کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  یادی کیمیابارانی گوندی"زەردە"
یادی کیمیابارانی گوندی"زەردە"
بیستو نۆساڵ لە مەوپێش و لە  ڕۆژی ٣١ ی پوشپەڕی ساڵی ١٣٦٧ ھەتاوی و ھاوکات لە ڕۆژی ٢٢/٧/١٩٨٨ دا گوندی زەرەدەی  ڕێژاو لەناوچەی داڵاھۆی سەر بە شارستانی سەرپێڵ زەھاو، کەوتە بەر ھێرشی چەکی کیمیایی لەلایەن فرۆکەکانی ڕژێمی لەناوچوی بەعسەوە.
ئەم پەلامارە لە دواین ڕۆژەکانی کۆتایی ھاتنی جەنگی ئیراق ئیراندا ئەنجام درا،کە بوە ھۆی شەھید بونی زیاتر لە ٢٧٥ کەسی مەدەنیو بریندار بونی زیاتر لە  ١١٤٦ کەس، ھاوکات لەگەڵ ئەم ھێرشە کیمیایە پەلامارێکی تری یەکێک لەھێزە دژبەرەکانی  کۆماری ئیسلامی لە زەمیندا دەستی پێکرد بۆ ئەو ناوچەیە، لەژێڕ ناوی "مرێاد " ، بۆیە سەرلێشێواوی پەیدا بوو لە نێو خەڵکەدا  نەیان دەزانی کێ بۆمبارانی کردوون.
ئاشکرایە لێکەوتەکانی بە کار ھێنانی چەکی کیمیایی ھەتا چەندین ساڵ بەردەوامی دەبێت ، بەتایبەت  گازی خەردەل "موستارد" ، کە بۆ ماوەیەکی درێژ لەناو ژینگەو لەشی مرۆڤدا دەمێنێتەوە و کاریگەری خراپی تەندروستی دەبێت .
تا ئیستا و دوای بیستو نۆ ساڵ لە کیمیاباران کردنی زەردە  خەڵکی بەر کەوتووی ئەم ئاوایە بە دەس برین و لێکەوتەکانی  بۆمبارانکردنی گوندەکەیان بە چەکی کیمیایی دەنالێنن، دەوڵەتی ئیرانیش وەک پێوست چارەسەری بریندارەکانی نەکردوە  بۆ  چەندین نەخۆشی لەناویاندا بەبەردەوامی ھەیە  وەک (کۆکەو ھەناسە تەنگی و ھەوکردنی سیەکان ،  نەخۆشی چاو و کوێڕ بون ونەخۆشی ڕیخۆڵەوە و پێست ) ،دواین راپۆرت دەلێ کە " ٩٨ کەس تائیستا توشی شێرپەنجەی خوێن بوگن ، و ٢٠ کەس توشی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە بوگن، ٤٠ ژنیش سکیان لەبار چوە و مناڵەکانیان مردوون" .
ھەروەھا  لە ھەرێمی کوردستانیش تائیستا بەفەرمی ئەم یادە بەرز رانەگیراوە، ھۆکارەکانیش دیارن !!
ھەر لەم ڕۆژەدا  ھەردو گوندی " نساردیرە"  و "شامار دیرە" ی سەر بە گیلان غەرب کیمیاباران کران ، ژینگەی گوندەکان تێکو پێکدراو ژیانی تیدا وەستا و ھەزار کەس لە گوندی نسار دیرە شەھید بوون.
ھەروەھا  گوندی "شیخ سەلە" ی  سەلاسی باوەجانی و ، گوندی "دودان" ی سەر بە شاری پاوە ، و گوندی "باوەجانی"  سەر بە داڵاھۆ ش کیمیاباران کران.
لە سەروەختی جەنگی ئیراق -ئیراندا جەنگی مەدەنی و بۆمبارانی شارەکان پەرەی سەند، ئەمە لەکاتیکدایە ھەردو دەوڵەت دەزانن کە پێشێلی یاساکانی جەنگ و پەیماننامەی جنیڤ یان کردوە، کەنابێت خەڵکی مەدەنی و لاشەڕی ناو شارەکان لە کاتی جەنگدا بەئامانج بگیرێن، ھاوکات ڕژێمی ڕوخاوی بەعس چەکی کۆکوژی قەدەغەی دژی خەڵکی مەدەنی شارو گوندەکان  بەکار دەھێنا لەم جەنگەدا، لە دوای سەردەشتو ھەڵەبجە و سەدان گوندی تری کوردستان، ئەم گوندانەشی بۆردومان کرد.
گوندی زەردە ی ناوچەی ڕێژاو لە دالاھۆ بە ئاین یارسانن و بە زمانی کەڵھوری و ھەورامئ قسە دەکەن، و مەزارگەی باوایادگار لەو گوندەیەو  بە شوێنێکی پیرۆزی یارسانەکان دێتە ئەژمار.
لەم یادەدا سەری ڕیز بۆ شەھیدانی زەردەو گشت شارو گوندەکانی تری کوردستان دائەنەوێنین کەبە چەکی کیمیایی  گیانیان بەخت کرد..
دکتۆر ناجح گوڵپی....ھەڵسوراوی جینۆساید
٢٢/٧/٢٠١٧
ژمارەی بینین:  357      بەروار:  22/07/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.