کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  دادگای تۆکیۆ و جینۆسایدی هێرۆشیما و ناگاساکی

دادگای تۆکیۆ و جینۆسایدی هێرۆشیما و ناگاساکی
ئاوارە حسێن

دادگای سەربازیی نێودەوڵەتیی خۆرهەڵاتی دوور (تۆکیۆ)، لە (٢٩/٤/١٩٤٦) بەپێی ڕێککەوتنێک کە لەنێوان دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی جەنگی جیهانی دووەمدا بەسترا، دامەزرا. دادگا لە ماوەی نێوان (٤/٦/١٩٤٦ بۆ ١٢/١١/١٩٤٨) کارەکانی ڕاپەڕاندووە.
یاسای دادگاکە لە (١٧) ماددە پێکهاتووە، بارەگای سەرەکی دادگا دەکەوێتە شاری تۆکیۆ-ی پایتەختی ژاپۆن، و هەروەها زمانی کارکردنی دادگا لە زمانی ئینگلیزی و ژاپۆنی پێکدێت. ئامانجیش لە دامەزراندنی دادگاکە دادگايکردنی سەرکردەکانی ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن بوو.

دەسەڵاتی دادوەری دادگا 
لە ماددەی (٥)ی یاسای دادگاکەدا، ئاماژەی بەو تاوانانە کردووە کە لەچوارچێوەی دەسەڵاتە یاساییەکانیدان. ئەوانیش بریتین لە:
آ/ تاوانەکانی دژ بە ئاشتی یان دوژمنکاری: پیلان دانان، ئامادەکردنی، ڕاگەیاندنی جەنگی دوژمنکاری، پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و ڕێكکەوتننامەو پەیماننامەکان، یان بەشداریکردن لە پیلانگێڕییەکی گشتی بۆ ئەنجامدانی ئەم کردارانە.
ب/ تاوانەکانی جەنگ: پێشێلکردنی یاساو داب و نەریتەکانی جەنگ.
ج/ تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی: کوشتن، لەناوبردن، بەکۆیلەکردن، دورخستنەوە، هەر کردارێکی نامرۆیانە لەدژی دانیشتوانی سڤیل لەپێش یان کاتی جەنگدا، چەوساندنەوە لەسەر بنەمای سیاسی و نەژادی.

کەیسی جینۆسایدی هێرۆشیما و ناگاساکی
ئەمریکا بۆ ئەوەی بەخێرایی کۆتایی بەجەنگی جیهانی دووەم بهێنێت و تۆڵە لە ژاپۆن بکاتەوە، لە کاتژمێر (٠٨:١٥)ی بەیانی ڕۆژی (٦/٨/١٩٤٥) بۆمبێکی ئەتۆمی هەڵدایە ناو شاری هێرۆشیمای ژاپۆن و نزیکەی (١٤٠،٠٠٠) سەدو چل هەزاری کوشت کە زۆرینەیان سڤیل بوون. پاش ئەوەی ژاپۆن ئامادە نابێت خۆی بەدەستەوە بدات، لە کاتژمێر (١١:٠٢)ی بەیانی ڕۆژی (٩/٨/١٩٤٥) بۆمبێکی تری هەڵدایە ناو شاری ناگاساکی و لەو شارەشدا نزیکەی (٨٠،٠٠٠) هەزاری تر کوژران. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە ژاپۆن بەبێ مەرج لە (١٥/٨/١٩٤٥) خۆی بەدەستەوە بدات و لە (٢/٩/١٩٤٥) واژۆی خۆبەدەستەوەدانی بکات.
ئەو دوو هۆکارەی کە ئەمریکا سودی لێوەرگرت بۆ بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بەرامبەر بەو دوو شارەی ژاپۆن هیچ پاساوێکی یاسایی و ڕەواییەکی نەدەدا بە ئەمریکا. چونکە لەلایەکەوە بەکارهێنانی ئەو چەکانە لەیاسای نێودەوڵەتی تاوانکاریدا دەچێتە چوارچێوەی پێشێلکردنی یاسا و داب و نەریتەکانی جەنگ و تاوانی جەنگ پێکدەهێنێت. لەلایەکی ترەوە ئەمریکا وەک دەوڵەتێک لە(١٧/٦/١٩٢٥)هەمان ئەو ڕۆژەی کە پرۆتۆکۆڵی ژنێڤ پێکهات، واژوی پابەندبوونی خۆی پێوەکردبوو، وە یەکێک بوو لە دەوڵەتانی پێکهێنەری پرۆتۆکۆڵەکە. ئەو پرۆتۆکۆڵە بەکارهێنانی چەکە کیمیاویی و بایۆلۆژییەکانی لە ململانێ چەکدارییەکاندا قەدەغەکردووە.
هەربۆیە لە بری ئەوەی دادگایەک پێکبهێنرێت بۆ دادگایکردنی تاوانکارانی ئەو دوو شارە، یان دادگایەکی تاوانکاری نێودەوڵەتی بێلایەن دابمەزرێت بۆ دادگایکردنی هەموو پیلاندانەران، هەڵگیرسێنەران، ئەنجامدەران و تاوانکارانی جەنگی جیهانی دووەم. دەوڵەتانی هاوپەیمانان دادگای سەربازی نێودەوڵەتی خۆرهەڵاتی دوور (تۆکیۆ)یان دامەزراند لە خۆرهەڵاتی دووردا، کە ئەوەش فەرامۆشکردن و ستەمکردن بوو لە کەیسی هێرۆشیما و ناگاساکی.

ڕەخنەکان و خاڵە لاوازەکانی دادگا
دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی جەنگی جیهانی دووەم بۆ ئەوەی خۆ بپارێزن لە هەمان ڕەخنە کە لە دادگای سەربازیی نێودەوڵەتیی نۆرمبێرگ ڕوبەڕویان کرایەوە. لە پێکهێنانی دادگای تۆکیۆ-دا لە کۆی (١٢) دوانزە دادوەر چەند دادوەرێکیان دادوەری ئەو دەوڵەتانە بوون کە بێلایەن، یان بەشدار نەبوبوون لە جەنگی جیهانی دووەمدا. ئەوانیش (د. ڕادابیۆند پال) مامۆستای کۆلێژی یاسای زانکۆی کالکەتا و دادوەری دادگای باڵای هەرێمی کالکەتای هیندستان، هەروەها (دلفین جارانیلا) داواکاری گشتی و دادوەری هاوکار لە دادگای باڵای فلیپین بوون.
بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ئەوەی کە دادگاکە ببوردرێت لە ڕەخنەی یاساناسانی ڕاستەقینەی نێودەوڵەتی، هەربۆیە دیارترتین ئەو ڕەخنانەی کە ڕوبەڕوی دادگای سەربازیی نێودەوڵەتیی خۆرهەڵاتی دوور (تۆکیۆ) دەکرێتەوە بریتین لە:
* لە ئەستۆگرتنی خەرجی بەڕێوەبردنی کارەکانی دادگا و ستافی پێویست لەلایەن ئەمریکاوە، لەگەڵ بەجێگەیاندنی کارەکانی سەرۆکی داواکاری گشتی.
* نەبوونی هیچ دادوەرێک لە دەوڵەتە بەزیوەکانی جەنگی جیهانی دووەم لە دادگاکەدا.
* بواردن و دەرهێنانی داگیرکەرانی خۆرئاوا و ئەنجامدەرانی بۆمبە ئەتۆمییەکانی هێرۆشیما و ناگاساکی و سوتاندنی تۆکیۆ و یۆکۆهاما لە لیستی تاوانەکاندا، چونکە بەپێی ماددەی (٥)ی یاسای دادگاکە، ئەمریکا لەژاپۆن چوار جۆر تاوانی نێودەوڵەتی ئەنجامداوە، کەئەوانیش (جینۆساید، تاوانەکانی دژ بەئاشتی یان دوژمنکاری، تاوانەکانی جەنگ، تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتیی)ن. ئەوەش دەریدەخات کە دادگا وەک شمشێرێکی تۆڵە بووە لە ساختەچێتییەکی دادوەریدا.

یاسای دادگاکە ئاماژەی بۆ تاوانی جینۆساید نەکردووە، ئەویش لەبەر دوو هۆ، یەکەم لەو کاتەدا جینۆساید تاوانێک بوو لە تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی و سەربەخۆیی وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی وەرنەگرتبوو. وە دووەم جینۆساید تاوانێک بوو بەبێناو و نەبووبوو بە یاسا. 
لە ئێستادا (٧٢) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر جینۆسایدی هێرۆشیما و ناگاساکی-دا، نەک تۆمەتباران دادگایی نەکراون، بگرە لەسەر ئاستی دەوڵەتیش داوای لێبوردنێک نەکراوە و خەڵاتی ئەندامێتی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەمریکای تۆمەتبار بەخشراوە.

ژمارەی بینین:  208      بەروار:  06/08/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.