامۆستا نەشئەت).
وێنەی دووەم: لە دەستە ڕاستەوە بۆ دەستە چەپ: (داود قەیسی و خالید خۆشناو).
خالید خۆشناو، نووسەری ھەڵبەستی (زێڕە سەرۆکمان زێڕە سەدام زێڕە)یە، وەرگێڕ و ئەفسەری مەنزومەی شیمالی ئیستخبارات بووە، لە ساڵی ١٩٨٦ پلەی نەقیبی ھەبوو، دواتر بەپلەی عەمید خانەنشین کراوە، ئێستاکەش وانەبێژە لە (پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان) لە سەری ڕەش (سەری نزم) و وانەی ئاساییشیی نەتەوەیی (الامن القومی) دەڵێتەوە.
خالید خۆشناوی کۆنە عەمیدی ئیسخباراتی مەنزومەی شیمالی و تازە پارتی و مامۆستای ئەمنی قەومی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی، دوای ئەوەی ھەفتەنامەی (میدیا) چەند بەڵگەنامەیەکی لەسەر ناوبراو لە ژمارە (١٤٦)ی ڕۆژی (٢٠٠٣/٨/١٦) بڵاوکردەوە، لە سەردانێکیدا لەگەڵ خزمێکی خۆیدا لە ڕۆژی (٢٠٠٣/٩/٦) بۆ نووسینگەی ھەفتەنامەی (میدیا) گوتوویەتی: (زۆربەی زۆری ھاوەڵ و ھاوفکرەکانم دوای سقوتی بەغدا بوونە بەرپرس و خاوەن وەزیفەی تازەو دەبێ حیزبەکان سوود لە شارەزایی من وەرگرن). ھەفتەنامەی میدیا، نووسیوێتی: (خالید خۆشناو، گلەیی ئەوەی ھەبوو کە ئێمە بەو بەڵگەنامانە زیانمان لە ئاییندەو چاوەڕوانییەکەی ئەو داوە).
ھەر بەگوێرەی ئەو ژمارەیەی میدیا، خزمەکەی خالید خۆشناو گوتویەتی: (ئەو خالیدە، لەوەتەی ھەیە بەعسی بووەو ھەرچی بەسەر زاردا ھاتبێ بۆ بەرژەوەندی بەعس و سەدام نووسیویەتی ئێستاش ئامادەیە خۆی بتەقێنێتەوە بەس بۆئەوەی سەددام بێتەوە). بەڕاستی شەرمە بۆ سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان و حزبە کوردستانییەکان، بەتایبەتیش پارتی دیکومراتی کوردستان، کەسانی وەکو خالید خۆشناو وەرگرن و پلەو پۆستی ھەستیاریان بدەنێ!
دەرسیم
ھەینی (٢٠١٦/٨/١٢)
دانمارک
ژمارەی بینین:  2967      بەروار:  12/08/2016
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.