کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  لەیادی ١٠٢ ساڵەی تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنییەکاندا
لەیادی ١٠٢ ساڵەی تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنییەکاندا

عەلی مەحمود
ئەمڕۆ ١٠٢ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ئیعدامکردنی ٢٥٣ کەسایەتی ناسراوی ئەرمەنی لەیەک شەمەی سوری ٢٤-٤-١٩١٥دا کە لەشوێنە جیاجیاکانەوە دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانی کۆیانیان کردبوەوە بەکۆمەڵ بەئاشکرا لەشاری ئەستەمبوڵی پایتەخت ئیعدامیانیان کرد، لەچوارچێوەی پرۆسەی کۆمەڵ کوژی ئەرمەنەکان کە لەنێوان ساڵانی ١٨٩٤ بۆ ١٩٢٣ درێژەی کێشا کە کۆی قوربانیانی تاوانەکە  بە ١,٥ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت کە ھاوتەریب لەگەڵ ئەم کۆمەڵکوژییەدا گەلانی سریان‌و ئاشورو ئێزیدی‌و یۆنانیش لەلایەن ھەمان فەرمانڕەواییەوە کۆمەڵکوژی کران.
لەم نێوەدا ئەرمەنیەکان بەشێک لەکوردان بەھاوبەشی تاوانەکە دەزانن کە لەو کاتەدا لەچوارچێوەی سوارەی حەمیدییە بەسەرۆکایەتی ئاغا کوردەکان رێکخرابوون, ئەمە بە ئاشکرا لەتابلۆکانی مۆنمێنتی سەرەکی جینۆسایدی ئەرمەنی لەشاری یەریڤان وە نوسینەکانیان رەنگ دەداتەوە، چۆن کوردەکانیش جاشە کوردەکان بەھاوبەشی تاوانی ئەنفال دەزانن کە لە چوارچێوەی سوارەی سەلاحەدین ئەیوبیدا بەسەرۆکایەتی ئاغاو سەرۆک عەشیرەتەکان رێکخرابون، لەیەک چونێکی دیکەش لەنێوان ھەردو قوربانی ئەوەیە، ھەردولا بەتاوانی ھاوکاری داگیرکەر سزا دراون, ئەرمەنیەکان بەتاوانی ھاوکاری سوپای روسی تزاری کە تا رەواندزو خانەقین بەھاوکاری ئەرمەنیەکان ھاتبوو, پاشان لە گەڵ شۆڕشی ئۆکتۆبەرو مەرسومی ئاشتی لینین کشانەوە, کوردەکانیش ھاوکاری ئێران تا دەوروبەری چاڵە نەوتەکانی کەرکوک‌و ھەڵەبجە ھاتن.
ئێستا دەبێت بەرەو روی ئەم تاوانە مێژوییە  ببینەوە, چارەسەری ئەو نەخشانە بکرێت کە ناوی ئەرمەنستان‌و کوردستانەو ھەر یەکەیان کۆمەڵێک شارو شارۆچکە بەنیشتمانی خۆیان دەزانن ھاوبەشە لە نێوان ھەردولا، ئەمە بۆ خۆی کێشەیە, کێشەکە گەورەتر دەبێت دوژمنە ھاوبەشەکە تورکیایە بکشێتەوە لەو ناوچانە، ھاوکات لە دوای سەربەخۆیی ئەرمینیاوە دوای ھەڵوەشاندنەوەی سۆڤییەت، کوردە موسڵمانەکانی ئەرمینیا رویان لە ئازەرباینجان کردووەو ئێزیدییەکانیش ئەرمینیا وەک کاردانەوەیەک بۆ سارێژ نەبوونەوەی برینەکانی مێژوو, واتا لەسەر بنچینەی رابردوو جەمسەر بەندی کراوە, بۆیە ئەم کێشە سەدەییە ئاڵۆزە دەبێت چارەسەر بکرێت, بە پێی راستییەکان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت‌و بەرپرسیارێتی مێژویی ھەڵبگرترێت, نەک بە ئینشای ناسیۆنالیستانە کورد بکرێتە مەلایەکەت و ناشرینییەکان لەکەوڵی مێژووەکەی بکرێتەوە, ئاخر نموونەی پاشای کۆرەی رەواندزیشمان لەبەرامبەر ئێزیدییەکان ھەیە, ئینکار  بۆخۆی تاوانەو راکردنیشە لە بەرپرسیارێتی مێژویی، لەوڵاتێکی وەک سلۆڤاکیا ٥ ساڵ زیندانی سزاکەیەتی, ئەگەر ئینکاری تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنی بکرێت.
لەیادی ١٠٠ ساڵەی تاوانی ئەرمەندا لەتەبلیسەوە بۆ یەریڤان دەرۆیشتم بۆ بەشداری لەکۆنفرانسی شارەزایانی جینۆسایدی جیھانی پرۆفیسۆرێکی ئابوری ئەرمەنی لە گەڵمدا سوار بوو, کە گەیشتینە سنوری ئەرمینیا پۆلیسەکە پرسی بۆ کوێ، لەوەڵامدا وتم” بۆ کۆنفرانسی نێونەتەوەیی شارەزایانی جینۆسایدی جیھانی لە یەریڤان” کە لەبازگەکە رەت بوین، پرۆفیسۆرەکە وتی “کوردیت” لەوەڵامداوتم “بەڵێ” وتی “دەچیت بۆ کۆنفرانسی جینۆساید” ,لەوەڵامدا  وتم “بەڵێ” وتی، “ئێمە نەک کێشەی مێژویمان لەگەڵ کورددا ھەیە بۆ بەرپرسیارێتی، ھاوکات کێشەی خاکیشمان ھەیە نمونە شاری قارس پێمانوایە ئەرمەنییە تۆ چی دەڵێیت ” لەوەڵامدا وتم “ئێستا ھی ھیچ لایەکمان نییە وەلێ بکەوێتە دەست کوردان بەم بۆچونە سیاسیەی ئێستاوە, ئەوا لەدەستێکی ئەمیندایە بەپێی بەڵگە مێژوییەکان لە روانگەی سڕینەوەی شوێنەواری گۆڕینی دیموگرافی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن” وتی “ترسم ھەیە کوردەکان وەک تۆ بیر نەکەنەوە, ئەوەتا تۆ لە ناو ئۆتۆمۆبیلەکەش شوێنەکەی خۆت داوە بەمن، ھەرچەندە کرێی ئۆتۆمۆبیلەکەش تۆ داوتە, کەچی من لەپێشەوە سوار بومە, تۆش لە دواوە”.
لە وەڵامدا وتم “نا, ئەدی پێش ماوەیەک ئەحمەد تورک بەفەرمی بەرپرسیارێتی قەبوڵ کردو بەناوی کوردەوە داوای لێبوردنی کرد, ئەگەر ھەر بەرپرسیارێتیەک ھەبێت”.
ئێمە شەو رۆژ داوا لە جیھان دەکەین, ئەوتاوانانەی بەسەر گەلەکەمان ھاتووە بە جینۆساید  بناسن, ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەداین, بۆخۆمان چۆن مامەڵە لە گەڵ مێژوودا دەکەین ؟, دەرچوون لەوتاقیکردنەوەیە بە سەلامەتی دەمانگەیەنێتە مەنزڵگای مرۆڤ  بوون, دەبا مرۆڤ بین .
ژمارەی بینین:  727      بەروار:  25/04/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.