کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  لە (٣)مین ساڵیادی جینۆسایدی شەنگال-دا، دادگای تایبەتمەند بە دادگایکردنی تۆمەتباران

لە (٣)مین ساڵیادی جینۆسایدی شەنگال-دا، دادگای تایبەتمەند بە دادگایکردنی تۆمەتباران
ئاوارە حسێن
ھەڵسەنگاندنی یاسایی تاوانەکانی داعش
لێرەدا ھەوڵ دەدەین بە کورتی ئاماژە بکەین بەو تاوانە نێودەوڵەتیانەی کە داعش ئەنجامی داوە، ھەروەھا ھەڵسەنگاندنی یاسایی تاوانەکانیان کە لە یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتیدا چ تاوانێکی پێکھێناوە.
آ/ تاوانی جینۆساید
تاوانی جینۆساید لە (٩/١٢/١٩٤٨) لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە بڕیاری ژمارە (٢٦٠) بووە بە یاسا و ھەر لەو بڕیارەشدا ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی جینۆسایدو سزا خستنە سەر تاوانکارانی پێکھات، ئەو ڕێککەوتننامەیەش لە (١٩) نۆزدە ماددە پێکھاتووەو لە (١٢/١/١٩٥١)ەوە کاریپێدەکرێت و تا ئێستا (١٤٧) دەوڵەت لەو ڕێککەوتننامەیەدا ئەندامن، و لە ماددەی (٢)دا پێناسەی جینۆسایدی کردووە. ھەروەھا لە (١٧/٧/١٩٩٨) لەڕێکەوتننامەی ڕۆما دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی پێکھات و یاسای ئەو دادگایەش لە (١٢٨) ماددە پێھاتووە و لە (١/٧/٢٠٠٢)ەوە کاریپێدەکرێت و تا ئێستا (١٢٤) دەوڵەت لەو دادگایەدا ئەندامن، و لە ماددەی (٦)یدا پێناسەی جینۆسایدی کردووە.
تاوانی جینۆسایدی بەپێنج شێواز ئەنجامدەدرێت، ئەوانیش بریتین لە (کوشتن- ئەشکەنجەدانی ھزری و جەستەی- دانانی قوربانیان لە ژیانێکی سەختدا- ڕێگیرکردن لە زاوزێ و زۆربوون- ڕاگواستنی منداڵ بەزۆر) بەمەبەستی لە ناوبردنی ھەموو یان بەشێکی گروپێکی نەتەوەی، یان نەژادی، یان ڕەگەزی، یان ئاینی. لێرەدا ھەوڵدەدەین ڕەنگدانەوەی شێوازەکان لە تاوانەکانی داعشدا باسبکەین.
لە (٣/٨/٢٠١٤) داعش دەستیگرت بەسەر ھەردوو شاری شەنگال و زوماردا. و نزیکەی (٣٠،٠٠٠- ٥٠،٠٠٠) سی ھەزار بۆ پەنجا ھەزار لە ئێزدیەکان بۆ پاراستنی ژیانیان پەنادەبەنەبەر شاخی شەنگال، لەو ھێرشانەدا بەپێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی (٥،٠٠٠) پێنج ھەزار کەس کوژراون و نزیکەی (٥٠٠،٠٠٠) پێنج سەد ھەزاری تر ئاوارە بوون.
ھەر لەو ھێرشانەدا ئەوانەی کە لەلایەن داعشەوە دەستگیر دەکران و پەیڕەوی ئاینێکی تریان کردووە ناچاریان کردوون یان ئاینەکەیان بگۆرن بۆ ئیسلام ڕێبازی سونی، یان جزیە بدەن. چەندین ڕاپۆرت دەریدەخەن کە داعش ھەستاون بە ھەڕەشەی کوشتن و ئەشکەنجەدان بۆ گۆڕینی ئاینەکەیان بۆ ئیسلام، لەناو ئەوانەدا ھەندێکیان کوژراون بەتایبەتی پیرەکان کە ئامادەنەبوون ئاینەکەیان بگۆڕن. ئەو کەمینە ئاینییانەشی کە داعش دەستگیریکردوون و داوای گۆڕینی ئاین و ڕێبازی ئاینەکەیانی لێکردوون بریتین لە شیعە، سریان، کلدان، ئاشوری، ئەرمەن، مەسیحی و ئێزدییەکان.
ب/ تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی
بەپێی بڕگەی (١)ی ماددەی (٧)ی دادگای تاوانکاریی نێودەوڵەتی، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی ڕیزبەند کردووە، کە ئەگەر ھاتوو ھەرکاتێک ئەنجامدرا لەچوارچێوەی ھێرشێکی بەرفراوانی ئاراستەکراو و پلان بۆ داڕێژراو دژی کۆمەڵێک لەدانیشتوانی سڤیل وە زانیاری بەو ھێرشانە ھەبێت ئەوا دەچێتە چوارچێوەی تاوانی دژ بەمرۆڤایەتییەوە. ئەو تاوانەش یەکێکی ترە لەو تاوانانەی کە داعش لەدژی کورد و کەمینە ئاینی و نەتەوەییەکانی تر لە عێراق و سوریا ئەنجامیداوە. ئەو کردارانەش کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین و داعش ئەنجامی داون بەکورتی بریتین لە (کوشتن- بەکۆیلەکردن- ئەشکەنجەدان- دورخستنەوە یان گواستنەوەی دانیشتوان بە زۆر- ونکردن و ڕفاندنی کەسانێک بە زۆر- دەستدرێژی کردنە سەر ناموس، کۆیلەکردنی سێکسی، لەشفرۆشیی بەزۆر، سک پڕبوون بە زۆر، نەزۆککردنی بەزۆر، یان ھەر شێوەیەک لەشێوەکانی توندو تیژی سێکسی کە بەم پلەیە ترسناک بێت).
ئێزدیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەگەڵ گرتنی شەنگال و گوندەکانی دەوروبەری مافەکانیان پێشێلکراوەو چەندین تاوان لەدژیان ئەنجامدراوە، ھەزارانیان ڕفێندراون و کوژراون و سەدانیشیان خۆیان ڕزگارکردووە و ھەڵھاتوون بە ئاراستەی سوریا و شاخی شەنگال.
بەپێی زانیارییەکی بڵاوکراوەی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی ھەرێمی کوردستان- نوسینگەی کاروباری ڕفێندراوان لە دھۆک، تێیدا ئاماژە بە ڕفاندنی (٦٤٠٤) کەس دەکات کە (٣٥٣٨)یان مێینەن و (٢٨٦٦)یان نێرینەن. ژمارەی ئەوانەشی کە ڕزگاریان بووە (٢٦٤٠) ئێزدین، لەناویشیاندا (٩٥٣)یان کچ و ژنن و (٣٢٨)یان پیاون، ھەروەھا (٦٧٥)یان منداڵی کچن و (٦٨٤)یان منداڵی کوڕن، وە ئەوانەشی تا ئێستا لەژێر دەستی داعشدان (٣٧٧٠) کەسن.
زۆرینەی کچ و ژنە دەربازبووە ئێزدییەکان کە چیرۆکی ڕفاندنیان دەگێڕنەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە چەندین جار لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر ناموسیان، کراون بەکۆیلەی سێکسی و بەنرخێکی کەم فرۆشراون. نادییە موراد زیندوترین شایەدحاڵە کە باس لە ھەڵسوکەوتی نامرۆییانەی داعش دەکات ھەر لە گرتنیان و ڕفاندنیان، تا داوای ھاوسەرگیری بەزۆر و بەزۆر سێکسکردن لەگەڵیان و فرۆشتنیان.
ج/ تاوانەکانی جەنگ
بەپێی خاڵی (١)ی بڕگەی (٢)ی ماددەی (٨)ی دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی. تاوانەکانی جەنگ بریتین لە پێشێلکردنی یاساکانی جەنگ. پێشێلکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەکانی (جنێف)ی (١٢/٨/١٩٤٩)، وە بەدیاریکراوی ھەریەک لەم کرادارانەی خوارەوە کە ڕیزبەندکراوە و ئەنجامدراوە دژی کەسان یان موڵک و ماڵی پارێزراو. ئەوانیش بریتین لە (کوشتنی بە ئەنقەست- بە بارمتە گرتن ناچارکردنی دیلەکانی جەنگ یان کەسی پارێزراو بۆ ڕاژە لە سوپای دوژمن- بێبەشکردنی ھەر دیلێکی جەنگ یان کەسی پارێزراو لە مافی خۆی بۆ دادبینی کردن لەدادگایەکی دادپەروەرو ڕێک و پێک، بە مەبەست- ھێرشی بەمەبەست و ئاراستە کراو دژی دانیشتوانی سڤیل یان کەسانی سڤیل کە ڕاستەوخۆ لە کردارە جەنگییەکان بەشدار نەبوون- ھێرش یان بۆردومانی شارەکان، گوندەکان، ماڵەکان یان باڵەخانەکان بە ھەر ئامرازێک بێت کە ھیچ جۆرە بەرگرییەکیان نییەو ئامانجی سەربازییش نین- کوشتن یان بریندارکردنی جەنگاوەرێک کە دەست بەرداری چەکەکەی بووبێت یان ئامرازی بەرگری لە خۆکردنی نەبێت و بە شێوەیەکی ئاشکرا خۆی بەدەستەوە دابێت- ھێرشی بەمەبەست ئاراستە کراو دژی باڵەخانەکان کە ئامانجی سەربازی نین و تایبەتن بۆ مەبەستی ئاینی، پەروەردەیی، خێرخوازی، مۆنۆمێنتە مێژووییەکان، نەخۆشخانەکان و شوێنی کۆبونەوەی نەخۆش و برینداران- ژەھر بەکارھێنان یان چەکی ژەھراوی- سەربازگیری یان تۆمارکردنی مناڵانی خوار تەمەنی (١٥) پانزە ساڵی لەھێزی سوپای نیشتیمانی یان بەشداری پێکردنیان لەکردارە دوژمنکارییەکاندا).
گەر بەوردی سەرنجی تاوانەکانی جەنگ بکەین و بەراوردی بکەین بە کردارەکانی داعش ئەوا بە ئاسانی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت ھەروەک چۆن ئەو گروپە چەکدارە تاوانەکانی جینۆساید و دژ بە مرۆڤایەتییان ئەنجامداوە، بەو شێوەیەش تاوانەکانی جەنگیشی ئەنجامداوە. لە دیارترین تاوانەکانی جەنگ کە داعش ئەنجامیداوە کوشتنی ئەو دیلانەبوون کە دەکەوتنە دەست داعش زۆرینەیان بە شێوازی زۆر نامرۆییانەو نایاساییانە و نائاینیانە دەیکوشتن، جا بە کوشتنی ڕاستەوخۆ بێت یان سەربڕین و سوتان. ھەروەھا ڕوخاندنی پەرستگای کەمینە ئاینییەکان و گرتنی منداڵانی تەمەن نۆ ساڵان بۆ ڕاژەکردن لە ڕیزەکانی داعش.
دادگای تایبەتمەند بە دادگایکردنی داعش
دادگای تایبەتمەند بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و دادگایکردنی تاوانکاران بریتییە لە دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی. ئەو دادگایە لە (١٧/٧/١٩٩٨) دامەزراوە و لە (١/٧/٢٠٠٢) ەوە چووەتە بواری جیبەجێکردنەوە. بەپێی ماددەی (٥) دەسەڵاتی دادگا پەیڕەو دەکرێت بەسەر ئەنجامدەرانی چوار تاوانی نێودەوڵەتی ئەوانیش (تاوانەکانی جینۆساید- تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی- تاوانەکانی جەنگ- تاوانەکانی دوژمنکاری)ن.
دادگای تاوانکاریی نێودەوڵەتی بە ھەر یەکێک لەم ڕێگایانەی خوارەوە دەتوانێت دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربھێنێت و دادگایی تۆمەتبارانی کەیسی جینۆسایدی شەنگال (داعش) بکات و لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانیاندا بکات، ئەوانیش بریتین لە:
١/ بە ئەندامبوونی عێراق و سوریا لە دادگاکەدا. بەوەش دادگا دەتوانێت دەسەڵاتەکانی خۆی پەیڕەو بکات و لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانیاندا ئەنجامبدات. چونکە یاسای دادگاکە بەشێوازێک داڕێژراوە گەر دەوڵەتێک ئەندامی دادگاکە نەبوو ئەوا دەزگای داواکاری گشتی ناتوانێت دەسەڵاتەکانی خۆی لە ھەرێمەکانی ئەو دەوڵەتەدا بەکاربھێنێت.
٢/ ڕەزامەندی دەربڕین و پەسەندکردنی دەسەڵاتەکانی دادگا لەلایەن ھەردوو حکومەتی عێراق و سوریا بۆ دادگا، ئەویش بەپێی بڕگەی (٣)ی ماددەی (١٢)(١٢). لە یاسای دادگاکە، بۆ ئەوەی دادگا لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەدا بکات کە لە ھەرێمەکانیاندا ئەنجامدراوە.
٣/ لە ڕێگای ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ئەویش بە بڕیارێک بەپێی بەشی حەوتەمی دەستووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەپێی بڕگەی (٢)ی ماددەی (١٣)ی دادگاکە داواکاری گشتی ڕاسپێرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکان.
٤/ ئەو چەکدارە بیانیانەی کە لە ڕیزەکانی داعشدان و دەوڵەتەکانیان ئەندامی دادگاکەن بەتایبەتی ھەریەک لەو دەوڵەتانەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کردوون. ئەویش بەپێی خاڵی (٢)ی بڕگەی (٢)ی ماددەی (١٢)ی یاسای دادگاکە، دەتوانن سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەن لە دادگاو دادگاش دەتوانێت لێکۆڵینەوە و دادگاییان بکات.
ژمارەی بینین:  213      بەروار:  04/08/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.