کوردی      عربي       فارسی       English       Kurdi  
    
  کیژۆڵە ئێزیدیە ڕزگاربوەکان بە فەرامۆشی مەسپێرن!

نامەیەکی کراوە بۆ :
- حکومەتی ھەرێمی کوردستان
- ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
- ڕێکخراوەکانی داکۆکیکەر لە مافەکانی ژنان
- رێکخراوەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ
- سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان
کیژۆڵە ئێزیدیە ڕزگاربوەکان بە فەرامۆشی مەسپێرن!
داوای ئازادکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خەلافەتەکەی داعش ، ژمارەیەک کیژۆڵەی ئەنفالکراو و بە کەنیزەکراوی کورد لەو ناوچانەدا ئازادکراون ، ڕەنگە لێرەدا پێویست نەکات باسی ئەو ھەموو تاوانانە بکەم کە بەسەر ئەو مرۆڤە بێتاوانانەدا ھێنرا .
بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی ، ئاینی و کولتوریەکانی کۆمەڵی کوردەواری، کارەساتی ژیانی ئەو قوربانیانە لەمڕۆ بە دواوە درێژە دەکێشێت و سیناریۆیی تاڵی ژیانیان بەردەوام دەبێت. چەقۆیی ژەنگاوی پیاوسالارانە و تێگەیشتنی دواکەوتوانە و ڕوانگەی کۆنەپەرستانەی کۆمەڵگە ، ئەوان لە قوربانیەکی بێدەرەتانەوە ،دەکاتە تاوانباری لەدەست چونی ئابڕو و شەرەفی خێزان و بنەماڵەکانیان!
کەم نەبوون ئەو ژنانەی لە ھەلمەتەکانی ئەنفالدا لاقە کران و نەیانوێرا و نەیانتوانی باسی ئەو تاوانە گەورەیە بکەن! کەم نەبوون ئەو کیژۆڵە خاوەن برا و باوک پێشمەرگانەی لە دەزگا سەرکوتگەر و بەدناوەکانی بەعسا دوو گیان دەکران و دواتر " بۆ شاردنەوەی ئەم شورەییە!! " لەلایەن خودی بنەماڵەکانیانەوە دەکوژران! کەم نەبوون ئەو کچە ئێزیدیانەی دوای ئەوەی لە لایەن چەتە بێ ڕەویشە ئیسلامیەکانی داعشەوە لاقە دەکران ، ئەوانیش لە ناچاریدا بۆ سروینەوەی ئەو شەرمەزاریەی بەسەر بنەماڵەکانیاندا ھێناوە ، خۆیان دەکوشت!
لە کۆمەلگەی پیاوسالاری و مەزھەبیدا ، کاتێک ژنێک روبەروی پەلاماری جنسی و لاقەکردن دەبێتەوە . کۆمەلگا و بنەماڵەکەی وەک تاوانبار تەماشایی دەکەن ! ئەو کە تاوانلێکراوە لە چاوی کۆمەلگە و بنەماڵەوە دەبێتە تاوانبار و بە بێ ڕێزی ھەلسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت !
ئەو مرۆڤە شەریفانەی کە ھێندەی ئازارەکانی ھەموو دنیا ، ئازاریان چەشتووە ، ناکرێ کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی لاموبالاتانە چارەنوسیان بە فەرامۆشی بسپێردرێت و تاوانەکانی ڕابردوو دووبارە بکەینەوە. ھەر بۆیە خوازیارم :
حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان لیژنەیەکی پسپۆری تایبەت پێکبھێنێت ( لەوانە دکتۆری دەرونی ، ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی ، ڕاوێژکاری یاسایی و .....ھتد) بۆ ڕاھێنان و سەرلەنوێ بارھێنانەوەی قوربانیەکان و قەرەبوکردنەوەی مادی و مەعنەویان.
ئەمە ئەرکێکی ئەخلاقی ،ئازادیخوازانە، نیشتمانی و یاساییە و دەبێت بە زوترین کات دەست بەکاربین بۆی! . ھەورامان عەلی
٢٨-٨-٢٠١٧
ژمارەی بینین:  257      بەروار:  29/08/2017
هیچ سەرنجێک بوونی نیە‌ .
تکایە سەرنجەکەت لێرەوە بنێرە  
   

ماڵپه‌ڕی پێشوو ١
ماڵپه‌ڕی پێشوو ٢
    
Copyright 2012. All Rights Reserved.