کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  نوسینگه‌ی سه‌رۆکی سویسرا له‌سه‌ر په‌لاماری تورکیا بۆ عه‌فرین وەڵامی چالاکوانێکی کورد ده‌داته‌وه ‌
نوسینگه‌ی سه‌رۆکی سویسرا له‌سه‌ر په‌لاماری تورکیا بۆ عه‌فرین وەڵامی چالاکوانێکی کورد ده‌داته‌وه ‌ 


چالاکوانێكی کورد له‌سه‌ر په‌‌لاماره‌کانی تورکیا بۆ سەر شاری عه‌فرین نامەیەک ئاڕاستەی سه‌‌رۆکی سویسرا (ئالاین بێرسێت) دەکات، وته‌بێژی رۆژنامه‌وانی سه‌رۆکایه‌تی سویسرا بەفەرمی وەڵامی دەداتەوەو دەڵێط “دەوڵەتی سویسرا کار بۆ پابه‌ندبوون به‌ مافی گه‌لان و وه‌ پاراستنی دانیشتوانی سیفیل وه‌ مافه‌کانی مرۆڤ ده‌کات”.


ئاوێنە: دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر هیوا ناسیح وه‌ک هاووڵاتییه‌کی کورد و سویسرا و چالاکوانێکی مافی مرۆڤ نامه‌یه‌ک له‌سه‌ر په‌‌لاماره‌کانی تورکیا بۆ شاری عه‌فرین ئاڕاستەی سه‌‌رۆکی سویسرا (ئالاین بێرسێت) دەکات، تێیدا داوای هه‌ڵوێستی فه‌رمی وڵاتی سویسرای کردوه‌ له‌سه‌ر هێرشه‌که، هه‌روه‌ها داوای له‌ ناوبراو کردوه‌، که‌ چی له‌ توانایاندایه‌ ئه‌نجامی بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی عه‌فرین، که‌ وه‌ک دورگه‌یه‌‌کی ئاشتی و ئارامه له‌ نێو شه‌ڕوکوشتاری سوریادا، وێران نه‌کرێت و خه‌ڵکه‌که‌ی کۆمه‌ڵکوژ نه‌کرێت، هه‌ولیش بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد به‌ رێگای سیاسی چاره‌سه‌ر بکرێت، گه‌لی کوردیش مافه‌کانی بپارێزرێت.

 رۆژی ٢٦ / ٢ به‌ فه‌رمی له‌ لایه‌ن وته‌بێژی رۆژنامه‌وانی سه‌رۆکایه‌تی سویسرا، به‌ نوێنه‌ریی ئاوبراو وڵامی نامه‌که‌یان داوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌قی وڵامه‌‌که‌‌یه‌:

به‌رێز کاک ناسیح

بۆ ئه‌ونامه‌یه‌ی به‌ ناونیشانی (تکایه‌ هه‌وڵ بده‌ن هه‌ر ئێستا هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر عه‌فرین راگرن!) بۆ سه‌رۆکی کۆنفیدراڵی سویسرا به‌رێز )بێرسیت)تان ناردبوو، سوپاستان ده‌که‌م. من له‌ نوێنه‌رێتیی سه‌رۆکایه‌تیی کۆنفیدراڵییه‌وه‌  وڵامتان ده‌ده‌مه‌وه‌.

وڵاتی سویسرا له‌سه‌ره‌تای په‌لاماری سه‌ربازیی تورکیاوه‌ بۆ سوریا زۆرجار و به‌ سوربوونه‌وه‌ ناڕه‌زایی و دڵه‌ڕاوکێی خۆی دژ به‌ ئه‌و په‌‌ره‌سه‌ندنه‌ نوێیانه‌ به‌ ده‌سته‌ڵاتدارانی تورکیا گه‌یاندوه. له‌و جارانه‌دا جه‌خت له‌وه‌ کراوه‌ته‌وه‌، که‌ وڵاتی سویسرا له‌ ململانێکه‌دا هه‌میشه‌ کار بۆ چاره‌سه‌رێکی سیاسییانه‌ ده‌کات، وه‌ داوای ئه‌وه‌مان کردوه‌، که‌ به‌ مافه‌کانی گه‌ل و  مرۆڤه‌وه‌‌ پابه‌ند بن وه‌ هاوڵاتیانی سیڤیل بپارێزن.

من ده‌توانم ئێوه دڵنیا بکه‌مه‌وه‌، که‌ سویسرا بۆ له‌مه‌ودواش ره‌وشه‌که‌ له‌ سوریا و له‌ تورکیا به‌ وردی چاودێری ده‌کات، ‌ له‌ داهاتوشدا کار بۆ پابه‌ندبوون به‌ مافی گه‌لان و وه‌ پاراستنی دانیشتوانی سیفیل وه‌ مافه‌کانی مرۆڤ ده‌کات.

له‌ گه‌ڵ سڵاو و رێزدا

مارکوس بینده‌ر   
وته‌بێژی رۆژنامه‌وانی سه‌رۆکی کۆنفیدراڵی سویسرا

 

ده‌قی وڵامه‌که‌ به‌ زمانی ئه‌ڵمانی:

 

Sehr geehrter Herr Naseh

 

Für Ihre Email und den offenen Brief mit dem Titel „Bitte versuchen Sie den sofortigen Stopp der Angriff der Türkei!“ an Herrn Bundespräsident Berset bedanke ich mich. Ich antworte Ihnen im Auftrag des Bundespräsidenten.

Seit Beginn der Militäroperation der Türkei in Syrien hat die Schweiz gegenüber den türkischen Behörden mehrfach und nachdrücklich ihre Besorgnis über die jüngsten Entwicklungen ausgedrückt. Dabei wurde jeweils betont, dass sich die Schweiz in Konfliktsituationen stets für eine politische Lösung einsetzt, und dazu aufgerufen, das humanitäre Völkerrecht einzuhalten und die Zivilbevölkerung zu schützen.

Ich kann Ihnen versichern, dass die Schweiz die Situation in Syrien und in der Türkei weiterhin genau beobachten und sich auch in Zukunft für die Einhaltung des Völkerrechts, den Schutz der Zivilbevölkerung sowie die Menschenrechte einsetzen wird.

 

Mit freundlichen Grüssen

 

Markus Binder

 

 

Markus Binder

Pressesprecher

ده‌قی نامه‌که‌ به‌ زمانی کوردی:

 

نامه‌یه‌کی کراوه‌ بۆ سه‌رۆکی کۆنفیدراڵی سویسرا

بۆ/ سه‌رۆکی کۆنیفدراڵی سویسرا به‌رێز (بێرسیت)

تکایه‌ هه‌وڵ بده‌ن هه‌رچی زووتره‌ هێرشی تورکیا رابگرن!

وه‌ک به‌رێزتان ئاگادارن که‌وا زیاتر له‌ سێ هه‌فته‌یه‌ سوپای تورکیا په‌لاماری کانتۆنی کوردیی عه‌فرینی له‌ باکوری سوریادا داوه‌. ئه‌م هێرشه‌، له‌ هه‌موو زیاتر بۆمبابارانی فرۆکه‌جه‌نگییه‌کانی، به‌ پێی رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و سه‌رچاوه‌ی بێلایه‌نی تر، تا ئێستا بۆته‌ هۆی گیان له‌ ده‌ستدانی زیاتر له‌ ١٥٢ که‌سانی سیڤیل، له‌ نێو ئه‌مانه‌دا ٣٥مناڵ و خوار هه‌ژده‌ ساڵیان تێدایه‌. ده‌یان خوێندنگه‌، نه‌خۆشخانه‌ و شوێنه‌واری دێرین له‌گه‌ڵ زه‌ویدا ته‌خت بوونه‌.

له‌ ناوچه‌ی عه‌فریندا نزیکه‌ دوو میلیۆن دانیشتوان هه‌یه‌. له‌وێوه‌ هه‌رگیز هیچ هه‌ڕه‌شه‌‌یه‌ک بۆ سه‌ر تورکیا دروست نه‌کراوه‌. تا ئێستا ناوچه‌ی عه‌فرین له‌ جه‌نگ دوور بووه‌ و بۆته‌ په‌ناگه‌ی سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ له‌ ناوخۆی سوریادا.
پێشتریش ناوچه‌ی خۆبه‌رێوه‌به‌ری کانتۆنی عه‌فرین جێگای نیومیلیۆن راکردوان له‌ جه‌نگی سوریای له‌خۆگرتبوو. ئه‌نجامی هێرشی تورکیا ده‌شی ببێته‌ کۆمه‌ڵکوژییه‌کی دانیشتوانه‌که‌ی، هه‌روه‌ها شه‌پۆلێکی هه‌ڵاتن و ده‌ربه‌ده‌ربوون.. ماوه‌یه‌کی زۆره‌ عه‌فرین به‌هۆی گه‌مارۆی تورکیاوه‌ ده‌رگیربووه‌، که‌ وا شورایه‌کی به‌ درێژی سنوری کانتۆنه‌‌که‌ لێداوه‌. هه‌ر ماوه ‌نا مه‌وه‌یه‌ک له‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سته‌لاتی تورکیاوه‌ له‌ لایه‌ن سوپای تورکیا و میلیشیاکانی هاوپه‌یمانی قاعیده‌یه‌وه‌ بۆمبابارانی عه‌فرینی سوریا کراوه‌.

ژنان و پیاوانی خۆبه‌رێوه‌به‌ری کوردیی بوونه‌ته‌ له‌‌مپه‌رێکی به‌هێز به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش). ئه‌وان ئه‌و که‌سانه‌ن که‌ به‌سه‌ر تێرۆریستاندا له‌ کوبانی سه‌رکه‌وتن وه‌ شاری ڕه‌قه‌ی سوریای پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی ئیسلامییان رزگارکرد، بۆیه‌ شایانی ئه‌وه‌ن له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ پاداشت بکرێن و هاوکاری بکرێن.

من وه‌ک هاوڵاتییه‌کی سویسری، کوردیک و رۆژنامه‌نوس و چالاکوانێکی مافه‌کانی مرۆڤ، که‌وا زیاتر له‌ هه‌ژده‌ ساڵه‌ له‌م وڵاته‌ ده‌ژیم، تکاتان لێ ده‌که‌م، هه‌رچییه‌کتان له‌ ده‌ست دێت ئه‌نجامی بده‌ن، تاوه‌کو ئه‌و هێرشانه‌ تا زووتره‌ بوه‌ستێنرێت. مه‌سه‌له‌که‌ په‌یوه‌ندی به‌ شه‌رێکی دژ به‌ مافی گه‌لانه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌وا تورکیا و هێزه‌ تیرۆریسته‌ ئیسلامییه‌کانی له ژێر ئاڵای (سوپای سوریای ئازاد)دا ده‌یکه‌ن. گه‌ر تورکیا ناوچه‌ی عه‌فرین داگیربکات، ئه‌وکات هه‌ڕه‌شه‌ی جه‌نگی خوێناویتر و پێشێلکاری زیاتری مافه‌کانی مرۆڤ له‌ ئارادایه‌. له‌ کاتی ده‌سبه‌سه‌راگرتنی ئه‌وێدا، نیگه‌رانی و ترسم هه‌یه‌ که‌ دانیشتوانه‌که‌ی له‌لایه‌ن سوپای تورکیاو و میلیشیا ئیسلامییه‌کانی هاوپه‌یمانییه‌وه‌‌ کۆمه‌ڵکوژی بکرێن، ئه‌مه‌ش ده‌ربه‌ده‌رکردن و هه‌ڵاتنی خه‌ڵکێکی زۆرتری به‌دوادا دێت.

تکایه‌ رێگیری بکه‌ن له‌وه‌ی که سوپای تورکیا، ئه‌و دوورگه‌ ئارام و ئاشتییه‌ له‌ نێو سوریادا تێکبدات وه‌ جینۆسایدی خه‌ڵکه‌که‌ی بکات!

ئێستا ئیتر ته‌واو کاتییه‌تی، که‌ سویسراش وه‌ک لێپرسراوێتییه‌کی ئه‌خلاقی، قسه‌ی خۆی بکات.

ئایا ده‌توانم به‌رێزه‌وه‌ لێتان چاوه‌ڕوانی پشتیوانی و هاوکاری بکه‌م؟

 

له‌ گه‌ڵ رێز و سڵاودا

 

هیوا ناسیح

١٢/٢/٢٠١٨
ژمارەی بینین:  777      بەروار:  28/02/2018
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.