کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  پەیکەری ئەحمەدی خانی لە ئاگری ڕووخێندرا
ستاندەر

قەیومی ئاکەپە لە شاری بایەزیدی پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان، پەیکەری ئەحمەدی خانی شاعیر و نووسەری کوردی ڕووخاند، دوای ئەوەی حکومەتی تورکیا ھاوسەرۆک شارەوانییەکانی (دەبەپە)ی لەسەر کارەکانیان لابرد و زیندانیکردن، قەیومی لە شوێنەکانیان دانا، ئەوەش ھەشتەمین پەیکەر و مۆنۆمێنتی ناودارانی باکووری کوردستانە کە لە ماوەی ساڵ و نیوی ڕابردوودا لەلایەن قەیومەکانەوە ڕووخێنراون.

ئاژانسی ھەواڵی میدیایی دیجلە بڵاویکردەوە، ئۆڵاش ئاکھان یەکێکە لەو قەیومانەی کە بۆ بەڕێوەبەردنی شارەوانیی بازید لە پارێزگای ئاگریی باکووری کوردستان دانراوە، ئەو قەیومانەش بەشێک لەکارەکانیان ڕووخاندنی ھێما و ڕەمزەکانی کوردە. (ئۆڵاش ئاکھان) قەیومی دانراوی حکومەتی تورکیا لە شاری بازیدی پارێزگای ئاگری ڕۆژی ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٧ بڕیاریدا پەیکەری ئەحمەدی خانی لە پارکی ئەحمەدی خانی لە شاری بازید بڕوخێنن و لە دوای ئەوەش پەیکەرەکەی ڕووخێنرا.

شایەنی باسە، ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٧ مۆنۆمێتی منداڵێکی کوردی تەمەن ١٢ ساڵ لەلایەن قەیومی شارەوانیی قۆسەر لە پارێزگای مێردین لابرا، کە بە ١٣ گولـلەی ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا و لەگەڵ باوکیدا لە ساڵی ٢٠٠٤دا و لە پاڵ ئۆتۆمبێلەکەیاندا شەھیدکرابوون، ھەورەھا پەیکەری لاماسوس لە شاری ئامەد، ئۆرھان دۆغان لە جزیرە، مۆنۆمێنتی ڕۆبۆسکی لە پەیاس، مۆنۆمێنتی مەروانی لە یەنیشەھیر و پەیکەری ئەحمەد عارف لەلایەن قەیومەکانی حکومەتی تورکیاوە ڕووخێنراون.
ژمارەی بینین:  511      بەروار:  28/06/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.