کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  یه‌زدا: تۆمه‌ته‌كان بۆ ڕاگرتنی‌ كاره‌كانمان بێبنه‌مان
خەندان- دانا تەیب مەنمی

سەرۆکی ڕێکخراوی یەزدا ڕایدەگەیەنێت، بەھۆی ڕاگرتنی کارەکانیانەوە ژیانی "ژمارەیەکی زۆر" لە ژنان و منداڵانی ئێزدی لەمەترسیدایە و پاساوەکانی ڕاگرتنیان بە "بێبنەما"وەسفدەکات، دیندار زێباریش  ڕێکخراوەکە  بە تێوەگلان لە کاری سیاسی تۆمەتباردەکات.

یەزدا، ڕێکخراوێکی فرەنەتەوەی ئێزدی جیھانییە و دوای داگیرکردنی شەنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤ دا لە ئەمریکا دامەزراوەو لە وڵاتانی سوید و عێراق و بەریتانیا مۆڵەتی کارکردنی ھەیە.

دوێنێ چوارشەممە، ڕێکخراوی ھیومان ڕایتس وۆچ، ڕایگەیاند ڕۆژی دووی ئەم مانگە ڕێکخراوی یەزدا لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە لە دھۆک "بە پاساوی نالۆژیکی" داخراوە.

موراد ئیسماعیل، بەرێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی یەزدا، بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ئۆفیسی ڕێکخراوەکەیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردیەوە بەتۆمەتی تێوەگلان لە چالاکی سیاسی نایاساییدا داخراوە.

موراد، تۆمەتەکانی سەر ڕێکخراوەکەی ڕەتکردوتەوەو بە "بێ بنەما" وەسفیکردوون، بەوتەی ئەو، "ئێستا ژیانی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و منداڵانی ئێزدی لەمەترسیدایە چونکە چیتر ناتوانن چارەسەری دەروونی تروما، وەربگرن کەلەلایەن ڕێکخراوەکەی ئەوانەوە پێشکەش بە قوربانییەکان کراوە".

ڕێکخراوی یەزدا، ھاریکاری دەروونی بۆ چاکبوونەوە لە شۆک و زەبری دەروونی (تروما)، پێشکەش بەو کچ و ژنە ئێزدیانە دەکات کەلەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستدرێژیان کراوەتەسەر.

ھەروەھا  پشتیوانی خۆی دەربڕیوە بۆ ھاریکاری نێودەوڵەتی زیاتر بۆ ئێزدییەکان و کارەکانی نادیە موراد، باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆ ڕێزگرتن لە ڕزگاربووانی قاچاغچێتی بە مرۆڤەوە.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی یەزدا، ئاماژەیبەوەکردووە، ئێستا ناتوانن خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بە قوربانیەکان بکەن چونکە کارمەندانەکانیان ناتوانن سەردانیان بکەن لە کامپەکاندا و قوربانیەکانیش ناتوانن سەردانی  ئۆفیسی ڕێکخراوەکە بکەن.

"ئەگەر دەروونناسەکانی ڕێکخراوی یەزدا نەبوایە ئەوا ڕەنگە ژمارەیەکی زۆر لە ڕزگاربووەکانی دەستی داعش خۆیان بکوشتایە، سەرەڕای یارمەتیدانی ڕزگاربووەکان، یەزدا جینۆسایدی دژی ئێزدییەکانی دۆکیومێنت کردووە". موراد ئیسماعیل وادەڵێت.

دیندار زێباری، سەرۆکی لێژنەی ھەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لە حکومەتی ھەرێم،  بەخەندان-ی ڕاگەیاند، ھۆکاری ڕاگرتنی کارەکانی، ڕێکخراوی یەزدا، ئەوەبووە کە  مۆڵەتی کاری خێرخوازی "قۆستۆتەوە بۆ ئەنجامدانی کاری سیاسی کە پێچەوانەی مۆڵەتی کارکردنیانە".

 بەبڕاوی زێباری، یەزدا گوتارێکی میدیایی "تەواو سیاسیی ئاڕاستەکراوی دژی ھەرێمی کوردستان و کەلتووری پێکەوەژیان لە ھەرێم بەکارھێناوەو لە ھەوڵدابووە بۆ لەکەدارکردنی حکوومەت و پێشمەرگە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات"

"رێکخراوی یەزدا دانیشتن و کۆبوونەوەی شاراوە و بێ مۆڵەتی ئەنجامداوە لەگەڵ لایەنە سەربازییە جیاجیاکان و میلیشیا چەکدارە نایاسایی و ناشەرعییەکان لە ناوچەی شەنگال کە لە  دۆخێکی ئەمنیی ئاڵۆز و ھەستیاردایە ".دیندار زێباری وادەڵێت.

ھۆکارێکی دیکەی ڕاگرتنی کارەکانی ڕێکخراوەکە بەوتەی زێباری ئەوەبووە، بەبێ ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەت  ھەستاوە بە وەرگرتنی ئیفادەی ڕزگاربووانی دەستی داعش و ڤیدیۆکردن و دۆکیومێنتکردنیان بە بیانووی بەجینۆساید ناساندنی دۆسیەکە  و مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان.

سەرۆکی لێژنەی ھەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، ھەروەھا یەزدا تۆمەتباردەکات، بەوەی لایەنە ئێزدییەکان گلەیی و سکاڵای ئەوەیانکردووە کە ڕێکخراوی ناوبراو بە ناوی کۆمەک و ھاوکاری بۆ ئێزدییەکان بڕێکی زۆری پارەی لە دەرەوە وەرگرتووە و تەنیا بەشێکی کەمی داوەتە لێقەوماوانی ئێزیدی.

ڕێکخراوی ھیومان رایتسوۆچ، پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو، "ھەرچەندە بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم بانگەشەی ئەوە دەکەن داخستنی ئۆفیسەکانی  یەزدا، دوای ئاگادارکردنەوەی رێکخراوەکە بووەی بەوەی پابەند بن بە یاساکانی حکومەتی ھەرێمەوە بۆ ڕێکخستنی ڕێکخراوە نا حکومییەکانەوە، بەڵام ستافی رێکخراوەکە دەڵێن ھیچ ئاگادارکردنەوەیەکی لەوجۆرەیان بەدەستنەگەیشتووە و لەکاتی داخستنەکەدا ئەفسەرەکان ھیچ بەڵگەنامەیەک و ھۆکار و ڕونکردنەوەیەکیان نەخستۆتەڕوو بۆ داخستنی ئۆفیسەکە و قوفڵیان داوە لە دەرگاکان بۆ ئەوەی ستافی رێکخراوەکە نەتوانن بگەڕێنەوە".
 
کەسێکی نزیک لە رێکخراوی یەزدا، بە ھیومانی ڕایتس ۆچی ڕاگەیاندبوو کە پێی وایە بریاری داخستنی یەزدا ڕەنگە بۆ پلانێکی رێکخراوەکە بگەڕێتەوە بۆ دابەشکردنی خۆراک و پێداویستی ژیان بەسەر لانیکەم ٣٠٠٠ خێزاندا ئەوەش وەکو بەشێک لە پرۆژەیەکی فراوانتری پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان ( یوئێن دی پی).

شەنگال ناوچەیەکی گرنگی ئێزدییەکانە کە پێشتر لەلایەن چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعشەوە بەرێوەدەبرا. لە ٤ ی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا ھیومان ڕایتس ۆچ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند حکومەتی ھەرێم چوونە ناوەوەی خۆراک و سوتەمەنی و پارچەکانی ئۆتۆمبێلی بۆ ناو شەنگال سنوردارکردوە  و پرۆژەکەی یوئێن دی پی دژی ئەو سیاسەتەی حکومەتی ھەرێمە.
 
حکومەتی ھەرێم لە وەڵامی ئەو ڕاپۆرتەدا رایگەیاندووە نیگەرانە لەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بکەوێتە دەست گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شەنگال.
 
ڕاپۆرتەکەی ھیومان رایتسھۆچ جەختکراوەتەوە "برٍیاری داخستنی ئەو رێکخراوە ناحکومییە لە کاتێکدایە کە پێداویستی بۆ ھاریکاری مرۆیی ھەتا دێت زیاتر دەبێت و بەھۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عیراقەوە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکان لە کامپەکاندا گەیشتۆتە ١٣٠ ھەزار کەس و رێکخراوە مرۆییەکان ناتوانن پێداویستی ئاوارەکان دابین بکەن".

لەلایەن خۆیەوە سێشەممەی ڕابردوو،  نادیە موراد لە تویتێکدا لە ئەکاونتی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، داوای لە دەسەڵاتدارنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرد دەستبەجێ رێگا بدەن بە کردنەوەی ئۆفیسەکانی رێکخراوی یەزدا و نووسیویەتی "جێی شەرمە رێکخراوێک دابخرێت کە پشتیوانی کامپینەکەی من دەکات.
ژمارەی بینین:  1256      بەروار:  06/01/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.