کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  پرسی بێسەروشوێنکراوانی تاوانی جینۆساید لە کوردستان
پرسی بێسەروشوێنکراوانی تاوانی جینۆساید لە کوردستان

تەھا سلێمان
ناساندن
بە پێی پێوەرەکانی کۆمیتەی نێودەوڵەتی سەلیبی ئەحمەر، پێناسەی کەس یان کۆمەڵە کەسێکی بێسەرو شوێنکراو، بەم شێوەیەی خوارەوەیە”: کەسی بێسەرو شوێنکراو، ئەوانەن کە دابڕوان لە لە خێزانەکانیان، یان “ئەو کەسانەی کە خێزانەکانیان لە بێسەرو شوێنکردنیان ئاگادار نەکراونەتەوە”. ئەمەش بە پشت بەستن بە زانیاری سەلمێنراو، کە وەک ئاکامی “ململانێی چەکداری، یان ململانێی و شەڕی نێو دەوڵەتی، یان ململانێی ناوخۆی و شەڕی ناوخۆیی، یاخود توندو تیژی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، یان رووداوی نەخوازراوی نێووڵات”.
چوارچێوەی یاسایی
لە ساڵی ٢٠٠٦، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رێکەوتنێکی فەرمی واژۆکرا، تایبەت بەو کەسانەی بە زۆر بێ سەرو شوێنکراون. ئەم رێککەوتنە لە ساڵی ٢٠١٠ چوەتە بواری جێبەجێکردنەوەو لەسەر پێنج ئاست ھەوڵی چارەسەرکردنی پرسی بێسەرو شوێنکردن و بێسەرو شوێنکراوان دەدات، وەک ئەنجامگیری کۆنگرەی مانگی شوباتی ٢٠٠٣.
ئەو پێنج سێکتەرەی وەک بنەما بۆ کارلەسەرکردنی پرسی بێسەرو شوێنکردوان دیاری کراوە، ئەمانەی لای خوارەوەن:
یەکەم: قەدەغەکردنی بێسەروشوێنکردن.
دووەم: ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان.
سێیەم: سەرپەرشتیکردنی دۆسییەی کەسی بێسەرو شوێنکراوان.
چوارەم: سەرپەرشتیکردنی دۆسیەی رووفاتی قوربانیەکان و زانیاری تایبەت لە بارەیانەوە.
پێنجەم: ھاوکاری و یارمەتیدانی بێسەروشوێنکراوان.
ژمارەی ئەو دەوڵەتانەی کە رێکەوتننامەکەیان واژۆکردوە، تا ساڵی ٢٠١٢ “٩١” دەوڵەتەو دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٠ رێککەوتنەکەی واژۆ کردوە. ھەنگاوی یەکەم بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئیلتزامەی دەکەوێتە سەر ئەو دەوڵەتانەی رێککەوتنەکەیان واژۆکردوە، پێویستە رێکاری یاسایی بگرنە بەر بەمەبەستی پێشکەشکردنی ھاوکاری بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە لەم بوارە پێویستیان بە پاڵ پشتیە، بە سوود وەرگرتن لە یاسا مرۆییەکانی تایبەت بە پرسی بێسەروشوێنکراوان.
نموونە
لێرەدا نموونەیەک دەخەینە ڕوو، بۆ نموونە”: لە نەوەدەکانی سەدەی رابووردوو، زیاتر لە “٤٠٠٠٠” چل ھەزار کەس وەک ئاکامی ململانێکانی یوگسلافیای پێشوو، بێسەرو شوێنکراون، ھەروەک ژمارەی بێسەرو شوێنکراوان لە ململانێی چەکداری رواندا نزیکەی “٦٠٠٠٠” ھەزار کەس بوون، یاخود تراژیدیای تسونامی کە وا ئەژمار دەکرێ ژمارەی ٧٠%ی قوربانیەکان بێسەرو شوێنن”و ئەمانەو چەندین نموونەی تری سەلمێنراو، کە لێرەدا ناتوانین بیاخەینە ڕوو.
بەڵام نموونەکە بۆ ئەوەیە کە ئەوە پشت راست بکەینەوە، کەلەم سێ جێگایە، ئاستی ھاوکاری و ھەماھەنگی و یارمەتیەکان لە ئاستێکا بوون، کەبەلایەنی کەم توانیان بەشێک لە ئازارو برینی کەس و کاری بێسەرو شوێنکراوان کەم بکەنەوەو ببنە ھۆکارو پاڵنەر، لە ساڕێژکردنی برینەکانیان، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو ئیلتزامە نێودەوڵەتیەی لەم بارەوە کەوتبوە سەرشانیان وەک ئەرکێکی مرۆیی. کەچی بە پێچەوانەوە لە وڵاتێکی وەک عێراقدا کردەوەکە پێچەوانەیە، کە لەخوارەوە بەوردی باسی دەکەین.
پێناسەیەکی گشتی بۆ بێسەرو شوێنکراو لە عێراقدا
لە عێراقدا، پرسی کەسانی بێسەرو شوێنکراو گفتوگۆیەکی زۆر ھەڵدەگرێ و پێناسەی جۆراو جۆری بۆ دەکرێ. ئەکرێ لە کۆی ئەو پێناسانەی بۆ ئەم پرسە دەکرێ، بەم شێوەیە کۆیان بکەینەوەو دەست نیشانیان بکەین”: قوربانیانی کورد لەسەردەستی حکومەتی عێراقی و بە دیاریکراوی بەعس کە لەخوارەوە وردتر باسیان دەکەین، قوربانیانی شیعەمەزھەب بە دەستی فەرمانڕەوایانی بەعس، قوربانی جۆراو جۆر بەدەستی بەعس، قوربانیانی شەڕی نێوان عێراق و ئێران، قوربانیانی پەلاماردانی کوێت و شەڕی کەنداو، قوربانیانی جەنگی رووخانی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، قوربانیانی بێسەروشوێنکراو لەسەردەستی ھێزە سیاسییە شیعیەکان، قوربانیانی بێسەروشوێنکراو لەسەردەستی ھێزە سیاسییە سونی مەزھەبەکان، قوربانیانی بێسەروشوێنکراوی کورد لەسەر دەستی گروپ و رێکخراوە تیرۆرستیەکان لە دوای ٢٠٠٣، ھاوڵاتیانی بیانی بێسەرو شوێنکراو لە عێراقدا، قوربانی و بێسەرو شوێنکراوانی ئەندامان و سەربازانی ھێزە عێراقیەکان” و تاد..
کەھەریەک لەمانەی سەرەوە، ئەکرێ وەک پاکێجی سەرەکی دۆسییەی بێسەرو شوێنکراوان لە عێراق مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، بەڵام زۆر گرنگە تێبینی ئەوە بکرێ، لەناو ئەم پاکێجە سەرەکیەدا، چەندین ناو نیشان بۆ پرسی بێیەرو شوێنکراوان ھەیەو ھەریەکەشیان تایبەتمەندی خۆیان ھەیەو نابێ بەدەر لەو چوارچێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ.
ھەروەک ئێستا ئامارو ژێدەری فەرمی و نافەرمی ئاماژە بەوە دەکەن، کەژمارەی قوربانی و بێسەرو شوێنکراوان لە عێراقدا “١” یەک ملیۆنی تێپەڕاندوە، ئەوانەی لەسەردەستی رژێمی بەعس و بەوانەشی لەدوای ٢٠٠٣وە بێسەرو شوێنکراون.
کوردستان و پرسی بێسەروشوێنکراوان
کوردو کوردستان و پێکھاتەکانی لەباشوور، بەردەوام لەبەردەم ھێرش و پەلاماری دڕندانەی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقدابوون، سەرەڕای بەرگری و روو بەڕوو بوونەوە، بەڵام ھێشتا قوربانی بێشومارو بێئەندازە دراوە. ئێمە نامانەوێ بگەڕێینەوە بۆ مێژووی دوورو درێژ، تەنھا بەرچنەیەک لە ئەنجام و قوربانیەکانی سەدەی رابووردوو، ھاوکات ئەم سەدەیەی تیای دەژین دەکەین. ئەم بەرچنەیە یان ئەم نموونەی باسی دەکەین، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن کە تاوان لەدژی نەتەوەیەک لە سەرخاک و نیشتمانەکەی، ھەروەک لەدژی تەواوی پێکھاتەکانی تری نیشتەجێی سەرئەم خاک و نیشتمانە، لە زۆربەی کاتەکاندا گەشتووتە لوتکە، بە ئامانجی لەنێوبردن و قڕکردن و سڕینەوەی لەسەر نەخشەی مرۆڤایەتی و نیشتمانەکەی.
بیرھێنانەوەی تاوانەکان و ژمارەی قوربانیەکان “نموونە”
*جینۆسایدو بۆمبارانی قەڵادزێ لەساڵی ١٩٧٤، کە تا ئێستا ناسنامەی بەشێک لەقوربانیەکان نادیارەو نەناسراوەتەوە.
*جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە ساڵی ١٩٨٠، کە تا ئێستا ناسنامەو چارەنووسی “٢٠ بۆ ٢٥” ھەزار گەنج بێسەرو شوێن و نادیارە.
*جینۆسایدی رەگەزی نێرینەی بارزانیەکان لە ساڵی ١٩٨٣و پێش ئەو بەروارەو دوای ئەو بەروارەش کە تا ئێستا چارەنووسی ھەزارانیان نادیارە.
*جینۆسایدو کیمیابارانی ھەڵەبجە، لە ١٦-٣-١٩٨٨ کە جگە لە قوربانیەکان تا ئێستاش سەدان کەس بێسەرو شوێنن و چارەنوسیان نادیارەو سەدانی تریش روو بەڕووی چەندین کێشەی یاسایی و پرسی دووناسنامەیی بوونەتەوە، لەنێوان دەوڵەتی ئێران و ھەرێمی کوردستاندا.
*جینۆسایدی ئەنفال ١٩٨٨، ٩ی شوبات بۆ ٦-٩-١٩٨٨، کە چارەنووسی دەیان ھەزارکەس لە ژن و مناڵ و پیرو پەککەوتەو گەنج نادیارە.
*قەتڵ و عامی راپەڕینی بەھاری ١٩٩١ی گەلی کوردستان و گرتن و لەناودان و بێسەرو شوێنکردنی ھەزاران گەنج، کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
*گرتن و زیندانی کردن و دواتریش کوشتن و لەسێدارەدانی دەیان ھەزار گەنج، بە پاساوی بوونی ئینتمایان بۆ ھێزو لایەنە سیاسییە بەرھەڵستکارەکانی حکومەتەکانی عێراق، کە تا ئێستاش چارەنووسی ھەزارانیان نادیارە.
*جینۆسایدی ئێزدی و پێکھاتەکانی تر وەک “مەسیحی، شەبەک، کریستیان”، لە سنووری دەشتی موسڵ و قەزای شەنگال، کە تا ئێستا چارەنووسی زیاتر لە “٣٠٠٠” ھەزارکەس نادیارە.
*خراپترین نموونەش تا ئێستا چارەنووسی سەدان کەس لە شەڕی ناوخۆی کوردستان لە ١٩٩١ بەرەو سەرەوە نادیارن و کەس و کارەکانیان تا ئێستا بەدوای زانیاری لە بارەیانەوە وێڵن.
کۆی ئەم نموونانەو ئەوانی تریش، بەسەریەکەوە دەکەنە سەرووی “٢٠٠” ھەزار مرۆڤی سیڤیلی بێسەرو شوێنکراو، وەک ئەنجامی ئەو تاوانانەی دژ بە گەلی کوردو کوردستان و پێکھاتەکانی ئەنجام دراون، بەتایبەت لە ساڵی ١٩٦٣ کە حزبی بەعس دەبێتە حاکم و حکومڕانی عێراق تا پێش رووخانی لە ٢٠٠٣. بەڵام ھەندێ ژێدەری تری نافەرمی باسی ئەوە دەکەن، کە لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان تۆماری نزیکەی “٤٠٠” چوارسەد ھەزار بێسەروشوێنکراو بوونی ھەیە، بەڵام ژمارەکە تا ئێستا وەک ژمارەی فەرمی رانەگەیەنراوەو پشتڕاست نەکراوەتەوە.
جوڵاندنی دۆسییەکە؟
پێویستە لەوێوە دەست پێبکەینەوە: بێسەرو شوێنکراوان کێن لە کوردستان؟ واتا بەجددی پێویستمان بە داڕشتنەوەی پێناسەی بێسەرو شوێنکراوانە، چونکە ئەوەی تا ئێستا مامەڵەی لەگەڵ دەکەین پچڕپچڕەو ناتوانێ وێنایەکی تەندروستمان بدات بەدەستەوە. بەواتایەکی تر، تا وڵامی پێویستی ئەم پرسیارە نەدەینەوە، ناتوانین ئەم ھەنگاوانەی خوارەوە بنێین” یەکەم: مافی کەس و کاری بێسەرو شوێنکراوان دیاری بکەین. دووەم: بەرپرسیارێتی گەڕان و دۆزینەوەی شوێن و جێگای بێسەرو شوێنکراوان و ساغکردنەوەیان. سێیەم: شرۆڤەکردنی بڕگەو بابەتە یاساییەکانی تایبەت بە بێسەرو شوێنکراوان لە ھەرێمی کوردستان و داڕشتنەوەیان بە شێوەیەک کە بگونجێ لەگەڵ یاساو ریسا نێودەوڵەتیەکان. چوارەم: گەیشتن بە ئاستی شێوازی لێکۆڵینەوەی مۆدێرنی (DNA)، بە ئامانجی بەشداریی پێکردنی لە پرۆسەی پرسی بێسەرو شوێنکراوان. پێنجەم: کاراکردنی میکانیزمی کارکردنی نێوان خێزان و کەس و کاری بێسەرو شوێنکراوان و حکومەت، وەک بنەمایەک لە پێناو سەقامگیری کۆمەڵایەتی”.
ئەمانەو چەندین رێ و شوێنی تر، بە نادیدەگرتنی لە دۆسییەی ئەم پرسەداو کارلەسەرنەکردنیان، بەھیچ شێوەیەک نامانگەیەننە سەر راستە رێی کارکردنی پێویست.
دادپەروەری!
پرسی بێسەرو شوێنکراوان، لە ھەستیارترین پرس و بابەتەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیە، بەڵکو دەکرێ وا ئەژماربکرێ بەبێ چارەسەرکردنی ریشەیی پرسی بێسەرو شوێنکراوان، ناتواندرێ دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەرجەستە بکرێ. ھەربۆیە پێویستەو یەکێک لە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان و ئەنجومەنی ئاسایش و تەواوی سیستەم و دەوڵەتەکان، پەیوەست بن یان ئیلتزام بکەن بە بنەماکانی رێککەوتنامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە بێسەرو شوێنکراوان، بۆ ئەوەی بتوانرێ لە ئاستی کۆدەنگیەکی نێودەوڵەتی چارەنووسی زۆرترین ژمارەی بێسەرو شوێنکراوان ئاشکرا بکرێن و کەس و کارەکانیان لە چارەنووسیان دڵنیابکرێنەوە.
ئەمەش سەرەتای بەرجەستەکردنی دادپەروەری راگوزاری یان گوێزەرەوەیە، کە دەتوانێ ماف بۆ کەس و کاری بێسەرو شوێنکراوان دەستەبەربکات و پێچەوانەی ئەمەش پرۆسەی بێسەرو شوێنکردن لە جەنگ و ململانێکان و ئەنجامدانی تاوانەکانی “جینۆساید، دژی مرۆیی، جەنگ، دووژمنکارانە” وەک ھەرەشەیەک بۆ سەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەردەوامی دەبێت و ژمارەی بێسەروشوێنکراوانیش لەزیادبوون دەبن.
پرسیاری جەوھەری؟
پرسیاری جەوھەری لە بیرھێنانەوەی ئەو بەروارو ژمارانە، ئەوەیە چیمان کردوە بۆ بەدەست ھێنانی چارەنووسی ئەو بێسەرو شوێنکراوانە؟ بەرپرسیارێتی سەرشانی ئێمەو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە کوێدایە؟ ئایا تواندراوە لایەنی کەمی ئەم بەرپرسیارێتیە بەجێبگەیەنرێ؟ چۆن لەم پرسە ھەستیارو گرنگە مرۆییە بنواڕین؟ نەخشە رێگاو پلانمان چی بێت، بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی خۆمان بەجێبگەیەنین؟ ئایا ئەمە بەتەنیا ئێمە دەکرێ یان بە پێچەوانەوە ئەم ئەرکە پاڵ پشت و ھاوکارو دەستباری گەورەی دەوێ؟
چی بکرێ؟
چی بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێ لە ئێستاداو بۆ داھاتووش، ژینگەیەکی تەندرووست دابمەزرێنین بەدوور بێت لە ھەرەشەو مەترسییەکانی پرۆسەی ئەنجامدانی تاوانەکان و پرۆسیسی بێسەرو شوێنکردن؟ پێویستە ئەمە پرسیاری تەنیا یەک دەوڵەت و حوکمڕان و نەتەوەو گروپ و ئاین و ئاینزا نەبێت، بەڵکو پێویستە پڕۆژەی تەواوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بێت، ئێمەش وەک کوردو گەلی کوردستان و تەواوی پێکھاتەکانی، کە بەدرێژایی مێژوو بەشێک بووین لە قوربانی ئەنجامدانی تاوانەکانەکان و پرۆسیسی بێسەرو شوێنکردن، ببێنە بەشێک لە بزووتنەوەی مەدەنیانەی وەستانەوە بە دژی ململانێ چەکداریی و جەنگ و تاوان و شاڵاوەکانی بێسەرو شوێنکردن.
کە ھەر ئەمەش یارمەتیدەرمان دەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین مافی ژیان دەستەبەربکەین و رەگەزەکانی فەلسەفەی ژیان دۆستی بەھێز بکەین.
راسپاردە
یەکەم: یەک پێناسە بۆ پرسی بێسەرو شوێنکراوان لە سەرجەم ئاستەکان لە ھەرێمی کوردستان دابندرێ، بەمەش دەتوانین ھەنگاوێکی کرداری بنێین و بیکەینە دەست پێک بۆ کارکردنمان.
دووەم: کارکردن بۆ بەرھەم ھێنانی یاسایەک لە ھەردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان، تایبەت بە پرۆسیسی ئاشکراکردنی چارەنووسی ژمارەی تەواوی بێسەروشوێنکراوان، لە ھەموو ئاستە جیاجیاکان، چونکە بەبێ یاسایەکی لەم شێوەیە ناتوانرێ ئەم بەرپرسیارێتیە بەجێ بگەیەنرێ، سەرەتای ئەم دەست پێکەش ئەکرێ بە یاسایەکی نوێ یان ھەموارکردنەوەی یاسای گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراق و فراوانکردن و ھەمەلایەنکردنی دەست پێبکرێ.
سێیەم: بەیاسا پرۆسیسی کردەوەی بێسەرو شوێنکردن، لە ھەرئاست و قەبارەیەکدا بێ و بەھۆی ھەر ململانێ و بەریەک کەوتنێکەوە بێ، یاساغ بکرێ و ئەنجامدانی سزای یاسایی قورس بگرێتە خۆ.
چوارەم: چارەنووسی بێسەرو شوێنکراوان، لە عێراق بە گشتی و کوردستان بە تایبەت، لە رێگای نەخشە رێگایەکی تۆکمەو بە شێوەیەکی سیستماتیک، بکرێتە ئەولەویاتی بەرنامەی کارو بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پێنجەم: بانکێکی زانیاری تایبەت بە دۆسیەی سەرجەم بێسەرو شوێنکراوان، بە شێوازو میکانیزمی مۆدێرن دابمەزرێنرێ، بۆ ئەمەش پێویستمان بە راوێژی دەزگاو رێکخراوە جیھانیەکانی خاوەن ئەزموونی کارکردن، بۆ نموونە دەزگای “icmp”، کە یەکێکە لە شارەزاترین دەزگاکانی پرسی بێسەروشوێنکراوان و ٢٠ ساڵ ئەزموونی کارکردنی ھەیە.
شەشەم: گۆڕی بەکۆمەڵ لە عێراق و کوردستان، کە بە پێی ژێدەرو ئامارەکانی بەردەست، سەرووی “٣٠٠” سێیسەد گۆڕی بەکۆمەڵە، چارەنووسی زۆرترین ژمارەی بێ سەرو شوێنکراوی لە خۆگرتوە، ھەروەک لە ماوەی حکومڕانی بەعس لە عێراقدا، زۆرترین خەڵکی لە چاوەڕوانی چارەنووسی کەس و کارەکانیان راگرتوە، بۆیە گرنگترین دۆسییە لەم پرسەدا، دۆسییەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراقەو پێویستە ببێتە یەکێک لە سێکتەرە گرنگەکانی کارکردن. تاوەکو ئەم بابەتە لە ئاستی گرنگی و قورساییەکەی بایەخی پێنەدرێ، ناتوانین باس لە دادپەروەری گوێًزەرەوەو سەقامگیری کۆمەڵایەتی بۆ کەس و کاری قوربانی بکەین.
حەوتەم: پێویستە لە ھەرێمی کوردستان، یاسایەکی تایبەت بە مافی کەس و کاری بێسەروشوێنکراوان ھەبێ، دوور لە ھەل و مەرج و کات و بەرواری بێسەروشوێنکراوان و لایەنی نەتەوەیی و رەگەزی و ئاینی.
ھەشتەم: پەیمانگای دادی پزیشکی لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئاستێک پێش بخرێ، کە بتوانێ دەرەقەتی پرس و دۆسییەی بێسەرو شوێنکراوان بێت، نەک لەو ئاستەی ئێستا کە ناتوانێ لە ئاستی پێداویستیەکانی پرسەکە دۆسییەکە وەک تایبەتمەندییەکانی و پێویستی کارلەسەرکردنیان ھەڵسوڕێنێ.
ھەشتەم: یارمەتیدان و ھاوکاریکردنی کەس و کاری قوربانیانی بێسەروشوێنکراوان، یەکێکە لە ئەرک و بەرپرسیارێتیە گەورەکان، بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی بێسەرو شوێنکردنی ئەندامانی خێزانەکانیان بە شێوەیەکی تەندروست نەھێلدرێت، ئەم ھاوکارییە لە رووی مادی و مەعنەوییەوە پێویستە.
کۆتایی
بۆ ئەوەی پڕۆژەی بێسەرو شوێنکراوانی تاوانەکانی “جینۆسایدو کیمیاباران، دژی مرۆیی، جەنگ، ململانێ و شەڕی ناوخۆیی”، لە کوردستان بکەینە نەخشە رێگای کارکردن و بیخەینە بواری کردارییەوە، پێویستە لەسەر ئاستی کوردستان، دەزگایەکی نیشتمانی بە ھەموو پێداویستیەکانیەوە دابمەزرێت، بەبێ دامەزراندنی ئەم دەزگایە، ناتوانین ئەوەی ئامانجە لەم پرسەدا پێی بگەین، بەڵکو کێشەو گرفتەکانی دوو توێی پرسەکە وەک خۆیان و قەبارەی کاریگەرییە ترسناکەکانی دەمێننەوە.
ھەروەھا پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەم دەزگایە، بۆ پرۆتۆکۆڵ و رێککەوتنی پێویست، لەگەڵ دەزگا خاوەن ئەزموون و پرۆفیشناڵەکان، سەربەست بکرێت، کەبەم رێگایە دەتوانرێت تەواوی ئەو شەش خاڵەی وەک راسپاردە ھاتوون بخرێنە چوارچێوەی کارپێکردنەوە.
ژمارەی بینین:  1784      بەروار:  29/08/2016
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.