کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  تورکیا لە ماوەى ساڵێکدا دوو هەزار و ٥٠٨ ئەندامى دەبەپەی زیندانیکردووە

ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ماوەی ساڵێکدا دوو ھەزار و ٥٠٨ ئەندام و بەڕێوەبەری پارتی دیموکراتیی ھەرێمەکان (دەبەپە) دەستگیرکردووە. ھەروەھا لە ماوەی ساڵێکدا چوار ئەندامی ئەنجوومەنی دەبەپە لە باکووری کوردستان کوژراون.

ئەمڕۆ ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتیی ھەرێمەکان (دەبەپە) ڕاپۆرتێکی لەبارەی ئەو ئەندامانەیانەوە بڵاوکردووەتەوە، کە لە ماوەی ساڵێکدا لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیر و دواتریش زیندانی کراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ئەندام و بەڕێوەبەرانەی دەبەپە لە ٢١ پارێزگای باکووری کوردستان و پارێزگای ئیستانبولد دەستگیرکراون و زۆرترین ئەندامی دەبەپەش لە پارێزگاکانی ڕحا (ئورفا) و ئامەد دەستگیرکراون.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی دەبەپە،  لە پارێزگای ئاگری ١٢٠ ئەندام و بەڕێوەبەر، لە پارێزگای ئەرزڕۆم ٧٧ ئەندام و بەڕێوەبەر، لە پارێزگای دێرسیم ١٥٠ ئەندام و بەڕێوەبەر، لە پارێزگای سەمسور ٣٤ ئەندام و بەڕێوەبەر، لە ئیستانبول ئەندامێک، لە ڕحا ٦٢٠ ئەندام و بەڕیوەبەر، لە سێرت ١٥٠ ئەندام و بەڕێوەبەر، لە چەولیگ ٥٤ ئەندام و بەڕێوەبەر، لە مێردین ١٥٠ ئەندام و بەڕێوەبەر، لە دیلۆک ١٥٠ ئەندام و بەڕێوەبەر، لە ئەردەخان نۆ ئەندام و بەڕێوەبەر، لە ئەلیح ٦٠ ئەندام و بەڕێوەبەر، لە بەدلیس ٢٦ ئەندام و بەڕێوەبەر، لە جۆلەمێرگ ٦٠ ئەندام و بەڕێوەبەر، لە ئامەد ٥٠٢ ئەندام و بەڕێوەبەر، لە موش ١٠٠ ئەندام و بەڕێوەبەر، لە شڕنەخ ٢٩ ئەندام و بەڕێوەبەر، لە وان ١٢٠ ئەندام و بەڕێوەبەر، لە مەڕەش دوو ئەندام و بەڕێوەبەر، لە قەرس ١٩ ئەندام و بەڕێوەبەر، لە ئیدر ٦٥ ئەندام و بەڕێوەبەر، لە خارپێت ١٠ ئەندام و بەڕێوەری دەبەپە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر و زیندانیکراون.

لە ڕایگەیاندراوەکەی دەبەپەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، کە لە ماوەی یەک ساڵدا محەمەد یاڤوزلی، سەڤە دەمیر و دوو ئەندامی تری ئەنجوومەنی دەبەپە لە شاری سلۆپی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە شەھید کراون.

پارتی دیموکراتیی ھەرێمەکان (دەبەپە)

دەبەپە درێژکراوەی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە)یە، کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دامەزراوە. بەدەپە لە ڕۆژی ١١ تەمووزی ٢٠١٤ لە دوایین کۆنگرەی خۆیدا ناوەکەی خۆی گۆڕی بۆ پارتی دیموکراتیی ھەرێمەکان (دەبەپە) لە باکووری کوردستان.

لە ساڵی ٢٠٠٨دا ئامینە ئاینا و کامەران یوکسەک بوون بە ھاوسەرۆکەکانی دەبەپە.

دەبەپە لە ڕۆژی ٢٣ی ئابی ٢٠١٥ بەھۆی دۆخی تایبەتی باکووری کوردستان و دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییەکانی سێیەم کۆنگرەی نائاسایی خۆی بەست و لە کۆنگرەکەدا جەخت لە خۆبەڕێوەبەریی دیمورکراتی کورد لە باکوور، دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و دانوستان لەگەڵ ئۆجەلان و نوێنەرەکانی کورددا کرایەوە.

ڕۆژی ١٠ی ئایاری ٢٠١٦ کامەران یوکسەک ھاوسەرۆکی دەبەپە لەلایەن پۆلیسەوە لە بەردەم بارەگای سەرەکیی دەبەپە لە شاری ئامەد دەستگیرکرا و ڕۆژی ١٣ی ئایاری ٢٠١٦ جگە لە بڕیار دەستگیرکردنەکەی دوورخرایەوە بۆ زیندانی ئەدەنە.

دوابەدوای ئەوەش پارتی دیموکراتیی ھەرێمەکان (دەبەپە) لە ڕۆژی ٢٣ی ئایاری ٢٠١٦ لە کاتێکدا چوارەم کۆنگرەی نائاسایی لە ئەنقەرە بەڕێوەبرد، کە لە کۆی ٢٢ ھۆڵی گەورەی ئەنقەرە ھیچ ھۆڵێکیان پێ نەدرا بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەکەیان. ھەورەھا ھاسەرۆکی دەبەپە و ٢١ ئەندامی ئەنجوومەنی دەبەپە، ٢٢ سەرۆک شارەوانی و ١٨ بەرپرسی ئەو حزبە لە کاتی کۆنگرەی حزبەکەیاندا لە زیندانەکانی حکومەتی تورکیادا بوون.

لە چوارەم کۆنگرەی نائاسایی دەبەپەدا، دیسانەوە کامەران یوکسەک و ھەروەھا سەباحەت تونجەل بە ھاوسەرۆکیی دەبەپە ھەڵبژێردران.

سەرۆک شارەوانییەکانی باکووری کوردستان ئەندامی پارتی دیموکراتیکی ھەرێمەکان (دەبەپە)ن، کە خاوەنی ١١٥ سەرۆک شارەوانییە لە باکووری کوردستان.

حکومەتی تورکیا لە چوارچێوەی یاسای باری نائاسایدا، ٢٤ سەرۆک شارەوانیی دەبەپەی لەکارەکانیان دوورخستەوە و لە بریی ئەو سەرۆک شارەوانیانە، نوێنەرانی حکومەت دانران بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری سەرۆک شارەوانییەکانی باکووری کوردستان.

NRT 
ژمارەی بینین:  1663      بەروار:  
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.