کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  داواکارى گشتیى تورکیا داواى ١١٠ ساڵ زیندانى بۆ ١١ مێرد منداڵى ناوچەى سووری ئامەد دەکات

داواکاری گشتیی تورکیا لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان داوای ١١٠ ساڵ زیندانی بۆ ١١ مێردمنداڵی ناوچەی سوری ئامەد دەکات، کە بە ھۆی قەدەغەی ھاتووچۆوە ماوەی ١٠٤ ڕۆژ لە ناوچەی سووری ئامەددا گیریان خواردبوو.

ئەمڕۆ ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ ئاژانسی ھەواڵی دیجلە بڵاویکردەوە، داواکاری گشتیی تورکیا لە دوای ١٠٤ ڕۆژ لە شەڕی بەردەوامی سوپای تورکیا لە ناوچەی سووری ئامەد داوای ١١٠ ساڵ زیندانیی بۆ ١١ مێردمنداڵی ئەو ناوچەیە کردوووە، کە بەھۆی قەدەغەی ھاتووچۆ و شەڕەوە لەو ناوچەیەدا گیریان خواردبوو.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا سێ کەس لەو ١١ مێردمنداڵە لە زینداندان و داواکاری گشتیی تورکیا بە تۆمەتەکانی ئەندامبوون لە پەکەکەدا، پاسەوانیکردن بۆ شەڕڤانانی یەپەسە و شۆردنی قاپ و قاچاغ بۆ شەڕڤانانی یەپەسە و تەقاندنی گولـلە بەرامبەر بە پۆلیس بۆ ھەر یەک لە مێرد منداڵانە داوای ١٠ ساڵ زیندانیکراوە و داواکەشە ڕادەستی دادگای سزا قورسەکانی ئامەد کراوە.

بەپێی سەرچاوی ھەواڵەکە، ئەو مێردمنداڵانە بە ھەوڵی پەرلەمانتارانی ھەدەپە لە ناوچەی سووری ئامەد ھێنرابوونە دەرەوە ، بەڵام میدیاکانی تورکیا و داواکاری گشتی بردنە دەرەوەی ئەو مێردمنداڵانەیان لە گۆرەپانی شەڕ وەک خۆبەدەستەوەدان پێناسەکردبوو.

باسی ئەوەشکراوە، داواکاری گشتیی تورکیا لە بەشێکی تر لە سکاڵانامەکەیدا لە دژی ئەو مێردمنداڵانە نووسیویەتی لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە پێنج پارچەی گولـلە بە جەستەی (ف.ی)ی تەمەن ١٦ ساڵەوە دیارە و ئەوەش نیشانەی شەڕە.

ئەو مێردمنداڵانە لە کاردانەوەیەکیشدا ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردووەتەوە و لە بەرامبەردا داواکاری گشتیی وتویەتی ئەوانە خۆڕاگری دەکەن و چالاکوانن.

ئەو سێ مێرد منداڵە، کە لە ئێستادا لە زینداندان ناویان (م.چ – تەمەن ١٧ ساڵ) و (ئۆ – س تەمەن ١٦ ساڵ) و (ف.ی تەمەن ١٦ ساڵ)ە و ماوەی ١٠ مانگە لە زینداندا ڕاگیراون.

ئەوەش لە کاتێکدایە، حکومەتی تورکیا لە ڕۆژی ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ لە لە ناوچەی سووری ئامەد قەدەغەی ھاتووچۆی ڕاگەیاند. ھێزەکانی سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا ئەو ناوچەیەیان گەمارۆدا و دەستیان کرد بە ھێرشکردنە سەر ئەو ناوچەیە بۆ ماوەی ١٠٤ ڕۆژ شەڕ و پێکدادان بەردەوامیان ھەبوو و لە ڕۆژی ٣ی ئازاری ٢٠١٦دا ئەو ١١ مێرد منداڵە لەو ناوچەیە ڕزگارکرابوون.

بەپێی یاسای قەدەغەی ھاتووچۆ ھاووڵاتیان ناتوانن لە ماڵەکانیان بڕۆنە دەرەوە و سەردانی شەقام و کۆڵان و بازاڕی شار و ناوچەکەیان بکەن یان بڕۆنە سەر بانی خانووەکانیان. لە ئەگەری چوونە دەرەوەی ھەر ھاووڵاتییەکدا لە ماڵەکەی ئەو ھاووڵاتییە لەلایەن ھێزەکانی حکومەتەوە دەکرێتە ئامانج و ھێرشی دەکرێتە سەر.

ناوچەی سووری  ئامەد و پێشھاتەکانی شەڕ لەو ناوچەیەدا

حکومەت و سوپای تورکیا لە ڕۆژی ٢ی کانوویی یەکەمی ٢٠١٥ەوە ناوچەی سووری ئامەدیان بە ناوچەی قەدەغەکراو ڕاگەیاند.

لە دوای ڕاگەیاندنی قەدەغەی ھاتووچۆ بۆ ماوەی ١٠٤ ڕۆژ پێکدادان و ئۆپراسیۆنی ھێزەکانی سوپا و پۆلیسی تورکیا لە دژی ناوچەی سوور بەردەوام بوو و لە ئاکامدا چەندین پێکدادان لە نێوان شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی سڤیڵ (یەپەسە) و ھێزە ئەمنییە جۆارجۆرەکانی تورکیادا ڕوویاندا.

لە بەردەوامیی پێشھاتەکانی ناوچەی سووری ئامەددا تاھیر ئەلچی سەرۆکی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئامەد ڕۆژی ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ لە کاتی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسی لە دژی وێرانکردنی بەشێک لە شوێنەوارە مێژووییەکانی ناوچەی سووری ئامەد لەلایەن سوپای تورکیاوە، لەلایەن کەسانێکەوە "تیرۆرکرا". تا ئێستاش دۆسیەکەی یەکلایی نەکراوەتەوە. پارێزەرەکانیشی ڕایانگەیاندووە، حکومەتی تورکیا دۆسیەکەی تاھیر ئەلچی کردووە بە دۆسیەی بکوژی نادیار.

لە دوای ١٠٤ ڕۆژ لە ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دژی ناوچەی سووری  ئامەد کۆتایی پێھێنرا، بەڵام قەدەغەی ھاتووچۆ بۆ ناوچەی سووری ئامەد تا ئێستا (٢٧ی ئابی ٢٠١٦)، کە دەکاتە ٢٧٢ ڕۆژ (نۆ مانگ) لەو ناوچەیەدا بەرەدوام بوو لە ئێستادا لە چەند گەڕەکێکیناوچەی سووری قەدەغەی ھاتووچۆ بەردەوامە.

لە دوای کۆتایھاتن بە ئۆپراسیۆنەکانی سوپا و پۆلیس لە دژی ناوچەی سووری ئامەد، حکومەتی تورکیا بڕیاریدا ناوچەی سووری ئامەد ئیستیملاک بکات و دانیشتوانەکەی بگوێزێتەوە بۆ شوێنەکانی تر. تاوەکو ئەو ناوچەیە بکەن بە موڵک گشتی، یان موڵکی حکومەت. ئەوەش ناڕەزایەتی و کاردانەوەی ڕێکخراوەکان و شارەوانیی ئامەد و ھەدەپە و دەبەپەی لێکەوتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە میدیاکان ڕۆژی ١١ی نیسانی ٢٠١٦ بڵاویانکردەوە، کە سوپای تورکیا پێنج خوێندنگەی لە ناوچەی سووری ئامە کردووە بە بنکەی سەربازی.

بوشرا جزیرلی ئۆغلار ساداک ھاوسەرۆکی ژووری بیناسازیی شاری ئامەد ڕۆژی ١٧ی حوزەیرانی ٢٠١٦ ڕایگەیاند، لە ناوچەی سووری ئامەد ھەزار ٣١٢ خانوو و بینا ڕووخێنراون و ھەزار و ٤٣٢ خانوو و بینای تریش دەڕوخێنرێن بەوەش ژمارەی خانووە وێرانکراوەکان لە ناوچەی سووری ئامەد دەگاتە دوو ھەزار ٧٥٦ خانوو و بینا.

ھەروەھا ڕۆژی ٢١ی ئایاری ٢٠١٦ ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) ڕایگەیاندبوو، ئەوەی لە ناوچەی سووری ئامەد ڕوویداوە ترسناکە و تا ئێستاش ڕێگا بە کەس نادرێت سەردانی ئەو ناوچەیە بکات.

بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان لە ئێستادا ٦٠% خانوو و بیناکانی ناوچەی سووری ئامەد لەلایەن حکومەتی تورکیاوە ڕووخێنراون و حکومەتیش بڕیاریداوە شەش بنکەی سەربازی لە ناوچەی سووری ئامەددا دروست بکات و چەند شەقامێکی گەورەش لەو ناوچەیە دروست بکات، کە ئەوەش دەبێتە ھۆی لەناوچوونی ژمارەیەکی لە خانووەکانی ناوچەی سووری ئامەد و چەند شوێنەوارێکی مێژوویی ئەو ناوچەیە.

ناوچەی سووری ئامەد لە ١٥ گەڕەک پێکدێت. مێژوویترین و کۆنتەرین ناوچەی شاری ئامەدە. چەندین شوێنەواری مێژوویی جۆراجۆری سەردەمە جیاوازەکانی تێدایە.
ژمارەی بینین:  1240      بەروار:  10/01/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.