کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  وای لەمە، چما عومەر حەسەن شەھیدە و نەمان زانیوە؟
وای لەمە، چما عومەر حەسەن شەھیدە و نەمان زانیوە؟
 دەرسیم دیبەگەیی

عومەر حەسەن ڕەسوڵ گەردی، لەدوای ساڵی (١٩٧٦) وەکو جاشێک و فەرماندەی مەفرەزە خاسەی ئەمن ناسراو دواتریش لە ساڵی (١٩٨٣) فەوجی فەوجی (٢٨)ی جاشە سووکەکانی دامەزراند.
عومەر حەسەن، لە ڕۆژی (١٦.٨.١٩٨٠)دا پێشمەرگەی حزبی سۆسیالیستی کوردستانی بەناوی بەھرام خاڵند محەمەدئەمین نادر گەڵاڵی (١٩٥٢/ ھەولێر/ چەمرگە) و لەگەڵ فاروق نامیق محەمەدئەمین نادر گەڵاڵی ئامۆزای (١٩٥٢/ ھەولێر/ چەمرگە)، کە ئەوەی دووەمیان ئەندامی ڕێکخستنی حزبی ناوبراو بووە، لە ماڵەکەی بەھرام خاڵند لە گەڕەکی سەیداوەی ھەولێر گرت. عومەر حەسەن، ھەردووکیانی ڕادەستی ھەیئە خاسەی شاری کەرکوک کردن. ئەوان، دواتر لە ڕۆژی (٢٩.١٠.١٩٨٠)دا لە ھەیئە خاسە دادگاییکران و شەھید بەھرام چەمرگە سزای سێدارە و فاروق سزای زیندانیکردنی ھەتاھەتایە درا. پاشانیش شەھید بەھرام، لە شەوی (١٠/١١.١٢.١٩٨٠)دا لەگەڵ پێنج قارەمانی دیکە لە بەندیخانەی موسڵ لە سێدارە درا.
عومەر حەسەن ڕەسوڵ، لە کۆتایی ساڵی (١٩٨١)دا کەسێکی بەناوی حەسەن دارەتوویی بە تۆمەتی ئەندامی حزبی سۆسیالیستی یەکگرتووی کوردستان بەگرتدا، کە ھەر لەو ساڵەدا حەسەن دارەتوویی لەژێر ئەشکەنجە لە ھەیئە خاسەی کەرکوک گیانی لە دەست دا؛ سەرچاوە: (شێخ محەمەد خدر تەھا، ئەو ڕۆژانەی ئەمڕۆیان دروست کرد، کەناڵی ئاسمانی کوردسات).
عومەر حەسەن گەردی، لە ڕۆژی (١٠.٤.١٩٨٥)دا دوو پێشمەرگەی تیپی (٩١)ی سەفینی (ی. ن. ک)ی بە ناوەکانی سدیق جەواد حەمە شەریف ئەحمەد گەڵاڵی (١٩٦٨/ ھەولێر/ باغەمرە) و کامەران حەسەن مەولود پیرداود (١٩٦٧/ ھەولێر)، لە کەسنەزان بەدیل گرت و ڕادەستی ئەمنی ھەولێری کردن، کە دواتر لە ڕۆژی (١٥.٣.١٩٨٦)دا لە زیندانی ئەبوغرێب لە بەغدا لە سێدارە دران.
فەوجی جاشە سووکەکانی عومەر حەسەن ڕەسوڵ گەردی، لە ساڵی (١٩٨٥)دا کاتێک کە پاسەوانی شارۆچکەی ئاغجەلەر و دێھاتەکانی دەوروبەریان پێسپێردرابوو، لە شەوی (١٤/١٥.٩.١٩٨٥)دا ھێزێکی پێشمەرگەی تیپی (٢٥)ی خاڵخاڵان کە پێکھاتبوو لە سێ کەرتی یەکی قەڵاسێوکە، کەرتی دووی شیوەسوور و کەرتی سێی چەمچەماڵ بە سەرپەرشتی دانا ئەحمەد مەجیدی سەرتیپ، ھێرشیان کردە سەر دوو ڕەبایەی گوندی کانی سپیلکەی ئاغجەلەر، بەڵام بەداخەوە لە ئەنجامی تەقینەوەی چەند مینێک لەژێر قاچی پێشمەرگەکان و تەقەی زۆری جاشەکان، یازدە پێشمەرگە بەم ناوانە شەھید بوون: (ئەمین عەبدولکەریم (ئەمین بەکر قەسرۆکی – ئاغجەلەر)، جومعە عەبدولکەریم محەمەد ساڵح (جومعە ڕیشە کەرکوکی) لێپرسراوی دارایی تیپ، عەبدوڵڵا محەمەدئەمین ئیبراھیم (عەبدوڵڵا قەرەناوی - شوان)، عەزیز محەمەد ساڵح ئەحمەد سۆنەگۆلی (بارام) ڕابەر سیاسی کەرتی سێی چەمچەماڵ، عەلی حاجی حەمەدئەمین فەتاح عەلی (عەلی کارێزەیی - شوان)، عومەر محەمەد عەبدوڵڵا خدر ناسراو بە عومەر حەمە قوچ (کانی ھەنجیر – ئاغجەلەر)، فازڵ عەلی سەعید سەعدون شوانی (شێرکۆ قەرەناوی)، کامەران تەھا فەرەج مەحمود کەرکوکی (کامەران بیکەیسی)، کاوێس حەوێز عومەر ئەحمەد (کاوێس مۆرخواردەیی – ئاغجەلەر)، محێدین ئەحمەد محەمەد چەمچەماڵی (محێدین بێکەس) و یاسین سەلام ساڵح خدر ناسراو بە یاسین تەقتەقی (تەقتەق – شوان)، لەگەڵ برینداربوونی (٢٣) پێشمەرگە؛ سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٥٦١٨). تەرمی شەش پێشمەرگە کەوتە بەردەستی جاشەکانی عومەر حەسەن و بەنھێنی لە کەرکوک نێژرابوون، بەڵام دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام حوسێن لە ڕێکەوتی (٩.٤.٢٠٠٣)دا تەرمی ئەو شەش پێشمەرگەیە لە گۆڕستانی شێخ محێدین دۆزرایەوە و بۆ شوێنی لەدایکبوونیان گواسترانەوە.
عومەر حەسەن ڕەسوڵ گەردی، لە شەڕی چوارتا مەدالیای ئازایەتی لە سەدام وەرگرتووە.
عومەر حەسەن گەردی، لە ڕێکەوتی (٢٦.١٢.١٩٨٦)دا یوسف مەجید حەمەد سیاوی ئەندامی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرد و ڕادەستی ئەمنی ھەولێری کرد. لە ساڵی (١٩٨٧)دا یوسف مەجید حەمەد ڕەوانەی دادگای شۆڕشی بەغدا کراو فەرمانی لە سێدارە دانی بۆ دەرچوو، دواتر لە ڕێکەوتی (٢٩.٥.١٩٨٨)دا لە سێدارە درا.
فەوجی عومەر حەسەن ڕەسوڵ گەردی بەشداری شاڵاوی ئەنفالەکانی (١+٢+٨)ی کردووە. سەبارەت بە بەشداریکردنی ئەو فەوجە لە ئەنفالەکانی یەک و دوودا؛ سەرچاوە: (ڕۆژنامەی الپورە، ژمارە (٦٥١٩)، ل نەزانراوە)‌. سەبارەت بە بەشداریکردنی ئەو فەوجە لە ئەنفالی (٨)دا؛ سەرچاوە: (سی دی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی ئەنفال، ب٢٢، ل٥٢٢٠-٥٢٢٨).
عومەر حەسەن ڕەسوڵ گەردی، سەرۆکجاشی فەوجی (٢٨)ی جاشە سووکەکان، ژمارە (٣٦١)ی لە لیستی ناوی تۆمەتبارە داواکراوەکان دراوەتێ. عومەر حەسەن،‌ دوای ڕاپەڕین لە ڕۆژی (٢١.٩.١٩٩٢)دا لەلایەن (ی. ن. ک) لە شاری کەرکوک کوژرا و تەرمەکەی لە موسڵ نێژراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی خۆم کە ھەمووی لە پەرتووکی (ئینسکلۆپیدیای تۆمەتبارانی شاڵاوی ئەنفال لە باشووری کوردستان) نووسراوە، عومەر حەسەن بۆتە ھۆکاری شەھیدکردن و لە سێدارەدانی (١٦) پێشمەرگە و ڕێکخستن، کەچی کەسوکارەکەی لە فەیسبووک پەیژێکیان بۆ کردۆتەوە بەناوی (شەھید عومەر حەسەن)، لینکی پەیژەکە لە خوارەوە دادەنێم:

پەیجەکە

باشە ئەگەر عومەر حەسەن، شەھید بێ، ئەی ئەو قوربانییانەی دەستی ئەو ناوبنێین چی؟ سەیرە، بەڕاستی سەیرە، وەکو کابرا گوتەنی: (وام لەمە، چما عومەر حەسەن شەھیدە و نەمان زانیوە)؟
ھیوادارم سەیری ئەو لینکەی خوارەوە بکەن و گوێ لە مۆرانی (ڕۆڵە لای)، مۆرانیبێژ (محەمەد حشمتی) بگرن، ئەگەر سەدا سەد بۆچوونتان وابێ کە مۆرانی ڕۆڵە لای گۆرانیە و مۆرانیبێژ محەمەد حشمتی گۆرانیبێژە، ئینجا ھێشتاکە عومەر حەسەن شەھید نییە و سەرۆکجاشێکی خۆفرۆش و بەکرێگیراوی بەعس و سەدام بووە!

دەرســــــیم
ھەینی (٢٥.١١.٢٠١٦).
دانـــــمارک
ژمارەی بینین:  1321      بەروار:  26/11/2016
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.