کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  کۆمەڵکوژی ھەولێر ١٩ ساڵە چاوەڕوانی ئاشکراکردنە(١)

کۆمەڵکوژی ھەولێر ١٩ ساڵە چاوەڕوانی ئاشکراکردنە(١)
ت/ ژنھا
سلێمانی- کۆمەڵکوژی ١٦ی گوڵانی ھەولێر ئەو تاوانەیە کە لەلایەن ھێزێکی چەکداری سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ئەنجامدرا و تا ئێستا ئەو تاوانە ڕۆن نەبۆتەوە. ئەو کۆمەڵکوژیە دوای نیوەرۆی رۆژی ١٦/٥/١٩٩٧ لەسەر رۆژنامەی وڵات و شمس الوگن – مەڵبەندی رۆشنبیری میزۆپۆتامیا – نەخۆشخانەی مانگی سووری کوردستان – یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK – یەکێتی ئازادی ژنانی کوردستان YAJK – یەکێتی خوێندەڤانان و لاوانی وڵاتپارێزی کوردستانYXLWK ئەنجامدرا، کە زیاتر لە ٨٣ کەس کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران.
١٩ ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژیە تێپەر دەبێت و تائێستا سەرجەم قوربانیان چارەنوسیان نادیارە و تاوەکو ئێستاش پارتی دیموکراتی کوردستان ھیچ کاتێک باسی ئەو تاوانەی خۆی نەکردووە کە دەرھەق بە گەلی کورد کردویەتی. نەک تەنھا ئەو کۆمەڵکوژیەی رۆژی ١٦ / ٥ /١٩٩٧ بەڵکو سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەرێی بێ سەروشوێنکردن و رفاندن کە زیاتر لە ١٠٠ کەسن تائێستا ئامادەنیە لەسەر ئەو کەسانە ھیچ لێدوانێک ھیچ زانیاریەک بخاتەروو. کەچی لەبەرامبەر ئەوەدا کەسوکاری سەرجەم رفێنراوان و بێ سەروشوێنکراوان ھەموو رۆژێک بە ئاھی ھاتنەوەی ڕۆڵەکانیان دەگوزەرێنن، کەسوکاریان دەڵێن ئێمە ھیچ داواکاریەک و چاوەڕوانیەکمان نیە لە دەسەڵاتدارانی باشور، تەنھا داوای ئەوە دەکەن ئەگەر تەنھا پارچە ئێسکێکیش دیار بێت، بۆ ئەوان زۆرە و ھەر نەبێ دڵنەواییان دەبێت و ئیدی ئەوەندەش چاوەرێ نابن.
پەری عوسمان مەحمود ناسراو بە (پەیام) پەری لە ساڵی ١٩٩٦ پەیوەندی بە گەریلاکان دەکات و دوای شەش مانگ لە مانەوەی ناو تێکۆشان، لە ڕۆژی لە ١٦-٥-١٩٩٧ لە بیرۆی یەکینەکانی ژنانی ئازادی کوردستان(YAJK) لەگەل کۆمەڵێک ھەڤاڵانی کۆمەڵکوژ دەکرێت، مەحبوبە ئەسعەدی دایکی دوو شەھید دەڵێت: "کچەکەم بەرھەمی قوتابخانەی کوردایەتیە بۆ کوردستان."
دایە مەحبوبە سەرەتا باسی لە ژیانی خانەوادەکەیان کرد و وتی: "ئێمە کاتی خۆی لە نێو تێکۆشانی حزبی شوعی خەباتمان دەکرد وەک بنەماڵەیەکی وڵات پەروەر ناسراو بووین، زۆر شتیش لە حزبی شوعی ئەوکات فێر بووین، ئێمە ھەمیشە لەگەڵ چینی ھەژار و کرێکاران دابووین. ماڵمان وەک قوتابخانەیەک وابوو بۆ پێگەیاندنی ڕۆڵەی کورد پەروەر. منداڵەکانمان باوەڕیان بەو پارتە سیاسیانە نەبوو کە لە مەیدان بوون، بۆیە ڕوویان کردە (پەکەکە)."
دایە مەحبوبە بەو شێوەیە باسی لە منداڵی پەیامی کچی کرد: "پەیام ھەر لە منداڵیەوە ژیر بوو، حەزی لە کار بوو، ھەمیشە لە نێو جموجۆڵدا بوو، کاری دەست ڕەنگینی و درومانی دەکرد، ھەرچەند بچوک بوو بەڵام زۆر حەزی لە کار بوو."
دوای ئەوەی خوێندنی خۆی تەواو کرد، لە پەیمانگا خولیای تێکۆشانی ھەڤاڵان بوو. پێش ئەوەی بچێتە ناو ھەڤاڵان ڕۆژێک وتی؛ دایکە دەمەوێت کراسێکت بۆ بکڕم ھەرچەند ئەو کات قوماش و شت گران بوو پێم خۆش نەبوو بیکرێت، بەڵام وتی؛ کێ ئەزانێ من جارێکی تر کراسێک بۆ تۆ دەکڕم کراسێکی بۆ کڕیم و بۆخۆشی دوری. دیار بوو ئەو کاتە بڕیاری دابوو بچێت بۆ شاخ، زنجیرێکی زێڕی ھەبوو فرۆشتی و پێویستیەکانی خۆی پێکڕی و پاشان ھات بەباوکی وت؛ 'دەمەوێت بچمە ناو ھەڤاڵان'، باوکیشی ڕێگری لێ نەکرد، منیش ھەر چەند پێم دەوت؛ کچم ژیانی شاخ سەختە شەڕ ھەیە دیل بوون ھەیە، بەڵام ئەو پێی وتم؛ 'دایە من ئەو شتانە ھەمووی دەزانم، دەیوت 'خێزانەکەمان شەھیدێکی تیا نیە من دەمەوێت ببم بە شەھیدێکی کوردستان'."
دایە مەحبووبە، لە درێژەی وتەکانیدا باسی لە کۆمەڵکوژی کچەکەی و ھاوڕێکانی کرد و وتی: "ھەمیشە خەمی ئەوەمە کە چۆن کچەکەمیان شەھید کردوە، دەزانم ئەوانەی کۆمەڵکوژیان ئەنجامدا لەسەرەتای دامەزراندنیانەوە کاریان خیانەت و کۆمەڵکوژی و چەوساندنەوەی گەلی کورد بووە. ئەوان کوردایەتیان نەکرد، بەڵکو خەلکیان لەناو برد و بوونەتە دکتاتۆر. کاتێک پارتی ئەو ھەڤاڵانەی کۆمەڵکوژ کرد، ئەو ھەڤاڵانە چەکیان پێنەبوو قەلەمیان پێبوو، ئەوەی پشتی شکاندووم ئەوەیە کە ئەوان بەناو کوردن."
دایە مەحبوبە لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە زۆر ھەوڵیانداوە بۆ دۆزینەوەی تەرمی شەھیدانیان، بەڵام تاکە وەڵامی کە پێیاندراوەتەوە ئەوە بووە کە دەبێت بەبێ دەنگی تەرمەکان وەربگیرێنەوە واتا بە نھێنی، دایە مەحبوبە ئەو ھەڵوێستەشی شەرمەزار کرد و جەختی کردەوە: "ئەو ھەڤاڵانە لەڕێگەی کارێکی خراپ گیانیان بەخت نەکردوە، تا بەنھێنی تەرمەکانیان وەرگرینەوە، بڕیارم داوە ھەرچی ڕاگەیاندنی کوردستان و دەرەوە ھەیە بانگھێشت بکەم بۆ ئەوەی بێن و تاوانەکانیان ببینن."
ھەروەھا نازەنین عوسمان خوشکی ھەڤاڵ پەیام، باسی لەکەساتی و ژیانی خۆشکەکەی کرد و وتی: "ھەڤال پەیام خاوەن کەسایەتیەکی سەربەخۆ بوو، ھەمیشە لە ژیاندا خاوەن بڕیاری خۆی و ئیشی ڕێک وپێک بوو، ھەمیشە ئەو کتێبی دەخوێندەوە و گفتۆگۆمان لەسەر دەکرد، کاتێک فکری سەرۆک ئاپۆی ناسی لە قۆناغی دووی پەیمانگای مامۆستایان بوو، لەناو ھاوڕێکانیدا زۆر کاریگەری ھەبوو، من ئەوەم دواتر زانی کە شەھید بوو ھاوڕێکانی زۆر کاریگەر ببوون."
نازەنین وتیشی: "کاتێک ھەڤال پەیام بڕوانامەی وەرگرت و وە ناوی بۆ دامەزراندن گەڕایەوە بەلام وتی؛ 'من ئەو کارە ناکەم' ھەڤاڵ پەیام ھەموو بەرژەوەندیە کەسیەکانی خۆی بەلاوە ناو ڕێباز و فکری پەکەکەی بەباوەڕی و خۆشحاڵیەوە گرتە بەر. دوای ئەوەی پەروەردەیەکی ٤٠ رۆژی لە شەروانانی تازە لە قەرەداخ بینی، ڕۆژێک بەسەردان گەڕایەوە کاتێک گەڕایەوە ھەستم کرد زۆر گۆڕاوە. ئەو کات کتێبی(چۆن بژین)ی سەرۆک ئاپۆی پێبوو ئەو کتێبە بە زمانی عەرەبی بوو دەیویست بیکات بە کوردی. سەرەتاکەی پیشاندام زۆر جوان کاری کردبوو."
نازەنین وتیشی: "زۆری پێخۆش بوو بچێت بۆ ھەولێر ھەمیشە دەیوت؛ ھەولێر پێویستی پێمانە، لە ھەولێریش لەماوەیەکی کورتدا جێگەی خۆی لە دڵی ھەڤاڵان و ھاوڵاتیان کردبووەوە، ھەڤال پەیام خاوەن کەسایەتی شۆڕشگێری بوو، بەڵام ئەوەی لە ھەولێر روویدا پەڵەیەکی ڕەش بوو بۆ مێژووی کورد، جێگەی شەرمەزاری بوو. من داوا دەکەم کە فشارێکی توند بخرێتە سەر پارتی بۆ ئەوەی ھەر ھیچ نەبێت ئێسقانەکانیان بدەنەوە."
نازەنین ئاماژەی بەوەکرد کە ڕۆڵی ھەڤاڵ پەیام و ھەڤاڵانی ڕۆڵێکی گرنگ بووە و ئەوان ئەو کات نوخبەیەکی بە توانابوون، ناوبراو دووپاتی کردەوە: "جێ دەستی ئەوان ئەمڕۆ لە باشور بەرھەم دێت، لەسایەی ئەوانە ئێستا گەلی کورد لە باشور تامەزۆری بینینی ھەڤالانە."
نازەنین لە کۆتاییدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر سیاسەتی پارتی و جەختی کردوە: " ئەو سیاسەتەی پارتی بەڕێوەی دەبات، ھەرێمی کوردستانیشی بەرەو داڕوخان بردوە، خزمەت تەنھا بە دوژمنان دەکات."
(ش ب)
ژمارەی بینین:  2164      بەروار:  16/05/2016
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.