کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
   چما عەبدە قوتیش شەھیدە؟

چما عەبدە قوتیش شەھیدە؟
عەبدولخالق محەمەد ساڵح ئەمین، ناسراو بە عەبدە قوت، لە ساڵی (١٩٨٤)دا فەرماندەی سریە (ئامر سریە) بوو لە فەوجی (١٠)ی جاشەکانی سەید قەھار سەید حوسێن خورمەڵەیی، کە سەید قەھار خۆی لە ڕۆژی (١٩٨٤/٤/٢٦)دا بەدەستی پێشمەرگەکانی (ی. ن. ک)، لە گوندی گردەڕەشە لەنێوان ھەولێر و قوشتەپە کوژرا. دوای سەید قەھار، سەید حوسێنی باوکی و عەباسی برای فەوجەکەیان بەڕێوە دەبرد.
عەبدە قوت، لە دیبەگە بە (عەبدە خوێڕی) ناسرابوو، چونکە ھەردەم پیکابێکی شۆڤرلێتی زەردی لەدەست بوو، کە زۆر بەخێرایی بەناو بازاڕ و کۆڵانەکانی دیبەگەدا لێی دەخوڕی و خەڵکەکەش لەبەر ئەم ڕەفتارە ناشرینەی زۆر لێی بێزار ببوون و نازناوی (عەبدە خوێڕی)یان لێنابوو.
ساڵ ھات و ساڵ ڕۆیی، عەبدە قوت دوای ڕاپەڕینی (١٩٩١/٣/١١)ی ھەولێر، لە جاشێتییەوە سەنگەری خۆی گواستەوە بۆ ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. ناوبراو، لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەردەوام بوو لەسەر ڕەفتار و ڕەوشتە جاشێتیەکەی خۆی! ماوەیەک لە شەقڵاوە و دواتریش لە ھەولێر دەیکەن بە بەرپرسی زیندانی ئاساییشی ھەولێر لە باڵاخانەی کۆنی پارێزگای ھەولێر. تا ئەوکاتەی کە پێشمەرگەیەکی دێرین دەگیرێ و عەبدە قوت، ئەشکەنجەی توندی دەدات، چەند ڕۆژێک دواتر سەفین مەلاقەرە سەردانی زیندان دەکات و پێشمەرگەکە بانگی سەفین دەکات و شوێنی برین و ئەشکەنجەی عەبدە قوتی پیشاندەدات. سەفین مەلاقەرە، بانگی عەبدە قوت دەکات و ھەموو دەموچاو و گیانی دەشکێنێ و دەری دەکات. دواتریش ئەو جاشە لە ڕۆژی (١٩٩٥/٢/٢٢)دا لە شەڕی ناوخۆدا کوژرا!
ئەوەی سەیرە عەبدە قوت وەکو شەھیدی (ی. ن. ک) مووچەی شەھیدانەکەی (٣) کەس وەری دەگرن و ھەریەکەی (٥٧٥) ھەزار وەردەگرن، کە دەکاتە (١،٧٢٥،٠٠٠) یەک ملیۆن و حەوت سەد و بیست و پێنج ھەزار دینار وەردەگرن!
شەھید محەمەد قادر نادر، بەرپرسی ڕێکخراوی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، کە لە ڕۆژی (١٩٨٦/٢/١٨) دەستگیرکراو و دواتریش لە ڕۆژی (١٩٨٧/١٢/٢٩)دا لە سێدارە درا، مووچەی شەھیدانەکەی (٦٨٧،٠٠٠) شەش سەدو ھەشتاو حەوت ھەزار دینارە!
شەھید جەمیل ئەحمەد مەحمود (دەرسیم)، ئەندامی کۆمیتەی ڕاپەڕینی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە ھەولێر، کە ڕۆژی (١٩٨٠/٧/١٢) گیراو دواتر لە ڕۆژی (١٩٨١/٥/٢١) لە موسڵ لە سێدارە درا، مووچەکەی (٥٧٥) ھەزار دینارە، واتە یەک لەسەر سێی مووچەی عەبدە قوتی کۆنە جاشە!
شەھید نامیق حەمە شکور کەریم چەمچەماڵی، ناسراو بە پێشڕەو، بەرپرسی کەرتی ڕێکخستنی ڕواندز، کە لە ڕۆژی (١٩٨٣/٤/٢٨)دا لە شەڕی دژ بە بەرەی جود لە مەلەکان شەھید کرا، مووچەکەی تەنیا (٥٥٠) ھەزار دیناری خوێڕییە! ئەوانەی شەھید پێشڕەویان لە نزیکەوە ناسیبێ دەزانن و شایەتی ئەوەم بۆ دەدەن، کە ناوبراو لە ڕووی ئاستی ڕۆشنبیرییەوە ئەگەر لە ھەموو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی (ی. ن. ک) بەرزتر نەبێ، ئەوە بەدڵنیایی لە (٩٥%)یان ئاست بەرزتر و ڕۆشنبیرتر و بەھەڵوێستتر بوو.
ئیبراھیم مەحمود محەمەد عەبدولڕەحمان، ناسراو بە دکتۆر ڕێباز، کادیری پێشکەوتووی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، کە لە ڕۆژی (١٩٧٩/١٢/٥)دا لەلایەن سوپا و جاشەکانی قاسم ئاغای کۆیە لە شەڕێکدا لە گوندی کڵێسەی دەشتی کۆیە بەدیل گیرابوو، دواتر لە ڕێکەوتی (١٩٨٠/١١/١٣) لە زیندانی موسڵ لە سێدارە درا، مووچەکەی (٥٥٠) ھەزار دیناری خوێڕییە و بەس! ئاستی ڕۆشنبیری و قارەمانێتی ئەم ھەڵۆیە لە ھاوڕێ پێشمەرگەکانی و ئەوانەی لە زیندان لەگەڵی بووینە بپرسن، ئینجا بۆتان دەردەکەوێ کە چ ناڕەوایی و نادادپەروەرییەک بەرانبەر بە شەھید دکتۆر ڕێباز و ئەو سێ شەھیدەی سەرەوەو ھەزاران شەھیدی دیکە کراوە!
ئەم نموونانەی سەرەوە تەنیا مستێکی خەروارێکن، ئەگینا گەندەڵی، ناڕەوایی، نادادپەروەری و نایاسایی لە لیستی شەھیدان و زیندانیانیی سیاسیی لە ژماردن نایەن!
نەفرەت لە عەبدە قوت (عەبدە خوێڕی).
نەفرەت لە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی (ی. ن. ک).
نەفرەت لە وەزیری شەھیدان کە واژۆی لەسەر ئەو بڕە مووچەیەیەی عەبدە قوت کردووە.
نەفرەت لەو بەڕێوەبەرە گشتییەی کە مووچەی ئەو جاشە سووکەی بەرزکردۆتەوە.
نەفرەت لە ھەموو ئەو کەسانەی کە ھاوکار بووینە بۆ بەرزکردنەوەی مووچەی جاشی سووک عەبدە قوت.
نەفرەت لە ھەموو ئەو حزب، سەرکردەو کەسانەی کە داڵدەی سەرۆکجاش و فەرماندەی مەفرەزە خاسەکانی ڕژێمیان داوە، کە تاوانیان لەدژی نەتەوەو نیشتمان ئەنجام داوە.
لێرەدا ڕایدەگەیەنم، ھەر کەناڵێکی ئاسمانی، ئەگەر ئامادەبێ بۆ بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی (دوو کاتژمێرێ)، بە مەبەستێتی ئاشکراکردنی گەندەڵییەکانی وەزارەتی شەھیدان لە مووچەی شەھیدان و زیندانیانیی سیاسیی، با پەیوەندییم پێوە بکات، بۆ ئەوەی بەشێکی زۆری گەندەڵییەکان ئاشکرا بکەم، ئەگەر پێش ڕانەگەم لەماوەی ئەو دوو کاتژمێرەدا ھەمووی ئاشکرا بکەم!
دەرسیم
یەکشەممە (٢٠١٦/١٢/٤)
دانمارک
ژمارەی بینین:  1355      بەروار:  05/12/2016
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.