کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  ھێشتا تاوانبارانی ئەنفال ئازادن
 ھێشتا تاوانبارانی ئەنفال ئازادن

ئەنفال مەرگی لەسەر خۆی گەلێک بوو،بەدەست ڕژێمی ھارو دڕندەی بەعس،شەو و ڕۆژی دەخستە سەریەک تا زۆرترین خەڵکی کوردستان لەناو گوندەکاندا کۆمەڵکوژ بکات، ژینگەی کوردستان لەناو ببات بە چەکی کیمیایی، ئەوەشی ڕزگاری دەبو لەو مەرگەساتە، نەھامەتیەکانی  تۆپزاوا و نوگرەسەلمان و دواتر زیندەبەجالکردنیان لە  بیابانەکاندا لە گۆڕی بەکۆمەڵدا کۆتایی دەھات.
ئێستا پاش بیستو نۆساڵ لەو تاوانە،ھێشتا تاوانبارانی ئەنفال ئازادن ، ھێشتا حکومەتی عیراق داوای لێبوردن و قەرەبوی مادی و مەعنەوی نەکردۆتەوە ، ھێشتا تاوانبارانی ئەنفال لەکوردستان داڵدە دراون،دادگا  ڕۆڵی خۆی نەبینیوە.
چەسپاندنی دادوەری بەسەر تاوانباراندا و بژاردنی مادیو مەعنەوی بۆ کەسوکاری قوربانیان ،ھاوکات چڕکردنەوەی فشارەکان  لەسەر دەولەتی عیراق تا پەیوەست بێت بە بەڵێننامەی ڕۆماو ودادگای تاوانکاری نیو دەولەتیەوە، تاکو بەربەست بێت لەبەردەم چەند بارە بونەوەی  تاوانی جینۆسایدی گەلی کورد لە باشوری کوردستان،داواکاری  کەسوکاری قوربانیان و ڕیکخراوەکانی بواری جینۆساید بووە ، بەڵام بە داخەوە تائیستا ئەم داواکاریانە سەرەرای چەندین جار بەڵینو سۆز، بێ ئەنجام بووە.
لەماوەی چواردە ساڵی رابردودا و دوای ڕوخانی ڕژێم سەرۆکەکانی عیراق کوردن ،کەچی ھێشتا نەیان توانیوە یان نەیان ویستوە  داوای لێبوردن لە قوربانیانی ئەنفال و ھەموو تاوانەکانی تر بکەن لەھاولاتیانی کوردستان و عێراقیش،تاکو ھاوسەنگیەک لە پاراستنی مافی قوربانیاندا بە دی بھێنێت، ھەنگاو بەرەو ژیانێکی ئارام بنێن،ھاوکات حکومەتی فیدراڵی عیراق ھێشتا دانی نەناوە بە جینۆسایدەکانی گەلی کوردا ،تاکو خۆی لەقەرەبو بدزیتەوە، بە بیانوی ئەوەی گوایا میراتگری ڕژێمی پێشوو نیە.
لەیادی تاوانی ئەنفالدا ،بەتایبەت کە ڕۆژی ١٤/٤/١٩٨٨ لەگەرمیان کە زۆرترین خەڵک دەسگیرکران لە گوندی ملەسورە و کوڵەجۆی حاجی حەماجان کە مەزەندە دەکرا بە زیاتر لە بیست ھەزار کەس لەژنو منالو پیر.
ئێمە لە چاودێڕی کوردۆساید-چاک، ھەرگیز ئەو ڕۆژانەمان لەیاد ناچێت و سەری ڕیز دائەنەوێنین بۆ قوربانیانی ئەو شالاوە بەد ناوە، لەگەڵ دەس خۆشی لەو کەسانەی لە سەرەتاوە ھەوڵیان داوە بۆ یادکردنەوەی ئەنفال و ناساندنی ڕۆژی چواردەی چوار بۆ ئەم یادە.
بۆیە لەم یادەدا جەند بارەی دەکەینەوە  کە دەبێت تاوانبارانی ئەنفال دادگایی بکرێن و بەسزای تاوانەکانیان بگەن، لەگەڵ بژاردنی مادیو مەعنەوی بۆ کەسوکاری قوربانیان، وە باشکردنی ژیانیان،  ھاوکات بەجیھان ناساندنی تاوانی ئەنفال ئەرکێکی ھەنوکەییە و نابێت دوابخرێت.
     
                                                             چاودێری کوردۆساید-چاک
                                                                 ١٤/٤/٢٠١٧

ژمارەی بینین:  1082      بەروار:  14/04/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.