کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  هیومان رایتس ۆوچ : لەهه‌رێمی كوردستان هێزه‌ چه‌كداره‌كان ته‌قه‌ له‌خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ن

ھیومان ڕایتس ۆوچ لە دوا ڕاپۆرتیدا رایگەیاند ھێزەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەرێکەوتی ١٤ی مارسی ٢٠١٧ ھەستاون بە تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی شنگال بە گولەی پلاستیکی و گولەی ڕاستەقینەو گازی فرمێسکڕێژو لە ئەنجامدا کەسێک کوژراو لانیکەم حەوت کەسی تریش بریندار بون.
ئاوێنە: رێکخراوی ھیومان ڕایتس ۆوچ لەدوا راۆرتیدا کە دوێنێ بڵاویکردەوە ئاماژە بەوە دەکات ھێزەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان توندوتیژییان بەکارھێناوە لەدژی خۆپیشاندەران لەشەنگال‌و داوا دەکات کە بەرپرسانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوە ئەنجام بدەن لەسەر بەکارھێنانی ھێزی کوشندە لە دژی خۆپیشاندەران.
ئەمەی خوارەوە دەقی راپۆرتەکەی رێکخراوی “ھیومان رایتس ۆوچ”ە:
سێ خۆپیشاندەر بە ھیومان ڕایتس ۆوچیان ووت کە ئەوان و خۆپیشاندەرانی تر ھێمنانە خۆپیشاندانیان کردووەو چەکیان پێنەبووە ,لە کاتێکدا ھێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا کەچەکداری سوورین و لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆیی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندان و لە شنگال جێگیرکراون تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە. ووتیشیان کە چەند خۆپیشاندەرێک بەردیان گرتۆتە ھێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا، بەڵام ‌دوای ئەوەی کە ئەو ھێزە تەقەیان لەخۆپیشاندەران کردووە.  فەرماندەیەکی پێشمەرگەی ڕۆژئاواش لە ٢٦ی مارس بە ھیومان ڕایتس ۆوچی ووت، ژمارەیەکی کەم لە خۆپیشاندەران چەکیان پێبووەو تەقەیان کردووە  کە ئەوەش کوژراو برینداری لێکەوتۆتەوە، بەڵام ووتەی شایەتحاڵان پێچەوانەی قسەکانی ئەم فەرماندەیە بوو    .
لەما فەقیە، جێگری بەرێوەبەری ھیومان ڕایتس ۆوچ لەخۆرھەڵاتی ناوەڕاست ووتی، ‘’ھیچ بەڵگەیەکمان نەبینیووە سەبارەت بەوەی کە ھێزە چەکدارەکان ھۆکارێکی شەرعیان ھەبووبێت بۆ تەقەکردن لە خۆپیشاندەران، کە ھیچ ھەڕەشەیەکیان لەسەر ژیانی ئەوان و کەسانی تر دروست نەکردووە.دەبێت حکومەت دەستبەجێ ھەستێ بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەم پێشێلکاریە ئاشکرایە لەسەر بەکارھێنانی ھێزی کوشندەلەدژی خۆپیشاندەران.’’
ھیومان ڕایتس ۆوچ ھیچ بەیاننامەو بڵاوکراوەیەکی گشتی لەلایەن بەرپرسانەوە سەبارەت بەم ڕووداوە ‌و ڕوونکردنەوەی بەکارھێنانی ھێز لەوبارەیەوە نەبینیووە.
سێ خۆپیشاندەرەکە بە ھیومان ڕایتس ۆوچیان ووت، لە ڕێکەوتی ١٤ی مارس و لە دەوروبەر یکاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی بەسەدان خۆپیشاندەر کە لە نێوانیاندا ژن و منداڵیش ھەبوون لە نزیک خانەسوور کە شارۆچکەیەکی  سەر بە شنگالە و لەژێر کۆنترۆڵی پارتی کرێکارانی کوردستان( پەکەکە)‌ دایە گردبوونەوە.گردبوونەوەکەیان بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بوو لەسەر جێگیرکردنی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا کە ھێزێکی چەکداری سەربە پارتی دیموکراتی کوردستانەلە ناوچەکە لەدوای کۆنترۆڵکردنەوەی لە دەست دەوڵەتی ئیسلامی ( ناسراو بەداعش) لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥.
خۆپیشاندەرەکان ووتیان، بە ئۆتۆمبێل لە خانەسوورەوە بەرەو شارۆچکەی سنوونی ڕۆیشتوون کە لەوێ ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگەی ڕۆژئاوای لێ جێگیرکرابوو. خۆپیشاندەرەکان ووتیان، لەدەوروبەری کا تژمێر ١١:٤٥خولەکی سەرلەبەیانی خۆپیشاندەران کە لەلایەن ژنانەوە ڕێبەری دەکران بە ھوتاف کێشان لە دژی جێگیربوونی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا لەناوچەکە  بەرەو ئەو شوێنە چوون کە پێشمەرگەکانی لێبوو.
کاتێک ھەندێک لە خۆپیشاندەران کە تەنھا ١٠ مەترێک لە ساترەکەیانەوە دووردەبن، نزیکەی ١٠ چەکدار لەو ٢٠٠ چەکدارەی کەلەوێ جێگیرکرابوون دێنەدەرەوەو بۆ ماوەی ١٥ خولەک گازی فرمێسک ڕێژ لە دژی خۆپیشاندەران بەکاردەھێنن. خۆپیشاندەرەکان ووتیان، ئەوان و خۆپیشاندەرەکانی تر نەکشانەوەو بە تووندوتیژی وەڵامیان نەدایەوە، بەڵام دوای ١٠ خولەک و بەبێ ھیچ ئاگادارکردنەوەیەک بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، چەکدارەکان دەستیان بە تەقەکردن کرد.
خۆپیشاندەرێک بەناوی حاجی حەسەن ووتی، بینی کە چوار خۆپیشاندەر بەھۆی بەرکەوتنی گولە کەوتنە سەر زەوی و خۆپیشاندەرێکی تر بەناوی نازێ نایفی تەمەن ٢١ ساڵ گولەیەک بەرسەری دەکەوێت و ھەرلەوێدا گیان لەدەست دەدات.خۆپیشاندەرێکی تر ووتی کە تەنھا چەند مەترێکی کەم لە نایفەوە دووربووە کاتێک بەرکەوتووەو لەگەڵ خۆپیشاندەرەکانی تر ھەڵیانگرتووەو بردویانەتە ناو ئۆتۆمبێلێک. ئەو ووتی کە بینیوویەتی خۆپیشاندەرێکی تر کە کوڕێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بووە فیشەکێک بەرقاچی چەپی کەوتووەو کچێکی تر دەستی ڕاستی بەرکەوتووەو یەکێکی تر قاچی ڕاستی. خۆپیشاندەرەکان ناوی چوار خۆپیشاندەری ترو شێوازی برینەکانیانیان بۆ ھیومان ڕایتس ۆوچ باسکرد.
خۆپیشاندەرەکان ووتیان، ھەرلەدوای کوشتنی نایف ژمارەیەک لە ئۆتۆمبێلی ھێزە ئەمنیەکان گەیشتنە شوێنەکە ‌و ١٠ پۆلیسی چالاکیە مەدەنیەکان پەیوەندیان بە ھێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژئاواوە کرد. لەو کاتەدا، دوو خۆپیشاندەر ووتیان، نزیکەی ١٠ لە خۆپیشاندەرەکان دەستیان کرد بە ھاویشتنی بەرد بۆ پۆلیسەکان، بەڵام دوای ئەوە خۆپیشاندەرەکان بەخێرایی لە شوێنەکە بڵاوەیان کرد. ئەو فەرماندەیەی ڕۆژئاوا کە قسەی بۆ ھیومان ڕایتس ۆوچ کرد ووتی،  لەگەڵ گەیشتنی خۆپیشاندەران ھێزەکانیان داوای ھاوکاریان لە پۆلیسی چالاکیە مەدەنیەکان کرد، دوای ئەوەش خۆپیشاندەران دەستیان کرد بە ھاویشتنی بەرد بەرەوڕووی پۆلیسی چالاکیە مەدەنیەکان و ئەوانیش بە گولەی پلاستیکی وەڵامیان داونەتەوەو کە ئەمەش ھیچ قوربانیەکی لێنەکەوتۆتەوە.
ئەمە دواین سەرکوت کردنە لەدوی وەستانی پێکدادانەکانی نێوان پێشمەرگەی ڕۆژئاواو ھێزەکانی سەربە پەکەکە لەشنگال. بەپێی ڕاپۆرتی میدیا کوردیەکان لە ٣ی مارسی ٢٠١٧، ھێزە ئەمنیەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتی سەربە پەکەکە(پەیەدە)‌ لە باکووری سووریا ھەستاون بە دەستگیرکردنی زیاتر لە ٤٠ ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد کە پارتێکی سەربە مەسعود بارزانی سەررۆکی ھەرێمی کوردستانە. پاشان، لە ڕێکەوتی ٤ی مارس، پۆلیس و ھێزە ئەمنیەکانی سەربە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەستاوون بە دەستگیرکردنی ٣٢ خۆپیشاندەری بێ چەک لە ھەولێر لە کاتی خۆپیشاندانێکی ھێمنانە لەدژی پێکدادانەکانی ئەم دواییەی شنگال. بەپێی ووتەی سێ خۆپیشاندەر کە دەستگیرکرابوون، ھەمان ڕۆژ ٢٣ کەس لە خۆپیشاندەرەکان ئازاد دەکرێن و سێ خۆپیشاندەری تر لە ماوەی چوار ڕۆژی داھاتوودا، بەڵام شەش خۆپیشاندەر کە ھەموویان  بیانی بوون ھێشتا بە دەستبەسەری ماونەتەوە.
بەپێی پرەنسیپە بنچینەییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بەکارھێنانی ھێزو چەک لەلایەن پۆلیس و ھێزەئەمنیەکان، دەبێت بەرپرسان ‘’ئەوەندی لە توانایاندایە ‌و بۆیان دەکرێت ھۆکاری ناتووندوتیژی بەکاربھێنن بەرلە پەنابردن بۆ بەکارھێنانی ھێزو چەک.’’ دەبێت بەکارھێنانی بە ئەنقەستی ھێزی کووشندە و چەک تەنھا لە کاتێکدا بێت کە بۆ پارێزگاریکردن لە ژیانی ھاووڵاتیان بێت.’’ ئەو پرەنسیپە ئاماژە بەوە دەکات کە لە حاڵەتی کوشتن و بریندار بووندا، دەبێت دەزگای پەیوەندیدار ھەستێ بە ئەنجامدانی لێپێچینەوە ‌و لێکۆڵینەوە وە ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل لەوبارەیەوەو ناردنی بۆ بەرپرسانی ئیداری و داواکاری گشتی.
دەبێت حکومەت دڵنیایی بدات لەوەی کە بەکارھێنانی ھێزو چەک بە ھەڕەمەکی و بەشێوەیەکی تووندوتیژانە  لەلایەن بەرپرسانی ھێزە ئەمنیەکانەوە وەک ئەنجامدانی تاوان سزا بدرێت. دەبێت ئەفسەری بەرپرس وەک بەرپرسیار لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت ئەگەر زانیبێتی یان دەبوایە بیزانیایە کە چەکدارانی  ژێر فەرماندەیی ئەو پەنایان بۆ بەکارھێنانی ھێزو چەک بەشێوەیەکی نایاسایی بردووە بەڵام ھەموو ڕێوشوێن و پێوەرێکیان نەگرتۆتەبەر لە پێناو ڕێگرتن لە بەکارھێنانی ھێز بەم شێوازە. 
فەقیە ووتی، ‘’دەبێت بەرپرسانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دڵنیای بدەن سەبارەت بەوەی کە ئەو ھێزە چەکدارانەی ئەرک و کاروباری ھێزی ئەمنی ڕادەپەڕێنن پەنا نەبەنە بەر بەکارھێنانی ھێز زیاد لەقەبارەی خۆی، بەتایبەت ھێزی کوشندە ‌وە لێکۆڵینەوە لەوانەش بکەن کە ئەم جۆرە کارانە ئەنجام دەدەن بە فەرماندەکانیشەوە.’’
 لەماڵپەڕی ئاوێنەوە
ژمارەی بینین:  846      بەروار:  01/04/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.