کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  دەسەڵاتدارنی ھەرێم لە بەرامبەر خائین و گەندەڵکاراندا وەک ئیسفەنج نەرم و لە بەرامبەر ئازادیخوازان و قوربانیدەرانیشدا وەکو بەرد رەق بوونە !!
دکتۆر سەمەد ئەحمەد: دەسەڵاتدارنی ھەرێم لە بەرامبەر خائین و گەندەڵکاراندا وەک ئیسفەنج نەرم و لە بەرامبەر ئازادیخوازان و قوربانیدەرانیشدا وەکو بەرد رەق بوونە !!

چاوپێکەوتن لەگەڵ (دکتۆ سەمەد ئەحمەد )
پسپۆری دەروونیی و پەروەردەیی
لەزانکۆی سلێمانی بەشی زانستە کۆمەڵایەتیە کان –ئێواران
سەبارەت بە بپرسی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیا باران..

ئا:جەبار ئەحمەد

* چاودێری کوردۆساید - چاک : قوربانی کێیە لەڕوی دەرونییەوە ؟
د.سەمەد- قوربانی، ڕەنگە لەپێناسەیەک زیاتری ھەبێت ، دەتوانین بڵێین: قوربانی کەسێکە مافەکانی لێزەوت دەکرێت، تواناکانی بەھەدەر ئەدرێت ، دەکرێتە ئامراز بۆئامانجی کەسانی تر . لەڕوی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مرۆییەوە دەچەوسینریتەوە و بی ریزی دەکریت لە بەرامبەری.

* چاودێری کوردۆساید - چاک : ئایا دەتوانین ئەو ئافرەتانەی بەجێماوی جینۆسایدی ئەنفالن بەجۆرێ
بەسیمای قوربانی لەئاستی باڵا دا پێناسە یان بکەین ؟

د.سەمەد - بەڵێ وەک پێشتر ئاماژەم پێدا قوربانی ئەو کەسانەن کە مافیان پێشێل کراوە ژیانیان لێزەوت کراوە، ئەو ئافرەتانەش کە بەجێماوی ئەو جینۆسایدەن سەد لەسەد قوربانین، چونکە حەقی ژیانیان لێسەندراوە .


* چاودێری کوردۆساید - چاک : ئایا دەتوانین جاش و موستەشارەکان نازناوی جەلادیان پێ بدەین؟
د.سەمەد - ڕەنگە لە ئاستێکی باڵادا ئەوانە جێگەی بەزەی بن، بەڵام ئەوان خیانەت کارو ھەڵگەڕاوەن لە بەھا مرۆڤایەتییەکان، واتە ئەوان تاوانبارو جەلادن چونکە بونەتە کەرەستەی جێ بەجێ کردنی بەشێکی گرنگ لە پرۆسەکە، واتە ئەوانەی بەشدارو جێ بەجێ کاری پلانی ئەنفالن ئەوانە جەلادن تاوان بارن دەبێت دادگایی بکرێن .

* چاودێری کوردۆساید - چاک : ڕۆڵی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ڕووبەڕووبونەوەی دیاردەی توندو تیژیدا؟

د.سەمەد - دەزگاکانی ڕاگەیاندن میوانی ناوەختی ماڵە کانمانن، ڕاگەیاندن بەپرسیاریەکی گەورەیە، پەروەردەی خێزانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و قانونی لە ئەستۆیە ھەر دەزگایەکی راگەیاندن، ھەر ڕاگەیاندنیش ئەجێنداو فەلسەفەی خۆی ھەیە، دەبێت زۆر فلتەری وردیان ھەبێت بۆئەوەی کۆمەڵگە بەئاراستەی لیبوردەیی و یەکتر قبوڵکردن بەرن، بەڵام بەداخەوە میدیای کوردی زۆر ورد نیە لەم رووەوە، دەتوانین بڵێین کەم تەرخەمو خەم ساردن چونکە لە زۆربەی کەناڵەکاندا غیابی توێژەریان ھەیە لەھەموو ئاستەکاندا بۆیە میدیا بەو ئاراستەیە چووە .

* چاودێری کوردۆساید - چاک : ڕۆڵی ڕاگەیاندنی کوردی لە ناساندی کەیسی ئەنفال و کیمیا باران بە نەوەکانی ئێستاو داھاتوو چۆن دەبینیت؟

د.سەمەد - بەڕاستی ڕاگەیاندن دابەش بووە بۆ سێ ئاست، ڕاگەیاندنی حیزبە دەسەڵاتدارەکان، ڕاگەیاندنی ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، ڕگەیاندنە ئازادوو سەر بەخۆکان، ھیچکام لەم ڕاگەیاندنانە لە ئاستی قوربانیەکاندا نین، ھەرگیز نەیان توانیوە لەئاست گەورەی  ئەو کارەساتانەدا بن، ھەر یەکەیان لەیادەکاندا کەم و زۆر بەرنامەیان پێشکەش کردووە، بەڵام بەرنامەکانیان لە کۆڵ کردنەوەی یادەکانەو شتێکی ڕۆتین و زۆر کەمتەرخەمن لەم ڕوەوە.

* چاودێری کوردۆساید - چاک : بەپێی قسەکانی جەنابت بێت کەیسی ئەنفال و جینۆسایدو کەیسی کیمیا بارانی ھەڵەبجە چەند کەیسێکی پەراویزخراوە، چی بکرێت بۆ سەرلەنوێ خستنەوە سەر ڕێڕەوی یاسایی خۆی و ناساندنی بەدونیای دەرەوە ؟

د.سەمەد - بەڵگەکانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجە بەڵگەی قانونی و ئاشکراو حاشا ھەڵنەگریان ھەیە، دەبێت دەسەڵاتی سیاسی ھەوڵ بدات ناوەندی توێژینەوەو لێکۆڵینەوە دروست بکات بۆ بەدیکۆمێنت کردنی ئەو بەڵگانەی کە لەدوای تاوانەکە بەجێ ماون، ئیمە پێویستمان بە خەڵکی شارەزاو پەیوەندی دیبلۆماسی و ڕێخراوەکانی (ئین جی ئۆ) ھەیە بۆئەوەی ئاڵوگۆڕی زانیاری بکەن لەگەڵ ڕێخراو ناوەندەکانی توێژینەوەدا بۆ سەر ڕێخستنی ئەو پرسانەو پرسی جینۆسایدی ئیزدیەکان و دەیان کۆمەڵ کوژی و تاوانی تر، ئێمە نابێت ئەم کەیسانە وەک کەیسی پڕوپاگەندەو موزایەدەی سیاسی بەکاربھێنین .

* چاودێری کوردۆساید - چاک : ئاسایسی دەروونی و کۆمەڵایەتی گرنگە بۆ ھەر تاکێک، بەتایبەت قوربانیانی ئەو کەیسانە، ئایا ئەو ھەوڵانە ئەگەر ھەبن تا چەند لە ئاست پێداویستی ئەو خەمە گەورەیەن؟
د.سەمەد - لە ڕاستیدا دەتوانم بڵێم فەرامۆش کراوترین و بێمافترین و بێئاسایشترین و پەراوێز خراوترین توێژێک کە ھەبن ئەم تۆێژەن .. ئەمانە نەک ھەر ئاسایشی دەروونی، بگرە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی خۆراک و سەرجەم ئاسایش و مافەکانی تریان فەرامۆش کراوە، تاوانبارانیش بە بەرچاوییانەوە زرت و زۆپ دەسوڕێنە! ئەمە کەمتەرخەمی و خەمساردی حزبی کوردییە بەرانبەر قوربانیان و بەجێماوانی کارەساتی ئەنفال و کیمیا باران .
* چاودێری کوردۆساید - چاک : گەلی کورد لە مێژوودا چەندین جار تووشی ئەنفال بووە، ھەمیشە ئەنجام دەرانیش وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون بەبێ لێپرسینەوە، ئایا ئەمە خەمساردی و بێدەربەستی دەسەڵاتی کورد نییە؟

د.سەمەد - ئەمە ھەردووکییەتی، ھەم بێدەربەستی و ھەم خەمساردییە.. کەسوکاری قوربانیان لەڕابردودا لەدۆخێکی دژواردا ژیاون، کەچی بەداخەوە تا ئێستە ئەم نەھامەتییە درێژەی ھەیە، دەسەڵاتی سیاسی تەنھا بینەرەو لەئاست ئەم قوربانیانەدا دەسەوەستانو شەرمنە، لێرەدا دوشتی پێچەوانە دەبینین.. دەسەڵاتی کوردی لەئاست جەلادو خائیناندا نەرم و نیان و شەرمنن، بەڵام لەئاست قوربانیان و ئازادی خوازان ھەمیشە دڵ ڕەق و بێدەربەست و خوینسارد.. من ھەمیشە وتومە دەسەڵاتدار دەبێت ھەڵگری دوسیفەتی دژ بێت، لەبەرانبەر خائینو گەندەڵکاران ڕەق وەکو بەردو لەئاست قوربانیا نو دەنگی ئازاد دا نەرم وەک ئیسفەنج بێت، توانای ھەڵمژینی ھەموو دەنگە ناڕازیەکانی ھەبێت، بەڵام دەقاو دەق دەسەڵاتی کوردی پێچەوانەی ئەمەی کردووە.. واتە لەئاست گەندەڵکاران و خائینان نەرم و نیان و فشەڵ، بەڵام بۆ ئازادیخوازان و قوربانیان ڕەق زرپ و زۆپ ھەموو خیانەتکاران لەناو جومگەکانی دەسەڵاتی کوردیدا جێگەیان بوەتەوە .

ژمارەی بینین:  1782      بەروار:  17/01/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.