کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  کۆتایی یاساپارێزیی
کۆتایی یاساپارێزیی
ئاوارە حسێن

ئەمڕۆ یەکی تەموز، شانزە ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەستپێکردنی کارەکانی و بە فەرمی لەدایک بوونی یەکەمین دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی ھەمیشەییدا. دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی ھەمیشەیی دوای ھەوڵێکی یاسایی درێژ و لە سێیەم و کۆتا ڕۆژی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە (١٧/٧/١٩٩٨) لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بە دەنگی بەڵێی (١٢٠) دەوڵەت دامەزرا و لە (١/٧/٢٠٠٢) دوای ئەوەی شەست دەوڵەت یاسای دادگاکەیان پەسەندکرد، دادگا ڕۆشتە بواری جێبەجێکردنەوە و کارەکانی دەستیپێکرد.
بارەگای سەرەکی دادگا دەکەوێتە شاری لاھای ھۆڵنداوە، (١٢٣) دەوڵەت ئەندامی دادگان، یاسای دادگا لە (١٢٨) ماددە پێکھاتووە و ھەژدە دادوەریی ھەیە. ،،چیلی ئیبۆ،، دادوەر و ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتیدا سەرۆکی ئێستای دادگایە و ،،فاتۆ بنسۆدا،، دادوەر و ھەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە یاسادا سەرۆکی دەزگای داواکاری گشتی دادگایە.

بە دەستگیرکردنی چەندین سەرۆکی  دەوڵەت و پەلکێشکردنیان بۆ ناو ھۆڵەکانی دادگایکردن، دادگا ئەوەی سەلماند کە مرۆڤ نابێت بە خواوەند و ھەمووان لەبەرامبەر یاسادا یەکسانن، تاوانکار سزای تاوانەکەی وەردەگرێت و قوربانیش قەرەبووی ئازارەکانی دەکرێتەوە.

لە تەنیشت دەستکەوتە بەھادارەکانی ترییەوە یەکێک لەو دەستکەوتانەی کە لەدادگاکانی تردا نەبووە، بریتییە لە دامەزراندنی سندوقی دڵنییایی قوربانیان. ئەویش بەگوێرەی ماددەی (٧٩)ی یاسای دادگاکە کە ئەگەر ھاتوو تاوانکار لەکاتی سزادانیدا پارەی نەبوو قەرەبووی قوربانیان بکاتەوە، ئەوا دادگا لە سندوقی دڵنیایی قەرەبووی قوربانییەکان دەکاتەوە.

وەک بنچینە دادگا لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەدا دەکات کە لەناو ھەرێمە ئاویی و ئاسمانی و وشکانییەکانی دەوڵەتانی ئەندامدا ئەنجامدەدرێن، یان لەناو کەشتی و فڕۆکەی دەوڵەتێکی ئەندامدا ئەنجامدەدرێن، یان ھاووڵاتیانی دەوڵەتێکی ئەندام تاوانەکەیان ئەنجامدابێت جا لەھەرکوێیەک بێت. بەڵام ئەگەر ھاتوو لە ناو دەوڵەتێکدا تاوانی جینۆساید یان یەکێک لە تاوانە نێودەوڵەتییەکانی تر ئەنجامدران و دەوڵەتەکە ئەندامی دادگا نەبوو. ئەوا بەگوێرەی بڕگەی سێیەمی ماددەی (١٢)ی یاسای دادگاکە یان دەبێت ئەو دەوڵەتەی تاوانەکەی تێدا ئەنجامدراوە پەسەندی دەسەڵاتەکانی دادگا بکات، وەک کۆتیدڤوار و ئۆکرانیا. یان دەبێت ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەگوێرەی بڕگەی دووەمی ماددەی (١٣)ی یاسای دادگاکە دەسەڵات بداتە  دادگا بۆ لێکۆڵینەوە کردن وەکو سودان و لیبیا.
ئێمە چی لەو کۆبونەوەیەی لەگەڵ دادوەر فاتۆ بنسۆدا سەرۆکی دەزگای داواکاری گشتی دادگا لە (١٧/١١/٢٠١٦) و چی لەو پەیوەندییە تایبەتە یاساییانەی کە لەگەڵ سەرۆکی کاروباری گشتی دادگا دروستمانکردووە، جەختمان لەوە کردووەتەوە و لەوە دەکەینەوە کە دادگا پێویستە یاساکەی ھەمواربکات و بتوانێت لیکۆڵینەوە لەو تاوانانەدا بکات گەر ھاتوو لە دەوڵەتێکی نائەندامیشدا ئەنجامدرابێت. ھەموارکردنی یاسای دادگاکە بۆ ئێمەی کورد پێویستییەکی یاسایی گرنگە. چونکە لەلایەکەوە کورد دەوڵەتی نییە و دەسەڵاتی تۆمارکردنی سکاڵای  نییە لە دادگاکەدا، لەلایەکی ترەوە ئەو چوار دەوڵەتەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە ئەندامی دادگا نین، بەوەش دادگا بە راستەوخۆیی دەسەڵاتی یاسایی لێکۆڵینەوەکردنی تاوانی جینۆسایدی ئەو چوار دەوڵەتەی دژ بە کوردی نییە.

تا ئیستا بیست و شەش کەیس لەدادگادا لێکۆڵینەوە و دادگایی تێداکراوەو لەو ڕێژەیەش بڕیاری کۆتایی لەبارەی شەش کەیسییانەوە دەرچووە و ھەشت تاوانکار سزادراون و دوو تۆمەتباریش ئازادکراون.
یەکێک لەو دروشم و پرەنسیپانەی کە دادگا لەپێناویدا دامەزراوە و لە تێکۆشانێکی یاسایی جیھانیدایە بۆی، بریتییە لە کۆتایھێنان بە یاساپارێزیی (حێانە)، بەتایبەتی بۆ ھەموو ئەوانەی ئەنجامدەری ئەو تاوانانەن کە لە ماددەی (٥)ی یاسای دادگاکەدا ئاماژەیان بۆ کراوە (جینۆساید، دژ بە مرۆڤایەتی، جەنگ، و دوژمنکاری).
،،کۆتایھاتنی یاساپارێزی،، واتە دادگاییکردن و لەسزا ڕزگارنەبوونی تاوانکارانی تاوانە نێودەوڵەتییەکانی ژێر دەسەڵاتە یاساییەکانی دادگا. دادگا بانگھێشتی ھەموو دەوڵەتانی دنیا دەکات بۆ ئەوەی ببن بە ئەندامی دادگا و بە بەردەوامیی بجەنگن بۆ کۆتایھێنانی یاساپارێزی و ھەماھەنگیکردن لە ڕێگری ئەنجامدانەوەی تاوانە نێودەوڵەتیەکان لە جیھاندا. جەختکردنەوەی دادگا لە کۆتایھێنان بە یاساپارێزی بە ڕاستەوخۆیی گەیاندنی ئەو پەیامەیە بەسەرۆکە تاوانکارەکانی ئەو دەوڵەتانەی کە لە یاسای نیشتمانی دەوڵەتەکانیاندا مافی یاساپارێزییان بەخۆیان بەخشییوە و دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەکانیان بێ ڕۆڵ و بەھا کردووە.
کەواتە بەھۆی نەبوونی ھاوکاریی و تەسلیمنەکردنەوەی تۆمەتباران بە دادگا بۆ دادگایکردنێکی دادپەروەرانەو گشتی، دەتوانین بڵێین دادگا سەرکەوتوو نەبووە لە کۆتایھێنانی تاوان و سزادانی ھەموو تاوانکاران، بەڵام شکستیشی نەھێناوە. چونکە بۆ ھەموو مرۆڤایەتی و بۆ ھەتاھەتایە دامەزراوە، نەک بۆ تاوانکارانی دەوڵەتێک و بۆ ماوەیەکی کاتی.
ژمارەی بینین:  110      بەروار:  02/07/2018
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.