کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  پێویستە د. محەمەد کیانی و ھاورێکانی بە زووترین کات ئازاد بکرێن

 پاش ئەوەی لە رێکەوتی ٤/٣ کۆمەڵێک کەسایەتی وڕۆشنبیر لە شاری ھەولێر بە مەبەستی گردبونەوە  بۆ ئیدانەکردنی شەڕی خۆکوژی کورد و کورد، ھەروەھا ناڕەزایی دەربڕین  بەرامبەر بە ھەوڵەکانی دوژمنانی کورد، بۆ ڕشتنی خوێنی کورد بەدەستی ھاوخوێنی خۆی ،ھاوکات گەیاندنی پەیامێک بۆ دەسەڵاتی باشور تا لە ناکۆکی و ململانێکاندا پەنا بۆ گفتوگۆ و دانیشتن بەرێت نەک ھێرش و ھێز کۆکردنەوە،‌ وەک رۆژی ھەینی ڕابردوو لە دەڤەری شنگال روویدا.

وەک لە ھەولێرەوە پێمان راگەیەنرا گردبونەوەکە لەکەشوھەوایەکی شارستانانە ‌و دوور لە تووندوو تیژی بەڕیوە چوو،تێدا ‌چەندین کەسایەتی سیاسی ڕوناکبیر بەشداریان تێدا کرد وکۆمەڵێک درووشمی جوانیان بەرزکردبوویەوە کە ھەمووی دەربڕی خواستی خەڵک بوون. لێ مەخابن ھێزەکانی ئاسایش، کە ئەرکی سەرەکیان پاراستنی ئاسایش و سەروماڵی خەڵکە و دەبووایە لەبەرەی خەڵکدا بوونایە، کەچی دەستیان کردوە بە دەسگیرکردنی رێکخەران و بەشدارانی ئەو خۆپیشاندانە ئاشتیییانەیە بە بیانوی نەبوونی مۆڵەت و شتی وا، و دەیان کەسیان لێ دەستگیرکردون.

ئێمە وەک چاودێری کوردوساید-چاک لە کاتێکدا پشتگیری تەواو لە دەربڕینی ھەموو جۆرە نارەزایەتی و خۆپێشاندانێکی ھێمنانەو شارستانیانە دەکەین بۆ ووریاکردنەوەی دەستەڵا‌تی باشور و سەرجەم حزبەکان دژ بە شەری خۆکوژی ،ھاوکات داوا لە  ئاسایشی سەر بە  پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین لە ھەولێر کە بەزووترین کات دەسگیرکراوانی وەک د. محەمەد کیانی و ھاورێکانی ئازاد بکەن. ئێمەش لە رێگەی خۆمانەوە دەزگا نێودەوڵەتییەکان لەم پێشێلکاریانە ئاگادار دەکەینەوە.

خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئاشتیانە مافی ڕەوای ھەر ھاونیشتمانی و مرۆڤێکە و لە سەرجەم پەیماننامە نێودەوڵەتی و جاڕنامە جیھانییەکاندا جێگیرکراوە. ئەم جۆرە مامەڵانە ناوبانگی دەستەڵاتی کوردی لە باشور زیاتر خراپ دەکات و دەچنە دۆسیەکانی رێکخراوەکانی سەر بە چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ لە جیھاندا.

ئێمە دوا لە ھەموو لایەنەکان دەکەین بە گیانێکی پر لە بەرپرسیاریەوە ھەلسوکەوت بکەن و ڕێگای تەندروست و مەدەنی بگرنە بەر بۆ  چارەسەری کێشەکان. ھاوکات دواکارین لە پۆلیس و ئاسایش و دەزگاکانی دیکە ئاسانکاری بۆ خۆپیشاندانی یاسایی و ھێمنانە بکەن و گیانی خۆپیشاندەران بپارێزن.

نا بۆ شەڕی کوردکوژی و خۆکوژی

ئازادی بۆ د. محەمەد کیانی  و سەرجەم دەسگیرکراوانی خۆپیشاندانەکە

 

چاودێری کوردۆساید-چاک

  ٦/٣/٢٠١٧
ژمارەی بینین:  904      بەروار:  07/03/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.