کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  یادی (٢٩) ساڵەی ئاھەنگی جەژنی نەورۆز لە زیندانی ئەبوغرێب

یادی (٢٩) ساڵەی ئاھەنگی جەژنی نەورۆز لە زیندانی ئەبوغرێب:
کیمیابارانی ھەڵەبجە ڕقی زیندانییە کوردەکان ئەستوورتر دەکـــات:
ڕۆژی ‌چوارشەممە،‌ ڕێکەوتی (١٦.٣.١٩٨٨) فڕۆکەوانەکانی سەدامی ھۆلاکۆ-ی ئێراق، گەورەترین تاوانی نامرۆڤانەیان لە بەرانبەر خەڵکی سیڤیل و بێتاوانی شارۆچکەی ھەڵەبجە ئەنجام دا، بەوھۆیەوە مێژووی پڕ لە تاوانی حکومەتی ئێراق و حزبی بەعسیان ئەستوور و ڕەشتر کرد. بەڵگەی سەڵمێندراو ھەن کە حکومەتی ئێراق چەکی کیمیایی لە دژی خەڵکی ھەڵەبجە بەکارھێناوە، بەڵام تەنیا ئاماژە بە ڕۆژنامەکان و بەیانی سەربازی (بیان عسکری) ڕۆژانەی فەرماندەیی گشتیی ھێزە چەکدارەنی ئێراق دەدەم، کە ڕۆژی کیمیا بارانەکە و ڕۆژی دواتریش بە ھیچ شێوەیەک باسی کیمیا بارانی شاری ھەڵەبجە نەکراوە، ئەگەرنا حکومەتی بەعس و زۆربەی عەرەب و وڵاتانی ئیسلامی دەیانگوت ئێران ھەڵەبجەی کیمیا باران کردووە.
ئایە بۆ بەیانی سەربازی (فەرماندەیی گشتیی ھێزە چەکدارەکان)، لە ڕۆژی (١٦.٣.١٩٨٨) و ڕۆژنامە فەرمییەکانی ئێراق لە ڕۆژی دواتردا، باسی ئەوەیان نەکردووە کە سوپای ئێران بە چەکی کیمیایی ھێرشی کردۆتە سەر ھەڵەبجە؟
دیدەنیی پێشوومان لە ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی (١٢.٣.١٩٨٨) بوو، کە تەنیا چوار ڕۆژ بەر لە کیمیابارانی ئەو شارە بوو. دوو ڕۆژ دوای کیمیابارانەکە واتە ڕۆژی ھەینی، ڕێکەوتی (١٨.٣.١٩٨٨)، نازانم کام بەشی زیندان (بەشی سزا سووکەکان یان قورسەکان) بوو دیدەنییان ھەبوو، لە ڕێگەی ئەو کەسانەی کە بە ئیشوکاری فەرمانگەی بەشەکەمانەوە ھاتوچووی بەشەکانی تری زیندانیان دەکرد، زانیمان کە فڕۆکەکانی حکومەتی بەعسی سەدامی شاری ھەڵەبجەیان کیمیاباران کردووە، نزیکەی پێنج ھەزار مرۆڤی بێتاوانی کوردی کوشتووە، ھەروەھا دە ھەزار کەسێک لە مناڵ، ھەرزەکار، ژن، گەنج و پیری شارەکە بریندار کراون. لەگەڵ بیستنی ھەواڵەکە بێدەنگی، خەم و ماتەمینی باڵی بە سەر تەواوی جەمەلۆن، گۆڕەپانی جەمەلۆن، چێشتخانە، گۆڕەپانی چێشتخانەکان، مەدرەسە، میم سێ و بەشەکانی تری زینداندا کێشا. نەمانزانی ئەو ڕۆژەمان چۆن بەڕێ کرد؟ خەم بە ڕووخساری ھەر ھەموومانەوە دیار بوو، توڕەیی لە چاوی ھەمووماندا سەرەتاتکێی دەکرد و بە ئاسانی ھەستی پێدەکرا.
دەستە دەستە سەردانی زیندانیانی لەدایکبووی ھەڵەبجە-مان دەکرد و دڵنەواییمان دەکردن، شوێنەکانیان ھەروەکو شوێنی پرسەی لێ ھاتبوو، کۆمەڵە کەسێک دەھاتنە لایان و کۆمەڵێک ھەڵدەستان و دەڕۆییشتن. بەشێک لە ھاوڕێیانی ھەڵەبجەیی (بوڕھان محەمەد خانە محەمەد کاکلی (١٤.٩.١٩٨٨-٣.١.١٩٨٦)، تاھیر غەفور عەلی مەحمود (١٥.٩.١٩٨٨-٢٥.٢.١٩٨٣)، تەھا عەلی خوارەحم محەمەد ناسراو بە تەھا ھەڵەبجەیی (١٩٦٩/ ١٥.٩.١٩٨٨-٢٤.١.١٩٨٧)، حەمە کەریم عەلی حەمە ڕەزا (١٥.٩.١٩٨٨-٤.١.١٩٨٣)، شەھیدی نەمر سەرتیپ عەبدوڵڵا خوامراد عەبدوڵڵا (١٤.٩.١٩٨٨-٨.٢.١٩٨٦)، بەداخەوە بەھۆی کاریگەری ئەو گوللەیەی کە لە ڕاپەڕینی ساڵی (١٩٩١)دا لە جەستەی دا مابوو لە ڕۆژی (٢٨.٩.١٩٩٩)دا کۆتایی بە ژیانی خۆی ھێناو شەھید بوو، شەھید زولفەقار کێخوا مەحمود محەمەد ئەحمەد (١٤.٩.١٩٨٨-٢١.١.١٩٨٦)، کەمال حوسێن ئەحمەد برام (کەمال ھەورامی/ ١٤.٩.١٩٨٨-٢٤.٥.١٩٨٦)، ناجی حەمە لەتیف سلێمان/ ١٩٨٨.٩.١٥-٢٥.٢.١٩٨٣) بوون، کە سەرتیپ عەبدوڵڵا، تەھا عەلی و زولفەقار مەحمود لێمەوە نزیک بوون و زۆرتر لای ئەوان بووم و ڕۆژانە لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکم سەردانمان دەکردن، بە بەردەوامی ھەوڵمان دەدا دڵیان بدەینەوە، بەڵام ئەوان و ئێمەیش لە بارێکی دەروونیی زۆر سەختدا دەژیاین، بە تایبەتی ھەڵەبجەییەکان. گاڵتەش نییە شارەکەت کیمیاباران بکرێ، لە کاتێکدا تەواوی بنەماڵە و کەسوکاریشتی تێدا بووبن. لە چرکەساتێکی وادا کە ھەواڵەکە دەبیستیت، دڵت چی بە سەر دێت؟ غەم و پەژارە چ فشارێک لە سەر دەروون و مێشکت دروست دەکەن؟ بە تایبەتیش لە زیندان بیت و بە ھیچ شێوەیەکیش نەتوانیت پێوەندیی بە کەسوکارتەوە بکەیت و نەتوانیت بە دوایاندا بگەڕێیت.
ئەو ھاوڕێیانە خواردن و خەویان نەمابوو، بە زۆر بۆ مەستار دەھاتن، بە زۆر خواردنمان پێدەدان، چونکە ئارەزووی خواردنیان لاوازببوو. چ ئەوان و چ ئێمەیش ھیچ چارەیەکمان نەبوو، جگە لەوەی چاوەڕێی دیدەنیی داھاتوو بکەین، کە دەکەوتە ڕۆژی ھەینی، ڕێکەوتی (٢٥.٣.١٩٨٨).
عەقید زولفەقار مەحمود محەمەد ھەڵەبجەیی، کە کاتی خۆی پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، لە ڕێکەوتی (٢١.١.١٩٨٦)دا لە شەڕێکدا بە دیل دەگیرێ، دواتر فەرمانی لە سێدارە دانی بۆ دەردەچێ، بەڵام خۆشبەختانە لە مانگی دوازدەی ساڵی (١٩٨٦)دا سزاکەی بۆ سووک دەکرێ بە زیندانی ھەتاھەتایە. دوای ڕاپەڕین بەردەوام پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە ‌و تا دەگاتە ئەندامی فەرماندەی سلێمانی و بەرپرسی بەشی عەمەلیاتی ھێزی پێشمەرگەی پارتی بوو لەو شارە، وەلێ بە داخەوە لە ڕۆژی (١٣.٩.٢٠٠٨)دا لەگەڵ جوامێری کوڕە تاقانەکەیدا بە یەکەوە لەنێوان خانەقین و جەلەولا بە بۆمبی تیرۆریستان شەھید بوون.
کیمیابارانی شارۆچکەی ھەڵەبجە ڕقی پیرۆزی ئێمەی بەرانبەر بە بەعس و ڕژێمە داگیرکا‌رەکەی بەرزتر کردەوە. گیانی ڕووبەڕووبوونەوەی زۆرتری پێ بەخشین. ھەموو زیندانییە کوردستانییەکان لەسەر ئەوە پێک ھاتین ڕۆژی یەکشەممە،‌ ڕۆژی نەورۆز (٢١.٣.١٩٨٨)، لە ‌یادی ئاھەنگی ئەو جەژنەدا کارێکی وا بکەین، کە بەعس و جەللادەکان ھەراسان ببن و ژان بیانگرێ و تێیان بگەیەنین کە کورد بە کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە بە چۆکدا نایەت و تا گەیشتن بە ئامانجەکانی واز لە خەباتی ڕەوای نیشتمانیی و نەتەوایەتیی خۆی ناھێنێ. بۆیە سەرەڕای ئەو تاوانە گەورەیە و ماتەمینییە سەرتاسەرییە بڕیارمان دا بۆیان بیسەلمێنین، کە ژاربارانکردنی ھەڵەبجە و ئەنفالکردنی کوردو کوردستان، نەک ورەی ئێمەی زیندانی ناڕوخێنێ، بەڵکو ئەوەندەی تر بە کوردو کوردستان و کوردایەتیەوە پابەندمان دەکات، ھەروەھا ڕقی پیرۆزمان بەرانبەر بە داگیرکەری عەرەب ئەستوورتر دەکات. ڕقی پیرۆزی ئەم ڕۆژەمان وەکو (ڕقی پیرۆز)ی ھەڵبەستوان ھێمن مەھابادی وابوو، کە دەڵێ:
دەمگرێ، ئەمما لە گرتووخانە ڕق ئەستورترم
لێم دەدا، ئەمما لەسەر داوا ڕەواکەم سوورترم
دەمکوژێ، ئەمما بەگژ جەللادەکەمدا دێمەوە
کوردم و ناتوێمەوە، ناتوێمەوە، ناتوێمەوە
لە ڕۆژی (٢١.٣.١٩٨٨)دا، ھەر زیندانی بوو لەگەڵ بەیانی باشدا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لە ھاوڕێکانی دەکرد، یەکە یەکە باوەشمان بە ‌یەکدا دەکرد و یەکترمان ماچ دەکرد. دوای مەستاری بەیانی لە تەواوی بەش و ژوورەکاندا دەست بە بەخشینەوەی شیرینی، نوقڵ و خۆشاو کرا. لەدوای کاتژمێری نۆی ئەو ڕۆژەوە کوردەکان ھەموو پێکەوە ڕوومان کردە گۆڕەپانی زیندانی باستیلی ئەبوغرێب و دەستمان کرد بە کردنەوەی ئاگری نەورۆز و زیندانییەکان بۆ کردنەوەی ئەو ئاگرە تەنانەت جلوبەرگ و کەلوپەلەکانی خۆیان سووتاند، لە چوار دەوری ئاگرەکەدا دەست کرا بە گۆرانی و ھەڵپەڕکێ، کە سێ جۆر شایی (بادینی، ھەولێری و سلێمانی) بەتەنیشت دەکرا. تاکات زیاتر تێدەپەڕی ئاھەنگەکەمان زۆرتر جۆش و خرۆشی کوردانەی دەسەند. کەم کەس بۆ نانی نیوەڕۆ ئاھەنگەکەیان بەجێ ھێشت، ئەگینا زۆربەی ھەرە زۆرمان نانخواردنمان لەبیر کردبوو. دوای نیوەڕۆ ئاھەنگەکە بە تەواوی مۆرکی کوردایەتی و سیاسییانەی خۆیی وەرگرت، چرکە لەدوای چرکە دەم وچاوەکانی جەللاد و سیخوڕەکانی ڕژێم گرژتر و قێزەونتر دەبوو. تاوای لێ ھات دەست بە ‌گۆرانیی کوردانە کرا ‌و ناوی کورد و کوردستان لە ھەموو لایەک پڕ بە دەم بەرز دەبووەوە، سروودە یەک لەدوا یەکەکانی پیرەمێرد، ع. ع. شەونم، دڵدار کۆیی، خالید دلێر و .... ھتد، تەواوی زیندان و جەللادەکانی ڕژێمی تاساندبوو:
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆز ھاتەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بەھاتەوە
چەند ساڵ گوڵی ھیوای ئێمە پێپەست بوو تاکو پار
ھەر خوێنی لاوەکان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەھار
ئەو ڕەنگە سوورە بوو کە لە ئاسۆی بڵندی کورد
مژدەی بەیانی بۆ گەلی دوورو نزیک ئەبرد
نەورۆز بوو ئاگرێکی وەھای خستە جەرگەوە
لاوان بە عشق ئەچوون بە بەرەوپیری مەرگەوە
وا ڕۆژھەڵات لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە
خوێنی شەھیدە ڕەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوە
تا ئێستا ڕووینەداوە لە تەئریخی میللەتا
قەڵغانی گوللە سنگی کچان بێ لە ھەڵمەتا
پێی ناوێ بۆ شەھیدی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین (پیرەمێرد)
جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە
بە تیشکی ئاگر ئەنووسم جەژنە پیــــــــرۆزە
چاوگی ئاگر ھێز و گیانمــــــە
باوەڕی بەرزی کوردستانمە
سەیری کەن سەیری کەن سەیری کەن
شاخ و دەشت و شار و گوندم تاوی سەندووە
گۆڕی مەرگی دوژمنانم لێ ھەڵکەنـــــــــــــــــدووە
پڕ بەدەنگ بانگ ئەکەم سەربەستیم ئەوێ
کوردستانم جێی شێرانە ئەبێ سەرکەوێ
مایەی شانازیمە بسووتێم و نەمێنم
بە ڕووناکی لەشم پەردەی شەو ئەدڕێنم
ڕۆژی ئازادییە نـــــــــــــەک زەبوونییە
ئەی منیش وەک گەلان مافم بۆ نییە
بۆچی تاوانە گەر دیلی کەس نەبم
یا پلیشاوەیی ژێر ھەرەس نەبـــــم
شەرتە ئەگەر وایە بسووتێم و نەمێنم
بە کڵپەی لەشم مافی کوردستانی ئەسێنم
جەرگ ئەسوتێ بۆکڕوزی گەییە ئاسمان
تا لە ئێوە ئاشکرابێ ئەی ھەموو جیھان
مێژوومان چەند زوحاک و ماری خستە چاڵ
چەند کەسی کرد بەگوڵ بۆ بەھاری ساڵ
کۆرپەکان دایکەکان بێدەرەتانان
مۆمی ھەڵگیرساون بۆ ئازادی کوردستان (ع ع شەونم)
ئەی ڕەقیب! ھەر ماوە قەومی کورد زمان
نایشکێنێ دانەیی تۆپی زەمان
قەومی کورد ھەستایە سەر پێ وەک دلێر
تا بەخوێن نەخشی بکات تاجی ژیان
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان
ئێمە ڕۆڵەی میدیاو کەیخوسرەوین
دینمان، ئایینمانە نیشـــــــــــــــــــــتمان
ئێمە ڕۆڵەی ڕەنگی سوورو شۆڕشین
سەیری کە خوێناوییە، ڕابردومان
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان
لاوی کورد حازرو ئامــــــــادەیە
گیان فیدایە گیان فیدا گیان فیدان
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان (دڵدار)
چەند ساڵ دوای ئازادبوونمان لە زیندان، بانگەوازێکم لە فەیسبووک بڵاوکردەوە، ھەڵبەستوانی وشە ناسک (سەرکەوت ڕەسوڵ)، کە باوکی ئەویش لەگەڵ ئێمەدا لە زیندان بوو، وەلێ بەداخەوە ھەر بەھۆی پاشماوەی ئازار و ئەشکەنجە لە ڕێکەوتی (٣٠.٧.١٩٩٠)دا لە ھەولێر کۆچی دوایی کرد، نامیلکەی (سروودی نیشتمانی و نەتەوەیی)، لە کۆکردنەوەی 'دکتۆر فازڵ قەفتان'ی بۆ ناردم، کە سروودی (ساڵێکی تریش وا داھاتەوە)ی ھەڵبەستوان خالید دلێری تێدابوو، سروودەکەم لەم نامیلکەیە وەرگرتووە.
ساڵێکی تریش، وا داھاتـــــــــــــەوە
ڕۆژی نەورۆزی کورد، ھەڵاتەوە
بەم ھاتنەوەیە، نەورۆز ئەم جارە
دەرسی تێکۆشان، دائەداتەوە
سڵاو لە کاکی دوور وڵاتەوە
بەجلی سووری ڕێی خەباتەوە
ئەینێرم بۆ ھەر نەبەردێ کەوا
مەشخەڵی شۆڕش ھەڵئەکاتەوە
لەگەڵ نەورۆزدا دەرکەوت نیشانە
بەڕیسوا بوونی ئەو خائینانــــــــــــە
بە پێچەوانەی ئارەزووی دوژمن
میللەت بە جارێ لەتێکۆشـــــــــانە
ھێندێ ویستیان کورد سەردانەوێنێ
لەڕێی خەباتـــــــــــــــــــــــا لادا وازبێنێ
چۆن واز دەھێنێ لەو ڕێیە کەوا
تەنھا ڕزگاری لەودا ببیــــــــــــــنێ (خالید دلێر)
ئەم سروودەش (ئەی بەندیخانە)، کە چەند جارێک گوترایەوە، بەتایبەت بەختیار جەمیل کاوانی کە ئەوکات تەواوی سروودەی لەبەربوو، بە ئاوازێکی پڕ لە جۆش و خرۆشەوە، پڕ بە دەنگی خۆمان لەگەڵ ئەودا دەمانچڕی. بەختیار کاوانی، پێشتر لە گرتووخانەی ئەمنی ھەولێر، بە دەیان و سەدان جار سروودی (ئەی بەندیخانە)ی دەچڕی و ئێمەش دەبووین بە کۆرس، جار جاریش بەختیار کاوانی وەک ھەڵبەستی شۆڕشگێڕانە چەند دێرێکی بە دەنگە بەرز و بێگەردەکەی خۆی دەخوێندەوە، دواتریش بە ئاوازە ئارام بەخشەکەی وەکو سروود ھەموومان لەگەڵ ئەو دەستمان پێ دەکردەوە. کاوانی ھەر خۆی، لە ڕۆژی (٨.٥.٢٠١٥)دا، ئەوەندەی لەم سروودە لە بیری مابوو، نووسییەوەو لە فەیسبووک بۆی ناردم.
ئەی بەندیخانە تاکەی ئەمێـــــــنی
لاوانی گەلمان ناو خۆت ئەچێنی
وابووی بە ژووری قوڵ و تەنگەفەس
لە بۆ میللەتی ھەژار و بێکـــــــــــــــــەس
دیوارەکانت ھەر وەک پۆڵایـــــــــــە
ژوورەکەت تاریک و وا بێ چرایە
تۆ باش بزانە ئەی بەندیخـــــــــــانە
ئەتکەین بە جێگای گوڵ و ڕێحانە
بەردەوام چەند سیخوڕێک، کە خۆیان بە بەعس و دوژمن فرۆشتبوو، دەنگوباسی ئاھەنگەکەیان دەگەیاندە ئەمن، ئیستخبارات و موخابەراتی ناو زیندان و باسی سروودە شۆڕشگێڕییەکان و کوردایەتییەکانیان بۆ دەکردن، بۆیە بەڕێوەبەرایەتیی زیندان بەجارێ ترسیان لێ نیشت، کار گەیشتە ئەوەی لە دەوروبەری کاتژمێر (٤)ی دوای نیوەڕۆ بە پەلە بڕیاری ئەوەیان دا بمانکەنە ژوورەوە، ئەوە بوو باوکی خەولە (ڕبو خولە) دەستبەجێ داوای چوونە ژوورەوەی ھەموو زیندانییەکانیان کرد و دەیان و سەدان جار داواکەی بەڕێوەبەرێتیی زیندانیی دووبارە کردەوە. پێشتر ھەر جارەی داوای چوونە ‌ژوورەوە بکرایە، دەبووایە لە ماوەی کەمتر لە پێنج خولەکدا ھەر ھەموومان لە ‌ژوورەوە بووینایە، ئەگینا دارکاری و فەلاقە دەکراین، بەڵام ئەو جارەیان ئەوان بە پاڕانەوە ‌و ئێمەیش ھەر بە گۆرانی و سروودی نیشتیمانی و کوردایەتیەوە دەھاتین و گوێمان بە داواکەی ئەوان نەدەدا، بۆیە تا گەییشتینە ناو ڕاڕەوی نێوان جەمەلۆنەکان، نزیکەی یەک و نیو تا دوو کاتژمێرمان پێ چوو.
کاتێ گەیشتینە ناو ڕاڕەوەکە، ھەموو پێکەوە و بە ‌یەک دەنگ و پڕ بە قوڕگمان بۆ ماوەی زۆرتر لە دوو کاتژمێر ھاوارمان دەکرد، لەگەڵ سروود و گۆرانییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بە ھەموو ھێزی خۆمان چەپڵەمان لێ دەدا و قاچیشمان بە توندی بە کاشی زەوییەکە دەکێشا، کە دەنگی زۆر باشی دەدایەوە. ھیچمان نەچووینە ژوورەوە تا گشت سروودە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان چەندان جار گوتەوە، بە تایبەت سروودی (ئەی ڕەقیب) و (جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە)، کە بە ‌دەیان جار و بە ئەنقەست ئەم (٣) کۆپڵەیەی خوارەوەمان دووبارە کردەوە:
جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە
بە تیشکی ئاگر ئەنووسم جەژنە پیــــــــرۆزە
چاوگی ئاگر ھێز و گیانمــــــە
باوەڕی بەرزی کوردستانمە
سەیری کەن سەیری کەن سەیری کەن
شاخ و دەشت و شار و گوندم تاوی سەندووە
گۆڕی مەرگی دوژمنانم لێ ھەڵکەنـــــــــــــــــدووە
پڕ بەدەنگ بانگ ئەکەم سەربەستیم ئەوێ
کوردستانم جێی شێرانە ئەبێ سەرکەوێ
ڕۆژی ئازادییە نـــــــــــــەک زەبوونییە
ئەی منیش وەک گەلان مافم بۆ نییە
بۆچی تاوانە گەر دیلی کەس نەبم
یا پلیشاوەیی ژێر ھەرەس نەبـــــم
دەوروبەری کاتژمێری ھەشتی ئێوارە دەبوو، بە تکاو پاڕانەوەی بەڕێوەبەرێتیی زیندان (ئادەی برایان بەبێ زەحمەت بڕۆنە ژوورەوە/ یاللە إخوان، بدون زحمە گبوا جوە)، ئینجا چووینەوە ژوورەوە، ئەو ڕۆژە مەستاری نیوەڕۆ و ئێوارەیان نەکردین، دواتر دوای کاتژمێری نۆی شەو دەبوو، ھەر لە ڕاڕەوەکە مەستار ئەنجام درا و نەیانوێرا وەکو ڕۆژانی پێشوو لە گۆڕەپانی زیندانەکە ئەنجامی بدەن، یەکەم جاریش بوو لە مێژووی ئەو زیندانە، کە شەو لە ترسان بە زۆر دایان نەناین بۆ گرێگرتن لە دەنگوباس (سەدام باس)، نەوەک ببێتە خۆپێشاندانی زیندانیانی بەشەکەمان.
دڵنیام ئەگەر حکومەتی بەعسی سەدام ترسی لە خۆپیشاندان و مانگرتنی سەرانسەری زیندانییانی سیاسیی نەبوایە، یەکەم: ئەم ڕۆژە بەمشێوەیە نەرم نەدەبوو لەگەڵمان، دووەم: بەشێوەی ئاھەنگی یادی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان کە لە ڕۆژی (١٠.٦.١٩٨٧)دا لەناو زیندان بە دابەشکردنی نوقڵ، پاقڵاوە، شیرینی و خۆشاو (شەربەت) یادی کرایەوە، تۆڵەی لێ دەکردینەوە، ھەر چەندە نەیدەتوانی ھەموومان بە جارێک سزا بدات، وەلێ ئەوەی ڕقی لێ ببوایەوە سزای دەدا.
دوای ئازادبوونمان لە ‌زیندانی بەعس لە (١٤.٩.١٩٨٨)، ھەندێک لەو زیندانیانەی کە ھەر لە ئەبوغرێب گیرابوون، بەڵام لە (قاف)ەکان بوون لە ڕۆژی (٢٠.٣.١٩٨٩)دا ئازاد کران. ئەوانەی لە قافەکان بوون، لەو ڕۆژەی کە گیرابوون تا ڕۆژی ئازاد بوونیان ڕێگەی دیدەنی کەس و کاریان پێ نەدرابوو. یەکێ لەو زیندانییە کوردانەی کە لە قافەکان گیرابوو خەلیل یوسف محەمەد یوسف ناسراو بە خەلیلی مام وسوو دزەیی بوو، کە خەلکی گوندی (سۆربەش)ی سەر بە شارۆچکەی قوشتەپەی دەشتی ھەولێر بوو، ئەو لە ڕۆژی (٣١.٧.١٩٨٢) لەگەڵ ھەشت ھەڤاڵی تری حزبی سۆسیالیستی کوردستان لەلایەن مەلا عوزێر حەمەد مەولود شێخانی سەرۆکجاشی فەوجی (١٣٠)ی جاشە سووکەکان لە گوندی قووڵتەپە دەستگیر کرابوون، دواتر لە ڕۆژی (١٨.١.١٩٨٣)دا دووانیان ڕەوانەی سێدارە کران و ئەوانەی تریشیان تاوەکو ڕۆژی (٢٠.٣.١٩٨٩) لەو قافانە بوون. سەبارەت بە نەورۆزی ساڵی (١٩٨٨)ی بەشی سزا تایبەتییەکان گوتی: (ئێمە لە قافەکان گوێمان لە سروود و ئاھەنگەکەتان بوو، وامان دەزانی سەدام ڕووخاوە و ئێوەیش لە خۆشیی ئەو بۆنەیە ئاھەنگ دەگێڕن. پێمان وابوو ئێوە نازانن ئێمە لە قافەکان گیراوین! دەمانویست لە ‌دەرگاکان بدەین و داواتان لێ بکەین دەرگاکانمان لێ بکەنەوە، بەڵام ھەردەم ترسی ئەوەمان ھەبوو، خۆ ئەگەر بەعس نەڕووخابێ، ئەوە ھەموومان دەکوژن).
دوای ئەوەی ڕۆژی ھەینی (٢٥.٣.١٩٨٨)، کەسوکاری زیندانییەکانی بەشی سزا تایبەتییەکان دەرکەوتن ھەر کەسە ‌و لە ئاست خۆیەوە دوای دیتنی کەسوکار و ھاوڕێیانی پرسیاری ڕاستیی ژاربارانی ھەڵەبجەی دەکرد، وەڵامەکان ھەمووی بە بەڵێ بوون. ئەو ڕۆژە ھاوڕێیانی ھەڵەبجەیی کەسێکیان نەھات بۆ دیدەنی کردنیان، بۆیە ڕۆژێکی زۆر ناخۆش و دڵتەزێن بوو بۆ ئەوان و تەواوی زیندانییەکان. ھەر لەکاتی دیدەنی ئەو ڕۆژەدا، دووبارە خۆمان و کەسوکارمان سەردانی ھاوڕێیانی ھەڵەبجەییمان کرد و بەردەوام دڵیان دەدرایەوە. دوای کۆتایی ھاتنی دیدەنی ئەو ڕۆژە و مەستار، پۆل پۆل سەردانی ھاوێیانی ھەڵەبجەمان کردەوە، ھەر دەتگوت پرسەیە. ئەو دۆخە بەم شێوەیە مایەوە تا پاش نزیکەی دوو دیدەنیی تریش، کە ھەندێک لە ھەڵەبجەییەکان پەیدا بوون و دەنگوباسی تەواوی تاوانەکەیان بۆ ئەوان و دواتریش ئەوان بۆ ئێمەیان گێڕایەوە. دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ یان کەمێک زۆرتر دووبارە خزموکەسی زیندانییە ھەڵەبجەییەکان وەکو جاران سەردانی کەسەکانیان لە بەشی سزا تایبەتییەکان و بەشەکانی تری زیندانی ئەبوغرێب دەست پێکردەوە.
دەرسیم
چوارشەممە، ڕێکەوتی (١٤.٠٦.٢٠١٧)
دانمارک
تێبینی: ١. ئەم بابەتە، پێشتر لەژێر ناونیشانی (کیمیابارانی ھەڵەبجە ڕقی زیندانییە کوردەکان ئەستوورتر دەکات)، لە لاپەڕەکانی (٣٥٩-٣٥٠)ی پەرتووکی ئەلکترۆنی (ئازارە شاردراوەکان یاداشتی زیندان)دا بڵاوکراوەتەوە.
٢. سروودی نەورۆز (جەژنە جەژنی کورستانە جەژنی نەورۆزە)، ھەڵبەستی (ع. ع. شەونم)، بەدەنگی ھونەرمەند (ڕەفیق چالاک) پێشکەشە بە سەرجەم زیندانییە سیاسییەکان و ھاوڕێکانم لە فەیسبووک، کە لینکەکەی لە خوارەوە دانراوە:
ژمارەی بینین:  427      بەروار:  15/06/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.