کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  لێکۆڵینەوە نێوده‌وڵه‌تیه‌كان؛ بۆ یەکەمجار به‌شار ئه‌سه‌د و براكه‌ی بە به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی لە سوریا تۆمەتباردەکەن‌


خەندان- سۆران ئەمین
لێکۆڵەرەوە نێودەوڵەتیەکان بۆیەکەمین جار ڕایانگەیاند، گومان لە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریاو  و براکەی دەکەن کە بەرپرسیاربن لە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە ململانێکانی سوریادا، ئەوەش بە گوێرەی دۆکیومێنتێک کە بەدەستی ڕۆیتەرز  گەیشتووە.

لێکۆڵینەوەیەکی ھاوبەشی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی چاودێری جیھانی بۆ رێگرتن لە بڵاوبونەوەی چەکی کیمیایی (OPCW ) پێشتر تەنھا ناوی یەکە سەربازییەکانی ئاشکراکردبوو و ناوی ھیچ بەرپرس و فەرماندەیەکی نەخستبووەڕوو.

لە ئێستادا  لیستێکان خستۆتەڕوو کە  ناوی چەند کەسێکی تێدایە کە لێکۆڵەرەوان دەیانبەستنەوە بەئەنجامدانی زنجیرەیەک ھێرش بەبۆمبی کلۆر لەساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ دا، لەوانە بەشار ئەسەد و ماھیری برا بچوکی و بەرپرسانی باڵای دیکەی سوریا، کە ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی بڕیاری بەکارھێنانی گازی ژەھراوی لەئاستی لوتکەو زۆر باڵاوە دراوە، ئەوەش بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک و ئاشنا بە لێکۆڵینەوەکان.

ھەرچەندە نەتوانراوە لێدوانی بەشار ئەسەد وەربگیرێت، بەڵام بەرپرسانی حکومەتی سوریا رایانگەیاندووە تۆمەتبارکردنی ھێزەکانی حکومەتی سوریا بەبەکارھێنانی چەکی کیمیایی "ھیچ بنەمایەکی ڕاستی نیە".

حکومەتی سوریا چەندین جار رەتیکردۆتەوە کە چەکی لەوجۆرەی لەمیانەی شەڕی ناوخۆدا بەکارھێنابێت کە بۆ ماوەی نزیکەی شەش ساڵەبەردەوامە و رایگەیاندووە ھەموو ھێرشەکان کەلەلایەن لێکۆڵینەوەکانەوە تیشکی خراوەتەسەر کردەوەو کاری یاخیبوان یان چەکدارانی داعشە.

بەگوێرەی ھەمان سەرچاوە کەنەیویست ناوی ئاشکرابکرێت لەبەرھەستیاری بابەتەکە، لیستەکە کە لەلایەن رۆیتەرزەوە بینراوە و تائێستا ئاشکرانەکراوە، لەسەر بنەمای ژمارەیەک بەڵگەیە کە لەلایەن تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی جیھانی رێگرتن لەبلاوبونەوەی چەکی کیمیایی و ئاژانسە ھەواڵگرییەکانی ناوچەکەو خۆرئاوا  لەسوریا کۆکراوەتەوە .

لەلایەنخۆشیەوە رۆیتەرز نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ پێداچونەوە بە بەڵگەکە بکات یاخوود پشتراستی بکاتەوە.

لێکۆڵینەوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و OPCW میکانیزمێکی ھاوبەشی لێکۆلینەوەکردنە JIM لەلایەن دەستیەکی شارەزای سەربەخۆی سێ کەسێیەوە سەرپەرشتی دەکرێت و لەلایەن ستافێکی ھونەری و ئیدارییەوە پشتیوانی دەکرێت. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەسەڵاتی پێداوە بەمەبەستی ئاشکراکردنی کەسایەتی و رێکخراوە  بەرپرسیارەکانی   ھێرشە کیمیایەکان لەسوریا.

ڤیرجینا گامبا سەرۆکی تیمە ھاوبەشەکە JIM لەنامەیەکدا لەرێگەی ئیمەیڵەوە بۆ رۆیتەرزی ناردووە  رەتیکردەوە کە ھیچ لیستێکی گومانلێکراوان تائێستا لەلایەن لێکۆڵەرانەوە ئامادەکرابێت.

بەکارھێنانانی چەکی کیمیایی بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان قەدەغەکراوە بەتاوانی جەنگ ھەژماردەکرێت .

بەڵام لەمیانەی شەروپێکدادانەکانی سوریادا سەدان کەس بەھۆی بەکارھێنانی چەکی کیمیایەوە کەزۆربەیان مەدەنی بوون گیانیان لەدەستداوە وبرینداربوون کە بەزۆرترین قوربانی چەکی کیمیایی دادەنرێت لەدوای بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە شاری ھەڵەبجەلەساڵی ١٩٨٨دا کەلانیکەم ٥ ھەزار قوربانی لێکەوتەوە .

ژمارەی بینین:  1077      بەروار:  14/01/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.