کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  کۆتایی جینۆساید، حەفتا ساڵەی سەربەخۆیی ھیندستان
کۆتایی جینۆساید، حەفتا ساڵەی سەربەخۆیی ھیندستان
ئاوارە حسێن

کاتێک پەرتوکی پیرۆز (تەورات) دیاردەی دەوڵەتی کۆیلەداریی، و تۆماس ھۆبز دەوڵەتی ستەمکاریی بە لێڤی ئەتھان ناودەبەن پێناسەیەکی ڕاستییان کردووە. ئەو ئیمپراتۆریەتەی کە خۆری لێئاوا نەدەبوو! لە ھیندستاندا لێڤی ئەتھان بوو.
پاشئەوەی ماوەی سەدو نەوەد ساڵ یەکەمین لانکەی لەدایکبوونی مرۆڤایەتی (ھیندستان) لەلایەن بەریتانیای گەورەوە داگیردەکرێت، لە (١٥/٨/١٩٤٧) بەڕابەرایەتی ماھاتما گاندی سەربەخۆیی بەدەستدەھێنن و ئەو ئیمپراتۆریەتەی کە خۆری لێئاوا نابێت لەھیندستاندا خۆرەکەی ئاوادەبێت و بۆ ھەتاھەتایە ھەڵنایەتەوە. ڕۆژی سەربەخۆیی لەتەنیشت ڕۆژی لەدایک بوونی ماھاتما و ڕۆژی کۆماریدا سێ پشووە فەرمییەکەی دەوڵەتن.
لەو مێژووی داگیرکارییەدا ھیندییەکان جینۆساید دەکران، دەچەوسێنرانەوە، دەستدرێژی دەکرایە سەر ناموسی ژنان و کچانیان، سوکایەتی  دەکرا بە کەلتور و بیروباوەڕ و ویژدان و ئاینیان و زۆر کات وەک کۆیلەیەک سەیر دەکران. ئەو کۆیلەیەی کە ڕەنجێکی زۆر خەرج دەکات، وەک کرێکارێکی بێکرێ لە بەرەبەیانەوە تا ئاوابوون کاریان پێکراوە و ڕاژەیان کردووە.
بەریتانیا لەڕوی نەتەوەیی، نەژادی، ڕەگەزی و  ئاینییەوە جیاوازبوون لە ھیندییەکان، بە تەنھا ئەوانەش پێوەر و مەرجەکانی ناساندن و یەکلایکردنەوەی جینۆسایدن، بەوەش کردارە تاوانکارییەکانی بەریتانییەکان بەدرێژای ماوەی داگیرکاریی لە ڕوانگەی یاسای تاوانکاری نێودەوڵەتییەوە دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جینۆسایدەوە.
بەروبومی کێڵگەکان، میوە چێژدار و سودبەخش و دەگمەنەکانیان و کەرەستەی خاوی جوگرافیاکە بە ڕەنجی ھیندییەکان بەرھەمدەھات و دەگەڕێنرایەوە بۆ ئیمپراتۆریەتەکە. تەنانەت شۆڕشگێڕانی ساڵی (١٨٥٧) جاری وا ھەبووە چەند ڕۆژێک ھیچ خۆراک و میوەیەکیان دەست نەکەوتووە بیخۆن، ڕێبەرەکەشیان ڕانی لاکشمیبای ڕێگانادات ڕاوی ئاژەڵەکان بکەن و وەک سەرچاوەی خۆراک سودی لێببینن. لەسەر ئەو بنەمایەی سروشت چەندە ھی ئەوانە ئەوەندەش ھی گیاندارانە. لەبەرامبەردا بەریتانییەکان بە بەرچاوی شۆڕشگێڕانەوە ئاژەڵ و باڵندەیان بە بەھاراتەوە دەبرژاند و دەخوارد. بەوەش دوو جار ئازاری ھیندییەکانیان دەدا. لەلایەکەوە ھیندییەکان بێ خۆراک مابوونەوە، لەلایەکی ترەوە بە بەرچاوی ھیندییەکانەوە گۆشتەکەیان دەخوارد، کە ڕاوکردن و خواردنی گۆشت لای ھیندییە ھیندۆسە باوەڕدارەکان قەدەغەیە. سەرەڕایی ئەوەی بە زۆر و ستەم بە ھندییەکان ئاگرەکەیان خۆشدەکرد و گۆشتەکانیان دەبرژاند.

ھیندستان وەک یەکەمین جوگرافیای لەدایک بونی مرۆڤایەتی، و وەک دووەمین دەوڵەتی گەورەی دنیا مێژووی ئازار و جینۆسایدەکەی بەیەکێک لە قوڵترین ئەو جینۆسایدانە دادەنرێت کە مێژووی نوێی جینۆساید ناسیویەتی. ھەربۆیە گەورەی ھیندیەکان بە ژمارەی دانیشتوانیان ناپێورێت، بەڵکو بریتییە لە ھەستانەوە، ژیانەوە، فەراھەمکردن و گەرەنتی ئازادی نێوان ھەموو ئاین و گروپەکان و سورنەبوونی دەست و مێژوویان بە ڕشتنی خوێنی مرۆڤایەتی. دەکرێت ھەمان پێناسە دروستبێت بۆ شکۆ و گەورەیی نەتەوەیەک و بە مەزنییەوە مانەوەی، کە خوێنی لێڕژابێت نەک خوێنی ڕشتبێت، جینۆسایدکرابێت نەک جینۆسایدی کردبێت.
ستەمی بەریتانییەکان و چەوساندنەوەی ھیندییەکان دەگاتە ئاستێک کە ماھاتما گاندی وەک پارێزەرێکی لێھاتوو بە مافدارانە و یاساییانەوە ڕایدەگەیەنێت؛
،،ئێمە باوەڕمان وایە کە گەلی ھیندستان خاوەنی مافێکی جێگیرە، کە وەک ھەموو گەلێکی تر ئازادبێت، میوەی ڕەنجەکانی بخوات و پێداویستییەکانی ژیان و دەرفەتی تەواوی ھەبێت بۆ گەشەسەندن. باوەڕمان وایە کە ھەر حکومەتێک گەلێک بێبەشبکات لەومافانە و بیان چەوسێنێتەوە، ئەوا گەلەکە مافێکی تری ھەیەکە حکومەتەکە بگۆڕێ یان ھەڵیوەشێنێتەوە. حکومەتی بەریتانیا لە ھیندستان-دا بە تەنھا گەلی ھیندستانی بێبەش نەکردووە لە ئازادییەکانیان، بەڵکو حکومەتەکەی لەسەر چەوساندنەوەیەکی جەماوەریی فراوان بنیادناوە، و ھیندستانی لەڕوی ئابووری، سیاسی، کەلتوری و ڕۆحییەوە وێرانکردووە. ھەربۆیە باوەڕمان وایە کە دەبێت ھیندستان بە بەریتانیاوە ببچڕێ و داببڕێت و بە تەواوەتی سەربەخۆیی بەدەستبھێنێت،،
شۆڕشی سپی ماھاتما بۆ سەربەخۆیی بەردەوام دەبێت تا ئەو ماوەیەی ڕابەرایەتی پارتی کۆنگرەی نیشتیمانی دەکرد لە (٢٦/١/١٩٣٠) سەربەخۆیی ھیندستانی ڕاگەیاند، بەڵام بەریتانیا دانیپێدانەنا.
ھیواو ھەوڵی گاندی بۆ بەدەستھێنانی سەربەخۆیی لەسەر ئەو بنەمایەی ،، کاتێک یاسا وەک ئامرازی ستەمکاری بەکاردەھینرێت، تاکە مافمان ئەوەیە کە پێوەی پابەند نەبین،، لە ساڵی (١٩٤٢) دەستبەجێ داوای سەربەخۆیی ھیندستانی کرد، بەڵام بەریتانییەکان بە زیندانیکردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە شاری پونە وەڵامیاندایەوە. بەوەشەوە نەوەستان و  دەیان ھەزار لە ئەندامان و ڕابەرە یاساناسەکانی پارتی کۆنگرەیان زیندانیکرد.
ھەوڵی قوڵی گاندی لەتەنیشت ئازادی سیاسیدا، ئازادبونی ھندییەکانیش بوو لە برسێتی و ھەژاری. ھەر بۆیە گەر نەشیتوانیبێت لە مێژووی ژێرچەپۆکییاندا دۆخی ھەژارییان بگۆڕێت ئەوا توانیویەتی وەک ئەوان بە ھەژاری و سادەییەوە بژی. نەک بە دروشم بەڵکو بەکردار سەلماندی کە مرۆڤێک بۆ ئەوەی خۆی بدۆزێتەوە، پێویستە ونبوبێت لە ڕاژەکردنی ئەوانی تردا. ونبوونی بۆ دەستھێنانی مافەکانی ھیندییەکان وەک پارێزەرێکی بە پرەنسیپ لە ھەرێم بە ھەرێمی ھیندستاندا، بووە ھۆی ئەوەی کە بۆ ھەمیشە خۆی بدۆزێتەوە و گەلەکەشی بۆ ھەتاھەتایە ڕزگارکات.
ھەر گەلێک بە قوڵی ئازاری ستەمی نەچەشتبێت لە مانا بەھادارەکانی ئازادبوونیش تێناگات. ھەر ئەوەشە وای لە ھیندییەکان کردووە بە درێژای ماوەی حەفتا ساڵی سەربەخۆیی، قوربانیی ئەو ھەزاران شۆڕشگێڕە لەبیر نەکەن کە ژیانی خۆیان بەخشی تا نیشتیمانەکەیان ھەناسەی ئەمڕۆ بدات.
ژمارەی بینین:  199      بەروار:  16/08/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.