کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  توركیا: زیاتر له‌ هه‌شت هه‌زار ئه‌ندامی‌ هه‌ده‌په‌ له‌ 17 مانگی‌ رابردوودا ده‌ستگیركراون

خەندان: خۆشناو حسێن

لەماوەی نزیکەی  ١٧ مانگی رابردوودا لە تورکیا، ھەشت ھەزار و ٤٣٢ ئەندامی ھەدەپە و دەبەپە دەستبەسەر و دەستگیرکراون ، لەو ژمارەیەش دوو ھەزار و ٣٦٠ کەسیان، ھاوسەرۆکانی گشتی ھەدەپە و پەرلەمانتاران و ھاوسەرۆکی شار و ناوچە و شارۆچکەکانن، ئەوەش بەوتەی جێگری ھاوسەرۆکی گشتی ھەدەپە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمرۆ پێنجشەممە، لە بارەگای ناوەندی ھەدەپە لە ئەنقەرە  ئایسەل توغلوق، جێگری ھاوسەرۆکی گشتی ھەدەپە کە لەھەمانکاتدا، بەرپرسی کاروباری یاسایی و مافی مرۆڤی پارتەکەیە،  ئاماری دەستەبەسکردن و دەستگیرکردنەکانی ١٧ مانگی رابردووی ئەندامانی پارتەکەی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە راگەیاند.

بەپێی ئامارەکانی ھەدەپە، لە ٢٢ی تەموزی ساڵی رابردوەوە تائێستا لە تورکیا کە ماوەی نزیکەی ١٧ مانگ دەکات، ھەشت ھەزار و ٤٣٢ ئەندامی ھەدەپە و بەدەپە دەستگیر و دەستبەسەرکراون ، کە دوو ھەزار و ٣٦٠ کەسیان ھاوسەرۆکانی گشتی و پەرلەمانتارانی ھەدەپە و ھاوسەرۆکی شار و ناوچە و شارۆچکەکانی بەدەپەن.
 
لەماوەی پێنج رۆژی رابردووداو لە داوی تەقینەوەکەی دەی ئەم مانگەی ئەستەمبوڵەوە تائێستا نزیکەی ٤٠٠ کەس لە ئەندام و بەرپرسانی ھەدەپە و دەبەپە دەستبەسەرکراون.

شەوی شەممەی رابردوو دوای کاتژمێر و نیوێک لە تەواوبوونی یاری نێوان بەشیکتاش- بۆرسا سپۆر لە یانەی ڤۆدافون ئارێنا لە ناوچەی دۆلمەباخچەی شاری ئەستەنبوڵ ھێرشێک لەرێگەی ئۆتومبێلی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدرا و لە ھەمانکاتدا لە پارکی ماچکا تەقینەوەیەکی خۆکوژی رویدا، بەوتەی وەزیر ناوخۆی تورکیا لەو تەقینەوانەدا ٤٤ کەس کوژراون کە ٣٧یان پۆلیس بوون.

ئێوارەی یەکشەممەی رابردوو گروپی ھەڵۆکانی ئازادی کوردستان (تاک) لەراگەیەندراوێکدا لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆیان، بەپرسیارێتی ئەو تەقینەوەکانیان لەئەستۆ گرت و رایانگەیاند، "دوو ھاوڕێی ئازامان لەکاتژمێر ١٠:٣٠ خولەک خۆیان تەقاندوەتەوەو بەھۆیەوە ١٠٠ پۆلیس کوژراون‌و سەدانی دیکەش برینداربوون."

ئایسەل توغلوق ھەروەھا رونیشیکردەوە،  لەکۆ ژمارەی دەستگیرکراوەکان ٢١ ھاوسەرۆکی ھەدەپە-ی شارەکانن و ٤٤ ھاوسەرۆکی ناوچە و ١٧ ھاوسەرۆکی دەبەپەی شار و ٤٢ ھاوسەرۆکی ناوچە دەستگیرکراون، ھەروەھا ھاوسەرۆکانی گشتی ھەدەپە و ١٢ پەرلەمانتار و سێ ئەندامی سەرکردایەتی ھەدەپە و سێ  ئەندامی ئەنجومەنی پارتەکەن.

ھەروەھا، لە ناو دەستگیرکراوەکاندا  ٦٢ ھاوسەرۆکی شارەوانی سەر بە دەبەپە ھەن  و ٥٧ ھاوسەرۆکی شارەوانیش لە کارەکانی دوورخراونەتەوە کە  لە و ژمارەیەش ٤٣  سەرۆک شارەوانی قەیوم لە جێگایان دانراوە،  ھاوکات دە  ھاوسەرۆکی شارەوانیش دەستبەسەرکراون.

ھەر بەپێی ئامارەکانی ھەدەپە،  لە مانگی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی ئەمساڵدا،   بە گشتی ھەزار و ٨٣١ ئەندامانی ھەدەپە و دەبەپە، دەستبەسەرکراون و ٣٦٠ کەسیش دەستگیرکراون.

تورکیا ماوەیەکە ھەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستگیرکردن و دورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکانی سەر بە بەدەپەو ھاوسەرۆک‌و پەرلەمانتارانی ھەدەپەی دەستپێکردووە، کە ناڕەزایی زۆری لەسەر ئاستی ناوخۆی تورکیاو وڵاتانی دەرەوە لێکەوتووەتەوە.
ژمارەی بینین:  1293      بەروار:  17/12/2016
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.