کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  راپۆرتی نه‌ته‌وه‌یه‌ كگرتووه‌كان له‌باره‌ی ژنان و كچانی ژێرده‌ستی داعش
ڕۆژی 21-7-2017  ڕاپۆرتێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی عیراق به‌ئاگابێت له‌ فه‌راهه‌مبوونی چاودێری و پاراستن و دادپه‌روه‌ری بۆ هه‌زاران ژن و كچی به‌جێماوی ده‌ست لاقه‌كردن و جۆره‌كانی تری توندوتیژی سێكسی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، و هه‌روه‌ها ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌م جۆره‌ توندوتیژییه‌وه‌ له‌دایكبوون ڕووبه‌رووی جیاكاری و هه‌راسانكردن نابنه‌وه‌.

ڕاپۆرتی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریكردنی عیراق (یونامی) و ئۆفیسی مافه‌كانی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: "ژنان و كچانی ژێرده‌ستی داعش، به‌تایبه‌تی ژنانی یه‌زیدی و كه‌مایه‌تییه‌كانی تر، قوربانی ده‌ست پێشێلكاریی مافه‌كانی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێونه‌ته‌وه‌یی بوون. قوربانیان ڕووبه‌رووی لاقه‌كردن و ده‌ستدرێژی سێكسی و وه‌ده‌رنانی به‌زۆره‌ملێ و ڕفاندن و زه‌وتكردنی سه‌ربه‌ستی و كۆیلایه‌تی و گوڕینی ئایینی به‌زۆره‌ملێ و مامه‌ڵه‌ی دڵڕه‌قانه‌ و نامرۆییانه‌ و سوك سه‌رنجدانانه‌ بوونه‌ته‌وه‌.

 
زه‌ید ڕه‌عد ئه‌لحوسێن، كۆمسیاری باڵای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ڕایگه‌یاند: ڕووشاندنه‌ جه‌سته‌یی و عه‌قڵی و سۆزدارییه‌كانی ده‌ست داعش له‌ده‌ره‌وه‌ی تێگه‌شتنن، قوربانیان پێویستیان به‌ دادپه‌روه‌ری و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی خۆیان و منداڵه‌كانیان بنیاتبنێنه‌وه‌.

له‌ژێر ڕۆشناییی یاسا نێوخۆیی و یاسای مافی مرۆڤی نێونه‌ته‌وه‌یی، حكومه‌تی عیراقی پابه‌نده‌ به‌وه‌ی دادپه‌روه‌ری و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ بۆ گشت قوربانیان فه‌راهه‌م ده‌كرێت. ئه‌م پابه‌ندبوونه‌ بریتییه‌ له‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسیاریه‌تی تۆمه‌تباره‌ پێشێلكاره‌كان له‌ڕێگه‌ی دادگاییكردنی سه‌ربه‌خۆیانه‌ و بێلایه‌نانه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی له‌به‌رچاوگرتنی جیاوازی جێنده‌ری ئه‌نجامبدرێت بۆئه‌وه‌ی ئازاری قوربانیان به‌رده‌وامی نه‌بێت.

ڕاپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات حكومه‌تی عیراقی و حوكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند هه‌نگاوێكی ئه‌رێنییان ناوه‌ بۆ بره‌ودان به‌ مافه‌كانی ژنان و منداڵان و له‌به‌رچاوگرتنی پێویستییه‌كانی قوربانیانی ده‌ست داعش. هه‌رچه‌نده‌ سیستمی دادپه‌روه‌ری تاوانكاری به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو سه‌ركه‌وتوونییه‌ له‌ فه‌راهه‌مكردنی پاراستنی گونجاوی قوربانیان. چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی یاسایی و دامه‌زراوه‌یی پێویستن هه‌روه‌ك ڕاپۆرته‌كه‌ باسی لێوه‌ده‌كات، بۆ ئاسانكاریكردنی فه‌راهه‌مكردنی دادپه‌روه‌ری و چاودێری و پاراستنی قوربانیان له‌م پرۆسانه‌.       
 
ژان كوبیس، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق رایگه‌یاند: پێویسته‌ هه‌نگاوی تر بنرێن بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ به‌شداریی و هاتنه‌پێشی ژنان و كچان له‌ كۆتاییهێنان به‌ ململانێ و بنیاتنانی ئاشتی له‌ داهاتوو و پاڵپشتیكردن و ئاسانكریكردن بۆ به‌شداریكردنێكی ته‌واو و یه‌كسانخواز له‌ ژیانی گشتی و سیاسیی له‌ عیراقی دوای داعش.

سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی حوكومه‌ت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ینه‌تی قوربانیان و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان، ئاسته‌نگه‌كان هه‌ر بوونیان هه‌یه‌. ڕاپۆرته‌كه‌ جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت ژنان و كچان ده‌ستیان به‌ پێداویستی و پاڵپشتیی گونجاوی پزیشكی و سایكۆلۆژی و دارایی و گوزه‌ران و جۆره‌كانیتری پێداویستی بگات.
هه‌روه‌ها ڕاپۆرته‌كه‌ نیگه‌رانی خۆی ده‌رده‌بڕێت له‌ ڕێككه‌وتنه‌ خێڵه‌كییه‌كان له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی خێڵه‌كانه‌وه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك پارێزگا، ئه‌م ڕێككه‌وتنانه‌ ئه‌و به‌ندانه‌ له‌خۆده‌گرێت كه‌ ڕێگه‌ده‌دات به‌ ده‌ركردنی زۆره‌ملێی ئه‌و خێزانانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بووه‌ و موڵك و ماڵیشیان وه‌كو قه‌ره‌بوو ده‌درێته‌ قوربانیان.
 
بارودۆخی سه‌دان منداڵی له‌دایكبووی ئه‌و ژنانه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی داعش بێ بڕوانامه‌ی له‌دایكبوونن یان ئه‌وانه‌ی داعش دۆكیومێنتی بۆ دروستكردوون و له‌لایه‌ن حوكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ قبوڵناكرێن، كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌. ناونووسكردنی له‌دایكبوون پێویستی به‌ دایك و باوكه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی هاوسه‌رگیری پێشكه‌ش بكه‌ن و دوو شایه‌تیش ده‌بێت له‌دایكبوونی منداڵه‌كه‌ پشتڕاستبكاته‌وه‌ – له‌م حاڵه‌ته‌ش ئه‌مه‌ كارێكی قورسه‌ بۆ دۆخی ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ دایك و باوكیان مردوون یان بزربوون؛ ئه‌وانه‌ی ناسنامه‌ی باوكه‌كانیان نه‌زانراوه‌؛ كه‌ منداڵه‌كه‌ به‌هۆی په‌ڵه‌ی شه‌رمه‌زارییه‌وه‌ فڕێدراوه‌ یان بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ كه‌مپه‌كانه‌وه‌ ده‌ژین كه‌ هیچ ئۆفیسێكی باری كه‌سێتی یان دادگا كاری لێناكات.

كۆمسیاری باڵا هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ژێرده‌سه‌ڵاتی داعش له‌دایكبوون هه‌مان مافی یاسایییان هه‌یه‌ وه‌كو هه‌ر هاووڵاتییه‌كی تری عێراقی، حوكومه‌تیش ده‌بێت له‌وه‌ دڵنیابێته‌وه‌ كه‌ ڕووبه‌رووی په‌راوێزخستن و پێشێلكاری نابنه‌وه‌، هیچ ئاماژه‌یه‌كی جیاكاری له‌سه‌ر بڕوانامه‌ی له‌دایكبوونیان نه‌بێت كه‌ ئه‌و منداڵانه‌ له‌ڕێگه‌ی هاوسه‌رگیری یان باوكیان په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بووه‌، له‌ دایكبوون. وه‌نابێت ناونووس نه‌كرێن و مه‌ترسی نه‌بوون به‌ هاووڵاتی و ترسی به‌كارهێنان و بازرگانیكردنیان له‌سه‌ر بێت".
 
ڕاپۆرته‌كه‌ كۆمه‌ڵێك پێشنیاز ده‌خاته‌به‌رده‌ست وه‌كو ده‌ستگه‌یشتن به‌ دادپه‌روه‌ری؛ پاڵپشتیی و چاودێریكردنی قوربانیان؛ خزمه‌تگوزاری زانیاری و ڕاوێژكاری بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی خێزانه‌كان و گرنگیی ناونووسكردنی له‌دایكبوون.



PUKmedia
ژمارەی بینین:  236      بەروار:  25/08/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.