کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  ئەمنستی رەوشی مافی مرۆڤ لەھەرێم مەحکوم دەکات
ئەمنستی رەوشی مافی مرۆڤ لەھەرێم مەحکوم دەکات

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕێکەوتی ٢٢/٢/٢٠١٧ ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی دەرکردووە سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە جیھان. لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەیدا کە تایبەتە بە عێراق و ھەرێمی کوردستان رێکخراوی ناوبراو لە بارەی چەند پرسێکەوە ڕەخنە ئاراستەی ھەرێمی کوردستان دەکات  لەوانە پێشێلکردنی ئازادی میدیا و کاری ڕۆژنامەگەری لە ھەرێمی کوردستان، و لەم رووەوە ئاماژە بە کەیسی رۆژنامەنووس ویداد حسێن دەکات، ھەروەھا لە بارەی مامەڵە کردنی دامودەزگا ئە منییەکانی ھەرێم لەگەڵ ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تیرۆر تێوەگلاون و دەستگیر کردنی ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتیانی عەرەبی سوننە، لە لایەکی دیکەوە راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر کەیسی باسیمە دەروێش و مانەوەی بێ دادگایی کردن لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە.

لەم بارەوە لیژنەی ھەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران بەیاننامەیەکی سەبارەت بە راپۆرتەکە بڵاوکردەوە ئەمەش دەقەکەیەتی:

لیژنەی ھەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئەو راپۆرتانەی کە لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەردەچن سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت بەتایبەتی ئەگەر ناوەڕۆکی راپۆرتەکان بابەتی بن چونکە دەبنە ھۆکاری بەدواداچوونی ورد بە رەوشی مافەکانی مرۆڤ و حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان، سەبارەت بە راپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕێکەوتی ٢٢/٢/٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە، ئێمە وەک لیژنەی بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان تێبینی و سەرنجەکانی خۆمان سەبارەت بەو کەیسانەی کە باس کراون بەم شێوەیە دەخەینە روو:
یەکەم: ئازادی میدیا و را دەربڕین
لە کوردستان ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین بە پێی یاسا رێکخراوە و بە سوود وەرگرتن لە یاسا بە سەدان ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن ھەن لە ھەرێمی کوردستان کە بەپێی ڕێوشوێنی تایبەت مۆڵەتی کارکردنیان ھەیە و مافی ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران بە پێی یاسا پارێزراوە. لە کاتی بوونی ھەر حاڵەتێک کە دژ بە ڕێنماییەکانی ڕۆژنامەگەری لە ھەرێمی کوردستان و پێشێلکردن بێت یان بچێتە خانەی تەشھیر و ناوزڕاندن ئەوا کار بە یاسای سزادانی عێڕاقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی ھەموارکراو دەکرێت.
ھەرکاتێک رۆژنامەنووس یان دەزگایەکی میدیایی بەرپرس بێت لە پێشێلکردنی یاسا ئەوا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیر ناکرێت، چونکە بەپێی یاسای ڕۆژنامەنووسی ژمارە (٣٥)ی ساڵی٢٠٠٧ تایبەت بە کاری رۆژنامەوانی ناکرێت ھیچ رۆژنامەنووسێک دەستگیر بکرێت بەبێ بڕیاری دادگا و رەزامەندی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان.

کەیسی رۆژنامەنووس ویداد حوسێن
ویداد حوسێن رۆژی ١٣/٨/٢٠١٦ لە شاری دھۆک لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە رفێندراوە، کاتژمێر (١٢)لە نزێک گوندی سێجێ بە برینداری دۆزراوە و دوای ئەوەی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دھۆک کراوە، بەداخەوە لەبەر سەختی برینەکەی گیانی لە دەستدا. دوای رووداوەکە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی ھەرێم بە بڕیاری ژمارە (٢٣٧٩٣) و لەسەر بنەمای رێنماییەکانی جەنابی سەرۆکی ھەرێم لە (١٤/٨/٢٠١٨) لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتی موقەدەمی مافپەروەر(عێمت فرج محمد ێالح) بەڕێوەبەری نەھێشتنی تاوانی دھۆک، ئەندامیەتی ھەریەکە لە رائیدی مافپەروەر (وڵات ێدیق ابراھیم) ئەفسەری نووسینگەی کوشتن و رائیدی مافپەروەر (بھدین سربست علی) ئەفسەری نووسینگەی نەھێشتنی تاوانی سێمێل لەسەر چۆنیەتی رفاندن و کوشتنی رۆژنامەنووسی ناوبراو پێکھێنرا. بەپێی لێدوانەکانی ئەندامانی لیژنەکە و دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە (ویداد حوسێن) رۆژی ١٣/٨/٢٠١٦ لە شاری دھۆک لەلایەن دوو ئۆتۆمبیلی جۆری کیا تایبەت رەنگی رەش و ئۆپترا تایبەت رەنگی سپی رفێندراوە، کاتژمێر (١٢) ناوبراو لە نزیک گوندی سێجێ بە برینداری دۆزراویەوە لە لایەن موختاری گوندەکە و بەپێی وتەکانی موختار کە ئەو یەکەم کەس بووە گەیشتووەتە سەر ویداد حوسێن و پرسیاری لێکردووە لە وەڵامدا تەنھا گوتوویەتی کە ئەو دانیشتووی شاری دھۆکە، ئینجا موختار پەیوەندی بە پۆلیس کردووە بۆ گواستنەوەی و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دھۆک کراوە، بەڵام بەھۆی سەختی برینەکەی لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا،

دواتر چەند کەسێکی گومان لێکراو  دەستگیر کران و گوتەیان لێوەرگیرا، ھەروەھا گوتەی (٥) کەسی نزیک لە شوێنی رووداوەکە وەک شاھید تۆمار کرا و پەراوی کەیسەکە رەوانەی دادگای تاوان کراوە، دواتر دادوەر بەپێی ماددەی (٤٠٦/ی.س)  لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١ ی ساڵی ١٩٦٩ی ھەموار کراو) بڕیاریدا بە دەستگیرکردنی تاوانباری نەناسراو و ھێشتنەوەی دۆسییەکە بە کراوەیی و بەردەوام بوونی لێکۆڵینەوەکان تا کاتی دۆزینەوەی بەڵگەی تەواو لەسەر ئەنجامدەرانی تاوانەکە.
 بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەکانی پۆلیسی نەھێشتنی تاوانی دھۆک خزم و کەسی (ویداد حوسێن) سکاڵایان لەسەر ھیچ کەسێک بەرز نەکردۆتەوە، بۆیە وەک حاڵەتێکی ئاسایی بەپێی یاسا لە کاتی نەبوونی ھیچ سکاڵایەک دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت وەک مافی گشتی لەرووی یاساییەوە مافی جوڵاندنی داوای سزاییان ھەیە.

دووەم: دەستگیر کردنی ئەو کەسانەی لە تۆمەتی تیرۆر تێوەگلاون
لەگەڵ ھاتنی راگوێزراوان بۆ ساترەکانی ھێزی پێشمەرگە وەک رێوشوێنێکی ئەمنی تەنیا پیاوەکان دەپشکێندرێن ئەویش پشکنینێکی زۆر ئاساییە بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی کەسانی تیرۆریست و خۆکوژ لە نێویاندا، دواتر دەگوازرێنەوە بۆ سەنتەرەکانی پێشوازی. دوای گواستنەوەی راگوێزراوان بۆ سەنتەری پێشوازی  لەوێش تەنیا پیاوەکان دەپشکێندرێن و بەھیچ شێوەیەک پشکنین بۆ ئافرەتان ئەنجام نادرێت، تەنانەت خودی رێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان گلەیی ئەوەیان کردووە کە بۆچی ئافرەتەکان ناپشکێندرێن، بەڵام بەھۆی رەچاوکردنی دابونەریتی کۆمەڵایەتی و حورمەتی خەڵکەکە تا ئێستا ئافرەتە راگورێزراوەکان پشکنینیان بۆ ئەنجام نادرێت.
زۆر جار لە کاتی روودانی شەڕ ھەندێک کەس دەستگیر کراون، بەڵام دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە ئەوانەی کە بێتاوانن ئازاد دەکرێن و ئەوانەی کە پەیوەندییان بە داعشەوە ھەبێت بەپێی ماددە (٤)ی یاسای دژە تیرۆر کە پێشتر کاری پێدەکرا رەفتاریان لەگەڵدا کراوە، ھەروەھالە دوای ڕزگارکردنی ھەر ناوچەکە لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە دانیشتوانی  ناوچەکە وەک رێوشوێنێکی ئاسایی کۆدەکرانەوە ئافرەتان بەجیا و پیاوانیش بە جیا، ھەرکەسێک دەرکەوت کە پەیوەندی بە داعشەوە ھەبوبێت بەپێی زانیاری ھەواڵگری وەک (وێنە یان تۆماری دەنگی یان دوو شاھید) ئەو کەسانە دەستبەسەر دەکران و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرا بۆ ماوەی (٢٤) کاتژمێر دواتر ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ناوچەکە دەکران ئەگەر دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتبا کە پەیوەندییان بە تیرۆریستانەوە ھەیە ڕەوانەی دادگای تایبەت دەکرا و ھەموو مافێکیان ھەبوو و کەسوکاریشیان لە دەستگیر کردنی ئەو تەمەتەی کە لەسەر دەستگیر کراوە ئاگادار دەکرانەوە بەپێی یاسا، بەڵام ئەگەر ھیچ بەڵگەیەکی درووستیان لەسەر نەبێت ئەوا ئازاد دەکرا و ئەو رێوشوێنانەی کە دەزگا ئەمنییەکان دەیگرنە بەر رێوشوێنێکی ئاساییە لە ھەر شوێنێک لە کاتی جەنگدا بەپێی یاسا و رێنماییەکان ئەنجام دەدرێت.

بەشێوەیەکی گشتی،  وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەزگای جێبەجێکردنی بڕیار وفەرمانەکانی داگاکانە و ھەر کەسێک فەرمانی دەستگیر کردنی لە دادگا بۆ دەرنەچووبێت دەستگیر ناکرێت، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ ی ھەموار کراو پاش دەرچوونی فەرمانی دەستگیر کردن لەلایەن دادگاوە، تۆمەتبار دەستگیر دەکرێت و ھەموو رێکارە یاساییەکانی بەرامبەر دەگیرێتە بەر بەپێی یاسای بنەماکانی دادگایی کردنی سزایی (اێول المحاکمات الجزائیە) ژمارە (٢٣)ی ساڵی ١٩٧١ی ھەموار کراو، بەم پێیەش وەزارەتی ناوخۆ دەسەڵاتی گرتن و ئازاد کردنی کەسی نییە ئەگەر دادگا فەرمانی دەستگیر کردنی نەدات.
 دوای ئەوەی راگیراو حوکمی لە دادگاوە بۆ دەرەدچێت رەوانەی دامودەزگاکانی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێ بۆ سەپاندنی سزاکەی بەپێی رێوشوێنە کارپێکراوەکان، بەڵام ئەشکەنجە نادرێ، چونکە ئەشکەنجەدان تاوانە بەپێی یاسای سزاکانی عێراقی کە لە ماددەی (٣٣٣) .بەپێی ماددە (١٩) بڕگە ١٢/ا ی دەستووری عێراق دەستبەسەرداگرتنی ئیداری (حجز اداری) قەدەغە کراوە و دەسەڵاتی بەند کردن تەنیا دراوەتە دادوەر.

کەیسی (باسیمە دەروێش)
سەبارەت بە کەیسی (باسیمە دەروێش) رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢١/٢/٢٠١٧ لە دادگای تاوان/٢ ی ھەولێر پرۆسەی دادگایی کردنی تۆمەتبار (باسیمە دەروێش) کە بەپێی ماددە (٣) بڕگە (٧)ی یاسای دژە تیرۆر ساڵی ٢٠٠٦ دەستگیر کرابوو، دادگاکە بە سەرۆکایەتی دادوەر فازل عەباس و ئەندامیەتی دادوەران زرار ھەرکی و دادیار حەمید بەڕێوەچوو، پاش وەرگرتنی ئیفادەکان لە تۆمەتبار، دادگا ھەڵسا بە دانانی ماددە (٢) بڕگە (٨) کە بریتییە لە داپۆشینی تاوان (تستر) لە جیاتی ماددە (٣) بڕگە (٧)ی یاسای دژە تیرۆر کە بریتییە لە ھەبوونی پەیوەندی بە گرووپە تیرۆریستییەکانەوە. جێگری داواکاری گشتی داوای کرد کە ناوبراو ئازاد بکرێت بەپێی ماددە (دوو) بڕگە (ج) لە یاسای بنەماکانی دادگایی سزای عێراقی ژمارە (٢٣ی ساڵی ١٩٧١)، پاش گفتوگۆی سەرۆک و ئەندامانی دادگاکە و لەبەر نەبوونی بەڵگەی تەواو لەسەر تاوانی ناوبراو، بڕیار درا بە ئازادکردنی (باسیمە دەروێش) و بڕیارەکەش قابیلی تەمیزە لە دادگای تەمیز لە ماوەی ٣٠ رۆژدا، پاش پەسەند کردنی لە دادگای تەمیز بڕیارەکە پلەی تەواو وەردەگرێت (الدرجە القگعیە) و تاوانبار ئازاد دەکرێت، بەڵام ئەگەر دادگای تەمیز بەپێچەوانەوە بڕیاری دادگای تاوانی پەسەند نەکرد ئەوا ناوبراو سزا دەدرێت بەپێی یاسا، بۆیە تا دادگای تەمیز بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات ناوبراو دەمێنێتەوە لە بنکەی چاکسازی.
لە کاتی مانەوەی لە بنکەکانی گرتن و گواستنەوە باسیمە دەروێش ھەموو مافێکی یاسایی ھەبوو، دیارە پرۆسەی دادگایی کردن لە ھەر سیستەمێکی یاسایی لە ھەر وڵاتێکدا بێت قورسە و کاتی زۆری دەوێ بەتایبەتی ئەگەر ھاتوو کەیسەکان پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانییەوە ھەبێت، سیستەمی یاسایی ھەرێمی کوردستان چەند رێوشوێن و رێکاری یاسایی ھەن پێویستە کە پەیڕەو بکرێن لە کاتی یەکلا کردنەوەی کەیسەکاندا، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک ھەر دەستگیرکراوێک مامەڵەیان لەگەڵ کەیسی  باسیمە دەروێشدا  کردووە و ھەموو مافێکی یاسایی پێ بەخشراوە بەپێی یاسا وەک دابینکردنی پارێزەر و رێگادان بە سەردانی کەسوکاری، ھەروەھا رێکخراوە مرۆییەکانیش بە بەردەوامی سەردانیان کردووە و بەدواداچوونی وردیان بۆ ئەم کەیسە کردووە.
سیستمی یاسایی لە کوردستان رێرەوی خۆی گرتووە و دەسەڵاتی دادوەری بێلایەنە و پابەندە بە جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی پرنسیپەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، ولەم بوارەوە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێگاخۆشکەر بوونە بۆ ئەوەی مافی یاسایی ھەموو ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەدات و بەبێ جیاوازی مسۆگەر بکەن.

سێیەم: ئازادی ھاتوچۆی راگوێزراوەکان
دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان رێگا لە ھاتوچۆی ئاوارە و پەناباران ناگرن، بەڵام بە ھۆی بەردەوامی شەڕی داعش و مەترسی ئەمنی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ھەندێک ڕێوشوێنی ئەمنیان گرتووەتەبەر بەتایبەت لە ھەندێ ناوچەی دیاریکراو کە زۆرترین مەترسی دزەکردنی تیرۆریستانی لەسەرە، ئەم ڕێوشوێنانەش زیاتر بۆ ھاووڵاتییە عەرەبەکانە بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە دزەکردنی تیرۆریستان بۆ  ناو کوردستان، خاڵەکانی پشکنین دوابەدوای وردبینکردن لە دۆکیومینتەکانی ئەو خێزانانە و دڵنیابوون لە بێتاوانیان لەلایەن ھۆبەی خاڵەکانی پشکنینەوە بە ئۆتۆمبێلی تایبەت کە لەلایەن رێکخراوە مرۆییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیەوە ئامادەکراون دەگوازرێنەوە بۆ کەمپەکان.
لە نێو کەمپەکانیشدا لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی کەمپەکان چەند رێوشوێنی تایبەت دەگرنە بەر بۆ ھاتوچۆی راگوێزراوان بۆ دەرەوەی کەمپەکان تەنانەت مۆڵەتی ئەوەشیان پێ دەدرێت کە لە شارەکاندا کار بکەن و لەم رووەوە ئاسانکاری زۆریشیان بۆ دەکەن، بەشێوەیەکی گشتی ئاوارە و راگوێزراوان ئازادن لە ھاتوچۆ کردن و بنکەی تەندروستییان ھەیە، بەڵام ھەر  کەسێک پێویستی بە چارەسەر بێت و لە کەمپەکە چارەسەر نەکرێت ئەوا دەنێردرێنە نەخۆشخانەکانی پارێزگاکانی ھەرێم بۆ چارەسەر کردن.
 
سکرتاریەتی لیژنەی ھەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان
٢٣/٢/٢٠١٧
 لە ماڵپەڕی سپی میدیا وەرگیراوە
ژمارەی بینین:  958      بەروار:  24/02/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.