کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  لە ساڵیادی جینۆسایدی ھەڵەبجەدا، شەھیدانی خۆرھەڵات لە بیرناکەین.

لە ساڵیادی جینۆسایدی ھەڵەبجەدا، شەھیدانی خۆرھەڵات لە بیرناکەین.
ئاوارە حسێن:

ئەو گوڵڵانەی کە پەیمانەی جەرگی خوێنین بوون....
پاش ئەوەی پاسدارانی ئێران بە ھاوکاری و چاوساغی حیزبەکانی باشوور شاری ھەڵەبجە دەگرن و (١٦) شانزە پێشمەرگەی باشوور شەھید دەبن. لەبری مانەوەی پێشمەرگە تەسلیمی پاسدار دەکرێت، لەبری ڕزگارکردنی شار داگیردەکرێتەوە و لەلایەن ڕژێمی بەعسی سەدامیشەوە جینۆساید دەکرێت.
ئامانجی ئێران ڕزگارکردنی شاری ھەڵەبجە نەبوو لەژێر دەستەیی ستەمی بەعس بەڵکو بۆ دورخستنەوە و سەرکوتکردنی ھێزەکانی دیموکرات و کۆمەڵە بوو لە ناوچەی ھەڵەبجەدا کە بەمەترسی بۆسەر خۆی دەبینی.
ھەر ئەوەبوو یەک ڕۆژ دوای جینۆسایدی ھەڵەبجە و لە (١٩٨٨/٣/١٧) ھێزەکانی ئێران (٧٢) پێشمەرگەی کۆمەڵە کە بەگوردانی شوان ناسرابوون و زۆربەیان خەڵکی شاری سنەی سور بوون لەسەر دەریاچەی سیروانی باکووری خۆرئاوای ھەڵەبجە بەپێوە ڕاوەستان و چۆکیان دانەدا و نامرۆییانە شەھید (جینۆساید)یان کردن.
ھەر لە ھێرشەکانی ئێراندا حیزبی دیموکرات (٥) پێنج پێشمەرگەیان شەھید دەبن ئەوانیش ھەریەک لە (عیزەت ئەحمەدی، مەحمود گەلێنی، ئەنوەر دەرەبەیانی، سەعدی شەب ڕەند، مام یوسفی نەوسودی) بوون. ئەوانی تریان کە پێک ھاتبوون لە ھێزەکانی (شاھۆ، زاگرۆس، بەیان)، نزیکەی (٨٥٠) ھەشت سەدو پەنجا کەس دەبن، ڕزگاریان دەبێت. نزیکەی (١٠) دە کەسی تریان چەند ڕۆژ دوای ئەم ھێزە کە لە ناوچەکە بە جێمابوون ئەوانیش ڕزگار دەکرێن. ڕزگارکردن و ڕەوانەکردنی ئەو ھێزەش بەھاوکاری (محەمەد حەمە ئەمین تەپی سەفای و عومەر کوڵکنی) لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە دواتر شەھید کران، لەگەڵ (حاجی عەبدوڵڵا سیامێووە) لە حیزبی سۆسیالیست دیموکرات، بوون ئەوەش لە (١٩/٣/١٩٨٨) بوو.
ئەو پێشمەرگانەی کە دەستیان ھەبوو لە ئازادکردنی ماڵ و پێشمەرگە دیموکراتەکاندا، دواتر لەلایەن شەھید د.عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتی ئەوکاتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ڕێزیان لێدەگیرێت و خەڵات دەکرێن، و لە ئێستاشدا ناویان لە فەرنگی ستایشی حیزبی دیموکراتدا تۆمارکراون.
گەرچی ئەم ھەستەی بەکر لەگزی دەمبات بۆ گوندی ئەڵمانە بۆ لای گڵکۆی شەھید فوئادی موستەفا سوڵتانی و براکانی. بەڵام ئەمشەو دڵم لە ھەموو بستێکی خۆرھەڵاتی نیشتیمانی دایکدایەو لەڕێگای ئەم ھەست و ھاوارەوە یادی ھەموو شەھیدانی خۆرھەڵات دەکەم و لە بیرتان ناکەین. یادکردنتان بۆ ماتەم گێڕان نییە، بەڵکو بۆ ھەستانەوە و بەدەستھێنانەوەی ئومێد و پابەندبوونە بە پەیمان و پرەنسیپەکانی شەھیدانەوە.
ژمارەی بینین:  941      بەروار:  19/03/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.