کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  چەند داتایەك لەبارەی ئێزدییەكانەوە بڵاودەكرێتەوە

بەهۆی هێرشی چەكدارانی داعش بۆسەر ئێزدییەكان، لە كۆی 500 هەزار كەس، زیاتر لە 360 هەزاریان ئاوارەبون و بەو هۆیەشەوە دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایك و باوك مانەوە.
لەكۆتایی ساڵی 2017دا بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان وەك دەزگای فەرمی كاروباری ئەو پێكهاتە ئایینیە ئامارەكانی قوربانیانی ئێزدییەكانی بڵاوكردەوە، كە بەهۆی هێرشی چەكدارانی داعشەوە لەساڵی 2014وە توشی هاتون.
لە ئامارەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، لە عیراقدا 500 هەزار ئێزدی بونیان هەبووە و بەهۆی هێرشی چەكدارانی داعشەوە 360 هەزاریان ئاوارەبون، لە یەكەم رۆژەكانی هێرشەكەشدا هەزار و 293 ئێزدی شەهید بون، لە ئاكامیشدا 407 منداڵ دایكیان و هەزار و 759 منداڵ باوكیان و 359 منداڵیش دایك و باوكیان لە دەستداوە. هەروەها 220 منداڵیش دایك و باوكیان هێشتا لەژێر دەستی چەكدارانی داعشدا ماون.
بەشێكی دیكەی ئامارەكە باسی ئەوە دەكات، بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە 68 گۆڕ و ناوەندی ئایینی ئێزدییەكان تێكدران و 66 گۆڕی بە كۆمەڵی ئێزدییەكانیش هێشتا لە شنگال هەڵنەدراونەتەوە، هەروەك تائێستا 100 هەزار ئێزدی زێدی خۆیان جێهێشتوە.
ئەو ئامارە فەرمییە ئەوەیشی رونكردۆتەوە، هێشتا 6 هەزار و 417 ئێزدی لە ریزی ونبواندان، كە سێ هەزار و 547یان مێینە و دوو هەزار و 870یان نێرینەن، جگەلەوەش سێ هەزار و 244 پێڕەوانی ئێزدی بە دیلی كەوتنە دەستی داعش كە هەزار و 146یان ئافرەت و 335یان پیاو و 920یان منداڵی كچ و 843یان منداڵی كوڕ بوون، سەرباری ئەوانەی لە دەستی داعش رزگاركراون هێشتا سێ هەزار و 173 دیلی ئێزدی لەلای داعش ماون، كە هەزار و 482یان مێینە و هەزار و 691 نێرینەی ئێزدییەكان ونن.

لە ماڵپەڕی نەواوە
ژمارەی بینین:  906      بەروار:  02/01/2018
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.