کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  هەڵوەشاندنەوەی دادگای یوگۆسلاڤیا و میراتی دادپەروەریی
هەڵوەشاندنەوەی دادگای یوگۆسلاڤیا و میراتی دادپەروەریی

ئاوارە حسێن

ڕۆژی (٢١/١٢/٢٠١٧) لە شاری لاهای هۆڵندا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوەشاندنەوەی دادگای یوگۆسلاڤیای ڕاگەیاند.
دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی یوگۆسلاڤیای پێشوو، بەگوێرەی بڕیاری ژمارە (٨٢٧)ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە (٢٥/٥/١٩٩٣)دا و لەژێر ڕوناکایی بەشی حەوتەمی دەستووری ڕیکخراوەکە، وەک یەکەمین دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی تایبەت لەپاش پێکهێنانی ڕێککەوتننامەی جینۆساید بۆ دادگایکردنی تۆمەتبارانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان دامەزرا. دادگاکە بە ستاندارد و دادوەری جیهانیی و بە بڕیارێکی نێودەوڵەتی، بەڵام بۆ جوگرافیایەکی تایبەت و بۆ ماوەیەکی کاتی پێکهات. دادگا پاش تەواوبوونی کارەکانی لە (٣١/١٢/٢٠١٧) بە فەرمی هەڵوەشایەوە.

یاسای دادگاکە لە (٣٤) ماددە پێکهاتووە و بارەگای دادگا لە شاری لاهای هۆڵەندایە. ئامانجی پێکهێنانی دادگاکە، بۆ دادگاییکردن و سزادانی تۆمەتبارانی جەنگەکانی هەرێمە وشکانیی و ئاسمانیی و ئاوییەکانی یوگۆسلاڤیای پێشوو بوو. ئەو تاوانانەش کە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادوەری دادگادا بوون بریتین بوون (پێشێلکارییە ترسناکەکانی ڕێککەوتننامەکانی ژنێڤی ساڵی (١٩٤٩) ماددەی دوو، پێشێلکارییەکانی یاسا و داب و نەریتەکانی جەنگ، ماددەی سێ، جینۆساید ماددەی چوار و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی ماددەی پێنج).

لەماوەی (٢٤) ساڵی لێکۆڵینەوە و دادگایکردندا، دادگا بە گوێگرتن لە (٤٦٥٠) شایەدحاڵ،  (١٦١) تۆمەتباری پەلکێشی دادگا کرد. لەو تۆمەتانەش لە قۆناغی دادگایکردندا ئاراستەیان دەکرا کوشتنی (١٣٠،٠٠٠) هەزار کەس، لە ناویاندا (٨٣٧٣) مسوڵمانی نێرینەی بۆسنیا و دەستدرێژی سێکسی بۆسەر نزیکەی (٥٠،٠٠٠) ژن و کچ کە زۆرینەیان مسوڵمان بوون. پاش دادگایکردنێکی وردو درێژ لەو رێژەیە (٩٠) تاوانکاریان تاوانەکەیان بەسەردا ساغ بویەوەو سزایی یاساییان بەسەردا سەپێندرا. لەناو ئەوانەشدا سلۆبۆدان میلۆسڤیک سێیەم سەرۆک کۆماری یوگۆسلاڤیای فیدراڵی کە پێش ئەوەی تاوانباربوونی یەکلایبکرێتەوە لە بەندینخانەدا مرد، ڕادۆڤان کاراجێک یەکەم سەرۆک کۆماری سڕبسکا بە چڵ ساڵ زیندانیکردن سزادرا، ژەنڕاڵ ڕادکۆ ملادێک بە زیندانیکردنی هەمیشەیی سزادرا، دواین تاوانباریش ژەنڕاڵ سلۆبۆدان پرالیاک بە بیست ساڵ زیندانیکردن سزادرا. لەگەڵ خوێندنەوەی سزاکەی لەلایەن دادوەرەوە دەستبەجێ لەناو دادگادا شوشەیەک ژەهری سیانیدی خواردەوە و وەک ئەکتەرێکی شانۆیی گیانی دەرچوو.

سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانی بەشداریکردنی ئاهەنگی کۆتایهاتنی کارەکانی دادگا و هەڵوەشاندنەوەیدا کە لە شاری لاهای بەڕێوەچوو لە بەشێکی وتارەکەیدا ڕایگەیاند؛
،، دادگا کە دەنگی بە قوربانییەکان بەخشی ئەمڕۆ بە یەکێک لە گرنگترین میراتەکانییەوە جێماندەهێڵێت، ئەم تۆمارانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەو مێژووەی ناتوانرێت بنوسرێتەوە لەلایەن جیهانەوە لەبیرناکرێت و دەنگی قوربانییەکانیش بەردەوام و بۆ چەندین دەیە دەنگ دەداتەوە. ڕەگی بەرپرسیارێتی لە ویژدانی گشتیماندایە و ئێمە لە داهاتوودا بە تەنها بۆ پاراستن ناجەنگین، بەڵکو بۆ هەقیقەت و ئاشتبوونەوەش. ئازاری جینۆسایدی سریبرینیکا بەردەوامە و گەشتووەتە ویژدانی جیهان، بۆیە پێویستە کۆمەڵگاکانی یوگۆسلاڤیای پێشوو ڕاسپاردەکانی دادگا بنیادبنێن و هەوڵەکانیان قوڵبکەنەوە بەرەو متمانەو ئاشتبوونەوەیی تەواو و داهاتوویەکی هاوبەش و باشتر،،

لەکاتێکدا دادگا پاش گەیاندنی پەیامی یاسایی هەقیقی وەک دەنگی قوربانییەکان و ویژدانی گشتی مرۆیی و یاسایی بە میراتیکی دادپەوەری و ئاشتبوونەوەوە هەڵدەوەشێتەوە. کورد و تامیل و ڕاخینییەکان وەک نەتەوە و گروپێکی ئەشکەنجەدراو جینۆسایدکراو، تینو و عەوداڵن بۆ گەیاندنی تۆمەتبارانی جینۆسایدەکانیان بۆ بەردەم دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی هەمیشەیی، یان پێکهێنانی دادگایەکی تاوانکاری نێودەوڵەتی تایبەت، هاوشێوەی دادگای یوگۆسلاڤیای پێشوو.

 لە کۆتایی کارەکانی دادگای یوگۆسلاڤیاو هەڵوەشاندنەوەیدا بەچاوی ڕێز و شکۆیی یاساییەوە لە کارە گەوهەرییەکانی دەڕوانین. لەهەمانکاتیشدا ناتوانین هەست بەو نادادییە نەکەین کە تاکە دادگا تاوانکارییە نێودەوڵەتییە هەمیشەییەکە بەهۆی مەرجەکانییەوە دادگای دەنگ و گێڕەرەوەی مافی هەموو نەتەوە و گروپەکان نییە. گۆتێرێسیش پاش یەک ساڵی تەواو لە دەست بەکاربوونی لە پۆستی سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئازاری جینۆسایدی مرۆڤایەتی نەگەشتووەتە ویژدانی و پێگە یاساییەکەی بۆ ئاشتبوونەوە و هەقیقەت و ئایندەیەکی هاوبەش بەکارنەهێناوە.

ژمارەی بینین:  624      بەروار:  08/01/2018
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.