کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  ھاوسەری فرۆکەوان ( ئایدن مستەفا خەتیب زادە ) ڕاستییەکەی درکاند …؟!
ھاوسەری فرۆکەوان ( ئایدن مستەفا خەتیب زادە ) ڕاستییەکەی درکاند …؟!

 
شەماڵ عادل سەلیم

لە دوای ئەوەی کەناڵێکی ئاسمانی ڕاپۆرتێکی  لنگەوقووچی (بێ بنەماو بێ بەڵگە)ی لەسەر عەقیدی فرۆکەوان ( ئایدن مستەفا خەتیب زادە ) ی تورکمان بڵاوکردەوە و پیشانی بینەرانی دا ، گوایە فرۆکەوانی ناوبراو لەسەر ڕەتکردنەوەی فەرمانی بۆردومانکردنی (ھەڵەبجە بەچەکی کیمیاوی ) لەسێدارە دراوە ..

لەو کاتەی عەقیدی فرۆکەوان ( خەتیب زادە ) ، ( ١١ مانگ وسێ رۆژی رەبەق ) پێش (بۆردومانکردنی ھەڵەبجە)ی خێرلەخۆنەدیو لەلایەن ( ئیستیخباراتی عەسەکەری کەرکوک ،بەتۆمەتی  کارکردن و خەبات لەپێناو مافی گەلی تورکمان گیراوە ) ….!!

بۆسەلماندنی ناڕاستی ئەم ھەواڵە دروستکراوە  و ، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە کە چەندین جارە لێرەولەوێ ( بەزانین یان نەزانین، بەویست بێت یان نەویست ) لە ماسمیدیای کوردی چەند بارە دەبێتەوە ، ماوەیەکە  لێکۆڵینەوەو بەدواچوونێکی وردو چڕو پڕو سەربەخۆیانەم بۆ ئەم بابەتە کردووە ، کە لە چەند رۆژی داھاتودا بەبەڵگەوە بەزمانی عەرەبی بڵاوی دەکەمەوە ، ھەروەھا  زنجیرە چاوپێکەوتنێکیشم لەسەر ھەمان بابەت لەگەڵ (خانەوادە و ھاوڕێیانی ) عەقیدی فرۆکەوان ( خەتیب زدە ) ئەنجام داوە ، دوا چاوپێکەوتنیشم  ئەمرۆ ٢٢ ئاداری ٢٠١٧ لەگەڵ بەرێز (تورکان قەساب باشی ) ھاوسەری فرۆکەوانی ناوبراو بەزمانی عەرەبی ئەنجام دا ،  بەمەبەستی  ئاشکراکردنی تەواوی ڕاستی و نھێنییەکان سەبارەت بە (ھۆکاری گرتن و لەسێدارەدانی عەقید (ئایدن )ی فرۆکەوان  بۆ ڕای گشتی عیراقی و کوردستانی .

بەھۆی گرنگی بابەتەکە ، پێم باش بوو قسەکانی ھاوسەری فرۆکەوان ( خەتیب زادە ) بەرێز ( تورکان قەساب باشی ) ، وەربگێرمە سەر زمانی شیرینی کوردی ، بۆئەوەی ، ئەوانەی عەرەبی نازانن ، ڕاستییەکان لەسەر زاری ھاوسەری عەقیدی فرۆکەوان ( خەتیب زادە ) گوێ بیست بن ، نەک وەک ئەوەی بەلنگەوقووچی لێرەولەوێ ئاماژەی پێ دەکرێت ، کەبەھەقیقەت سەرم سوڕماوەو نازانم ، ئایا ئامانجی ئەو لایەنانە چییە لەبڵاوکردنەوەی ئەم ھەواڵە (بێبنەماو لنگەوقووچە) ……؟!

(تورکان قەساب باشی ) لە ساڵی( ١٩٥٧)  لەبنەماڵەیەکی تورکمانی شاری کەرکوک لەدایک بووە  ، ئەندامی کۆمەڵەی (قشلە )ی زیندانیانی سیاسی تورکمانە لەکەرکوک ، دایکی سێ کچە ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکە لەسەر لیستی بەرەی تورکمانی :

     

*بەرێز ( تورکان قەساب باشی ) ھاوسەرەکەت عەقیدی فرۆکەوان (ئایدن مستەفا خەتیب زادە ) کەی و لەسەر چی گیرا …….؟

ـــ ھاوسەرەکەم لە ( ١٣ / ٥ / ١٩٨٧ )دا ،لەلایەن (ئیستخباراتی عەسکەری /  فەیلەقی کەرکوک )  بەتۆمەتی (کارکردن و خەبات لەپێناو مافی گەلی تورکمان ) لەکەرکوک  گیرا، ئەوە ڕاستییە و  با ھەموولایەک باش بیزانێت .

ھەروەھا لەم دەرفەتەدا بەباشی دەزانم بۆ مێژوو ، ھەروەھا بۆ ئەوکەسانەی کە ئەوراستییە نازانن بەڕاشکاوانە پێیان بڵێم : رۆژی( ١٣ )ی ئایاری  ساڵی( ١٩٧٨)  شەھید( ئایدن ) لە (فەیلەقی کەرکوک  ) بە پەلە داواکرا  ، ئەویش یەکسەر رۆیشت تابزانێت چیان دەوێت ، بەڵام ھەرنەھاتەوە ، بۆیە ئێمەش  پەیوەندیمان بە ( فەیلەقەوە )کرد ، ھەتا بزانین لەکوێیەو بۆ نەھاتەوە ) ،  لەوەڵامدا گوتیان :

عەقید (ئایدن ) گیراوەو  تەسفیری ( ئیستخباراتی عەسکەری کازمییە لەبەغدا  ) کراوە ، لەوکاوتەوە ھاوسەرەکەم  نەدیتەوە.

بەڵام من لەوبڕوایەدام ، ئەگەر ھاوسەرەکەم لەکاتی بۆردومانکردنی شاری (ھەڵەبجە ) لە زیندان نەبوایە ، بەھیچ شێوەیەک بەشداری لەئەنجامدانی ئەم  تاوانە نەدەکرد ، چونکە  شەھید ( ئایدن) مرۆڤێکی نیشتمانپەروەربوو ، باوەڕی بە ئازادی و دیموکراتی و مافی گەلان و ستەملێکراوان و مەزلومەکان ھەبوو.

*بەرێز ( قەساب باشی ) ،  رێگام پێ بدە بۆجەنابت و خوێنەرانی بەرێزیش ، ڕاستیەک ئاشکرا بەکەم کە بەداخەوە ھەتا ئێستا نەزانراوەو ،ئەویش ئەوەیە :
گریمان  ھاوسەرەکەت عەقیدی فرۆکەوان ( ئایدن مستەفا خەتیب زادە ) لەکاتی (ژەھربارانکردنی ھەڵەبجە) لەزیندانیش نەبوایە ، ئەوا بەھیچ شێوەیەک ئەرکی بۆردومانکردنی ھەڵەبجەی پێ ڕانەدەسپێردرا ، چونکە ھەروەک جەنابت دەزانیت کە ھاوسەرەکەت سەربە   (فرۆکەوانی سەربازی  )بوو ، بەواتایەکی تر ، ھاوسەرەکەت (فرۆکەوانی ھەلیکۆپتەرلە جۆری  ٨ MI /  میل می ٨ ) ی رووسی بوو ، بەگوێرەی ئەو زانیارییەی  لە (ئینسکلۆپیدیا / مەوسوعەی ، ھێزی سەربازی عیراقی / بەشی ١٧ ، لەئامادەکردنی لێژنەی سەربازی سەربە وەزارەتی بەرگری عیراق سالی ١٩٨٦ ) تۆمارکراوە ، ھەروەھا بەگوێرەی چەند بەڵگەو دیکۆمێنتێکی تر کە ئەم راستییە دەسەلمێنن  .

وەک جەنابت ئاگاداریت ،  ئەوفرۆکانەی ھەڵەبجەیان بە ژەھر بۆردومان کرد ، فرۆکەی  جەنگی (سیخۆ ، CU) ی رووسی سەر بە (ھێزی ئاسمانی عیراق ) بوون، چونکە لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ( ھێزی ئاسمانی عیراق / القوە الجویە العراقیە ، وە فرۆکەوانی سوپا / گیران الجیش) دوو ( سنف ) ی جیاوازبوون ، بەڵام لەژێر چەتری یەک سەرکردایەتی…..!!

ئەوە ڕاستییە ،  دەبێت ھەموولایەک بیزانین ، بەتایبەتی ئەوانەی دەڵێن:  عەقیدی  فرۆکەوان ( ئایدن خەتیب زادە ، لەسەر رەتکردنەوەی بەشداری لە بۆمبابارانکردنی ھەڵەبجە گیراوەو لەسێدارە دراوە  ، کەئەمەش بەگوێرەی ھەموو بەڵگەکانی بەردەستم دوورە لەڕاستی .

ـــ بەڵێ زۆر راستە ھاوسەرەکەم  سەر بە  (فرۆکەوانی سوپا  ) (سرب ١٢ ،  ک١) بوو ،چونکە ئەو فرۆکەوانی (ھەلیکۆپتەر )بوو نەک (فرۆکەی جەنگی) کە سەربە ( ھێزی ئاسمانی  عیراق) بوو لەو سەردەمەدا ، ھەربۆ ئاگاداری جەنابت و خوێنەرانیش، ئەم زانیاریەم  بۆ مێژوو لەھەموو چاوپێکەوتنەکانمدا بەڕاشکاوی ئاماژەم پێ کردووە …..

*بەرێز ( قەساب باشی ) کەی و لە کوێ ھاوسەرەکەت گولەباران کرا  ؟

ـــ  بەداخەوە ھاوسەرەکم لە (  ٢٢ /١٢ /١٩٨٨ ) لە زیندانی ئەبوغرێب ( لەسێدارە دار ) …..!!.

* لەسێدارە درا یان گولەباران کرا ؟ ،  چونکە ھەروەک ئاشکرایە ھاوسەرەکەت  ئەفسەری سەربازی بوو ، بۆیە دەبوایە  لە ( دادگای سەربازی ، بەگوێرەی یاسای سزای سەربازی مامەڵەی لەگەڵ بکرابایە ) ……؟

ـــ زۆر ڕاستە ، ئێمەش ئەم ڕاستییە دەزانین ، بۆیە من و سەرجەمی خانەوادەکەمان سەرمان سووڕماوە لەم بابەتە  ،ھەربۆزانیاری جەنابیشت  ئێمە لەدوای گرتنی ھاوسەرەکەم ، بەداخەوە چاومان پێی نەکەوتەوە ، بۆیە زۆر بابەت بە نھێنی ماوەتەوە . تەرمەکەیشی خوشکی خوالێخۆشبوو( مەیسونە خەتیب زادە ) لە زیندانی (ئەبوغرێب)  وەریگرتەوە ، بەڵام لە (شەھادەی وەفاتی) نووسراوە ( لەسێدارە دراوە / شەنقا حتی الموت ) ، خوشکەکەشی ئەوراستییەی بۆمان دوپاتکردەوە …..!!

*باشە ئەی جەنابت ،  کەی و لەسەر چی گیرایت ؟

ـــ من لەدوای گرتنی ھاوسەرەکەم بەچەند مانگێک لەلایەن (ئیستیخباراتی عەسکەری  کەرکوک ) بە تۆمەتی خەبات لەپێناو مافی گەلی تورکمان گیرام ، ھەروەھا وەک فشارێکیش بۆ سەر ھاوسەرەکەم تا ددان بەوتاوانە دابنێت کە ئاراستەی کرابوو ……!!

*چەند لەزیندان مایتەوە ؟

ـــ  سێ مانگ لەزیندان مامەوە ، دوای ئازاد کرام .

*سوپاس بۆ ئاشکرا کردن و دەرخستی ڕاستیەکان ،کە بەداخەوە لێرەو لەوێ خەریکە لینگەوقووچ و چەواشە دەکرێت .

ـــ سوپاس بۆ ھەوڵی جەنابت کە بەدوای ڕاستی دا دەگەرێت ، ھیوادارم پێکەوە ژیان و برایەتی کورد و تورکمان بەردەوام بێت .

              
*سازدانی دیمانە ، وەرگێرانی لەعەرەبییەوە (شە مال عادل سلیم  ) :

تێبینی / ئەم چاوپێکەوتنە بەڵگەیەکی حاشاھەڵنەگرە بۆ ئەوانەی (بەزانین یان نەزانین ) ، بەبێ بەڵگە لەسەر کەیسی  لەسێدارەدانی عەقیدی فرۆکەوان ( ئایدن مستەفا خەتیب زادە ) لێرەولەوێ بەناراستی زانیاری بڵاودەکەنەوە و ھۆی لەسێدارەدانی دەگەڕێننەوە بۆ جێبەجێ نەکردنی فەرمانی بۆردومانکردنی شاری ھەڵەبجەی خێرلەخۆنەدیو ، دەبێ ئەوەش بڵێم کەلەم زوانە لێکۆڵینەوەیەکی چڕپڕ دەربارەی کەیسی عەمیدی فرۆکەوان ( خەتیب زادە ) بە کۆمەڵێک بەڵگەی حاشاھەڵنەگرەوە بەزمانی عەرەبی بڵاودەکەمەوە بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان و بەتایبەتیش بۆ (ھەڵەبجەو خەڵکی ھەڵەبجەی) خێرلەخۆنەدیو ، کە لە ١٦ ئاداری ١٩٨٨ بەبڕیاری (سەددام حوسین )ی گۆربەگۆڕ ژەھرباران و کۆمەڵکوژکران .

٢٢ ئادار ٢٠١٧

بەرێزان من چەندین ساڵە بەدوای ئاشکرا کردنی ( بەبەڵگەوە ) ئەم بابەتەم ، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمیش ئاگادارن ، لەوانە ، کاک (نیھاد لەتیف قۆجە ) ، قایمقامی ھەولێر کە جەنابیشیان بەڵینی دا ، بەدواچون بۆ ئەم بابەتە بکات …. بۆئاگاداری ھەموو لایەک نامەکانیشم لەئەرشیف ماوە کە راستی قسەکانم دەسەلمێنێت …..و لێرەش بڵاوی دەکەمەوە بۆئەوانەی باوەر ناکەن ، بۆیەش ئێستا ئەم بابەتەم بڵآو کردەوە چونکە( لێکۆڵینەوەکەم )کۆتایی پێ ھات …..!!دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە من لەماڵەوە (فێر نەکراوم بەرھەمەمی ماندووبوونی کەس بخۆم) و غەدر لەکەس بکەم ، ھەمیشە غەدرم لێ کراوە ، فێرکراوم خۆم ماندووبکەم و ھەرشتێک بەئەرکی سەرشانم بزانم ، گوێم لە ترس و ماندووبوون نییە ،گەر ھەڵەشم بەرامبەر ھەریەکێک کردبێت داوای لێ بوردنم لێ کردووە …… بۆیە ھیوادرم گولە بەتاریکییەوە نەنێین ، گەر دەست خۆشیش لە یەکتر نەکەین ، سەرکەوتنی یەکتر کە سەرکەوتنی راستییە ناشیرین نەکەین …. !!
                
                    
 

ژمارەی بینین:  1599      بەروار:  23/03/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.