کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  ھەفتەیەک لەگەڵ پسپۆڕە ناودارەکانی DNA

ھەفتەیەک لەگەڵ پسپۆڕە ناودارەکانی DNA
لەلایەن نەوزاد مەحموود -
 جیاوازی خۆڵ و خاکی عێراق و کوردستان و بۆسنیا کاریگەری زۆری ھەیە لەسەر دۆزینەوەی گۆڕەکان

رووداو - سەرایێڤۆ

بەڕێوشوێنێکی تونددا دەچیتە نێو باڵەخانەیەکی بەرز کە بە چەند ئاڵایەکی شین دەورە دراوە. ھەرچەندە ئەو باڵەخانەیە لە ناوچەیەکی قەرەباڵغی سەرایێڤۆی پایتەختی بۆسنەیە، بەڵام یاساکانی کارکردن لە ناوەوە جیھانێکی دیکەیە. کپ و بێدەنگ، ئەوانەی لەنێو باڵەخانەکە کاردەکەن ھێندە بێدەنگن، وەک بڵێی خووی ئێسکەکانیان گرتبێ.

ساڵی ١٩٩٦ بیل کلینتن، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا بە مەبەستی ھاوکاریی وڵاتانی بەڵکان، کۆمیتەی نێودەوڵەتیی بۆ دۆزینەوەی ونبووەکان (ICMP) دامەزراند. دوای ئەو بێدەنگییە کوشندەیەی جیھان و ئەمریکا کە ھاوکاریی سربەکانی کرد بۆئەوەی بەڵکان بکەنە گۆمی خوێن، ئەوە دواھەمین کارێک بوو کلینتن بیکات بۆ خەڵکی بۆسنیا. دامەزراندنی ئەو رێکخراوە، بۆ ئەوەی ئێسک و پروسکی ئەوانەیان بۆ بدۆزێتەوە کە پێشتر دەکرا بپارێزرێن. ئێستا (ICMP) ناوێکی گەورەی پرۆفیشناڵی جیھانییە و بنکەی سەرەکی لە سەرایێڤۆیە.

ھێشتا سنوورەکان ھەڕەشەن

"ھێشتا کێشەمان ھەیە، لە سنوورەکان لەو شوێنانەی گۆڕی بە کۆمەڵ ھەن ھاوکاریی باش ناکرێین. بەدەستھێنانی زانیاری دەربارەی جێگای ئەو ٨ ھەزار قوربانییە قورسە و کێشەی بۆ دروستکردووین". کەیڤن سلیڤان، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە رێکخراوی (ICMP) وا دەڵێ.

دەبوو بچینە سەرسنووری (بۆسنیا- سربیا- کرواتیا) تاوەکو لە نزیکەوە پرۆسەی ھەڵدانەوەی یەکێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان ببینین، بەڵام کارەکە لەوە دژوارترە کە چاوەڕێ دەکرێ، سەرۆکەکان نزیکەی چارەکە سەدەیەک لەوەوبەر رێککەوتننامەیان واژۆ کردووە و ئاو کراوە بە ئاگری شەڕدا، بەڵام پۆلیس و پاسەوانەکانی سەر سنوور ھێشتا مۆڕە لەیەکدی دەکەن. کارمەندێکی رێکخراوەکە دەڵێ "ھەندێکجار تیمەکانی خۆشمان مەترسی دەکەوێتە سەر ژیانیان".

کەیڤن زۆرتر باسی بەشەکەی خۆی دەکات و دەڵێ کاری من لەم رێکخراوەدا بەڕێوەبردنی تیمی دۆزینەوەی گۆڕی کۆن و گۆڕ ھەڵکەنەکانە "ئەم بەشەی من کاری ئەوەیە کە گۆڕەکان بدۆزێتەوە و ھاوکاری حکومەت بکات بۆ دۆزینەوەی گۆڕەکان و بردنی بۆ تاقیگەکان".

لە شەڕی بۆسنیا و سربەکاندا زۆرتر لە ٣٠ ھەزار کەس دیار نەماون، لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا رێکخراوەکە زۆربەی قوربانییەکانی لە نێو گۆڕەکاندا دەرھێناوە و بەھۆی (DNA) یەوە ناسراونەتەوە. کەیڤن دەڵێ بەشێک لە قوربانییەکان رێگای دیکە بۆ ناسینەوەیان ھەبووە. لەو ژمارەیەی کە دۆزراونەتەوە ھەشت ھەزاریان بە رێگای ئاسایی ناسراونەتەوە کە ئەویش ئەوەیە "یا ناسنامەیان پێ بووە، یان بە ھۆی جلوبەرگ و خشڵ، یان بەھۆی شێوەی ددان و ھۆکاری دیکە". کەیڤن دەڵێت "کێشەی بۆسنە و ئەو وڵاتانەی شەڕیان تێدایە ئەوەیە کە بەڵگەی ناسینەوەی کەسەکان لە نێوچوون و  نەماون".

"DNA"

لەگەڵ ئانا بیلچ، دەچینە نێو یەکێک لە تاقیگەکانی (DNA). ئەو بۆ خۆی بەڕێوەبەری تاقیگەکانە و ساڵانێکی زۆری لەو ژوورانەدا بەسەر بردووە کە پڕن لە ژمارە و داتای ورد و ھەڵەیەک بەسە بۆ ئەوەی رەنجی چەند مانگێکی بەفیڕۆ بڕوات. ئانا ماندووە، بەڵام نایەوێ بێزار دەربکەوێ و دەڵێ "ئەوەی ئەم کارە و ئەم پرۆسەیە زۆر ئاڵۆز و قورستر دەکات ئەوەیە کە ئەو ئێسکانەی ئێمە کاری لەسەر دەکەین بڕێکی زۆر کەم (DNA)ی لەسەر ماوە، دوای ونبوون یان مردنی کەسەکان، دی ئێن ئەیەکە بە ھۆکاری شوێنەکە و ئەو ژینگەیەی ئێسکەکەی لێ ماوەتەوە زۆر تەنک بووە و بە ئاسانی ناناسرێتەوە". ھەروەھا دەڵێت "بەڵام ھەوڵ دەدەین ئەو ئێسکە لە ھەموو ئەو مادە کیمیاویانە پاک بکەینەوە کە بە تێپەڕبوونی کات لەسەری دروست بووە".

ئەو سیستمی دی ئێن ئەیەی ئانا و ھاوکارانی کاری پێدەکەن لە ساڵی ٢٠٠١ەوە کارا بووە بۆ ئەوانەی پێشتر بە پرۆسە و رێگا کۆنەکان دەدۆزرانەوە، وەک جلوبەرگ، پاشماوەی قوربانییەکان.

ئانا بەراوردی سیستمی کۆن و نوێی ناسینەوەی تەرم لە رێگەی DNAیەوە دەکات و دەڵێت "لە ساڵی ١٩٩٧ تاوەکو ٢٠٠١ تەنیا ١٤٩ تەرم لە رێگەی سیستمە کۆنەکە دۆزراونەتەوە، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠٠١ کە کار بە سیستمە نوێیەکە دەکەین، ناسینەوەی تەرم بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، لە ماوەی ٢٠٠٢ تاوەکو ٢٠١٤ زیاتر لە ٦٣٠٠ تەرم ناسراونەتەوە". ھەروەھا دەڵێ "دەبێ لێرەوە تێبگەین کە بەبێ دی ئێن ئەی نەماندەتوانی ئەم ژمارەیە لە کەسی ونبوو بناسینەوە".
 
"ھۆڵیوود یان شاری ئێسقانەکان"

بەڵام ئانا بیلچ، پێمان دەڵێ بچینە توزڵا، شارێک کە نزیکەی سێ کاژێر لە پایتەختەوە دوورە و لەوێ تاقیگەیەکی گەورەتر ھەیە. بە شەقامێکدا کە درەختی گەورە وەکو چەترێک دایپۆشیوە، دەگەینە نێو توزڵا و لەوێ دەچینە نێو تاقیگەکە. یەکێک لە پسپۆڕە بەنێوبانگەکانی بواری (DNA) لەسەر ئاستی ئەوروپا چاوەڕێمان دەکات. کەمدوو، بەڵام ھەوڵ دەدا جار جار زەردەخەنەیەک بخاتە سەر لێومان، تەنیا وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتە کە پەیوەندییان بە پسپۆڕێتی ئەوەوە ھەیە.

"من دراگانا فۆسیتیچ، گەورە پزیشکی جینائی لە پرۆژەی ناساندنەوە کاردەکەم"، دوای ئەوەی بە کورتی خۆی ناساند، پرسیارێکی سەیری کرد "ئێوە بەرگەی بۆنی نائاسایی دەگرن؟ تکایە ئەگەر بەرگە ناگرن مەچنە ژوورەوە". بەڵام ئێمە ھەزاران کیلۆمەترمان بۆ ئەوە بڕیوە بچینە ژوورەوە، چونکە لەوێ ٨٠٠ گونیە ئێسک ھەڵچنراون و دەبێ چاوەڕێی کۆتایی ھاتنی پرۆسەی پشکنینی (DNA) بکەن، تاوەکو رادەستی خاوەنەکانیان بکرێنەوە. دەچینە ژوورەوە و ھەروەک دراگانا پێشتر مشووری ئەوەی خواردبوو، بۆنێکی کوشندە و مەترسیدار، خەریکە سییەکانت لەکاردەخات و دنیا بە تەواوی تاریک دەبێت لەبەرچاوت. دیمەنەکانی نێو تاقیگەکە زۆرتر لە فیلمێکی ترسناکی ھۆڵیوود دەچن.

تاوەکو ئێستا ئەم دامەزراوەیە ئێسک و پروسکی زیاتر لە ٦٥٠٠ کەسی ناسیوەتەوە، ‌لە سریبرینیچا نزیکەی ٨ ھەزار ونبوو ھەبوون، کەواتە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٥٠٠ کەیسی ونبوو ماوە بدۆزرێنەوە ‌"ئێستا کە قسەتان بۆ دەکەم نزیکەی ٨٠٠ کەیسمان لایە و کاریان لەسەر دەکەین ، ھەندێکیان بە فەرمی ناسراونەتەوە و بۆ ھەندێکیشیان چاوەڕێی ئەنجامی (DNA) دەکەین".

سەرەڕای پێشکەوتوویی تاقیگەکان، بەڵام کارەکەی دراگانا بێ کێشە نییە و دەڵێت "ھەندێ کەیسمان لایە دۆزینەوە و جیاکردنەوەیان زۆر قورسە، لەبەر ئەوەی پاشماوەکان لە گۆڕی بە کۆمەڵی دووەم و سێیەمەوە دەدۆزرێنەوە. زۆرجاریش تەواوی پارچەکانی لاشەکە نادۆزینەوە، لەبەر ئەوەی چوار بۆ پێنج مانگ دوای کۆمەڵکوژییەکە پاشماوەکانیان گوازراونەتەوە و ئەمە کارەکەی زۆر قورس کردووە. یان زۆرجار پاشماوەی یەک لاشە لەنێو چەند گۆڕێکی جیاواز و دوور لەیەک دەدۆزرێنەوە، بەبێ پشکنینی (DNA) ناتوانین پاشماوەکان بناسینەوە".

چەند کەللە سەرێک و ئێسکی دەست و قاچێکی لەبەردەستدایە و بە وردی پێیانەوە سەرقاڵە و دەڵێ ئێمە تەنیا لە ١٠%ی کەیسەکان بەو شێوەیە دەدۆزینەوە کە لاشەکە لە گۆڕێکدا بێت "بۆیە بۆ ناسینەوەی یەک لاشە دەبێ نزیکەی ٧ تاقیکردنەوەی DNA بکەین".

بەڵام ئەگەر قوربانییەک چانسی ھەبێت و ھەموو پارچەکانی لاشەی بەیەکەوە بن لە گۆڕێکدا، ئەوا ھێشتا ناسینەوەی ماوەی ٣ مانگ پێویست دەبێ، بەڵام ئەگەر ھەموو پارچەکان لەیەک جێگا نەبن دەبێ چاوەڕێ بکەن تاوەکو تەواوی پارچەکانی دەدۆزرێنەوە کە ئەو پرۆسەیەش نزیکەی شەش ساڵی پێویستە.

دراگانا فۆسیتیچ دەڵێ لە نێو دامەزراوەکەی ئێمەدا زۆربەی قوربانییەکان پیاون "تاوەکو ئێستا تەنیا نۆ لاشە ھەبوون کە رەگەزی مێ بن. گەنجترین قوربانیش تەمەنی ١٢ ساڵ بووە".

دراگانا بۆ ناسینەوەی کەسەکان نمونەی (DNA) و خوێنی کەسوکاری قوربانیان  وەردەگرێت و بە (DNA) ئێسک و پروسکی قوربانییەکان بەراوردی دەکات. ئەگەر لێکچوونەکان ٩٩.٩٩% بوو، ئەوا ئیسک و پروسکی قوربانییەکە دەدرێتەوە خاوەنەکەی.

 دراگانا باسی کێشەی دیکە دەکات و دەڵێ "گەورەترین کێشە لە کەیسی سریبرینیچا، دۆزینەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی نوێیە. لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستا زیاد لە  ھەزار ون بوو ھەیە کە نەدۆزراونەتەوە، چونکە ٢٠ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا تێپەڕیوە و دۆزینەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ سەختتر بووە. زۆر لە قوربانییەکان کە مردوون کەس نەیناشتوون و کەسیش نازانێ پاشماوەکانیان چی لێھاتووە. زۆرجاریش لە کیسەی لاشەیەکدا پاشماوەی زیاتر لە کەسێکی تێدایە بۆ ئەوەش دەبێ چەندین نموونەی (DNA) وەربگیرێ".

ھەروەھا باسی تێچووی وەرگرتنی یەک نموونەی (DNA) دەکات "بڕی ١٥ دۆلاری دەوێ، بەڵام تەواوی تێستەکانی ئەو (DNA)یە دەگاتە ٦٠٠ دۆلار، لەبەر ئەوە دەتوانین بڵێین ئەمە پرۆسەیەکە خەرجی زۆری دەوێ، ئەوە جگە لە تێچوونە زۆرەکانی کە بۆ شۆفێر و گۆڕھەڵکەن و شارەزا تەرخاندەکرێ کە ئەو کارەش (ئای سی ئێم  پی) بەبێ ھاوکاری ئەوروپا زۆر ئەستەمە بتوانێ بیکات".

لە شەڕی ٣ ساڵەی نێوان بۆسنیا و سربیادا، ٨ ھەزار کەس لە دانیشتوانی شارۆچکەی سریبرینیچا لەلایەن سربەکانەوە بێسەروشوێن کران، ٦٩٣٠ کەس لە ونبووەکان تاوەکو ئێستا ناسراونەتەوە. ٦٨٢٧ کەس لەوانە  لە ڕێگەی پشکنینی (DNA) ناسراونەتەوە، ١٠٣ کەسیش لە ونبووەکان بە رێگەی دیکە ناسراونەتەوە. قوربانییەکان لە ٩٣ گۆڕ و ٣١٤ گۆڕی بەکۆمەڵدا بوون و لەو نێوەندەشدا ١٧ ھەزار پارچە لەشی مرۆڤ دۆزراونەتەوە.

رێکخراوی (ICMP) لە ماوەی کارکردنیدا لە سەراێێڤۆ، نموونەی خوێنی لە ٢٢ ھەزار و ٢٦٨ کەس وەرگرتووە بۆ ناسینەوەی ٧٧٤٣ کەسی ونبوو کە پێویستە رێژەی لێکچوونی نموونەی خوێنەکان و قوربانییەکان ٩٩،٩٥% بێت. ھەروەھا  ٦٢٤١ کەس لەوانەی ناسراونەتەوە، بە خاکسپێردراون.

پاکیزە چۆلۆ، زۆرتر باسی وردەکاریی وەرگرتنی خوێن لە کەسوکاری قوربانیان دەکات و دەڵێ لەساڵی ٢٠٠٠ەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٩٢ ھەزار نموونەی (DNA) وەرگیراوە بۆ نزیکەی ٢٩ ھەزار کەسی ونبوو. کە ئەمە دەکاتە لانیکەم  نموونەیەک بۆ ھەر کەسێکی ونبوو .

 پرۆسەی وەرگرتنی خوێن زۆر ئاسانە و تەنیا لە پەنجەکانیان خوێن وەردەگیرن و کۆد بۆ خوێنەکان دادەنرێت و ھیچ ناوێکی لەسەر نانووسرێ بۆ ئەوەی بنێردرێ بۆ تاقیگەی (DNA) پاکیزە دەڵێت "بۆ ھەر نموونەیەک کە وەریدەگرین، پاک دەکرێتەوە و توێکاری بۆ دەکرێت و کۆدی لەسەر دادەنرێ و ھەموو زانیارییەکانی بە ئەلکترۆنی دەکرێ و داخڵی سیستمی داتا بەیسی (ICMP) دەکرێ و لەوێ  ھەوڵدەدرێ لێکچووی نموونەی کەسە ونبووەکان  و کەسوکارەکەی بدۆزرێنەوە".

پاکیزە چۆلۆ کە جێگری بەڕێوەبەری دیاریکردن و دابەشکردن و رێکخستنە، ھەروەھا دەڵێ "تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٧٩٠٠ راپۆرتی کۆتایی (DNA) مان نووسیوە و ھەروەھا زیاتر لە ١٨٥٠٠ راپۆرتی دووبارە تێستکردنی (DNA) مان نووسیوە. ئەو ژمارەیەش ئەوە دەگەیێنێ  بۆ ھەر کەسێک زیاتر لە نموونەیەک وەرگیراوە لەبەر ئەوەی پارچەکانی لاشەی ھەمووی لە یەک جێگا نەبوون".

دەیانەوێ بێنە ھەولێر

تیمی (رووداو) کاتێک چوونە سەریێڤۆ، کە چەند مانگێک لەوەوبەر کاترین بۆمبێرگ، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوەکە ھاتبووە باشووری کوردستان و لە ھەولێری پایتەخت سیمینارێکی چەند رۆژەی رێکخست کە بەشداریمان تێدا کرد. لەوێ بۆمبێرگ باسی جیاوازی کارکردنی خۆیانی کرد لەو تیمانەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گەڕان و دۆزینەوە و پشکنینی ئێسک و پرووسکی ئەنفالکراوانی کوردستان پێکی ھێنابوون. بۆمبێرگ گوتی "چاوەڕێی حکومەتی ھەرێمی کوردستانین بانگمان بکات، تاوەکو بەشێوەیەکی زانستیانە دەستبکەین بە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنانی کورد".

کەیڤن سلیڤان، باسی جیاوازی خۆڵ و خاکی عێراق و کوردستان و بۆسنیا دەکات و دەڵێ کاریگەری زۆری ھەیە لەسەر دۆزینەوەی گۆڕەکان، بەڵام ھۆکاری سەرەکی بوونی زانیارییە  لە بۆسنیا "خاکەکەی و خۆڵەکەی جیاوازە لە بیابانەکانی عێراق، چونکە لە عێراق ھەڵکەندنی گۆڕەکان ئاسانتر دەبێت، بەڵام گرنگترین بابەت ناسینەوەی ئێسکەکانە".

ماتیۆ ھۆلیدەی، بەرپرسی پرۆگرامی رۆژئاوای بەڵکان، باسی سەرەتای دەستبەکاربوونی رێکخراوەکەی دەکرد کە لە رێکخراوێکی بچووکی کەمدەرامەتی سیاسییەوە گەشەیان کرد "بەردەوام لەگەشتدابووین لە نێوان زەغرەب و سەرایڤۆ و بەنیا لوکا و بەلگراد، بۆ ئەوەی ھانی سەرکردە سیاسییەکان بدەین پەرە بە دۆسیەی کەسە ونبووەکان بدرێ"

سەرەتا (ICMP) تەنیا لە وڵاتانی یۆگۆسلافیا کاری دەکرد، بەڵام ئێستا ئەوە گۆڕاوە و لە جیھاندا کاردەکەن، بەشێوەیەکی گشتی کەسانی ونبوو پەیوەندی بەکێشەی چەکداریی و جەنگەوە ھەیە. بەڵام  ئێستا جگە لە کێشەی چەکداریی و جەنگ "یارمەتی پێشکەش دەکەین بۆ ھۆکاری کارەساتە سروشتییەکانی وەک زەمین لەرزە و باوبۆران و لافاو و داڕمان و تسۆنامی و بازرگانی بە مرۆڤ".ماتیۆ وایگوت.
ژمارەی بینین:  1824      بەروار:  27/08/2016
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.