کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  لە ٢٥ی ئاب تا ٦ی ئەیلول ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفالی ھەشتەم (خاتمە الانفال)ە ..

لە ٢٥ی ئاب تا ٦ی ئەیلول ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفالی ھەشتەم (خاتمە الانفال)ە ..
لەبەڵگەنامە فەرمییەکانی رژێمی بەعس لە(شیکردنەوەی عەمەلیاتی ئەنفالی کۆتایی) کەراپۆرتێکی شیکاریی ٦٠ لاپەرەیی(لیوا روکن یونس محمد الژرب) فەرماندەی فەیلەقی پێنج لەچەشنی (ئەو پەڕێ نھێنی ‌و تایبەت) بە ژمارە (ح٢ \٢٤٢٢) لە (٢٥ ک. ١. ١٩٨٨) بۆ فەرماندەیی گشتیی سوپای ناردوە.
ھەر بە پێی راپۆرتەکە لە لاپەرەی ٥٦ی دا ھاتووە لەم شاڵاوە ١٣٥٥٣ کەس دەستگیر و بئ سەروشوێنکران بەم شێوەی خوارەوە:
٨٠٣ کەس ئەو تێکدەرانەی دەستگیر کراون
٧٣٧ کەس ئەو تێکدەرانەی خۆیان بەدەستەوە داوە
١٤٨٩ پیاو
٣٣٧٣ ژن
٦٩٦٤ منداڵ
لە تێبینیش نوسراوە
۱۸۷ ژن و پیاو و منداڵ کە تاکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە لێک جیانەکراینەوە و ئەمانە جگە لەو کەسانەی لە کاتی دەستگیر کردن و پەلاماردان دەستبەجئ کوژراون ھەر وەک پێشتر ئاماژەمان پێداوە. دواتر بەپێی راپۆرتەکە لەگەڵ کیمیابارانکردنی گوندی برجینی ژمارەی قوربانیان بۆ ١٤٤٧٣ کەس بەرز بووە.
ھەر لە راپۆرتەکە ئاماژە بە ھەموو ئەو نوسراوو راگەیاندنانەی لە عەمەلیاتی ئەنفالی پێنج و شەش و حەوت دەرکراوە دەدات و دواتر بە تێرو تەسەلی باس لە ئەنفالی کۆتایی دەکات ، ھەروەھا جێگای جێگربوونی قیادەی فەیلەقەکان و ھێزەکانی بەرگری نیشتمانی لە ناوچەکە تیدا دیاری کراوە، راپۆرتەکە ٦٠ لاپەرەیە و یەکێکە لە گرنگترین بەڵگەنامەکان کە بووە ھۆکاری ناساندنی ئەنفال بە جینۆساید لە دادگای باڵای تاوانەکان،ئەویش بەھۆی بەردەوامی رژێم لە کۆمەڵکوژی گەلی کوردستان لە شاڵاوەکانی ئەنفال لەدوای پەسند کردنی رێکەوتننامەی ٥٩٨ی وەستانی شەر لە نیوان عێراق و ئێران .
لە ئەنفالی کۆتایی سەبارەت بەشونبزرکردنی خەڵکی بادینان بەزۆری رەگەزی نێرینە دەگرێتەوە، بەڵام لەناوچەی دۆسکی لەگوندی کۆرفێل ئەفسەرێک (٣٥) سی‌و پێنج کەسی لەژن‌و منداڵ وپیاو گوللە باران کرد،ئەفسەرێکی پێشووی سوپای عێراق کە پلەکەی کۆلۆنێلە (عەقید) بە (MEW)ی راگەیاندوە کە فەرمانیان بۆ ھات ھەرچی پێشمەرگەیە بیانکوژین، تەنانەت ئەوانەشیان کەخۆبەدەستەوە دەدەن، ھەروەھا ئەو جوتیارە مەدەنیانەش کەلەناوچەی قەدەغەکراودا بوون ھەر بەپێشمەرگە دانرابوون واتە تەواوی پیاوە تەمەن (١٥تا٦٠) ساڵیەکان، ئەم فەرمانە تائاستی فیرقەکان بەنوسراوی ڕەسمی دابەزی بوو ئەفسەرە پلە نزمەکانیش بەزارەکی ئاگادارکرابوونەوە، ئەم فەرمانە بەڵگەیەکی حاشا ھەڵنەگرە لەسەر حوکمی قەرەقوشی رژێمی عێراق‌و ئەنجامدانی سیاسەتی قرکردنی (جینۆساید) گەلی کوردستان.
گوللە بارانکردنی گیراوەکان لەئەنفالی بادینان بەشێوەیەکی بەر چاوو ئاشکرا ئەنجامدراوە، تاوانی گوندی کوریمئ بوو دوای ئەوەی خەڵکەکە خۆی داوەتە دەست سوپاوە (٣٣) سی‌و سێ پیاوو کوڕ کەتەمەنیان لەنێوان (١٣-٤٣) ساڵیدابووە لەلایەن ئەفسەرێکی سوپاوە کەوا پێدەچێت دوای قسەکردن بەئامێری (لاسلکی ) فەرمانی پێدراوە گوللە بارانیان بکات، بەم جۆرە ئەفسەرەکە لەو جێگایەدا گوللەبارانیان دەکەن کە ‌٢٧ کەسیان دەستبەجێ کوژران و شەش کەسیان بە ناوەکانی:
ئەبابکر عەلی سەعید، عەبدالقھار خەلیل، عەبدالکریم نایف حەسەن، ھاشم محەمەد رەشید، ێدقی عەبدالقادر فەتاح، فەتاح عەبدالقادر فەتاح، بە برینداری دەرباز دەبن و دواتر یەکێکیان بەناوی فەتاح عەبدالقادر فەتاح دوبارە ئەنفال دەکرێتەوە. کە بەپێی وتەی شاید حاڵەکان لە قەڵای نزارکئ بە بلوک کوژاروە. دەربازبووانی تاوانی گوندی کوریمێ لەو ١٣ کەسن کە لە شاڵاوەکانی ئەنفال و گۆرە بەکۆمەڵەکان رزگاریان بووە و بە دەبازبووانی گۆرێ بەکۆمەڵ ناوزەد دەکرێن.
ھەروەھا لەگوندی مێرگەتوو (مێرگەتی)بەھەمان شێوە دوای ئەوەی خەڵکەکە دەسگیر دەکرێت ژن‌و پیاو لەیەکتری جودا دەکرێنەوە دواتر ئەو پیاوانەی کەتەمەنیان لەژوور پازدەساڵی دابووە دەسبەجێ گوللە بارانکران.
لە چاوپێکەوتنێک کە میدل ئێست ووچ لەگەڵ قەشەیەکی ئاشووریی ئەنجامیداوە قەشەیەکی ئاشووریە دەڵێت "کەوا لیستێکی ٢٥٠ کەسی کۆکردووتەوە کە لە ماوی ئەنفال و پاش ئەنفال بێسەروشوین کران"، ھەروەھا لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ دە دوانزە کەس نیشتەجێ کۆمەڵگاکانی بەحرکە و جێژنیکان ئەنجامی داوە سەرجەم ناوی ٩٨ کەسی کەوتوتە لا کە بێسەر شوێن کراون ئەم لیستە بریتی بوو لە ٦٤ مەسیحی (٢٥ پیاو،١٨ ئافرەت، ١٢ منداڵ) ،کە لە خوار تەمەنی ١٦ ساڵی دابوون و ٩ کەس کە رەگەز و تەمەنیان دیار نەبوو، لەگەڵ ٣٤ کەسی ئێزیدی کە (٤ یپاو، ٩ ئافرەت، ٢١ منداڵ) ، زۆربەی ئەوانەی فەوتاوەن منداڵی خوار یەکساڵ بوون و بەتەمەنترین کەسیش ئافرەتێکی ٨٥ ساڵ بووە.
لە ٦ ی ئەیلولی ١٩٨٨ رژێمی بەعس پاش ئەو ھەموو کۆمەڵکوژی و ماڵوێرانیە لێبوردنی گشتی دەرکرد.
رۆحی ئەنفالکراوان شاد و ئاسودە
وینەکە گۆری بەکۆمەڵی گوندی کوریمئ یە
عەدالەت عومەر
نووسەر ولێکۆلەر لەبواری جینۆسایدی گەلی کوردستان
ژمارەی بینین:  161      بەروار:  28/08/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.