کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  ناونیشانی ١٨ بەندکراوی سیاسی کورد وا سزای سێدارە بە سەریاندا سەپێندراوە
ناونیشانی ١٨ بەندکراوی سیاسی کورد وا سزای سێدارە بە سەریاندا سەپێندراوە

ئێستا نزیکەی ١٨ بەندکراوی سیاسی کورد بە تۆمەتی ئەندامەتی یان ھاوکاری کردنی پارت و حزبە سیاسییە کوردیەکان،لە “دادگەی شۆڕش ی ئێران”ی سزای سێدارە بە سەریاندا سەپێندراوە و بڕیاری دادگەش لەم بارەیەوە لە لایەن “دادگەی باڵای وڵاتی ئێران” بۆ زۆربەی ئەم کەسانە دووپات کراوەتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی “ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤ ی کوردستان” بنەماڵەی زۆربەی ئەم بەندکراوانە باسی ئەوەیان کردوە منداڵەکانیان کەوتوونەتە ژێر ئازار و ئەشکەنجەوە و تەنانەت ھەندێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکانیان ئەوەشیان درکاندوە “وەزارەتی ئیتلاعات” دەستێوەردانی کردوە لە پرۆسەی دادوەریدا و پەروەندەی ئەم کەسانە لە لایەن کارمەندان و کاربەدەستانی ئیتلاعاتەوە بە بەڵگەنامەی ساختە و درووستکراو ناوئاخن کراوە.

“ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤ ی کوردستان”،سەرەڕای بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە،خوازیاری ئەوەیە بەرپرسانی دادوەری بە جدیەت و ڕاڕایی زیاترەوە بۆ دۆزینەوەی ڕاستیەکان خەریکی توێژینەوە ی باسوخواسی ئەم زیندانیە سیاسیانە بن و ھەروەھا بە متمانە و دڵنیایی زۆرترەوە سەبارەت بە یاسایی بوونی قۆناغە دادوەریەکانی پرۆسەی دادگایی لە سەر دەرکردنی “بڕیاری سێدارە”،لەمەڕ پێداچوونەوە بەم بڕیارانە دا ھەنگاوی ڕاستەقینە ھەڵبگرن.

ناوو ناونیشانی ١٨ چالاکوانی سیاسی و مەدەنی یە کە بڕیاری لەسێدارەدرانیان لە لایەن دادگەی پێداچوونەوە و دادگەی باڵای وڵاتەوە جەخت کراوەتەوە لە خوارەوەدا ھاتوە و بۆی ھەیە لەھەر کات و ساتێکدا بڕیاری سزادانیان جێبەجێ بکرێ.

ناوو ناونیشانی ئەو زیندانیە سیاسیانەی وا ڕووبەڕروی سزای سێدارە بوونەتەوە برێتییە لەم کەسانەی خوارەوە:

١-زانیار مرادی ٢-مستەفا سەلیمی ٣-عەلی ئەحمەد سلێمان ۴-محەمەد عەبدوڵایی ۵- براییم عیساپوور ۶- بەختیار مێعماری ٧- ڕەزا مەلازادە ٨-ھوشەنگ ڕەزایی ٩- لوقمان مرادی ١٠- عەبدوڵا سروریان ١١-ئەنوەر ڕۆستەمی ١٢- سەیدسامی حسێنی ١٣- سەید جەماڵ محەمەدی ١۴-سابیر شێخ عەبدوڵا ١۵-حسێن عوسمانی ١۶- دیاکۆ ڕەسوڵزادە ١٧- حەسەن فەرەجی ١٨- حەبیبوڵا لەتیفی

زانیاری و ناونیشانی تەواو:

١و٢- زانیار و لوقمان مرادی
زانیار و لوقمان مرادی یەک لەدوای یەک لە ١٣ و ١۴ی مانگی گەلاوێژی ١٣٨٨ی ھەتاوی لە شاری “مەریوان” سەر بە پارێزگەی “سنە” دەسبەسەرکراون و لەسەر بڕیاری دادوەر”سەڵەواتی” لە بنکەی ژمارە١۵ی “دادگەی شۆڕشی تاران” لە سەرەتای مانگی بەفرانباری ١٣٨٩دا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە “ڕێکخراوی کۆمەڵە”دا و ھەروەھا بە تۆمەتی “کوشتنی کوڕی ئیمام جومعەی مەریوان” تاوانبار کراون و سزای سێدارە بە سەریاندا سەپێندراوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی “چالاکانی مافی مرۆڤ ی کوردستان” ئەم دوو بەند کراوە سیاسییە کوردەی بەندیخانەی “ڕەجایی شار”ی کەرەج بێ ئەوەی بەڵگەیەکی یاسایی بۆ دەسبەسەرکردنیان ھەبێ ھەتا ئێستاش لە ڕەوشێکی ھەڵپەسێردراودا لە زینداندا ماونەتەوە. ئەوان بۆ دانپێدانان بە تاوانی کوشتنی کوڕی ئیمام جومعەی مەریوان، ئەشکەنجە دراون و سەرەڕای ھەبوونی بەڵگەنامەی یاسایی و ھۆکارە دیارەکان سەبارەت بە بێتاوان بوونی ئەم دووکەسە،سزای سێدارە بەسەریاندا سەپێندراوە.
بە پێی قسەکانی یەکێ لە کەسانی نزیک لەم دوو زیندانییە سیاسیە کوردەوە، دوایین دانیشتنەکانی دادگایی کردنیان لە گەلاوێژی ١٣٩٣دا لە کاتێکدا بەڕێوە چووە کە “ساڵەح نیکبەخت” پارێزەری ئەم پەروەندە ھاوکات لەگەڵ ئەوەی باسی ھەبوونی سێ شایەتحاڵی بۆ سەلماندنی بێتاوان بوونی زانیار و لوقمان مرادی ھێناوەتە گۆڕێ داوای لە دادگەش کردوە بانگھێژی شایەتەکان بکات و بەمەش بڕیاری ئازادکردنی ئەم دووکەسە بدات.بەڵام دادوەری پەیوەندیداربە دۆسیەکەوە، بە بیانووی ناتەواو بوونی پەروەندەکە،دانیشتنی دیکەی دادگەی دواخستوە بۆکاتێکی دیکە و پاش سێ جار ناردنی پەروەندەکە بۆ مەریوان بە مەبەستی تاوتوێ کردن وپڕکردنەوەی کەموکۆڕیەکان،پەروەندەکە بێ ئەوەی دەسکاری کرابێ ھەروەک خۆی گەڕێندراوەتەوە بۆ تاران.
بە گوێرەی درکێندراوەکانی ئەم سەرچاوە ئاگەدارەی پەروەندەی ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە کوردە، بە ھۆی دەستێوەردانی وەزارەتی ئیتلاعات و لەمپەر درووست کردن بۆ توێژینەوە و بەدواداچوون لە پرۆسەی ئەم پەروەندەدا،دوای ئەوەی بڕیاری بێتاوان بوونیان لە لایەن ئەو دادگەوە دەرچووە،زانیار و لوقمان مرادی تاکوو ئێستا بە بێ بەڵگە و ھۆکاری یاسایی ھێشتا لە زینداندا دەسبەسەر ماونەتەوە.
ئەم دوو بەندکراوە بە ھۆی ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی قورس و جەرگبڕەوە لە سەردەمی لێکۆڵینەوەدا،تووشی زەبر و زەنگ ھاتوون و گیرۆدەی چەند جۆرە کێشەی وەک” گرفتی یەکجار زۆری چۆک و ئەژنۆوباریکایی پشت و کەمەرو ھێلکە گون” ھاتوون و”داواکاری گشتیی تاران”یش لە ساڵانی ڕابردوودا دژایەتی داواکاریی چاودێری کردنی پزیشکی و گواستنەوەیان بۆ ناوەندە پزیشکیە تایبەتیەکانی دەرەوەی زیندانی کردوە و لە ئاکامدا وپاش بەدواداچونی شێلگیرانە،زانیارمرادی، دوو جاربە مەبەستی نەشتەرگەری لەسەر ھێلکەگون گوازراوەتەوە نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان.
درێژەدانی بەندکردنی نایاسایی ئەم دوو زیندانیە سیاسییە کوردە لەکاتێکدایە تاکوو ئێستا زۆربەی ناوەندە نێونەتەوەییەکان و کەسایەتییە ناسراوەکان چەنای چەندجار خوازیاری ھەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە وپاشان ئازادکردنیان بوون.
“ڕێخراوی لێبوردەیی ناونەتەوەیی” ماوەیەک بەرلە ئێستا لە ڕاگەیێندراوێکدا سەرەڕای وەبیرھێنانەوە و ئاگادارکردنەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران،داوای دەستڕاگرتن و وەستاندنی بڕیاری سێدارەی ئەم دوو زیندانیە سیاسیە کوردەی کردبوو.لەم ڕاگەیێندراوەدا ھاتوە: لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی وا لە پەلامارێکدا دەستێوەردانیان نەکردوە دژکردەوەیەکی لەسەر بناغەی تۆڵە کردنەوەیە وبنەماکانی یاسای سزادان ڕووبەڕووی پرسیار دەکاتەوە.ھیچ کەس نابێ سزا بدرێ بێ ئەوەی تاوانێکی کردبێ.
٣-ھوشەنگ ڕەزایی
ھوشەنگ رەزایی خەڵکی “نەھاوەند” لە بەڕواری ٢٩ی جۆزەردان ١٣٨٩ی ھەتاوی لە تاران لە لایەن ھێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات دەسبەسەرکراوە و گوازراوەتەوە بۆ کەرتی ٢٠٩ی بەندیخانەی “ئێڤین” لە تاران.
ئەم بەندکراوە دوای کێشانی ئەشکەنجە و ئازارێکی فرە و فراوانی جەستەیی و دەروونی ،لە بانەمەڕی ١٣٩٠ی ھەتاویدا پاش نزیکەی ساڵ و نێوێک بەندکران لە کەرتەکانی ٢٠٩و ٣۵٠ی بەندیخانەی ئێڤین گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی” ڕەجایی شار”ی کەرەج.
ئەم بەندکراوە سیاسییە لەلایەن بنکەی ژمارە١۵ی دادگەی شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر”سەڵەواتی”یەوە تۆمەتبارە بە “موحارەبە یان دژایەتی لەگەڵ اللە” لە ڕێگەی ئەندام بوون لە “ڕێکخراوی کۆمەڵە”وە.
بڕیاری لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە دووساڵی ڕابردوودا لەلایەن دادگەی باڵای وڵاتەوە جەخت کراوەتەوە و ھەرچەندە داوای “سەرلەنوێ دادگایی کردنی” کردوەتەوە،بە ھۆی ئەوەی بڕیاری “دادگەی سەرەتایی” جەخت کراوەتەوە،تاکوو ئێستا وەڵامی ئەم داواکاریە نەدراوەتەوە وئەوەی دیارە ئەگەری جێبەجێ کردنی بڕیاری سیدارە وەک خۆی ماوەتەوە.
۴- ڕەزا مەلازادە
ڕەزا مەلازادە کوڕی ئەحمەد خەڵکی گوندی “ئاشناک” سەر بە شاری “سەڵماس” لە کۆتایی ھاوینی ١٣٩٠ی ھەتاویدا لە دەروازەی شاری “پاوە”دا لەلایەن “سوپای پاسداران”ەوە دەسبەسەرکراوە و گوازراوەتەوە بۆ یەکێ لە گرتووخانەکانی سوپای پاسداران لە شاری “کرماشان”.
ناوبراو دوای بینینی ئازار و ئەشکەنجە یەکی زۆری جەستەیی و دەروونی لە دادگەی شۆڕشی ئیسلامی دا ڕووبەڕووی تۆمەتی “موحارەبە یان دژایەتی کردنی اللە” لە ڕێگەی ھاوکاری کردنی “پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک” کرا وسزای سێدارە بە سەریدا سەپێندرا.ئەوەندەی نەخایاند بڕیاری سێدارەدانی ئەم بەندکراوە سیاسییەی خەڵکی سەڵماس لە بەفرانباری١٣٩١دا لە لایەن “دادگەی باڵای وڵات”ەوە جەخت کرایەوە بە جۆرێک دوای ئەم جەخت کردنەوە ئەگەری جێبەجێکردنی سزای سێدارە بەھێزە و ناوبراو لە ژێر مەترسی سێدارەدایە.
ئەم زیندانیە سیاسییە ئێستاکە لە بەندیخانەی”ورمێ”دایە.
۵- سەید جەماڵ محەمەدی
سەید جەماڵ محەمەدی دانیشتووی گوندی “حەفتەوان”ی سەر بە شاری “سەڵماس” لە ١۵ی جۆزەردان ی ١٣٨٧ی ھەتاوی،لە لایەن کاربەدەستانی ئیتلاعاتەوە لە بازگەی “گەرووی شیرازی” لە سەرەوەی “تازەشار”ی سەڵماس لەگەڵ” سەید سامی حسێنی” دەسبەسەر کراوە.ناوبراو نزیکەی چوارمانگ ئەشکەنجە و زەبر و زەنگی جەستەیی و دەروونی کێشاوە لە گرتووخانەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە “ورمێ” و “سەڵماس”دا.پاشان ئەم دووکەسە گوازراونەتەوە بۆ زیندانی ورمێ.
ئەم دوو بەندکراوە لە درێژەی دوو خولی دانیشتنی دادگە یەکیان لە بەڕواری٢٠ی ڕەزبەڕی١٣٨٧ی ھەتاوی لە بنکەی یەکەمی لێپێچینەوە و ئەوی دیکە لە بنکەی یەکەمی دادگەی شۆڕشی ئیسلامی لە بەڕواری١۴ی سەرماوەزی ھەمان ساڵ بە تۆمەتی ھاوکاری کردنی یەکێ لە پارتە کوردیەکان سزای سێدارە یان بەسەریاندا داسەپاند.
ئەم بڕیارە دوای داوای تێھەڵچوونەوە گەییشتە دادگەی تێھەڵچوونەوەی پارێزگەی ورمێ وھەمان بڕیار، دیسانەوە جەخت کرایەوە.
دوای بەدواداچونەکانی “خەلیل کیان”،پارێزەری ئەم بەندکراوە،پەروەندەکە نێردرایە”دادگەی باڵای ئێران” .
ئەم زیندانییە سیاسیە کوردە ئێستا لە بەندیخانەی “ناوەندیی ورمێ”دایە و سەچاوەیەکی نزیک لە پەروەندەکە بە “ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان” ی ڕاگەیاند ،ساڵی ڕابردوو داوای”دەستپێکردنەوەی دادوەری” بۆ ئەم دوو بەندکراوە قەبووڵ کراوە.
۶- سەید سامی حسێنی
سەید سامی حسێنی لەدایکبووی ساڵی ١٣۵٨ی ھەتاوی و دانیشتووی گوندی”حەفتەوان” سەر بە شاری “سەڵماس” لە ١۵ی جۆزەردان ١٣٨٧ی ھەتاوی لەلایەن ھێزەکانی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات لە بازگەی پشکنینی”گەرووی شیرازی”سەرووتر لە “تازەشار”ی سەڵماسلەگەڵ سەید جەماڵ محەمەدی(ھاودۆز لە بڕیاری سیدارەدا)دەسبەسەر کرا.
ئەم دوو بەندکراوە دوای بینینی ئازار و ئەشکەنجەیەکی فراوانی جەستەیی و دەروونی لە دوو خولی دانیشتنی دادگە یەکیان لە٢٠یڕەزبەر١٣٨٧ی ھەتاوی لە بنکەی یەکەمی لێپێچینەوەی دادگە و ئەوی دیکەیان لە بنکەی یەکەمی دادگەی سۆڕشی ئیسلامی لە شاری “خۆی” لە ١۴ی سەرماوەزی ھەمان ساڵدا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
ئێستا لە بەندیخانەی ورمێ دا دەسبەسەرە.
٧-عەبدوڵا سروریان
عەبدوڵا سروریان چالاکێکی سیاسی کوردە کە لەلایەن “ئیتلاعات ی سوپای پاسداران”ەوە دەسبەسەر کراوە و تۆمەتی “موحارەبە یان دژایەتی کردن لەگەڵ اللە” لە سۆنگەی ھاوکاری کردنی “حزبێکی کوردی” یەوە دراوەتە پاڵی و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.ئەم زیندانیە سیاسییە چەندساڵ پێش ئێستا بە مەبەستی دیداری خزمێکی سەردانی باشووری کوردستانی کردوەو لەکاتی گەڕانەوەدا لە مەڵبەندێکی سەر بە سنوورەکانی دەروازەی باشماخ لە لایەن ھێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە.عەبدوڵا سروریان خەڵکی سنەیە و ماوەی ٢۵ ساڵ لە ئارتەشی ئێراندا کاری کردوە.
عەبدوڵا سروریان لە دادگەی سەربازی سنەدا تۆمەتی “سیخوڕی وھاوکاری کردنی یەکێ لە حزبە کوردی”یەکان دراوەتە پاڵی و سزای سێدارە بە سەریدا سەپێندراوە.ئێستا لە زیندانی ورمێ دا بەندکراوە.

٨-بەختیار مێعماری
بەختیار مێعماری تەمەن ٣۵ساڵ،خەڵکی مەریوان ،لە بەڕواری ١٣ی گەلاوێژ١٣٨٩ لە لایەن ھێزە کانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لە مەریوان دەسبەسەرکراوە.ڕۆژێک پاش دەسبەسەرکردن گوازراوەتەوە بۆ گرتووگەی” ناوەندی ھەواڵگری ئۆفیسی ئیتلاعات” لە سنە و ماوەی سێ مانگ لە ژێر لێکۆڵینەوە دا بووە.
خولی دانیشتنەکانی دادگە سەبارەت بەم بەندکراوە لە “دادگەی سزادانی پارێزگەی تاران” بەڕێوە چوون و “دادگەی سزادانی پارێزگەی سنە” لە بەڕواری ٢٩ی بەفرانباری ١٣٩٠،بە تۆمەتی “پیاوکوژی”و لەسەر سکاڵای بنەماڵی کوژراوان،بڕیاری قەساس واتە “تۆڵەکردنەوە بە کوشتن”ی بە سەردا سەپاند.
ھەروەھا دادگەی شۆڕشی مەریوان بە بۆختانی”موحارەبە یان دژایەتی کردنی اللە” بڕیاری سێدارەی بۆ دەرکردوە.
بەختیار مێعماری ھەتا ئێستاش لە بەندیخانەی ناوەندیی لە سنەدا دەسبەسەر کراوە.
٩- مستەفا سەلیمی
مستەفا سەلیمی خێزاندار،دانیشتووی سەقز،لە بەڕواری١۶ی خاکەلێوەی١٣٨٢ی ھەتاوی،لە شاری نەھاوەند لە لایەن ھێزەکانی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات دەسبەسەر کراوە.دوای گواستنەوە بۆ “گرتووگەی ئیدارەی ئاسایش”ی شاری سەقز و دوای بینینی ئەشکەنجە و ئازارێکی فراوانی جەستەیی و دەروونی و پێڕاگەیاندنی تۆمەتی “موحارەبە واتە دژایەتی کردنی اللە” لە سۆنگەی ئەندامەتی لە”حزبە کوردیە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی” و چەتەیی ( دزین بە زەبری چەکوچۆڵ) لە لایەن دادوەری بنکەی یەکەم ی دادگەی شۆڕشی سەقز بە سەرۆکایەتی “دادوەر گەودینی” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
لەپاش بەرزکردنەوەی داوانامەی پێداچوونەوە لەلایەن پارێزەرەکانیەوە واتە”سەعید شێخی” و “سەیدجەماڵ حیسامی”،پەروەندەکە بە مەبەستی پێداچونەوە بە سەر بڕیاری دادگە بۆ بنکەی ٣١ی تێھەڵچوونەوەی دادگەی باڵای وڵات بەڕێ کرا بەڵام بڕیارەکە جەخت کرایەوە.
مستەفا سەلیمی پێشتر بە گرێبەست کاری بۆ کۆمپانیای گاز کردوە،خەڵکی گوندی “ئیلو”ی مەلبەندی “تیلەکۆ”ی سەقزە و لە ساڵی١٣٨٠ی ھەتاویدا بووە بە ئەندامی یەکێ لە حزبە دژبەرەکانی کورد و نزیکەی سێ ساڵ ھاوکاری ئەو حزبە سیاسییەی کردوە. دەڵێن ئەم زیندانییە سیاسییە وا سزای سێدارەی بۆ دەرچووە لە کۆتایی ساڵی ١٣٨٢دا وازی لە ھاوکاری کردنی ئەو حزبە ھێناوە ودوای ئەوە لە نەھاوەند لە ماڵ خوشکەکەیدا ژیانی بەسەر بردوە.ھێزە ئەمنیەتیەکان ھەرلەو کاتەدا دەسبەسەریان کردوە و دوای گواستنەوەی بۆ ئۆفیسی ئیتلاعات و دادگەکانی سنە و سەقز بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی وڵات لە ڕێگەی موحارەبە واتە دژایەتی کردنی اللە وە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
داوانامەی تێھەڵچوونەوەی مستەفا سەلیمی لە دادگەدا و پاشان لە “کۆمیسیۆنی لێبوردن ولێخۆشبوون”ی دەزگای دادوەری ڕەت کرایەوە.ناوبراو ماوەیێکیش لە بەندیخانەی “ڕەجایی شار”ی کەرەج بەندکراوە.
ئەم ھاوڵاتییە سەقزیە منداڵێکی ھەیە و ئێستاش بەگوێرەی جەخت کردنەوەی بڕیاری سێدارە لە لایەن دادگەی باڵای وڵاتەوە لە ژێر مەترسی جێبەجێکردنی زووبە زوویی سزای سێدارەیە.
مستەفا سەلیمی ئێستا لە زیندانی شاری سەقز بەند کراوە.
١٠- ئەنوەر ڕۆستەمی لە بانەمەڕی ١٣٨٧ی ھەتاویدا دەسبەسەر کراوە و بە تۆمەتی موحارەبە واتە دژایەتی کردنی اللە لە سۆنگەی ھاوکاری کردنی حزبە دژبەرە کوردیەکانەوە سزای سێدارەی بۆ دەرچووە و ئێستاش لە بەندیخانەی “ماکۆ”دا دەسبەسەرە.
١١-محەمەد عەبدوڵایی
محەمەد عەبدوڵایی ڕۆژی ۴ی خاکەلێوەی ساڵی١٣٨٩ی ھەتاوی کاتژمێر١٢ی نیوەشەو لە گەڕەکی”باخی شایەگان”ی مەھاباد کەوتوەتە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی “پاراستن و ھەواڵگری “سوپای پاسداران و بریندار کرا و پاشان دەسبەسەر کرا.ھێزەکانی سەر بە پاراستن و زانیاری سوپای پاسداران ھەر ئەو شەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی سەربازی سوپای پاسداران لە ورمێ گواستیانەوە و دوای چەند کاتژمێرکە لەو نەخۆشخانە وا خەوێندرا بوو بردوویانە بۆ گرتووگەی پاراستن و زانیاری سوپای پاسداران لە ورمێ.
ئەم زیندانیە کوردە تەمەنی ٣۵ ساڵە و خێزاندارە و دانیشتووی شاری بۆکانە و بەتۆمەتی موحارەبە واتە دژایەتی کردنی اللە لە ڕێگەی ھاوکاری کردنی ڕێکخراوی سیاسی “کۆمەڵە” لەلایەن بنکەی یەکەمی دادگەی شۆڕشی مەھابادەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.ئەم بڕیارە ڕۆژی یەکشەمە ١۴ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٣ی ھەتاوی بە فەرمی لە لایەن ناوەندی جێبەجێ کردن”ی گرتوخانەی مەھاباد”ەوە پێی ڕاگەیێندراوە.لە ھەمان ساڵدا بڕیارەکە لە لایەن دادگەی باڵای وڵاتی ئێرانەوە جەخت و بڕ کرایەوە.
سەرچاوە ئاگەدارەکانی نزیک لەم زیندانیە سیاسییە دەڵێن لە ماوەی لێکۆڵینەوەدا لە لایەن ھێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە کەوتوەتە بەر پەلامارو ئەشکەنجەی جەستەیی زۆرەوە ھەتا ئەو ڕادەی دەست و پێی شکێندراوە و بە ھۆی پێڕانەگەییشتنی پزیشکییەوە و ڕاگیرکردنی لە ژووری تاکەکەسیدا،ئێسکی لاقی خراپ گرساوەتەوە و ئێستا پێی لار و خوار بووە.ئەم گرتووە سیاسییە بە ھۆی ئەشکەنجەی بەردەوامەوە،چەند ددانی شکاوە و ئەمەش بووە بە ھۆکاری تووشبوونی ناوبراو بە گرفت لە ھەناو و بەشی ھەرس کردندا.
ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە ئێستا لە زیندانی ورمێدا دەسبەسەرە.
١٢- عەلی ئەحمەد سلێمان
عەلی ئەحمەد سلێمان بەندکراوی سیاسی بە ڕەگەزنامە عێراقی یە و لە لایەن دادگەی گشتیی لە دووھەم خولی دادگایی کردندا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
بنکەی ژمارە پێنجی دادگەی گشتیی ورمێ لە کاتێکدا ئەم زیندانیە سیاسیەی بە تۆمەتی کوشتنی دوو کەس لە ئەندامانی “سوپای پاسداران” سزای سێدارەی بەسەردا سەپاندوە کە ناوبراو ھیچ جۆرە دانپێدانانی لەم بارەوە نەکردوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی کەسانی ئاگەدار،دادوەری پەروەندەکە تەنیا لە سەر داوای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ و بێ ئەوەی بەڵگەیەک بەدەستەوە ھەبێ سەبارەت بە چالاکییەک کە بووبێ بە ھۆی کوژرانی دوو ئەندامی سپای پاسداران سزای سێدارەی بەسەردا سەپاندوە.عەلی ئەحمەد سلێمان لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگایی کردندا لە مافی ھەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و بە ھۆی ئەوەی خەڵکی وڵاتێکی دیکەیە و ئێرانی نیە کەس بەدواداچون بۆ پەروەندەکەی ناکات.سەرچاوەیەکی ئاگەدار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێ بە کەمپەینی راگەیاندوە: دوایین جار کە ئەم بەندکراوە گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ئیتلاعاتی ورمێ ،داوایان لێکردوە بکوژەکانی ئەو دوو پاسدارە بناسێنێ وناویان بھێنێ و ئەگەر ئەم کارە نەکات ئەوە تۆمەتی کوژرانی ئەو دووکەسە دەدرێتە پاڵ ئەوانەوە.عەلی ئەحمەد سلێمان لە کۆتاییەکانی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا لەبەر ئەوەی لەناو زیندانەوە پێوەندی لەگەڵ “ئەحمەد شەھید” و ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی سنووری ئێران کردوە تۆمەتی “پڕۆپاگەندە دژ بە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی”دراوەتە پاڵی و سزای یەک ساڵ بەندکردنی تەعزیری بەسەریدا سەپێندراوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی ١۴ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لە بەشی ١٢ی زیندانی ناوەندیی ورمێ وە گوازراوەتەوە بۆ بەشی ٩ی بەندیخانەی ناوەندیی تەورێزکە زیندانێکی تایبەت بە بەندکراوانی سزادراو بە تۆڵەی کوشتن یان قەساس ە و ئێستاش لەوێ دەسبەسەرکراوە.
شایەنی باسە عەلی ئەحمەد سلێمان نزیکەی شەش ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پژاک دا دەسبەسەرکراوە وسزای پێنج ساڵ بەندکردنی تەعزیری بە سەریدا سەپێندرا بوو. سەرەڕای تەواو بوونی ماوەی سزادرانەکەی ڕێگری کراوە لە ئازاد کردنی.
١٣-براییم عیسا پوور
ئەم زیندانییە سیاسییەی دانیشتووی شارەدێی “نەڵاس” سەربە سەردەشت لە بەڕواری ١۶ی پوشپەڕی١٣٩٠دا لە لایەن ھێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە و ناوبراو دوای بینینی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی ،پاش مانگ و نیوێک لە ژوورە تاکەکەسیەکان،گوازرایەوە نەخۆشخانەی مەھاباد.
ئەم بەندکراوە لە پەروەندەیەکی ھاوبەشدا لەگەڵ “سیروان نژاوی” لە بەڕواری ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩١دا لە لایەن دادگەی شۆڕشی مەھابادەوە بە تۆمەتی ھاوکاریکردنی حزبێکی کوردی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.ھەروەھا لە بەڕواری١٢ی بانەمەڕدا لە بەندیخانەی مەھابادەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ و دوای داوای بەرپەرچدانەوەی بڕیاری دەرچوو،پەروەندەکەی بە مەبەستی تێھەڵچوونەوە نێردرایە دادگەی پێداچوونەوەی پارێزگەی ورمێ.ئەم بڕیارە لە کۆتاییدا لە بنکەی ژمارە٣١ی دادگەی باڵای وڵات جەخت کرایەوە و بە ناوبراو ڕاگەیێندرا.
ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە لەگەڵ سیروان نژاوی،سامان نەسیم،عەلی ئەفشاری،حەیبەڵا ئەفشاری و وێنس ئاغایان،لە کۆتایی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە بەشی ١٢ی بەندیخانەی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.دواتر دەرکەوت”براییم عیسا پوور” و “سیروان نژاوی” لە لایەن بەرپرسانی ئەمنیەتی و دادوەری ئێرانەوە گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی تەورێز کە ڕۆژی یەکشەمە ١٨ی گەلاوێژی ١٣٩۴ی ھەتاوی بڕیاری سێدارەدانی سیروان نژاوی،بەندکراوی سیاسی کورد لە زیندانی تەورێزدا جێبەجێ کرا.
براییم عیسا پوور ھەتا ئێستاش لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێزدا دەسبەسەر کراوە.
١۴- سابیر شێخزادە ١۵- حسێن عوسمانی ١۶- دیاکۆ ڕەسوڵزادە
ئەم سێ چالاکە سیاسییە کوردەی خەڵکی مەھاباد لە بەڕواری ١٨ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩۴ی ھەتاوی لە لایەن بنکەی یەکەمی دادگەی شۆڕشی مەھاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر”ئەحمەد جەوادی کیا” بە تۆمەتی ” موحارەبە واتە دژایەتی کردنی اللە” بە ئەنجامدانی چاندنی بۆمب و ئەندامەتی لە ڕێکخراوی سیاسی “کۆمەڵەە”ە”وە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاندوون.ئەم سێ زیندانیە سیاسییە کوردە لە بەڕواری ١٢ی ڕەشەمێی ساڵی ١٣٩٢ی ھەتاویدا واتە حسێن عوسمانی لەگەڵ دیاکۆ ڕەسوڵزادە لە خانووی خۆیاندا و سابیر شێخ عەبدوڵاش لە ڕۆژی ٢۴ی ڕەشەمێدا لە مەھاباد دەسبەسەر کراون و ھەرسێکیان گوازراونەتەوە بۆ گرتووخانەی ئەمنیەتی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری ورمێ.
ئەم سێ چالاکە سیاسییە کوردە لە سێ مانگی یەکەمی گرتندا بە شێوازێکی دژوار کەوتوونەتە ژێر ئەشکەنجەی زۆری جەستەیی و دەروونییەوە و زەختیان لێکردوون دانپێدانانی تەلەڤیزیۆنی بکەن.
ھەر سێ زیندانی سیاسی نزیکەی یەک ساڵ لە گرتووخانەی ئەمنیەتی شاری ورمێ لە ژێر ئەشکەنجەدا بوون و پاشان لە ناوەڕاستی مانگی ڕەشەمێی ساڵی ڕابردوودا لە دادگەی شۆڕشی شاری مەھاباددا و دوای دەرچوونی بڕیاری سزادان بە تۆمەتی بەشداری کردن لە نانەوەی بۆمب و ئەندامەتی لە ڕێکخراوی کۆمەڵەدا گوازراونەتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.ھەرسێکیان بۆیان نەبووە داوای پارێزەر بکەن و حسێن عوسمانی لە دادگەدا ھاوکات لەگەڵ ڕەتکردنەوەی ئەو دانپێدانانە وا لە پەروەندەکەیدا نووسراوە بە دادوەر جەوادی کیا ڕادەگەیێنێ لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی فراواندا ئەم دانپێدانانەی کردوە و ئاسەواری ئەشکەنجەکانی سەر جەستەی نیشانی دادوەر داوە بەڵام دادوەر گوێی نەداوەتە ئەم بەرگریکردنانەی حسێن عوسمانی.
شایەنی باسە وەزارەتی ئیتلاعات لە ٢٨ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی ھەتاوی دا لە ڕاگەیێندراوێکدا باسی دۆزینەوەی تیمێکی چەندکەسیی سەر بە حزبی کۆمەڵە وباسی دەسبەسەرکردنی ئەوان لە ئێراندا کردبوو.
لە ھەمان بەڕواردا سایتی “بوڵتەن نیوز” یەکێ لە سایتەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندوە گوایە دووکەس سەربەم تیمە ڕایانکردوە و ٣کەسی دیکەش بە ناوی دیاکۆ ڕەسوڵزادە،حسێن عوسمانی و ساڵەح شێخ عەبدوڵا لە لایەن ھێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کردوە.
ھەروەھا ناوەندی پەیوەندیەکانی گشتیی وەزارەتی ئیتلاعات لەم بارەوە ڕایگەیاندوە کە دەسبەسەرکراوەکان لە ٣١ی خەرمانانی ١٣٨٩دا دەستیان داوەتە بۆمب نانەوە لە ناو ژنان و منداڵانی بەشدار لە ڕێوڕەسمی ھێزە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە مەھاباد و بەو تەقینەوەش ١٢کەس کوژراون و ۴٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
دوای ئەم ڕووداوە و لە ھەمان ساڵدا واتە ساڵی ١٣٨٩ی ھەتاوی و دوای ڕووداوی تەقینەوەی مەھاباد ،عەبدوڕەسوڵ مەحموودئابادی فەرماندەیەکی پایەبەرزی سپای پاسداران لە گوتوبێژێکیدا لەگەڵ “ئاژانسی ھەواڵنێری فارس”ڕایگەیاندبوو ٣٠ کەس لە بکەرانی سەرەکی ڕووداوی تەقینەوەی مەھاباد کوژراون.
مەحمودابادی فەرماندەی ئەوکاتەی “قرارگاە سیداشھدا”ی سپای پاسداران بە ئاژانسی فارس ی گوتبوو٣٠کەس لە بکەران و ئەنجامدەرانی سەرەکی لە تەقینەوەکەی ڕێوڕەسمی ڕێژە وسانی ھێزەکانی چەکداری ئێران لە مەھاباد لە تێکھەڵچوونێکی چەکداری نێوان ئەوان وھێزەکانی ئیتلاعات و پۆلیس دا لە مەھاباد کوژراون.
ھاوکات”محەمەد پاکپور”فەرماندەی ئەوکاتەی ھێزە وشکانیەکانی سوپای پاسداران باسی کوژرانی ئەنجامدەرانی سەرەکی تەقینەوەکەی مەھابادی لە میانەی تێکھەڵچوونێکی سەربازیدا کردبوو.ھەرچەندە سەرچاوە ناوچەییەکان و خەڵکی مەھاباد ئەم ھەواڵەیان پشتڕاست نەکردەوە.ئێستا دوای چەند ساڵ لە تێپەڕ بوون بەسەرڕووداوی تەقینەوەکەدا وەزارەتی ئیتلاعات باسی ئەوە دەکات تیمێکی تێرۆریستی دۆزیوەتەوە و ئەندامەکانی دەسبەسەر کردوە کە دەستیان لە تەقینەوەکەی مەھاباددا ھەبووە .
حسێن عوسمانی دانیشتوویێکی کوردی شاری مەھابادە و دوانیوەڕۆی ڕۆژی ١٢ی ڕەشەمێی ١٣٩٢ی ھەتاوی لە خانووی خۆیدا لە لایەن ھێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بێ ئەوەی بڕیاری دەسبەسەرکردنی درابێ گیراوە و تەمەنی ۵٠ساڵە و خێزاندارە.
سابیر شێخ عەبدوڵا یەکێکی دیکەی ئەم سێ بەندکراوە لە مەھاباد دەسبەسەر کراوە.ناوبراو خەڵکی مەھابادە و خوێندکاری قۆناغی کۆتایی ماستەر لە بواری “بیمە” لە زانکۆی “عەلامە تەباتەبایی” تارانە و لە ٢۴ی ڕەشەمێی ١٣٩٢دا دوای ئەوەی گەڕاوەتەوە بۆ مەھاباد لە لایەن ھێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کراوە.
سابیرشێخ عەبدوڵا لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی و لە ژێر سەرپەرشتی کردنی باوکیدا وا خەریکی بۆیاخ کردنی ماڵانە لە مەھاباد لە کوردستان گەورە بووە.لە ساڵی ١٣٨۵دا دەچێتە زانکۆی “پیام نور”ی ورمێ و لە بواری “ژمێریاری و ئاماردا” درێژە بە خوێندن دەدات و ساڵی ١٣٩٠ لەم زانکۆ بڕوانامە وەر دەگرێ و حەوت مانگ سەربازی دەکات و دوای ئەوەی وەردەگیرێتەوە لە زانکۆدا بۆ خوێندن لە بواری ماستەر دەچێ بۆ زانکۆی عەلامە تەباتەبایی لە تاران.
باوکی سابیر پێشتر بە ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی کوتووە : کوڕەکەم مرۆڤێکی ھێمن و لە سەر خۆ بووە و دژی خوێنڕژتن بوو.ھیچکات چالاکی سیاسی و کولتوری و کۆمەڵایەتی لە درێژایی ئەم ساڵانەدا نەبووە و تەنانەت بە پێچەوانەوەی ئەم سێناریۆ دەسکردە،جارێکیش سەردانی باشووری کوردستانی نەکردوە.
دیاکۆ رەسوڵزادە کە پێشتر ناوی لە ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی ئیتلاعاتدا ھاتوە،تەمەن ٢٢ساڵ و کوڕی ساڵح لە بەڕواری ١١ی ڕەشەمێی ١٣٩٢ی ھەتاویدا لە لایەن ھێزە ئەمنیەتیەکانەوە دەسبەسەر کراوە.ناوبراو خەڵکی گوندی دریاز سەر بە شاری مەھابادە.
خزم و کەسانی ئەم سێ ھاووڵاتییە کوردە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن جۆری تۆمەتەکان وا دراونەتە پاڵ ئەو بەندکراوانە و وەزارەتی ئیتلاعات سەبارەت بەم سێ کەسە باسی دەکات، لەگەڵ ھزردا یەکناگرێتەوە،یەکێ لە خزمانی حسێن عوسمانی دەڵێ:ئەو کەسە ھاووڵاتیەکی ئاسایی ئەم کۆمەڵگەیە و ئەم جۆرە تۆمەتانە لە بنەڕەتەوە درۆیە و گشت ئەو کەسانەی حسێن عوسمانی دەناسن دوای بیستنی ئەم ھەواڵە و جۆری درووست کردنی ئەم پەروەندە عەبەساون.
لەلایێکی دیکەوە سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو ڕایگەیاندوە ئەم سێ ھاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکردنیان لە گرتووخانەی ئیتلاعاتدا،لە ژێرلێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەی ھەرە دژواردا ڕووبەڕووی زەختێکی بەرفراوان کراونەتەوە بۆ ئەوەی دانپێدانانی تەلەڤیزیۆنی بکەن.کاربەدەستان ئەوانیان خستبووە ژێر زەبر و زەنگەوە بۆ ئەوەی دانپێدانان بۆ ئەم تۆمەتە ھەڵبەستراوانە بکەن.
ئێستا ئەم سێ بەندکراوە کوردە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ دا دەسبەسەر کراون.
١٧- حەسەن فەرەجی
حەسەن فەرەجی کوڕی عەبدوڵا تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی بۆکان لە ۵ساڵ پێش ئێستاوە لە بەندیخانەی ورمێ دەسبەسەر کراوە.
ئەم بەندکراوە دوای نزیکەی ١۴ مانگ لە پاش دەسبەسەر کردنی لە لایەن ھێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە بۆکان،توانیویەتی چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت.
ناوبراو بە تۆمەتی”ئەندامەتی و پڕۆپاگەندە بۆ حزبێکی کوردی” دەسبەسەر کراوە وخراوەتە زیندانەوە و لە کۆتاییدا بەم تۆمەتە سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندراوە.
بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە دەڵێن حەسەن فەرەجی دوای دەسبەسەر کردن ماوەی چەندمانگ کەوتوەتە بەر شاڵاوی ئەشکەنجەوە.
دادوەری دادگەی شۆڕشی ورمێ بە حەسەن فەرەجی گوتووە “دژە شۆڕش” و ” ئاژاوەگێڕ” و پێی گوتووە بە دڵنیاییەوە سزای سێدارە شیاوی ئەوە.
ئەم بەندکراوە ھەتا ئێستاش لە زیندانی ورمێ دایە.
١٨- حەبیبوڵا لەتیفی
حەبیبوڵا لەتیفی لە دایکبووی ١ی خاکەلێوەی ١٣۶١ی ھەتاوی خوێندکاری بواری ئەندازیاری پیشەسازی زانکۆی “پەیام نوور”ی ئیلام بووە ولە سەرەتای خەزەڵوەری ١٣٨۶دا لە شەقامی “ئەدەب”ی سنە لە لایەن ھێزەکانی ناوەندی ھەواڵگری ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە.دوای چوار مانگ ڕاگیرکردن لە ژووری تاکەکەسی لە گرتووخانەی ناوەندی ھەواڵگری ئیدارەی ئیتلاعات ی سنە باسی ئەوە دەکرێ پاش زەبروزەنگ و ئەشکەنجەی بەرفراوان تووشی خوێنبەربوونی ھەناو ھاتووە و سەری شکاوە وبۆ زیندانی ناوەندیی سنە گوازراوەتەوە.لەبەڕواری١٠ی پووشپەڕی ١٣٨٧دا لە بنکەی ژمارە ١ی دادگەی شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر”بابایی” بە تۆمەتی “موحارەبە واتە دژایەتی لەگەڵ اللە”و ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) دادگایی کرا و سەرەڕای بەرپەرچدانەوەکانی پارێزەرەکانی واتە ساڵح نیکبەخت و نێعمەت ئەحمەدی ،سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
دوای جەخت کردنەوەی سزای سێدارە لە لایەن دادگەی پێداچوونەوە،لە کۆتاییدا دادگەی باڵای وڵات لە بەڕواری ١۶ی ڕەشەمێی١٣٨٨دا ئەم بڕیارەی بە شێوازی” سەرزارەکی” بە پارێزەری ئەم بەندکراوە ڕاگەیاندوە.
بڕیاری سێدارە بە پێی ئەو بەڵێنەی بە پارێزەرەکەی درا بوو دەبوا لەڕۆژی ۵ی بەفرانباری١٣٨٩دا لە بەندیخانەی سنەدا جێ بە جێ بکرێ بەڵام بە ھۆی داوای لێبوردن لە لایەن دایک و باوکیەوە،”داواکاری گشتی سنە” بڕیاری ڕاگرتنی جێبەجێ کردنی سزای سێدارەی داوە.
پێشتر دەنگۆی ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سزای سێدارەی ئەم زیندانییە سیاسییە بڵاو ببوەوە . لەم بارەوە یەکێ لە کەسانی نزیک لە حەبیبوڵا لەتیفی بە ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی ڕاگەیاندوە: کۆمیسیۆنی لێبوردن ولێخۆشبوون ئەوداواکارییەی سەبارەت بە داشکاندنی یەک پلە لە سزای سێدارەی پەسەند کردوە بەڵام ھێشتا ئەم حوکمە بە دادگە ڕانەگەیێندراوە و وەزارەتی ئیتلاعات دژی ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سێدارەی ئەم بەندکراوەیە و بەداخەوە حەبیبوڵا لەتیفی ھێشتا لە ژێرھەڕەشەی سێدارەدایە و مەترسی لە سێدارەدرانی لەسەرە.
ئەم بەندکراوە ئێستا لە گرتووخانەی ناوەندیی سنەدا دەسبەسەرە.

“ناوەندی چاڵاکانی مافی مرۆڤی کوردستان” لە سەر ئەو باوەریە کە بەندکراوانی سیاسی کوردی مەحکوم بە ئێعدام لەم رێژە زۆرترن وا لەم راپۆرتەدا ناویان ھاتووە، بویە داوا دەکات لەو کەسانە کە لەم بارەیەوە ئاگادارن و یان زانێاری زۆرتریان لایە بۆ ئەم ناوەندە بەری کەن.

ناوەندی جالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان
ژمارەی بینین:  1926      بەروار:  05/08/2016
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.