کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  به‌ توندی ئازادکردنی سوڵتان هاشمی گه‌وره‌تاوانباری ئه‌نفال شه‌رمه‌زار‌ ده‌که‌ین
به‌ توندی ئازادکردنی سوڵتان هاشمی گه‌وره‌تاوانباری ئه‌نفال شه‌رمه‌زار‌ ده‌که‌ین


وه‌ک له‌ رێگه‌ی ده‌زگاکانی راگه‌یاندنه‌وه‌ گوێبیستی بووین، که‌ به‌داخه‌وه‌ سوڵتان هاشم ئه‌حمه‌د ، وه‌زیری به‌رگریی رژێمی سه‌ددام و یه‌ک له‌ گه‌وره‌ تاوانباره‌کانی ئه‌نفال له‌ سه‌ر داوای سه‌لیم جه‌بوریی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق له‌‌م رۆژانه‌دا ئازاد کرا.

ئازادکردنی ناوبراو که‌ یه‌کێکه‌ له‌ تاوانباره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی تاوانه‌کانی ئه‌نفال دژی هه‌موو بنه‌ماکانی یاسا و رێساکانی سزادانی تاوانباران هه‌روه‌ها مافه‌کانی مرۆڤ و پره‌نسیپه‌ گشتییه‌کانی ئاشتی و پێکه‌وه‌ژیان و دادوه‌ریی و قه‌زاییه‌.
سوڵتان هاشم که‌ پێشتر له‌ لایه‌ن دادگای باڵای تایبه‌ت به‌ تاوانه‌کانی سه‌رانی رژێمی به‌عس له‌ به‌غدا بڕیاریی له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌رکرابوو، ده‌بوو گه‌ر بڕیاری دادگاش جێبه‌جێ نەکرا، لای که‌می تا ژیانی ماوه‌ ته‌مه‌نی خۆی له زینداندا به‌سه‌ر ببردایه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وادیاره‌ دادوه‌ریی و مافه‌کانی مرۆڤ ئه‌مجاره‌ش وه‌ک زۆر جارانی تر کراوه‌ته‌ قوربانیی پاراستنی هاوکێشه‌ هه‌رێمی و ناوخۆییه‌کانی عێراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر. ئه‌م کاره‌ هه‌نگاوێکی هه‌ڵه‌ و ترسناکه‌ به‌ ئاراسته‌ی تاوانکاریی و پاراستنی تاوانباران و ئازادکردنییان له‌ ده‌ست داد و سزا.

ئه‌م رووداوه‌ چاوه‌رێنه‌کراوه‌، که‌ به‌ بێده‌نگی له‌ نێو ناوه‌نده رێکخراوه‌یییه‌ جه‌ماوه‌‌رییه‌کانی کوردی و عێراقیدا تێپه‌ڕی، ده‌بوو له‌ باشوری کوردستاندا هه‌ڵوێستی ئاشکرا و به‌ ده‌نگی به‌رز ده‌رببڕدرایه‌ و دژی بوه‌ستنایه‌‌ته‌وه‌. ئه‌م بێده‌نگییه‌ش مایه‌ی شه‌رمه‌زاریی و له‌سه‌ر وه‌ستانه‌.

ئێمه وه‌ک رێکخراوی چاودێری کوردۆساید - چاک له‌ کاتێکدا هه‌ڵوێستی  سه‌لیم جه‌بوریی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌ توندی شه‌رمه ‌زار ده‌که‌ین، هاوکات ره‌خنه‌ له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کورستان و په‌رله‌مانی کوردستان و حزبه‌کانی باشور ده‌گرین، که‌ به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن و تای ده‌نگ کۆکردنه‌وه‌ و هه‌ڵمه‌‌تی شه‌ڕه‌په‌ڕۆ، نه‌یانپه‌رژایه‌ سه‌ر ئه‌‌م کاره‌ ترسناکه‌ و هیچ ناڕه‌زاییه‌کیان وه‌ک پێویست به‌رامبه‌ر ئه‌م کاره‌ ده‌رنه‌بڕیت.

هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نین، که‌ ئازادکردنی ئه‌و تاوانباره‌ سزا به‌سه‌ردا سه‌پێنراوانه‌، سوکایه‌تییه‌ به‌ خوێن و فرمێس و خه‌باتی گه‌لی کورد و هه‌روه‌ها بێرێزی و به‌که‌مگرتنی یاسا و داد و پره‌نسپه‌ نێوده‌وڵه‌تیی و به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌کانه‌. بۆیه‌ ده‌بوو سه‌رۆکی په‌رله‌مان، که سه‌رۆکایه‌تی گه‌وره‌ترین ده‌زگای یاسادانان ده‌کات له‌ عێراقدا و نوێنه‌رایه‌تی راسته‌وخۆی گه‌لانی عێراق ده‌کات، بیر له‌ ده‌رئه‌نجامه‌ یاسایی و ده‌رونی و مه‌عنه‌وییه‌کانی کاره‌که‌ بکاته‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ی هه‌نگاوێکی وا بنێت.

به‌ هیواین دوا تاوانکاره‌کانی ئه‌نفال و کیمیاباران کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی تری کوردستان و عێراق به‌ سزای خۆیان بگه‌ن و ئه‌وانه‌ش که هێشتا دادگایی نه‌کراون راکێشرێنه‌ پای دادگا بۆ وه‌رگرتنی سزای خۆیان. تا ببنه‌ په‌ند بۆ ئه‌و سه‌رۆک و لێپرسراوانه‌ی ئێستا و داهاتوو له عێراقدا...


چاودێری کوردۆساید / چاک

١٢.٠٥.٢٠١٨
ژمارەی بینین:  833      بەروار:  14/05/2018
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.