کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  راپۆرتێک لەبارەی دۆخی پێنج ژنە سیاسی کورد لە زیندانی کرماندا
راپۆرتێک لەبارەی دۆخی پێنج ژنە سیاسی کورد لە زیندانی کرماندا

پێنج ژنە کوردی سیاسی دوورخراونەتەوە بۆ زیندانی کرمان کە زیاتر لە ١۵٠٠ کیلۆمەتر لە رۆژھەڵاتی کوردستانەوە دوورە، ئەو پێنج ژنە بێ ئەوەی ھیچ کام لە مافە سەرەتاییەکانی ژیانیان پێبدرێت لە زیندانی ناوەندی کرماندا ژیان بەسەردەبەن.
ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان بەبۆنەی رۆژی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان راپۆرتێکی لەبارەی دۆخی ئەو پێنج ژنەوە بڵاوکردوەتەوە.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەفسانە بایەزیدی، ھاجەر پیری، سۆھێلا مینایی، سودابە حەسەنخانی و فەریدە خوشنام، لەو زیندانیە سیاسیانەن کە بە تۆمەتی ” ھاوکاری حزبە سیاسیەکان-ی” رۆژھەڵاتی کوردستان بە زیندان سزادراون و پاشان دوورخراونەوەتەوە بۆ زیندانی کرمان کە دەکەوێتە باشوری ڕۆژھەڵاتی ئیرانەوە، بەگوێرەی زانیاریەکان ئەو ژنانە چەندین ساڵ زیندانیان تێپەڕکردووە بەبێ ئەوەی مۆڵەتی ھاتنەدەرەوەیان بدرێتێ.
ئەفسانە بایەزیدی، چالاکوانی خوێندکاری و ھاوڵاتیەکی شاری بۆکانە، بایەزیدی لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بە تۆمەتەکانی “بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی – بێڕێزیکردن بە رێبەری کۆماری ئیسلامی – ھاوکاری یەک لە حزبە سیاسیەکان”ی رۆژھەڵاتی کوردستان لە دادگای شۆڕشی مەھاباد بە چوار ساڵ زیندان و دوورخرانەەوە بۆ زیندانی کرمان سزادرا و ئێستا لە زیندانی کرماندا ژیانێکی سەخت بەسەر دەبات.
ھاجەر پیری، زیندانی سیاسی تەمەن ٣٣ ساڵان کە نۆ ساڵە لە زیندانی کرماندایە، ناوبراو لە ئایاری ساڵی ٢٠٠٧دا لە نەغەدە لەلایەن ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەرکرا و چەند مانگێک دواتر لە دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “ئەندامێتی یەک لە حزبە سیاسیەکان-ی رۆژھەڵاتی کوردستان و کارکردن دژی ئاسایشی نەتەوەیی”، بە ١٧ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی کرمان سزادرا.
سۆھێلا مینایی، زیندانی سیاسی تەمەن ٢٧ ساڵان و ھاوڵاتی شاری دیواندەرەی رۆژھەڵاتی کوردستانە، ناوبراو لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا لەلایەن بنکەی وەزارەتی ئیتلاعاتی دیواندەرەوە دەستبەسەرکرا و پاشان لە دادگای شۆڕشی سنە بەتۆمەتی “ھاوکاری یەک لە حزبە سیاسیەکان”ی رۆژھەڵاتی کوردستان بە سێ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی کرمان سزادرا، ئێستا نۆ مانگە کە لە زیندانی کرماندا ژیان بەسەردەبات.
سودابە حەسەنخانی، تەمەن ٣١ ساڵان، ئەندازیاری کۆمپیۆتەرە و ھاوڵاتیەکی شارۆچکەی حەلەبی سەربە بیجارە، ئەو زیندانیە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەرکرا و پاشان بە تۆمەتی سیخوڕی و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بە نۆ ساڵ زیندان سزادرا.
فەریدە خوشنام، تەمەن ٣٢ ساڵان و ھاوڵاتیەکی شاری تکابە و بەکالۆریۆسی ھەیە لە بواری یاسادا، ناوبراو لەمانگی ئابی ٢٠٠۵دا لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەرکرا و پاش چەند مانگ ئەشکەنجە، دادگاییکرا، دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری تکابەوە بە تۆمەتی “پەیوەندی لەگەڵ دەزگا ھەواڵگریەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان” بە ١٤ ساڵ زیندان و ٨٠ قامچی و دوورخرانەوە بۆ زیندانی کرمان سزادرا.
جێگای بیرھێنانەوەیە، کە سێ زیندانی سیاسی دیکە لە زیندانی ناوەندی کرماندا لە دۆخێکی سەختدا ژیان بەسەردەبەن، بەڵام ئەو سێ ژنە ئامادە نەبوون ناویان بڵاوبێتەوە، چونکە رژێمی ئێران ھەڕەشەی لێکردوون لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ناویان لەرێگای ناوەندەکانی داکۆکیکردن لەمافی زیندانیان، سزاکەیان قورستر دەکاتەوە.
 لە پەیجی ڕۆژھەلاتی ناڤین وەرگیراوە
ژمارەی بینین:  1510      بەروار:  17/11/2016
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.