کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  عەجاج تکریتی ،جەلادەکەی نوگرەسەلمان

چیرۆکی ئەم وێنە دەگمەنانەی جەللادەکەی نوگرە سەلمان
لەلایەن رووداو ١٠/٧/٢٠١٧

رووداو- بەسرە

یەکەم وێستگەی گەشتەکەمان کە بەدواداچوونێکە بۆ جەللادەکەی نوگرە سەلمان، لە شاری بەسرەوە دەستپێدەکات. لەوێ بە رێکەوت زانیاریمان لە چەند کەسێک وەرگرت کە عەجاج تکریتیی جەللادە دڵڕەقەکەی نوگرە سەلمان، دوو وێنەی لای کەسێک ھەیە.

ساڵی ١٩٨٨ ، لە ھەڵمەتێکی سەربازیی گەورە و پلان بۆ داڕێژراوی رژێمی بەعسدا، بە ھەشت قۆناغ پرۆسەی ئەنفالی کورد دەستیپێکرد. بەپێی گێڕانەوەی ئەوانەی لەو پرۆسەی پاکتاوە رزگاریان بووە، سەرجەم ئەوانەی کە لە ئەنفالدا دەستگیرکران، لە قۆناغی دواتردا لە یەکدی جیاکراونەتەوە، گەنجەکان لەلایەک و ئافرەت و منداڵ و پیر و بەتەمەنەکانیش لەلایەکی دیکە. گەنجەکان بە پاس بەرەو چاڵەکانی مەرگ رەوانە کراون، ئەوانی دیکەش بەرەو زیندانی ترسناکی نوگرە سەلمان لە ھەرە باشووری عێراق لەسەر سنووری عێراق و سعودیە گواستراونەتەوە.

ئەو ھەزاران ئەنفالدیدەیەی لە زیندانی نوگرە سەلمان دەستبەسەر بوون، رۆژانە لەلایەن جەللادێکەوە ئەشکەنجە دەدران کە دۆزەخی زیندانی نوگرە سەلمانی تاڵتر و بەسوێتر کردبوو. ئەو جەللادە ناوی عەجاج تکریتی بوو کە لەسەر زمانی ئەنفالدیدەکانەوە بە حەجاج ناوی دەبرێ و سەرپەرشتیاری زیندانی نوگرە سەلمان بووە، وێنەی ئەو جەللادە تەنیا لە نێو یادەوەریی ئەنفالدیدەکاندا ھەیە، بەڵام ئێمە لەو بەدواداچوونەماندا دەمانەوێ تاکە فۆتۆی ئەو جەللادە بدۆزینەوە کە بە سەدان کەس بەرگەی کێبڵەکانی ئەویان نەگرت و ھەر لە نوگرە سەلمان گیانیان سپارد.

لەکاتی ئەو بەدواداچوونەماندا، لە بەسرە بە رێکەوت زانیاری ئەوەمان لە چەند کەسێک وەرگرت کە عەجاج تکریتی دوو وێنەی لای کەسێک ھەیە. بەپێی قسەی سەرچاوەکەمان، ئەو کەسە خزمی یەکێک لەوانەیە کە لەگەڵ عەجاج لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی رابردوو پێکەوە لە یەکێک لە سەربازگەکانی رژێمی بەعسدا سەرقاڵی راھێنانی سەربازین.

لە یەکێک لە کافێکانی شاری بەسرە ئەبو عەدنان دەبینم، ئەو کەسەی فۆتۆکانی لایە. لەبارەی چۆنێتی دەسکەوتنی فۆتۆکانەوە گوتی "لە رێگەی ناسیاوێکمەوە لە بەغدا کە کاتی خۆی لەگەڵ عەجاج راھێنانی سەربازییان کردووە، فۆتۆکانم دەستکەوت".

لەسەر مێزی کافێکە لە شاری بەسرە لە فۆتۆکان ورد دەبمەوە، دوو وێنەی رەشوسپین کە پێدەچێ لە سەرەتای ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی رابردوودا گیرابن.

لە وێنەی یەکەمدا ئەو کەسەی پێمان گوتراوە کە ئەوە عەجاجە، کەسێکی کەڵەگەتی سمێڵ فشە کە دەموچاوێکی پانی ھەیە و مارێک بە زیندوویی دەخوات، لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا کە دەمیان سوورە بە خوێنی مار، وا دەردەکەون سەرقاڵی راھێنانی سەربازین. لە وێنەی دووەمیشدا کەروێشکێک بە زیندوویی کەوڵ دەکات. لە چاوانی عەجاجدا دڕندەیی و دڵڕەقی دەبینرێ.

بەڵام ھێشتا ناتوانم بیسەلمێنم ئەم وێنەیە خودی عەجاج تکریتیە، دەگەڕێمەوە شاری سلێمانی و دەچمە لای عومەر محەممەد کە ساڵانێکی درێژە سەرقاڵی توێژینەوە و دۆکیۆمێنتکردنی رووداوەکانی ئەنفالە. وێنەیەکی خەمڵێنراوی عەجاجی لە خەیاڵدایە، شێوە و سیمای لە وەسفی ئەو ئەنفالدیدانەوە وەرگرتووە کە عەجاجیان بینیوە.

عومەر محەممەد کە وێنەکانی بینی، گوتی "ناتوانم بڵێم ئەمە سەد لە سەد عەجاج تکریتیە، بەڵام بەپێی ئەو وەسفانەی کە شایەتحاڵەکانی ئەنفال بۆیان باسکردووم، ھەر کە وێنەکەم بینی وام ھەست نەکرد کەسێکی غەریب دەبینم".

بەڵام ھێشتا پێویستم بە گەڕانی زیاترە. دەبێ بچمە شارۆچکەی سەلمان، دروستتر بۆ نێو زیندانەکەی نوگرە سەلمان. ھەم بۆ ساخکردنەوەی شوناسی وێنەکە و ھەم بۆ بینین و ئەزموونکردنی ئەو ئازارانەی کە ئەنفالدیدەکان لەوێ چەشتوویانە. شارۆچکەی سەلمان نزیکەی سێ کاژێر لە سەماوەوە دوورە، لەوێ پێیانگوتین بەبێ مەفرەزەی پۆلیس ناتوانین ئەو رێگایە ببڕین، چونکە نوگرە سەلمان شوێنێکی چەپەک و دوورە دەستە.

بە بیابانێکی وشک و کاکی بە کاکیدا تێپەڕین، بە درێژایی سێ کاژێر ھیچ ئاوەدانییەکمان نەبینی. کاتێک لە قەزای سەلمان تێدەپەڕی، بە بەرزاییەکەوە پاشماوەی زیندانی نوگرە سەلمان دەبینی. دەگەینە نێو زیندانەکە. بە دروستی ٢٩ ساڵ لەمەوبەر نێو حەوشە و ھۆڵ و راڕەوەکانی زیندانەکە جمەی دەھات لەو کوردانەی لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا دەستگیرکرابوون. ئێستاش ھەست بەو ئازار و ناڵە و حەسرەتانە دەکەی کە بە دیوار و عەردی بەندیخانەکەوە وا ھەست دەکەی بەجێماون. ئەوەشی ئەم زیندانەی ترسناکتر و بەسوێتر کردبوو رەفتارە دڵڕەق و توندەکانی عەجاج و دارودەستەکەی بوو.

لەنێو یەکێک لە ھۆڵی زیندانەکەدا ئێستاش شوێنەواری ئەو نووسینانە ماوە کە بە کوردی لەسەریان ھەڵکۆڵدراوە، عەزاب شمەری دەبینین کە دانیشتووی شارۆچکەی سەلمانە و دەڵێ خۆی عەجاجی لە نزیکەوە بینیوە، ئەو دەمەی عەجاجی بینیوە تەمەنی ١٠ ساڵان بووە، بەھۆی دەستگێڕی و شت فرۆشتنەوە زیاتر لە جارێک عەجاجی بینیوە. عەزاب گوتی "منداڵ بووین لە حیللەوە خواردنەوەی گازیمان دەھێنا بۆ ئێرە. عەجاج و زیندانییەکانیشم زیاتر لە چەند جارێک بینیوە، زیندانییەکان کورد بوون".

کاتێک وێنەکەمان پیشانی عەزاب دا، یەکسەر پەنجەی خستە سەر ئەو کەسەی کە لە وێنەکەدا پێمانگوترابوو عەجاج تکریتییە. عەزاب گوتی "ئەو سمێڵ فشە خۆیەتی عەجاجە، لاندکرۆزەرێکی سپی و سوپەرێکی مۆدیل ٨٥ی سووری ھەبوو".

بەڵام ساخکردنەوەی وێنەکە ئەستەمە ئەگەر قسەی ئەو کەسانە وەرنەگرین کە لە زیندانی نوگرە سەلمان بوون. ئەو گەرمیانیانەی لە نوگرە سەلمان بوون، زۆربەیان ئەو کەسە بە تەمەنانە بوون کە لە تۆپزاوا لە گەنجەکان جیاکرابوونەوە، بەڵام ئێستا ئەوانەی لە ژیاندا ماون یادەوەرییان کۆمەکی ئەوە ناکات عەجاج تکریتی بناسنەوە.

رەنگە باشترین کەس وێنەکانی ئەو جەللادە بناسنەوە، ئەو ھەڵەبجەییانە بن کە لە دوای کیمیابارانی ھەڵەبجە، ئاوارەی ئێران بوون و دواتر بەھۆی لێخۆشبوونێکی گشتیی رژێمی بەعسەوە گەڕانەوە و دواتر بۆ ماوەی چوار مانگ و ١٠ رۆژ لە زیندانی نوگرە سەلمان دەستبەسەر بوون.
دەچمە ھەڵەبجەی شەھید و لەوێ پێنج لەو شایەتحاڵانە دەبینم: سەلمان، عومەر، محەممەد، عەلی و سدیق. ئەوان کە لە نوگرە سەلمان بوون، لە ھەڕەتی لاوێتیدا بوون، ھەر پێنجیشیان لە نزیکەوە عەجاجیان بینیوە.

ھەموویان پێش ئەوەی وێنەکە ببینن وەسفێکی دروستی روخسار و سیمای عەجاج و رەفتارە بێبەزەییەکانی ئەویان بۆ کردین، وەسفەکان زۆر نزیک بوون لە کەسێتیی نێو وێنەکان. کاتێکیش یەک یەک وێنەکانیان بینی، بەبێ ئەوەی ئاگاداری یەکدی بن، ھەمان کەسی سمێڵ فش و دەموچاو پانیان دیاری کرد کە عەجاج تکریتییە. ئەوان دڵنیا بوون لەوەی کە ئەو کەسەی ناو وێنەکە عەجاج تکریتیە، ھەمان ئەو جەللادە دڵڕەقەی کە ئەشکەنجەی ئەنفالدیدەکانی داوە لە زیندانی نوگرە سەلمان.
وێنەی عەجاج تکریت
ژمارەی بینین:  369      بەروار:  16/07/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.