کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  گۆڕێکی بەکۆمەڵی کریستیانەکان دۆزراوەتەوە

150 کریستیان لە لایەن داعشەوە دەستگیر کراون
بە گوێرەی ئەو زانیارییەی (باس) دەستی کەوتووە، گۆڕێکی بە کۆمەڵی کریستیان لە نێو قوتابخانەی بەغدا لە بەشی لای راستی شاری مووسڵ ھەیە، ھەتا ئێستاش چارەنووسی زیاتر لە ١٠٠ ھاووڵاتیی کریستیان نادیارە.

مەعەن شلیمۆن بەڕێوەبەری کاروباری کریستیان لە پارێزگای دھۆک بۆ (باس)ی ئاشکرا کرد، لە سەرجەم ١٣ کەسی کە رزگار کراون، لە نێویاندا ٩ کەس لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە مووسڵەوە بۆ سووریا گوێزرابوونەوە، ئەو ٩ کەسە کریستیانەی رزگار کراون گەیشتوونەتە پارێزگای دھۆک، بە دیداری کەسوکاری خۆیان شاد بوونەتەوە.

ھەروەھا لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵدا چوار کەسی کریستیان رزگار کراون، ئەوانیش خەڵکی بانتایێ بوون سەر بە قەزای تلکێف، و بۆ مووسڵ گواسترابوونەوە و پتر لە دوو ساڵ بوو لەبن دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا بوون.

خاڵس ئێشوع، سەرۆکی دەزگای شلۆمۆ بۆ دیکۆمێنتکردنی قوربانیانی کریستیان بۆ (باس)ی روون کردەوە، تیرۆریستانی داعش ١٥٠ کریستیانی دەڤەری بانتایێ و قەرەقوش و قەزای تلکێفیان دەسگیر کرد و ھەتا ئێستا تەنیا کەسوکاری ٧٦ کەس لەوان سەردانی ئێمەیان کردووە بۆ تۆمارکردنی ناوی کەسانی رفێندراوی خۆیان کە بە دەستی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بێ سەروشوێن کراون.

سەرۆکی دەزگای شلۆمۆ روونیشی کردەوە، کە ھەتا ئێستا تەنیا دوو کەسی کریستیان بە کوژراوی لە دەڤەری قەرەقوش دۆزراونەتەوە، ئەویش ژن و پیاوێک بوون کە پێکەوە لەلایەن داعشەوە گوللەباران کراون.

خاڵس ئێشوع ئاماژەی بەوەش کرد: "ھەتا ئێستا ١٣ کەسی کریستیان لە دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش رزگار کراون، لەوانە ١٠ ئافرەتن و یەک گەنجی کریستیان و ئەوانی دیکەش پیاون، ئەو کەسانەی رزگار کراون سەلامەتن و گەڕاونەتەوە نێو کەسوکاری خۆیان."

ئەو روونیشی کردەوە: "لە رووداوەکەی دەشتی نەینەواوە ھەتا ئێستا بەردەوام بەڵگەنامە و دیکۆمێنتی کریستیان کۆ دەکرێتەوە بۆ جینۆساید، ئەو بەڵگەنامانەش بۆ دەستەی لێکۆڵینەوە رەوانە کراون، ئێمەش لەگەڵ کوردی ئێزدی کار دەکەین بۆ ناساندنی کارەساتی شنگال و دەشتی نەینەوا وەک جینۆساید، لێ حکوومەتی عێراق ھاوکار نییە و ئاستەنگیش ھەن."

دەزگای شلۆمۆ بۆ دیکۆمێنت رای گەیاند: "ھەتا ئێستا ھیچ گۆڕێکی بەکۆمەڵی کریستیان لە دەشتی نەینەوا نەدۆزراوەتەوە."

خاڵس ئێشوع روونی کردەوە: "لە لای راستی شاری مووسڵ لەنێو قوتابخانەی بەغدا ژمارەیەک کریستیان گوللەباران کراون، لەنێو ئەو قوتابخانەیەدا گۆڕێکی بەکۆمەڵی کریستیان ھەیە ھێشتا ھیچ زانیارییەکی لەبارەوە نییە کە ئاخۆ چەند قوربانیی کریستیانی تێدایە، ئێمە چاوەڕوانین بەری لای راستی مووسڵ رزگار بکرێت، تا ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە دیکۆمێنت بکەین بۆ جینۆساید."

ئەوەشی گوت: "نووسینگەی کاروباری رفێندراوان لە دھۆک زۆر ھاوکاریی ئێمە دەکات بۆ رزگارکردنی کریستیانەکان و ھاوکارییەکی باش لە نێوان ئێمەدا ھەیە بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ھەموو رفێندراوان بە ێ جیاوازی و رزگار کردنی رفێندراوان لە دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش."

ھەروەھا دەزگای شلۆمۆ بۆ دیکۆمێنت روونی کردەوە: "تیرۆریستانی داعش جگە  لە زیانی گیانی، گەلێ زیانی ماددیشیان بە کریستیان گەیاندووە لە بانتایێ و قەرەقوش و تلکێف و ھەموو ناوچەکانی دیکەی کریستیان لە دەشتی نەینەوا، ئێمە داوا دەکەین مۆزەخانەیەک دروست بکرێت و تێیدا بەڵگەنامە و دیکۆمێنتەکان بپارێزرێن و بۆ ھەتا ھەتایە بمێننەوە، بۆ ئەوەی منداڵانی کوردستان لە پاشەڕۆژدا بزانن دوژمنان چییان بە سەر کریستیان و ئێزدی و شەبەک و کاکەیی و ھەموو پێکھاتەکانی دەشتی نەینەوادا ھێناوە."

مەعەن شلیمۆن بەڕێوەبەری کاروباری کریستیان لە دھۆک روونی کردەوە: "نزیکەی چوار ھەزار کریستیان ئاوارەی پارێزگای دھۆک بوون و ھەندێکیان لەنێو کەمپدا نیشتەجێ کراون و ھەندێکیش لە گوند و کۆمەڵگە و ناحیەکانی سەر بە پارێزگای دھۆکدان، ھەروەھا ژمارەیەک کریستیانیش ئاوارەی ھەولێر بوون."
لە ماڵپەری باس نیوز وەرگیراوە
ژمارەی بینین:  977      بەروار:  14/02/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.