کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  گەڕانە بەردەوامەکەی سیروان(گۆڕی بەکۆمەڵ )

گەڕانە بەردەوامەکەی سیروان(گۆڕی بەکۆمەڵ )
یەکێک لەو کەسانەی کە پەرۆشی دۆزینەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان بوو، (سیروانی کوڕی ‏شەھید بەکری دارتاش)ە، لە ٢٠/٤/٢٠٠٣دا رووی کردوەتە بەغداد، عەوداڵی بەڵگەنامەیەک بوو ‏بۆ ئەوەی زانیارییەکی تێدابێ و سۆراخی باوکە شوێن بزرەکەی وھاوڕێکانی پێ بکات. لەوێ ھەواڵی کۆمەڵەی زیندانییە سیاسیە ئازادەکان لەشوعبەی (٥)ی ئیستخبارات دەبیستێ کە ئەو ‏دەمانە (٣٠) زیندانی ئازادبوون، ھەر لەوێ(حەیدەر)و (رافید ئەبو مستەفا) دەناسێ پێی دەڵێن: ‏بەڵگەنامەی (پێنج ملیۆن وسەد ھەزار) کەسمان لەبەر دەستدایە، کە لە (١٩٧٦)ەوە تا تێکشکانی ‏رژێمی تۆتالیتاری عێراق، لەو رۆژەوە ناوی ٢٠٠٠ کەسمان لەبێ سەروشوێنەکان بەشێوەی ‏جیاجیا بڵاوکردوەتەوە. لەوانە تەنیا (٦) ھەزار کەسیان ئارامگای بەتەنیایان ھەیە، ئەوانی تر ‏ھەموویان لەگۆڕی بەکۆمەڵدا شوێن بزر کراون. ‏
ئەو (٦) ھەزارەش تایبەت بوون بەزیندانی ئەبو غرێب، لەگۆڕستانی "کەرخ"و "محمد ‏سکران" نێژراون. یەکێک لەپاسەوانەکانی گۆڕستانی کەرخ وتی: ناونیشانی شوێنێکتان ‏دەدەمێ، گۆڕی ونی (٢٠٠٠) زیندانی بەکۆمەڵی بێ سەرو شوێنی تێدایە، لە ( الشرگەالخامسە، ‏گریق الرچوانیە، فوج الحرس الخاێ قرب السیگرە). ‏
سیروان لەگەل دووکەس لە زیندانییە سیاسیە ئازادەکانی کۆمەڵەی زیندانییە ئازادەکاندا ‏روویان کردە ئەو شوێنە، کە کەوتبووە خواروی رۆژئاوای ئەبو غرێبەوە، شوێنی سەربازگەیەکی ‏کۆن بوو، لەوێ پاشماوەی کەلاوەی چەند کوخێکی سەربازگەکە ھەرمابوو، سیروان دەڵێ کە ‏گەیشتینە گۆڕەپانی مەشقی سەربازگەکە، ھیچ شوێنەوارێکی نیشانەی گۆڕستانی بەکۆمەڵمان ‏نەبینی، سەراپا زەوییەکە تەخت بوو. بەپێی ئەو ناونیشانانەی کە بەوردی لەپاسەوانەکەمان ‏وەرگرت، لەوێ دوو نوێنەری ھاوپەیمانەکان دووگۆڕیان بەپاچ ھەڵدایەوە، چوار کەللە سەرو ‏ئێسک وپروسک و دەست و قاچ دەرکەوتن، ئەمە نیشانەبوو کە گۆڕی بەکۆمەڵە، لەوێ پاسەوانیان ‏بۆ دانا، بۆ ئەوەی لەدەرفەتێکی گونجاودا، بەشێوەیەکی گونجاو، بەپێی بەڵگەنامەکان، گۆڕە ‏بەکۆمەڵەکە ھەڵبدرێتەوە. ‏
کۆمەڵەی زیندانییە ئازادەکانی عێراق
دواتر سیروان لەگەڵ لیژنەی کۆمەڵەی زیندانییە ئازادەکاندا گەڕانەوە، لەوێ بڕیاریاندا، ‏کە بەپێی بەڵگەنامەکان و لیستی ناوەکان گۆڕەکان ھەڵبدەنەوە. ‏
کاک سیروان دەڵێ تروسکەی ھیوایەک لەناخمدا سەری ھەڵدا، کە گەر لەو بەڵگەنامانەدا، ‏ناوی باوکمء ھاوڕێکانی ببینمەوە، ئارامگا ونەکانیشیان دەبینمەوە، بڕیارمدا، واز لەگەشتەکەم ‏نەھێنم تا ئەو نھێنییە گرنگە دەخەمەڕوو، کە (١٣) ساڵە ئێمە بەدوایدا عەوداڵین، نەمدەزانی ‏زەمەنەکانی شەو رۆژ چۆن تێدەپەڕێ، لەگەڵ لیژنەی زیندانیە ئازادەکاندا، بەڵگەنامەکان و لیستی ‏ناوی زیندانییە لەسێدارە دراوەکانمان پۆڵێن دەکرد، لە ٢٥/٤ دا بەڕێکەوت ناوەکانم لەناو ‏لیستەکاندا بەرچاوکەوت، ناوی باوکم و ھاوڕێکانی تێدابوو، بەم شێوەی خوارەوە: ‏
وەفات نامەکانی دۆزییەوە ‏
لەو کاتەدا، روخساری باوکمء ھاوڕێکانیم ھاتەوە بەرچاو، چونکە ھەم ھاتوچۆی ماڵمانیان ‏دەکرد، ھەم سەردانی دوکانەکەشمانیان دەکرد لەسابونکەران، بەجۆرێک گریام، ژیربوونەوەم ‏نەبوو، دیمەنەکانی لەسێدارەدانیان لەناو چاوو مێشکما بەرجەستەبوو، نوێنەری دووکەناڵی ‏ئاسمانی لەوێ بوون، لەوانە (جزیرەو منار)، چەند پرسیارێکیان روبەرووکردمەوە، پێم وتن: ‏لەساڵی ١٩٨٩ ەوە باوکم و ھاوڕێکانی لەلایەن ئەمنی سلێمانییە دەستگیرکراون، ھیچ ھەواڵێکمان ‏نەزانیون، ئێستا ناوەکانیانم لەم لیستەدا بینیوە ناوی سیانیانء کاتی لەسێدارەدانیان و ساڵی ‏لەدایک بوونەکەیانی تێدایە، وتیان باھەوڵ بدەین وەفات نامەکەیان بدۆزینەوە، لەوێدا ژمارەی ‏گۆڕەکانیان و ناوی گۆڕستانەکەی تیا تۆمارکراوە کە تێیدا نێژراون، چونکە ئەمان لەگۆڕی تاک ‏تاکدا بەخاک سپێراون. ‏
دوای گەڕانء ماندوو بونێکی بەردەوام لە ٢٩/٤ دا توانیم وەفاتنامەی ھەر (٥) لەسێدارە ‏دراوە بآێ سەروشوێنەکان بدۆزمەوە بەم جۆرە ٢٢١ ـ عەبدول جەبار رەشید، ٢٢٢ ـ محەمەد رەحیم، ‏‏٢٢٣ ـ عەتا ئەحمەد محەمەد قادر، ٢٢٤ ـ ئەحمەد محەمەد وەتمان، ٢٢٥ ـ ئەبوبەکر محەمەد ساڵح ‏کەریم، لەو ناونیشانی (حاج خالد العانی)ی لێپرسراوی گۆڕستانی (کەرخ) یان پێ نوتم لەشەقامی ‏‏(حیفا) لەپشتی مزگەوتی (سندل)لەوێ نامەیەکی بۆ نوسیم، تا پاسەوانی گۆڕستانەکە بوارم پێ ‏بدات، بەپێی ژمارەی ناو (وەفات نامەکان) گۆڕەکان ببینمەوە، بەخێرایی رووم کردە گۆڕستانی ‏کەرخ بەرامبەر بەئەبوغرێب، ھەمووی (٢٠) دەقیقە لەئەبوغرێبەوە دوورە، گۆڕستانێکی گشتی بوو، ‏دیوار بەھەر چوار دەوریدا بوو، پرسگەی بۆ دانرابوو، پڕبوو لە دارخورماو درەختی تر. ‏
لەناو ئەم گۆڕستانە گەورەیەدا گۆڕستانێکی تایبەتی تر ھەبوو، دیواری بۆ کرابوو، ‏لەسەردەمی دەسەڵاتی تۆتالیتاری عێراقدا کەس نەیدەتوانی سەردانی ئەم گۆڕستانە بکات، لەوێ ‏بەڕێکەوت لەگەل پاسەوانەکەدا ئەو کەسەمان بینییەوە، کە لەسێدارە دراوەکانی بەگۆڕەکان ‏سپاردبوو، ھەر کە وەفات نامەکەم نیشاندا، لەگەڵماندا بەناو گۆڕەکاندا ھەنگاوماننا تاگەیشتینە ‏ژمارەی گۆڕستانەکە (٢٢١،٢٢٢،٢٢٣،٢٢٤) وتی ئەم چوارەیانم پێکەوە ناشتوە، تەنیا ئەمەیان کە ‏ژمارەی گۆڕستانەکەی (٢٢٥) لەبەر ئەوەی باڵای بەرزبووە، لەخوار ئەوانەوە گۆڕێکی گەورەم بۆ ‏ھەڵکەندوەو ناشتومە، لەوێش توشی ھێستریا بووم، گریانێکی قول سەراپا ھەستء وھۆشی ‏داگرتم، بەجۆرێک شینم بۆ گۆڕە بێ نازەکەیان کرد ئەو خەڵکەی ئەوێشم خستە گریان، گۆڕەکان ‏تەخت بوو، تەنیا ئەو ژمارەیان لەسەر گۆڕەکەی بەپلێت دەنوسی کە لەوەفات نامەکەیدا ‏تۆمارکرابوو، تۆزێک گل بەسەریانەوە دیاربوو، ئەو کەسەی کە تەرمەکانی ناشتبوو وتی: ھەموو ‏ئەو کەسانەی ئێرە بەجلوبەرگی خۆیانەوە لە (٧٠)سم قوڵیدا بەخاک سپێراون، زۆربەی ‏لەسێدارەدراوەکان سەعات (٩ ـ ١٠)ی شەو بەئۆتۆمبێلە داخراوەکان دەھێنرانە ئێرە، ‏بەبەردەوامی لێرە چەند گۆڕ ھەڵکەنێک کاریان دەکرد، گۆڕی بەکۆمەلڕء ئامادەکراویان بۆ ‏ئیعدامەکان تەرخان دەکرد، دوای ئەوەی کە لەسێدارە دەدران، یا گوللە باران دەکران، نموونەیەک ‏لەوەفات نامەکەیان بەسەر سکیانەوە دەکرا، ئێمەش بەپێی ژمارەی ناو وەفات نامەکەی ژمارەی ‏گۆڕەکەمان بۆ دیاری دەکرد. ‏
لەساڵی ١٩٨٨ وە تا ١٩٩٧ زیاتر لێپرسراوانی ناو حیزبە سیاسیەکانی کوردستان و ‏عێراق، دوای لەسێدارەدانیان دەھێنرانە ئێرە، دواتر زیندانییەکان کۆمەڵ کوژ دەکران و بەگۆڕی ‏بەکۆمەڵیان دەسپاردن، کاک سیروان دەڵێ کە گەڕامەوە ھەر لەناو لیستی لەسێدارەدراوەکاندا، ئەم ‏ناوانەم بینییەوە کە سەر بەحیزبی شیوعی بوون، خەڵکی ھەولێر بوون، ھەواڵەکەم ناردبۆ ‏کەسوکاریان. ‏
‏١ـ کارەسوڵ رەمەزان ئیبراھیم ١٩٦٥ ‏
‏٢ـ محەمەد حسێن ئیسماعیل ١٩٧٠ ‏
‏٣ـ میشو ئەحمەد عومەر ١٩٦٥ ‏
‏٤ـ محێدین فەرحان ١٩٧٠ ‏
‏٥ـ لوقمان قادر عەوڵا رەسوڵ کوردی ١٩٧٠ ‏
‏٦ـ حسێن رەحمان شێخان ١٩٦٨ ‏
‏٧ـ نەجاح خالید عەلی ئەحمەد خۆشناو ١٩٧٠ ‏
‏ ٤٠٠ زیندانی سیاسی ‏
گوللە باران کران
دواجار کاک سیروان وتی: لەوێ یەکێک لەو کەسانەی کە زانیاری لەسەر گۆڕێکی ‏بەکۆمەڵی تازە ھەبوو، وتی: شەوی ٤٥/٤/٢٠٠٣ ئەو دەمانەی فرقەی پیادەی سەر بەفەیلەقی ‏پێنجی ئەمەریکا بەتەواوی فڕۆکەخانەی بەغدادی نێودەوڵەتی کۆنتڕۆڵ کرد، کە کەوتبووە ‏باشوری خۆرئاوای پایتەختەوە (٤٠٠) سەربازی عێراق کوژران ودەست بەسەر (٧) تانکدا گیرا. ‏ئەو شەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان فڕۆکەخانەیبەغداد دەولی یانگرت، ئەو دەمانە (٧٢٠) ‏زیندانی لە ئەبوغرێبدا مابوون، لەوانە (٣٢٠) زیندانیان لەسەر دزیو کوشتن راوو رووت و ‏کردەوەی ناشایستە حوکم درابون ئازادکران، دەست وچاوی (٤٠٠) زیندانییە سیاسیەکانیان ‏بەستەوەو لیژنەی لەسێدارەدان گوللەبارانیان کردن، دواتر ھەموویان لەخوار (رەدھەی سەقیلە) ‏بەجل وبەرگەکانیانەوە بەشۆفڵ کران بەژێر گڵەوە، تەنیا تەرمی دوانیان دیاربوو، ئەویش لەبەر ‏ئەوەی لایەکیان دانەپۆشرابوو. ‏
عبدوڵڵا کەریم مەحمود
ژمارەی بینین:  2026      بەروار:  25/08/2016
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.