کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  20 سەرۆك شارەوانی كورد لە باكوردی كوردستان لە زیندانن
20 سەرۆك شارەوانی كورد لە باكوردی كوردستان لە زیندانن

خەندان، دانا رەزگەیی


بەرپرسانی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)، جەخت لەسەر پاراستنی مافی دەنگدەرانیان دەکەنەوە لەدیاریکردنی سەرۆک شارەوانیەکانی باکوری کوردستان، بۆ ئەوەش ھانا بۆ یەکێتی ئەوروپا‌و نەتەوەیەکگرتووەکان دەبەن، دوای ئەوەی ژمارەیەک لەسەرۆکی شارەوانیەکان دوورخرانەوەو بەشێکیشیان خرانە زیندانەکانەوە لەلایەن تورکیاوە.

لەنوێترین ھەوڵیدا، پارتی داد‌وگەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا (ئەکەپە) کار بۆ ئەوەدەکات دانانی سەرۆک شارەوانیەکانی وڵاتەکەی مەرکەزی‌و لەلایەن حکومەتەوە بێت نەک خەڵک، دوابەدوای دەستگیرکردن‌و زیندانی ٢٠ سەرۆک شارەوانی کورد‌و دوورخستنەوەی دەیانی تر بەچەندین تۆمەتی جیاجیا.

بەپێی ئامارەکانی ھەدەپە بۆ خەندان، کورد ١٠٤ سەرۆک شارەوانی بەدەستەوەیە لەناوچە جیاوازەکانی باکوری کوردستان، بەپێی دەرەنجامی دوایین ھەڵبژاردن کە بۆ ئەو مەبەستە لەمانگی سێی ساڵی ٢٠١٤دا ئەنجامدراوە، بەڵام لەلایەن دەوڵەتی تورکیا تائێستا ٢٠ سەرۆک شارەوانی خراونەتە زیندانەوە.

سەید نەھری، ھاوسەرۆکی شارەوانی سوری ئامەد بۆ خەندان جەختیکردەوە "ئێمە بەھەڵبژاردن شارەوانیەکانمان بەدەست ھێناوە نەوەکو بە خۆسەپێنی، ئێمە بەدەنگی سەدان و ھەزاران دەنگدەر ھاتوین‌و بەدەنگی ئەو دەنگدەرانەش دەڕۆین نەوەک بڕیاری لایەنێک".

بەپێی ھەوڵەکەی ئەکەپە، لەرێی پرۆژەیاسایەکەوە گۆڕانکاری لەدانانی سەرۆکی شارەوانیەکاندا دەکرێت، لەبری دەنگدان لەلایەن حکومەتەوە دادەمەزرێنرێن ھاوشێوەی والی شارەکانی تورکیا.

ھاوسەرۆکی شارەوانی سوری ئامەد دەڵێت "ئەگەر بڕیارەکەش دەربچێت ئەوا ئێمە قبوڵی ناکەین‌و شارەوانی تەسلیمی دەوڵەت ناکەین، مەگەر دەوڵەت دەتوانێت ھەڵبژاردنی پێشوەختە بکات؟".

ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوان بەپێی تواناو دارایی بەردەستیان خزمەتیان کردوە سەرباری جیاوازیەکانی دەوڵەت، "لەکاتێکدا ئێمە کاری حکومی دەکەین، بەتۆمەتی سیاسی دەخرێینە ناو زیندانەوە".

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا، دەیان سەرۆک شارەوانی کورد لەباکوری کوردستان دۆسیەیان لەدادگا بۆ کراوەتەوە، ئەوەش بەتۆمەتی جیاواز‌و لەنێویاندا، لایەنگری‌و پاڵپشتی پارتی کرێکارانی کوردستان.

ئەو ھەنگاوەی حکومەتی تورکیا دژی سەرۆک شارەوانیەکان، لەچوارچێوەی ھەڵمەتێکدایە بۆ دادگاییکردنی دەیان بەرپرس‌و سەرکردەی کورد بەھەمان تۆمەت، لەنێویاندا ٥٠ پەرلەمانتاری ھەدەپە کە زیاتر لە ٥٠٠ دۆسیەیان بۆ کراوەتەوەو روبەڕوی دادگا دەکرێنەوە، دوای لەپەرلەمانی ئەو وڵاتەش پارێزبەندییان لەسەر ھەڵگیرا.

شێخ غالب ئەنساری ئۆغلۆ، پەرلەمانتاری پارتی دادوگەشەپێدانی دەسەڵاتدار (ئەکەپە) بەخەندانی وت "تورکیا دەیەوێت چەند گۆڕانکاریەک بکات، بۆ ئەوەی شارەوانی لەبری ئەوەی بەکاربھێنرێت بۆ خزمەتی سیاسی بەکاربھێنرێت بۆ خزمەتی گەل‌و شارەکان، چونکە ئەوەی ھەدەپە دەیکات تەنیا بۆ خزمەتی لایەنی خۆیانە".

پرۆژەیاساکەی ئەکەپە بۆ دانانی سەرۆک شارەوانیەکان بەشێوەیەکی مەرکەزی، بڕیارە پێش مانگی ٩ی ئەمساڵ بنێردرێتە پەرلەمانی تورکیا بەمەبەستیە گفتوگۆ‌و پەسەندکردنی، دواتر لەلایەن والی شارەکانەوە کاندیدی پۆستەکە دیاریدەکرێت، بەوتەی ئەنساری ئۆغلۆ.

بەڵام ھەدەپەو سەرۆک شارەوانیەکانی باکور، سورن لەسەر پارێزگاری لەدەنگی دەنگدەرانیان‌و نایانەوێت تاوەکو تەواوبونی چوار ساڵی ھەڵبژاردن، دەستبەرداری ئەو پۆستەبن.

ئادەم ئۆزجانەر، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) –حزبەکەی نوێنەرایەتی زۆرینەی کورد دەکات لەباکور- بەخەندانی وت "ئێمە ١٠٤ سەرۆکی شارەوانیمان ھەیە لەباکور‌و دەوڵەت دەیەوێت ئەو مافانەی بەھەڵبژاردن بەدەستمان ھێناوە لێمان وەربگرێتەوە، ئەوەش دوای ئەو زەبروزەمگ و کوشتارییەی کردی".

ھەوڵەکانی لابردنی سەرۆک شارەوانیەکان‌و دادگاییکردنیان، ھاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی شەڕ‌و بارگرژییەکانی نێوان پەکەکەو تورکیا کە لەئێستادا زۆربەی ناوچەکانی باکوری کوردستانی گرتووەتەوە، بەھۆیەوە دەیان ھاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی‌و زیانی زۆری ماددیش بەر خەڵک‌و ناوچەکە کەوتووە، لەئەنجامی قەدەغەی ھاتووچۆ‌و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپا.

پەرلەمانتارەکەی ھەدەپە جەختیکردەوە "ئێستا ئێمە نەتەوە یەکگرتوەکان‌و یەکێتی ئەوروپامان لەوە ئاگادارکردۆتەوە کە ئەکەپە دەیەوێت سەرۆک شارەوانیەکان لابدات، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمەو بەشێک لە پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە) بەتوندی دژی ئەو پرۆژە یاسایە دەوەستینەوە لەپەرلەمان".

لەبارەی تۆمەتبارکردنیانەوە بەئەنجامدانی کاروباری سیاسی لەرێی شارەوانیەکانەوە، ئادەم ئۆزجانەر پرسی "بۆچی بۆ ئەوان رەوا بێت لە ئەنقەرەو ئیستەنبوڵ رێگری لەئێمە بکەن‌و ریکلامی ھەڵبژاردن بکەن‌و دروشمی سیاسییان ھەبێت بەلام بۆ ئێمە قەدەغەو حەرام بێت؟ لەکاتێکدا شارەوانیە کوردیەکان زۆر خۆیان پاراستووەو کاری لەوشێوەیەیان نەکردووە".

جارێکیتر ئاڵۆزبوونی پەیوەندیەکانی نێوان کورد‌و بەرپرسانی تورکیا‌و راوەستانی دانوستانەکانی چارەسەری ئاشتییانە، لەئەنجامدانی سەرھەڵدانەوەی شەڕی ئەو وڵاتەو پەکەکەدا بوو لەمانگی حەوتی ساڵی رابردوودا، ئەوەش دوای دوو ساڵ لەئارامی ھات بەھۆی پرۆسەی ئاشتیەوە کە لەئێستادا بەتەواوی پەکیکەوتووە.
ژمارەی بینین:  1948      بەروار:  07/07/2016
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.