کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
   لەیادی سی ساڵەی ئەنفالدا " ئەنفالی کورد بەردەوامە "
 لەیادی سی ساڵەی ئەفالدا  " ئەنفالی کورد بەردەوامە "
سی ساڵە یادی زنجیرە تاوانەکانی جینۆساید دەکەینەوە کە دەرهەق بە گەلی کورد کراون ، لەوانە  ئەنفال کە گیانی 182 هەزار خەڵکی بێتاوانی تێدا بێسەروشوێن کراو هەزاران گوندو مەزرا ویران و کوێر کرانەوە  ئیستاشی لەسەر بێت چارەنوسی ئەنفالکراوانی کورد نادیارە  هیٛشتا ڕوفاتەکانیان میوانی بیابانەکانی عیراقن .
 پاش ناساندنی تاوانی ئەنفال بە جینۆساید لە دادگای باڵای تاوانەکانی بەغدا دەبو ئەم کەیسەو  ئەوانی تریش بکرانایە بە  چەکی سەرەکی بۆ بەرگری لەخۆو چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد ، بەڵام بەداخەوە دەسەڵات بەدەستانی ئەم هەرێمە  خۆیان بوارد لەم بەرپرسیارەتیەو  خەمی سەرەکیان بوە پاراستنی تاوانبارانی ئەنفال بە بیانوی یەکڕیزی ماڵی کورد کە تا ئیستاش بوە بە دروشمی درۆزنانەیان .
ئەمەش کوشندە ترین هەڵەبو کە دەسەڵاتی کوردی ئەنجامی دا سەرەڕای نا ڕازی بونی کەسوکاری ئەنفالکراوانو ڕێکخروەکانی بواری جینۆساید ، بەڵام گوێیان نەدا ، سەلامەتی تاوانبارانیان لا مەبەست بو تا دڵدانەوەو قەرەبوی مەعنەوی کەسوکاری جینۆسایدکراوان ، ئەم کردە نامرۆڤانەیە و دژە یاساو دژە دیموکراتیەی دەسەڵاتی کوردی ، ڕێگا خۆشکەر بوو تا چەند جاریکی تر ئەنفال و جینۆسایدی کورد بکرێتەوە و بەردەوام بێ .
جینۆسایدی ئێزیدیەکانی شەنگالو لەلایەن  دەوڵەتی نئیسلامی داعش وە پاشان هێرش بۆ سەرکۆبانی و وێرانکردنی ، ئیستاش لەلایەن  دایەگەورەیانەوە دەوڵەتی ئاکەپە لەتورکیا بە ئاشکرا دوژمنکاریو کۆمەڵکوژی خەڵکی عەفرینی دەکات  ، لێرەدا مێژوو دوبارە دەبێتەوە هەڵگرانی هەمان بیرو باوەڕ پێش سی ساڵ گەرمیانیان ئەنفال کرد ، دواتر شەنگالو کۆبانی ئیستاش عەفرین..
بۆیە دەڵێین پێش سی ساڵ  ئەنفالی کوردان تا ڕادەیەک دوور لە میدیاکانەوە دەکرا ، بەڵام ئیستا بەئاشکرا بە بەرچاوی کامێراو سەتەلایتو مانگە دەسکردەکانی جیهانی بێ مۆراڵەوە دەکرێت و  بەهەمان شێوە نقەیان لە خۆیان بڕیوە تەنها لەبەر بەرژەوەندی تەسکی خۆیان و لەبەرچاوگرتنی ململانێی زلهێزەکانی جیهان ، جینۆسایدی کورد لەماڵو وڵاتی خۆی بەردەوامی هەیە .
ئێمە لە چاودێری کوردۆساید-چاک زۆرمان وتو ڕەخنەمان لە ئەدای حکومەتی هەرێم گرت بەرامبەر بەکەیسی جینۆساید بەگشتی ، بۆیە هەمدیسان دەڵێین دەبێت تاوانبارانی ئەفالو کەیسەکانی تری جینۆساید  بدرێنە دادگا ، و ڕوفاتی  ئەنفالکراوان بهێنرێنەوە زێدی خۆیان ، قەرەبوی مادیو مەعنەوی کەسوکاری ئەنفالکراوان بکرێتەوە ، هاوکات حکومەتی عیراق دەبێت داوای لێبوردن بکات لەگەلی کورد .
         چاودێری کوردۆساید- چاک
           14/4/2018
ژمارەی بینین:  1226      بەروار:  
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.